سەرۆککۆماری ئەمریکا بە هۆشداریدان لەمەڕ بەردەوامیی بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە لە ئەگەری نەگەیشتنی تاران و واشنگتۆن بە ڕێککەوتن، کردەوەی سەربازیی دوبارەی ئەمریکای بەدواوە بیت.
دۆناڵد ترامپ شەوی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەز لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵنێران لە کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ هێرشی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم لە فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان چارەسەر نەدەکرا.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئەگەری هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ نۆژەنکردنەوەی بەرنامەی ناوکی، وتی نۆژەنکردنەوەی ئەم بەرنامەیە کاتێکی زۆری دەوێت و ڕایگەیاند ئەگەر ئێران بیهەوێت بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بچێتە پێشەوە، واشنگتۆن جارێکی دیکە ئەم ڕێژیمە دەکاتەوە ئامانج.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ئاشکراشی کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن بە خێرایی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران بکەنە ئامانج.
ئەم هەڕەشانە لەکاتێکدان کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی بە ئینکاریی ڕاستییە سیاسیی و نیزامییەکان، پێداگری لەسەر بەردەوامیی پیتاندن و پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییەکانیان دەکەنەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە سەرەتای نۆڤامبرەوە ئاماژەی بەوە دابوو کە تاران لەسەر پەرەپێدان بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بەرەدەوامە و هیچ ئاسۆیەک بۆ وتووێژ لەبارەی بەرنامەی مووشەکی لە داهاتوودا نابینێت.
پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەردەوامی و پەرەسەندنی بەرنامە مووشەکی و ناوکییەکان لەو بارودۆخە ئابورییە قەیراناوییەی کە ئێستای ئێران تێیدایە، ئاماژە بۆ درزیکی قووڵ لە نێوان ئەولەویەتی ڕێژیم و ویستە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیە.