کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد

12:58 - 12 بانەمەڕ 2723

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

٥٥ ساڵ بەسەر ڕووداوی خوێناویی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٧ی هەتاویدا تێدەپەڕێت کە تێیدا خوێندکاری شۆڕشگێڕ سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی پاش نزیکەی ١٨ مانگ جموجۆڵی پارتیزانی و تێکۆشانی سیاسی بە دژی دیکتاتۆریی شا لە داروێنەی بانە لە داوی خیانەتی جاش و گەمارۆی ژاندارم کەوتن و شەهید کران.

بەدەر لە بەڵێن و پەیمانی وەفا بەرامبەر بەو خوێنانەی ڕژان، لەم ڕۆژەدا چەشنێک شۆڕشگێڕیی ڕادیکاڵ لە بەرامەی بزاڤی خوێندکاری سۆسیالیستی به بزووتنەوی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کورد ئێلقا کرا کە دواتر بووە کاتالیزۆری وەرچەرخانی فکری و یارمەتیدەری گەشەی سیاسیی کورد و گۆڕەپانی سیاسیی ئێران.

هەر بە ئیلهاموەرگرتن لەم شێوە تێکۆشانە و دواتر دەستی مستکراوی خوێندکاران بەرامبەر بە ئیستبداد، دەقی سەرەکیی گوتاری هێژمۆنیی بزووتنەوەی خوێندکاری بۆ داکۆکی لە ئازادی، جێگیرکردنی دێموکراسی، پەرەپێدانی مافە نەتەوایەتییەکان داڕێژراوە کە تا ئێستاش لە فۆڕمی سەردەمدا بۆ خوێندکاران ڕێنیشاندەرە.

خوێندکارانی هێژا!

لە چەند مانگی ڕابردوودا، نەتەوەکانی ئێران بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و بە پێشەنگایەتیی کورد لە دژی کۆنەپەرسترین سیستەمی سیاسیی هاوچەرخ وەستاونەتەوە و مەشخەڵێکیان داگیرساندووە کە بڵێسە و کڵپەی لە هەموو گۆشەیەکەوە دەبینرێت.

"ژن ژیان ئازادی" جاڕنامەیەکی ڕوون و هەمەلایەنەی هەیە. بەدوای کۆتاییهێنانی هەر دەسەڵاتێکی سەرووئیرادەی خەڵک و خوازیاری ڕۆڵی ڕاستەقینەی خەڵک لە ئیدارەی وڵاتە. کار بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و ئایینییەکان، لابردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئازادبوون لە نائەمنیی ئابووری، داماڵینی هێزی کار لە کۆیلایەتی، نەهێشتنی هەژاری و چەوساندنەوەی چینایەتی و هەر جۆرە نابەرابەری و ستەمکارییەکی ناسەردەمیانە دەکات.

شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بەربڵاوترین شۆڕشی سەرتاسەرییە کە لە درێژەی زیاتر لە چوار دەیە بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت سەرهەڵدانەکانی ساڵانی ٨٨ و ٩٦ و ٩٨دا، بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای پێوەندیی سەردەم کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و فکریی خولقاندووە، هیوای گۆڕانکاریی بنچینەیی لە ساختی سیاسیی ئێراندا بەرز کردووەتەوە و کۆماری ئیسلامی بەرەو مایەپووچی زیاتر و لە هەندێک قۆناغدا تا لێواری ڕووخان بردووە.

ئەمەش پڕتێچوو بووە، لە ناوخۆ دەیان کەس لە شەقامەکاندا شەڵالی خوێن کراون، سەدان کەس ڕفێندراون و هەزاران کەس دەسبەسەر کراون. ڕێژیم تیرۆر و بایۆتیرۆری گرتووەتە بەر و هێزی قڕکەری ڕەوانەی ناوەندەکانی خوێندنی کچان کردووە. لە دەرەوەش، بە هاژەک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر تێکۆشەرانی سیاسی و قوتابخانە و ماڵ و حاڵی منداڵ و خەڵکی سڤیلی هەڵتەکاندووە.

بەتایبەتیتر لە زانکۆکان، ڕێژیم هەوڵی ئەوەی داوە تا گورزی کاریگەر لە پەیکەری بەهەیبەتی بزووتنەوەی خوێندکاری بدات. گوتار، سیاسەت و ڕەوتی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی پاسیڤکردنی خوێندکار، بزووتنەوەکەی و یەکدەنگکردنی زانکۆکانی داوە و ویستوویەتی نزمە دەنگی تریبونە ڕەخنەگرەکانی خوێندکاریش بە یەکجاری کپ بکات.

ئەم زەبروزەنگە نیشانەیەکی بەهێز لە ترسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ژینگەی ڕەخنەگر و ڕوخێنەری زانکۆ و ناوەڕۆکی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکارییە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش بەشداریی خوێندکاران لەم شۆڕشەدا هەمەچەشن و بەربڵاو بووە. مانگرتنی خوێندکاران و بایکۆتی پۆلەکانی خوێندن، فڕێدانی حیجابی زۆرەملێ و شکاندنی دیواری ئاپارتایدی ڕەگەزی لە سێلف و کتێبخانە و کردەوەی هاوشێوەی تر ئاستێکی فراوانیان تەنیوە و بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامییان سستتر لە هەر کاتێکی تر کردووە. 

"ژن ژیان ئازادی" ڕووی لە ژیانە، خۆی لەگەڵ دیکتاتۆریی ئیسلامی و ئیستبدادی شایەتی یەکلا کردووەتەوە و دواجار بڕیاری داوە ئێران لە ئیستبدادی حکوومەتێکی دژە ژن، دژە ژیان و دژە ئازادی دەرباز بکات. ئەم داهاتووەی کە ئەم شۆڕشە دەیەوێت و بە ئەگەرێکی زۆر دەتوانێت دروستی بکات، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە وزەی خوێندکارانی سەربزێو و ئازاد و نیشتمانپەروەرە تا لەپاڵ خۆتەیارکردن بە زانستی سەردەم و پێشکەوتنی ئاکادێمیک، بەردەوامی بەم شۆڕشە بدەن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی بکەن.

خوێندکارانی کورد!

١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی نەتەوەیی خوێندکاری کوردە. ئەم ڕۆژە زیاتر لەوەی کە واتایەکی سیمبۆلیکی هەبێت، دەرفەتێکه بۆ خستنەڕووی داواکارییە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانمان. گوتاری هێژمۆنیی بزووتنەوەی خوێندکاریی سەرتاسەری هەر چییەک بێت و بە هەر ئاراستەیەکدا بڕوات، بۆ ئێمەی کورد ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک مافی نەتەوایەتی ئەولەوییەتی یەکەمە.

خوێندکاری کورد ئەرکدارە کە بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس، خوێندن به زمانی کوردی، هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی سیستماتیک تێبکۆشێت و هەوڵ بدات ئەم مافانە لەناو گوتاری هێژمۆنیی شۆڕش و بزووتنەوەی خوێندکاریی سەرتاسەریدا جێ بکاتەوە، بوێرانە داوای مافەکانی بکات و کەمپەینی جەماوەرییان بۆ ڕێک بخات.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی خوێندکاری کورد، یادکردنەوەی شەهیدانی بزووتنەوەی خوێندکاری و بەتایبەتی شەهید "سمایل شەریفزادە" و هاوڕێیانی، سڵاوی ئەمەگ و وەفا بۆ مامۆستایان و خوێندکارانی بەندکراو و دوورخراوە دەنێرێت؛ بانگەوازی هاوخەباتی ڕوو به ڕێکخراوە خوێندکاری و پیشەییەکان، و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و کوردستان دووپات دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا جەخت لە بەردەوامبوون لە خەبات تا گەیشتن و دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی نەتەوەکەمان دەکاتەوە.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی