د. محەممەد حوسێنزادە
دوو وڵاتی ئێران و ئازەربایجان زیاتر لە ٦٠٠ کیلۆمەتر سنووری زەوینی هاوبەشیان هەیە و لە دەریای خەزەریش هاوسنوورن. ئەو دوو وڵاتە خاوەن ڕابردوو و هەندێ فاکتەری مێژوویی هاوبەشن. ئازەربایجان دوای ئێران، بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان، دووەم گەورەوڵاتی شیعەیە. هەردوو وڵات ئەندامی ڕێکخراوی "ئێکۆ"ن. هەر لە سەرەتای سەربەخۆیی کۆماری ئازەربایجانەوە (١٩٩١) تا ئێستا ڕەوتێکی هاوکاتی "لێکنزیکبووەنوە" و "لێکدابڕان" لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەبووە. لە هەندێ قۆناغدا لێکنزیکبوونەوە تایبەتمەندیی پەیوەندییەکانی نێوان باکۆ و تاران بووە و بەپێچەوانەوە، لە هەندێ قۆناغی دیکەدا لێکدابڕان باڵی بەسەر پەیوەندییەکانیاندا کێشاوە. بەڵام لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا گرژی و ناکۆکیی زیاتر کەوتووەتە نێوان ئێران و ئازەربایجان. ئەو گرژییانە بە ڕادەیەک پەرەیان سەندووە کە هەندێ لە شارەزایان پێشبینیی ڕوودانی شەڕێک لە نێوان ئەو دوو ئەکتەرەدا دەکەن. ئەم کورتە نووسینە نایهەوێ بەوردی باس لە ئەگەرەکان و سیناریۆکانی داهاتوو و چۆنیەتیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بکات، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی ئەوەیە بە شێوەیەکی گشتی ئاماژە بە هۆکارەکانی پەرەسەندنی قەیران لە پەیوەندییەکانی باکۆ- تاران بکات. لەم چوارچێوەیەدا سەرەتا باس لە هەندێ فاکتەر و بابەت دەکات کە هەر لە دوای سەربەخۆیی ئازەربایجانەوە بوونەتە هۆی کێشە و ناکۆکی نێوانیان و دواتر دەپرژێتە سەر ئەو ڕووداوانەی چەند ساڵی ڕابردوو کە گرژییەکانی نێوان تاران و باکۆی تا ئەوپەڕی خۆی بەرز کردەوە.
دەکرێت لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئیسرائیل بە سەرەکیترین فاکتەری گرژی و ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە دابنێین. لەنێو وڵاتانی موسڵماندا، ئازەربایجان زیاترین پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. هەر لە دەیەی ١٩٩٠دا بەرپرسانی کۆماری ئازەربایجان لە چوارچێوەی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئەرمەنستان، بە تایبەت لەسەر پرسی قەرەباغ، بیریان لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەکردەوە و لەو پەیوەندییەدا، بە شێوەیەکی سەرەکی هەوڵی دەستپێڕاگەیشتن بە کەلوپەل و تەکنۆلۆژیای سەربازیی و بەدەستهێنانی پشتیوانیی لۆبی ئیسرائیل لە ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لۆبی ئەرمەنەکانیان دەدا. لە بەرامبەردا، ئیسرائیلیش لە چوارچێوەی "دکتۆرینی پەراوێز"دا (Periphery doctrine) تامەزرۆی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئازەربایجان بوو. دکتۆرینی پەراوێز کە یەکەم جار لەلایەن "دەیڤید بن گوریون" هاتە ئاراوە، بە شێوەیەکی سەرەکی جەختی لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی موسڵمانی ناعەرەب -وەک ئێرانی سەردەمی پاشایەتی، تورکیە، ئەتیوپی، ئازەربایجان و ڕەنگە کوردەکان- بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسیی وڵاتانی عەرەب دەکردەوە. لەپاڵ ئەوەدا داڕێژەرانی سیاسەتی ئیسرائیل بیریان لە پەرەپێدان بە دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەی قەفقاز و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وەک دوژمنی سەرەکیی خۆیان لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، زانیاریی و تەنانەت ئابووری دەکردەوە. لەم چوارچێوەیەدا، (هەر لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ کە شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان بەردەوام بوو، ئیسرائیل لە ڕێگەی پێدانی مووشەکی ستینگێر و کەلوپەلی سەربازی پشتیوانیی لە ئازەربایجان کرد. لە ساڵی ١٩٩٧دا، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانێکی ئازەربایجانی کرد و لەبارەی پەیوەندییە دوولایەنەکان و هەڕەشەکانی ئێران لەگەڵ حەیدەر عەلی ئۆڤ وتووێژیان کرد. دوای ئەوە، پەیوەندییە سەربازییەکانیان چوونە قۆناغێکی نوێوە. شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتی، ئەو سەردانەی نتانیاهۆ وەک خاڵی دەستپێکی هاوپەیمانیەتیی ئەو دوو وڵاتە ناو دەبەن. هەبوونی سەرچاوەی فراوانی وزە و بەتایبەت نەوت و گاز وای کرد کە ئیسرائیلییەکان هەوڵی زۆر بۆ وەبەرهێنان لەو بوارەدا بدەن و تەنگ بە کۆماری ئیسلامی لە ئازەربایجان هەڵبچنن.
هەرچەندە زۆر جار باس لە پەیوەندییە سەربازییەکان دەکرێت، بەڵام پێدەچێت لە ئێستادا زیاترین پەیوەندیی نێوان باکۆ و تەلئەبیب دەگەڕێتەوە بۆ بواری وزە و تەلئەبیب لە ساڵانی رابردوودا ڕێژەیەکی زۆر لە نەوتی پێویستیی خۆی لە ئازەربایجان هاوردە دەکرد. لە بواری سەربازی و ئەمنیەتیشەوە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە هێندە پەرەیان سەندووە کە لە ئیستادا کۆماری ئیسلامی، ئازەربایجان وەک بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل ناو دەبات. بەپێی هەندێ هەواڵ و ڕاپۆرت ئیسرائیل هەندێ جار لە خاکی ئازەربایجان بۆ سیخوڕیکردن یان دزەکردن یان لێدان لە هەندێ بنکە و دامەزراوەی سەربازی و ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی کەڵکی وەرگرتووە، ئەمەش یەکێک بووە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گرژی و ناکۆکی لە پێوەندییەکانی نێوان باکۆ- تاراندا. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەو پەیوەندییانەیان بەردەوام وەک هەڕەشەیەکی هەبوو لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان سەیر کردووە. بەرپرسانی تاران بانگەشەی ئەوە دەکەن ڕاوێژکارانی سەربازیی ئیسرائیل بەردەوام لە ئازەربایجانن. هەر لەم چوارچێوەیەدا، "فۆرێن پالیسی" لە ساڵی ٢٠١٢ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە باکۆ ڕێگەی بە ئیسرائیل داوە لە ئەگەری پێکدادانێک لە نێوان تاران و تەلئەبیب، لە بنکە سەربازییەکانی کۆماری ئازەربایجان بۆ بوردمانکردنی ئێران کەڵک وەربگرێت؛ هەرچەندە بەرپرسانی ئازەربایجان ئەو ڕاپۆرتەیان بەدرۆ خستەوە، بەڵام ئەو جۆرە ڕاپۆرتانە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەردەوام بڵاو بوونەتەوە. بەکورتی باشترە بڵێین لە ئیستادا ئیسرائیل لە ئازەربایجان هەمان ئەو کایەیە دەکات کە کۆماری ئیسلامی لە سوریە دژی ئیسرائیل دەیکات. ئەمەش گرژی و ناکۆکی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران-باکۆی لێ کەوتووەتەوە.
دیاریکردنی سنووری کەنارەکانی دەریای خەزەر کێشەیەکی دیکەی نێوان تاران- باکۆیە. دوای داڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و سەرهەڵدانی چەندین وڵاتی نوێ، پێنج وڵات بوونە هاوسنوور لە دەریای خەزەر و لەو کاتەوە چۆنیەتیی دابەشکردنی کەنارەکان بە شێوەیەکی یاسایی چارەسەر نەکراوە. دوو لەو وڵاتانە بریتین لە ئێران و ئازەربایجانان. کۆماری ئیسلامی خوازیاری دابەشکردنی یەکسانی ئەو دەریایە لەسەر بنەمای پشکی ٢٠٪ بۆ هەر یەک لەو پێنج وڵاتەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئازەربایجان بە گەڕانەوە بۆ کۆنڤانسیونی ١٩٨٢ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دەریاکان، خوازیاری دابەشکردنی کەنارەکانی دەریای خەزەر بۆ سەر خاکی وڵاتان بەپێی ڕووبەری سنوورەکانیانە. بەو پێیە ئێران لە جیاتی پشکی ٢٠٪ کە پێشنیاری خۆیەتی، پشکی دەبێتە ٦/١٣. ئەم کێشەیە تا ئێستاش بەردەوامە و ڕێگر بووە لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
کێشەی خاک و بەریەککەوتنی پانئێرانیزم/ پانفارسیزم و پانتورکیزم یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ناکۆکیی نێوان ئازەربایجان و تارانە. بەکورتی هەندێک لە ئێران هێشتا پێیان وایە پێویستە لە داهاتوودا ئازەربایجان بگەڕێتەوە سەر خاکی ئێران. تەنانەت لەکاتی پەرەسەندنی گرژییەکاندا هەندێ لە ماڵپەڕ و میدیاکانی سەربەکۆماری ئیسلامی، کۆماری ئازەربایجان بە "پارێزگاری ئازەربایجانی باکوور" ناو دەبەن. لەبەرانبەردا، لە ئازەربایجان زۆر جار باسی سەربەخۆیی ئازەربایجانی باشور یان پێویستی گرێدانەوەی ئازەربایجانی باکوور و باشوور دەکرێت. ئەمەش زۆر جار گەیشتووەتە ئاستێک کە هەر دوو لایەن بەئاشکرا هەڕەشە لە یەکتری بکەن.
هەروەها، هەوڵەکانی ئێران بۆ پەرەپێدان بە ئیسلامی سیاسی و بەتایبەت شیعەگەری لە کۆماری ئازەربایجان یەکێکی تر لە فاکتەرەکانی دابڕانی ئەو دوو وڵاتە بووە. بە تایبەت کە کۆماری ئیسلامی پێشتر گرووپێکی بەناوی حسینیون (حسینچیلر) بە مەبەستی چالاکی لە ئازەربایجان دامەزراندووە و لەو کاتەوە کۆماری ئازەربایجان نیگەرانیی خۆی لە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی پەرەپێدان بە شیعەگەریی سیاسی دەربڕیوە. بە گشتی ئەمانە ئەو فاکتەرانەن کە ماوەیەکی زۆرە لانیکەم ڕێگرن لە نزیکبوونەوەی زیاتری ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە. بەڵام هەندێ ڕووداو لەم دواییانەدا وایان کرد کە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئازەربایجان بچنە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزتر. ئەم قۆناغە بەتایبەت لە شەڕی ساڵی ٢٠٢٠ی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان دەستی پێ کرد.
چیرۆکەکە بەم شێوەیە بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئازەربایجان توانی بە یارمەتیی تورکیە وەک ڕکەبەرێکی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی قەفقاز و ئیسرائیل وەک دوژمنی سەرەکیی تاران، ناوچەی قەرەباغ کە بۆ ماوەی نزیکەی ٢٥ ساڵ ئەرمەنستان داگیری کردبوو، بخاتەوە ژێر ڕکێڤی خۆی. ئازەربایجان لەو شەڕەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە چەکوچۆڵی ئیسرائیل و بە تایبەت لە درۆنەکانی ئەو وڵاتە کەڵکی وەرگرت. هەرچەندە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی فەرمی پشتگیریی کۆماری ئازەربایجانی کرد، بەڵام هاوکات پتەوبوونەوەی پێگەی تورکیە و ئیسرائیل بووە هۆی نیگەرانیی ئەو وڵاتە. لە هاوینی ساڵی ١٤٠١دا، دیسانەوە پێکدادانێک لە نێوان ئەرمەنستان و باکۆ ڕووی دا. کۆماری ئیسلامیی ئێران خێرا ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئازەربایجان دەیەوێت پارێزگای سیونیک کە ٤٤ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا هەیە داگیر بکات و دوای ئەوە هەوڵی درووستکردنی داڵانی "تورانی" یان ئەوەی ئازەربایجان پێی دەڵێت داڵانی "زەنگەزور" بدات. ئەم ناوچەیە هەم ئەرمەنستان گرێ دەداتەوە بە قەرەباغی کوێستانی و هەم دەتوانێت ئازەربایجان گرێ بداتەوە بە نەخجەوانەوە. نەخجەوان لە باشووری قەفقاز و باکووری ڕووباری ئەرەس هەڵکەوتووە و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە دراوسێی ئەرمەنستانە و لە باشوورەوە لەگەڵ ئێران هاوسنوورە و لە ڕۆژائاواشەوە هەندێ سنووری لەگەڵ تورکیە هەیە. هەرچەندە بەشێکە لە خاکی ئازەربایجان بەڵام لە خاکی سەرەکی ئەو وڵاتە جودایە و باکۆ لەسەر عەرزەوە دەستی پێی ڕاناگات و زۆر جار ناچارە لە ڕێگای ئێرانەوە دەستی بەو بەشە لە خاکی خۆی بگات. لە سەردەمی یەکیەتیی سۆڤیەتدا لە ڕێگەی داڵانێکەوە ڕووسیە و ئازەربایجان و ئەرمەنستان و نەخجەوان پێکەوە گرێ دەدرانەوە، بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و سەربەخۆیی وڵاتانی ناوچەی قەفقاز ئەو ڕێگایە ئیتر داخرا.
ئێستا ئازەربایجان دەیەوێت داڵانی زەنگەزور بکاتەوە. پێدەچێت ئەگەر ئازەربایجان بەوە ڕازی بێت دەسەڵاتی ئەو داڵانە لە دەستی ئەرمەنستاندا بمێنێتەوە، ئەرمەنستان لەگەڵ کردنەوەی ئەوە داڵانە کێشەی نەبێت. بەڵام کۆماری ئیسلامی بەوە ڕازی نییە و دەڵیت ئەوە پیلانێکە بۆ دەوردانەوەی ئێران. ئێرانییەکان پێیان وایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تورکیە لەگەڵ نەخجەوان هاوسنوورە، کردنەوەی داڵانی زەنگەزور بە واتای پێکەوەلکانی تورکیە، نەخجەوان و ئازەربایجانە و ئەوەش بەو مانایە دێت کە ئەو وڵاتانە دەیانەوێت ڕێگەی ترانزیتی ئێران دەور بدەنەوە. جگە لەوە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو داڵانە لەلایەن ئازەربایجانەوە بەمانای کۆنتڕۆڵکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەرمەنستان دێت. ئەمە هەروەها دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەستپێشخەری "پشتێنە و ڕێگا"ی وڵاتی چین هەبێت کە بەشێکی لە ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت و دەتوانێت داهاتێکی زۆری بۆ ئێران هەبێت. جگە لەوە ئەو داڵانە وا دەکات کە تورکیا بتوانێت بەشێکی زۆر لە وزە و بەتایبەت نەوتی خۆی ڕاستەوخۆ لە ئازەربایجان هاوردە بکات و چیدیکە پێویستیی بە وزەی کۆماری ئیسلامی نەمێنێت. ئەو نیگەرانیانە وایان کرد "ئەمیر عەبدوڵاهییان" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی خێرا سەردانی ئەرمەنستان بکات و کونسولگەریی ئێران لە پارێزگای سیونیک بکاتەوە. دواتر لە سەرەتای پاییزی ١٤٠١دا، هێزی زەمینیی سوپای پاسداران مانۆڕێکی سەربازیی بە ئامادەبوونی حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپا و هەندێ لە فەرماندە باڵاکانی ئەو هێزە لە نزیک ڕووباری ئەرەس بەڕێوە برد. بەگوێرەی میدیاکانی ئێران پەیامی ئەو مانۆڕە وریاکردنەوەی بەرپرسانی باکۆ سەبارەت بە گۆڕینی سنوورەکانی ناوچە بوو. ئەمەش کاردانەوەی ئازەربایجانی لێ کەوتەوە و ئەو وڵاتەش جارێک بە هاوکاری پاکستان و تورکیە و جارێکیش بە هاوکاری تورکیە مانۆڕی سەربازیی بەڕێوە برد و ئەو مانۆرانە کۆماری ئیسلامیان نیگەرانتر کرد.
ئەو ڕەوتە بەردەوام بوو تا ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١ کە لە تاران هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان و بەرپرسی تیمی پاسەوانانی ئازەربایجان کوژرا. سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند هێرشبەر هۆکاری خێزانی و تایبەتیی هەبووە، بەڵام ئیلهام عەلی ئۆف بەڕەسمی و تەنانەت لە کۆبوونەوەی ئاسایشی مۆنیخ لە ئەڵماندا ڕایگەیاند کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پشت ئەو تێرۆرەوە بوون. دواتر دەستبەسەرکردنی چەندین تیمی سیخوڕیی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ئازەربایجان قەیرانی پەیوەندییەکانی نێوان باکۆ- تارانی قووڵتر کردەوە. دیسانەوە، لە سەرەتای ساڵی نوێدا (١٤٠٢)، کۆماری ئیسلامی بە بیانووی ئەوەی ئازەربایجان دەیەوێ هێرش بکاتە سەر پاریزگای سیونیک دەستی کرد بە ناردنی هێز بۆ سەر سنوورەکان و هەڕەشەکردن لە باکۆ و هەر لەو سەروبەندەدا نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە مەجلیس بەیاننامەیەکیان لە ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوە لەدژی باکۆ بە بیانووی ئیدانەکردنی کردنەوەی باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە ئیسرائیل دەرکرد. ئازەربایجان وەک کاردانەوەیەک دیپلۆماتەکانی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکرد و هەردوو لایەن کەوتنەوە هەڕەشەکردن لە یەکتر. کۆی ئەم ڕووداوانە پەیوەندییەکانی نێوان باکۆ و تارانیان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەرەو ئاڵۆزی و گرژی زیاتر بردووە.
بەڵام ئەوەی کە ئایا داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەرەو چ ئاقار و ئاراستەیەک دەڕوات؟ ئایا ئەو قەیرانە دەبێتە هۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان تاران- باکۆ یان نا؟ پرسێکە کە لە ئێستادا پێشبینیکردنی بە لەبەرچاوگرتنی خێرایی ڕووداوەکان تا ڕادەیەک زەحمەتە. سەرباری ئەوەش، ئەمن پێم وایە ئەو قەیرانە تا ئاستی پێکدادان بەرز نابێتەوە و باکۆ و تاران لە کۆتاییدا هەوڵ دەدەن بەشێک لە کێشەکانیان بە گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی و وتووێژ چارەسەر بکەن. بۆ نموونە ئەگەری زۆرە بە بەشداریکردنی ڕووسیە لە گفتوگۆکاندا کێشەی داڵانی زەنگەزور بە بەشداری ئێران، ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە پلانێکی هاوبەشدا و بە مەرجی دابینبوونی بەرژوەندی هەر سێ وڵات چارەسەر بکرێت و هەم ئەرمەنستان ڕێگەی بۆ قەرەباغ بکرێتەوە و هەم ئازەربایجان بۆ نەخجەوان. هاوکات کۆماری ئیسلامییش دڵنیا بکەنەوە کە کردنەوەی ئەو داڵانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەرمەنستان و هەروەها ئەورووپا نابێت. دیارە ئەمەش بەو مانایە نایەت کە پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە بۆ هەمیشە ئاسایی دەبێتەوە. بۆ نموونە پەیوەندی ئیسرائیل- ئازەربایجان پرسێکە کە بۆ ساڵانێکی زۆر دەتوانێت ببێتە هۆی دابڕان و سەرهەڵدانی ناوەناوەی قەیران لە پەیوەندییەکانی باکۆ و تاران.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکرێت کە چۆنیەتیی پەیوەندیی نێوان ئازەربایجان و کۆماری ئیسلامی پرسێکی زۆر هەستیارە بۆ کورد. بەتایبەت لە ئەگەری هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە ئێران دەتوانێت کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان دەر بکەون. دیارە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا بە شێوەی کردەکی لەژێر داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیدایە، بەڵام کۆماری ئازەربایجانیش وەک وڵاتێک کە زۆر جار باس لە پێویستی سەربەخۆیی "ئازەربایجانی باشوور" دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەو نەخشانەدا کە پانتورکەکان بڵاوی دەکەنەوە بەشێکی بەرچاو لە خاکی کوردستان دەخەنە چوارچێوەی ئازەربایجانی باشوور و ئەمەش دەتوانێت بە شێوەی هێزەکی هەڵگری هەڕەشە بۆ کوردستان بێت. لەم نێوەدا کاتێک باس لە میحوەری ئیسرائیل-تورکیە-ئازەربایجان لەو ناوچەیەدا دەکرێت، زیاتر هەست بە جۆرێک لە هەڕەشە لەسەر کورد دەکرێت. هەر لەم ئاراستەیەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئیسرائیل نامەیەکیان واژۆ کرد سەبارەت بە پێویستی پشتیوانیکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە سەربەخۆیی ئەو ناوچە کە بە "ئازەربایجانی باشوور" ناوی دەبەن. بۆیە پێویستە هەم نووسەران و ڕوناکبیران و هەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیر لە هەموو لایەنەکانی ئەو بابەتە و ئەگەرەکانی داهاتوو بکەنەوە و بەو پێیە باشترین و گونجاوترین سیناریۆکان بۆ داهاتوو دابڕژێن.