کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی ئەشکەنجە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

14:31 - 21 سەرماوەز 2725

زانیار حوسێنی

ئەشکەنجەدان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ سەرکوتکردن و تۆقاندنی کۆمەڵگەی ژێردەستە، هەندێک‌جار ئەم دامەزراوەیە وەک کارگەیەکی بازرگانی و هێڵی بودجە دەردەکەوێت؛ بە واتایەکی تر لە زۆربەی حکوومەتە دیکتاتۆرەکاندا ئەشکەنجە تەنیا ئامرازێک نییە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی نەیاران و سەرکوتکردنی هاووڵاتیان، بەڵکوو پێکهاتەیەکی گەورەی ئابوورییە کە دەیان دامەزراوە و سەدان کۆمپانیا و هەزاران بەرپرس و مەئموور کەڵکاژۆی ماددیی لێ وەردەگرن و لەو ڕێگەیەوە داهاتیان دەست دەکەوێت.

ئەم پێکهاتە ئابوورییە لە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ڕۆژنامە سەرانسەرییەکان و نامەنووسیی ئۆرگانە ئیدارییەکاندا نابینرێت، بەڵکوو لە پڕۆژەیاسای بودجە، گرێبەستە نهێنییەکان، کۆمپانیاکانی سەر بە سپای پاسداران و بودجەی "پۆلێنکراو"دا پەرش و بڵاو کراوەتەوە. بەڕاستی لە سیستەمی سەرکوت و ئەشکەنجەدانی ڕێژێمدا چەندە تێچووی ماددی دەکرێت و کێ سوودی لێ وەردەگرێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت ئاوڕێک لە نێو سیستەمی ئیداری و ئەمنی-نیزامیی ڕێژیم بدەینەوە و بە وردی چاوێک بخشێنین بەسەر ڕەفتاری سیستەم لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارەتییەکەی و هەروەها ڕاپۆرتی قوربانییەکان و ئەو کەسانەی لە سیستەم هاتوونەتە دەرەوە و وازیان لە ڕێژیم هێناوە.

ئەشکەنجە لە ئێران سیستەمێکی بەڕێوەبردنە نەک ڕووداو و پێشهات! بەپێچەوانەی گێڕانەوەی ڕێژیم کە ئەشکەنجە وەک پێشێلکارییەکی تاکەکەسی، نەزانیی کارمەندان و هەندێک‌جاریش وەک هەڵسوکەوتی ئارەزوومەندانەی ئەندامەکانی دەخاتە ڕوو، ڕاستییەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ناوەندی دەستبەسەرکردنی فەرمی و نهێنی، دامەزراوەی ئەمنیی هاوتەریب، دادوەریی ئەمنییەتی، پزیشک و نەخۆشخانەکانی سەر بە خۆی و کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئامێری ئەشکەنجەدانی هەیە. ڕێژیم ئەم جۆرە کەرتانەی لە ئیکۆسیستەمێکی تایبەت بە سەرکوتکردندا بە بودجە، کارمەند و پەرسۆنێلەوە داناوە کە بە کردەوە وەک دامەزراوەیەکی خۆبژێو مامەڵە دەکەن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بە کردەوە دەستڕاگەیشتن بە چەندایەتی و چۆنایەتیی داتاکانی بە شێوەیەکی ورد و دەقیق مەحاڵە؛ بە واتایەکی تر، ئەو ئیکۆسیستەمە وەک کۆمپانیایەکی ئابووری-ئەمنییەتی کار دەکات کە تێچوو و قازانجکردنی بەشێکی جیانەکراوەیە لێی.کەرتێکی ئەمنیی کە پلەبەندی، پۆلێنکردن، بودجە، ئاسانکاری و ئامانجی تایبەت لەخۆ دەگرێت، پێویستە وەک کەرتێکی ئابووریی یان کارگەیەکی ئابووریی کە ئاراستە و ئامانجی سیاسی-ئەمنیی هەیە، سەیر بکرێت، نەک وەک کردەوەیەکی تاکەکەسیی یان هەنگاوێکی ئارەزوومەندانە لەلایەن چەند پەرسۆنێلێکی ئیدارییەوە.

بودجەی کراوەی ئەم جۆرە دامەزراوانە کە ناتوانرێت لە پڕۆژەیاسادا بشاردرێتەوە! لە بودجەی فەرمیی ئێراندا چەندین دامەزراوەی سەرەکی و هەستیار ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە سەرکوت:

١) ڕێکخراوی زیندانەکان کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بودجە فەرمییەکەی چەند جارێک زیادی کردووە، بەڵام پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە بودجەی ڕاستەقینەی دامەزراوەیەکی لەو جۆرە لانیکەم دوو هێندە زیاترە لە ژمارە ڕاگەیاندراوەکەی، چونکە بەشێک لە تێچوونەکان لە هێڵی بودجەی "خەرجییە نهێنییەکان"ەوە دابین دەکرێت.

٢) وەزارەتی ئیتلاعات کە بودجەکەی بە فەرمی لە پڕۆژەیاسادا دێت، بەڵام بەشێکی زۆری لە هێڵی لێکۆڵینەوەی ئەمنیی و پاراستنی زانیاری و پڕۆژەی نهێنیی لە بودجەی خەرجییە نهێنییەکاندا دانراوە، کە لە ڕاستیدا بۆ دەستبەسەرکردنی نافەرمیی و ئۆپەراسیۆنی ڕاوکردنی نەیاران و تۆڕی سیخوڕی لە سەرتاسەری وڵات و کڕینی کەرەستەی لێپرسینەوە بەکار دەهێنرێت.

٣) سپای پاسداران (ئیتلاعاتی سپا)، کە لە بودجەی فەرمیدا نێوێک لەو کەرتەی سپای پاسداران ناهێنرێت، بەڵکوو هێڵەکانی وەک پاڵپشتیکردنی ئەرکەکانی دەرەوەی وڵات، چالاکییە ئەمنییە ستراتیژییەکان، و ڕاهێنان و مانۆڕە تایبەتەکان، بەشێکی زۆری پارەکە بۆ ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردن دابین دەکەن؛ لە ڕاستیدا سوپای پاسداران بە دەوڵەمەندترین ئەکتەری ئەم سیستەمە دادەنرێت. بودجەی شاراوە یان خەرجییە پۆلێنکراوەکان، کە هەمان هێڵی بودجەی خەرجییە نهێنییەکانن، لە ڕاستیدا بەشێکی سەرەکیی خەرجییەکانی ئەشکەنجەن و ئەو هێڵانە دەگرێتەوە کە تایبەتن بە "ئاسایش". ئەم بەرگ و پۆششانە ناوی وەک تێچووی ئامێری تایبەت، خزمەتگوزارییە نهێنییەکان، پشتگیریی پاراستن، پاراستنی ئاسایشی نێوان لایەنەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە نەرمەکان و بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ناڕێکخراوەیی لەگەڵدایە کە کاریگەری و ئامانجەکانیان بە تەواوی بۆ کۆمەڵگە ڕوون نییە. بەڵام لە ڕاستییەکانی ئێستای دامودەزگا ئەمنییەتی-نیزامییەکانی ڕێژیمەوە دەتوانین تێبگەین کە ئەم هێڵانە لە ڕاستیدا خەرجییەکانی وەک کەرەستەی ئەشکەنجە و لێپرسینەوە، کەرەستەی پێویستیی ژووری ئەشکەنجە، سیستەمەکانی گوێگرتن، ئامێری دۆزەرەوەی درۆ و تەنانەت تێچووی ڕاهێنان و خولی جۆراوجۆر بۆ لێکۆڵەران دەگێڕێتەوە.

 دەیان کۆمپانیای سوپای پاسداران بە ڕواڵەت لەژێر پەردەی هاوردەکردنی ئامێری ئەمنییەتی و سیستەمی چاودێری و ئامێری پۆلیس کار دەکەن. پۆلیسی ئەمنییەت و یەکە تایبەتەکان بە بودجەیەکی زۆر لە پڕۆژە ئەمنییەکان وەک گرێبەست بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ یاریگاکان و کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان و فرۆشتنی کەرەستەی خۆپارێزی بە کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەت و مەشقپێکردنی هێزەکانی سەر شەقامەکان داهاتیان دەست دەکەوێت و داهاتی ئەم کەرتەش ڕاستەوخۆ دەچێتە ئۆپەراسیۆنەکانی سەرکوتکردنەوە. سوپای پاسداران کە گەورەترین بەکاربەر و پشکداری بودجەی نهێنییە، ناوەندی دەستبەسەرکردنی تایبەت و ئامێری لێپرسینەوە و پسپۆڕانی ئەشکەنجەدان و مووچەی تایبەتیی خۆی هەیە و بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە کەرتێکی "تایبەتمەند"ی سەرکوتکردن.

بەڵام بۆچی کۆماری ئیسلامی ئەم بڕە پارەیە بۆ ئەشکەنجە خەرج دەکات؟ لە کەشی ئاڵۆز و هەستیاری نێوخۆدا کە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر و ئاڵۆزتر دەبن و لە لایەکی دیکەشەوە هەڵاوسان و بێکاری و کەمترین تێچووی بژێوی، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، زیادبوونی نەیاران و ناڕازییان و دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەکان لە ئاستێکی فراوانتردا بەکردەوە حاشاهەڵنەگرە. لە بەرامبەر قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی مافخواز و داواکار، کارمەند و بریکاری ئەمنیی و سەرکوتکار لە خزمەت ڕێژیمدان؛ لە کەشێکی وادا، بە مەبەستی پێشگرتن لە لەدەستدانی هێز و ڕاکێشانی هێزی سەرکوتکاری نوێ، ڕێژیم ناچارە مووچە زیاد بکات، کەرەستەی ئەشکەنجە و سەرکوت زیاد بکات، ئیمتیازاتی ڕێکخراوەیی زیاد بکات و کرێی ئابووریی بە شێوەی جۆراوجۆر دروست بکات لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە دژەمرۆییەکانی. بەتایبەتی دروستکردنی بێکاری و هەژاریی دەستکرد لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەتییەوە، هەندێکجار وەک فێڵێک بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی هێزی زیاتر ڕابکێشێت و کەمترین ناشیرینیی دامەزراندن لەم جۆرە ڕێکخراوانەدا بێتە بەرچاو. ئەم شێوازە لە سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە لە کوردستان، بەلوچستان و خوزستان بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ کراوە. لەم حاڵەتەدا مووچەی ئەفسەرانی ئەمنییەتی زیاد دەکات، کۆمپانیاکانی ئەمنییەت کرێ وەردەگرن، هاوردەکردنی ئامێرەکان ملیاردها قازانج دەکات و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئەهلیی بودجەی تایبەت وەردەگرن. ئەم جۆرە شێوازانە بە کردەیی ڕێخۆشکەرن بۆ ئەوەی ڕێژیم بتوانێت بە ئامانجە سەرەتایی و لاوەکییەکانی خۆی بگات.

ئێستا پرسیارێکی تر ئەوەیە، چەندە پارە بۆ ئەشکەنجە و سەرکوت خەرج دەکرێت؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە کەس بە وردی نایزانێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی فرەچەشنیی ئامێرە ئەمنییەکان، تۆڕەکانی هاوتەریب، زانیاریدەر و سیخوڕ، خەرجیی مەیدانی، دابینکردنی ئامرازەکانی ئەشکەنجە و سەرکوتکردن، کەرەستەی ئەمنیی و هتد، دەتوانرێت مەزەندە بکرێت کە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ لەسەدی بودجەی ڕاستەقینەی ئێران بۆ دەزگا ئەمنییەتییەکان خەرج دەکرێت؛ ئەگەر بۆ نموونە بودجەی ڕاستەقینەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ٢٠ میلیارد دۆلار وەربگرین، ٤ بۆ ٥ میلیارد دۆلار تەنیا بۆ دەزگای سەرکوتکردن خەرج دەکرێت و لەو بڕە پارەیە، مەزەندە دەکرێت زیاتر لە یەک ملیار دۆلار تەنیا بۆ گرتن و لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان خەرج بکرێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە تێچووی هەر دۆسیەیەکی ئەمنیی نزیکەی چەند میلیۆن تمەنێکە، تێچووی هەر ناوەندێکی دەستبەسەرکردن دەیان میلیارد تمەنە لە ساڵێکدا، و تێچووی هەر لێکۆڵەرێک دەیان ملیۆن تمەنە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە ئێراندا هەزاران کەس ڕاستەوخۆ بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە دابین دەکەن: لێکۆڵەر، ئەفسەری ئیتلاعات، کارمەندی ناوەندی دەستبەسەرکردن، پزیشکی هاوکار، شۆفێری ئۆتۆمبێلی ئەمنیی، تەکنیکاری ئامێر، دابینکەرانی خۆراک، پاسەوانەکان، هێزە شاراوە و نهێنییەکان و سیخوڕەکان کە بژێوی ژیانیان بەندە بە بەردەوامیی سەرکوتەوە. واتە ئەگەر ئەشکەنجە بوەستێت، هەزاران کەس بێکار دەبن و سەدان کۆمپانیا دادەخرێن و تۆڕی دارایی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات تووشی زیانێکی ئابووریی قورس دەبن.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەشکەنجە پایەی مانەوەی ڕێژیمە و بەبێ سیستمی تۆقاندن و سەپاندنی تێچووی قەرەبوونەکراوە، خێراییی ئاستەنگیی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبوو و ناڕەزایەتی و بزووتنەوەکان بەربڵاوتر دەبوون. بێ گوێدانە پرسی سیاسیی و ئەمنییەتی و مانەوەی ڕێژیم، ئەشکەنجە بووەتە پیشەسازییەکی پارەپەیداکردن کە دەیان دامەزراوە و هەزاران کەس ڕاستەوخۆ لێی سوودمەند دەبن و تاکە خەمی ئەو جۆرە کۆمپانیا و تاکانە، قازانجی زیاترە لەسەر حیسابی ژیان و چارەنووسی ئەندامانی کۆمەڵگە.