
هەردی سەلیمی
ئەگەر هەر سەرپێیی چاوێک بخشێنین بە کێشە و گرفتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان ئەو کێشە و قەیرانانەی وا خۆی خولقاندوویەتی، دەتوانین هەروەک سەردێڕیش بووە، دەیان وشە ڕیز بکەین: کێشەی ناوکی، ئابووریی داڕماو، ئابووریی ڕانتیی گەندەڵ، قەیرانی ڕەوایی، ئیزۆلەبوون لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، کۆمەڵێک شکستی ستراتیژیکی ناوچەیی، شەڕ و مەترسیی دووبارەبوونەوەی شەڕ، بێکاری، ناڕەزایەتیی چین و توێژی جیاواز لە کرێکارانەوە هەتا خوێندکاران و پەرستاران و خانەنشینان و مامۆستایان و شۆفیری بارهەڵگران، حیجابی زۆرەملێ، کێشەی ئێعتیاد، بێئاوی، بێبرقی، لەنێوچوونی ژینگە، دابەزینی ئاستی هیواداربوون بە ژیان و دەیان کێشە و گرفتی دیکەی نەوتراو.
ئەمەیە ئاکام و دیاریی نزیکەی پێنج دەیە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێران، ئەو دەسەڵاتەی کەوا لە سەربانی مەدرەسەی ڕفاهەوە دەستی کرد بە کوشتن و ئێعدام و هاوکاتیش لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامەدا بەڵێنی "ژیانێکی سەربەرزانە"ی بە خەڵکی لێقەوماو و ڕاپەڕیو لەدژی گەندەڵی و دیکتاتۆریی پەهلەوی دەدا، بەڵام مێژوو نیشانی دا دەبێ کۆماری ئیسلامی نەک لە ڕووی قسە و بەڵێنەکانی، بەڵکوو دەبێ لە ڕووی کردەوەکانیەوە بناسین. ئەو دەسەڵاتە تینووبەخوێنەی وا کوشتنی لە سەربانی مەدرەسەیەکەوە دەست پێکرد و هەموو سووچێکی ئێرانی کردە قوربانگەیەک بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسپێکی ساڵی ٢٠٢٥ـی زایینییەوە تا ئێستا گیانی نزیکەی ١٢٠٠ کەسی لەو وڵاتەدا بە کوشتنی بەئەنقەستی حکوومەتی واتە هەمان ئێعدام، ئەستاندووە. ئەم ژمارە مەزنە تەنیا ئەو ئامارەیە وا خودی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ڕاستەوخۆ گیانی لێ ئەستاندوون، دەنا کوژراوانی شەڕی ١٢ ڕۆژە کە خۆی لە هەزار کەس دا، گیانلەدەستدانی ڕۆژانەی سەدان کەس بەهۆی نەخۆشینی جۆراوجۆر و نەبوونی دەوا و دەرمان بەبۆنەی ئابلۆقەکان، پێکدادادنی ئۆتۆمبیل بەهۆی نەبوونی ڕێگەوبانی ستاندارد و زۆر هۆکاری تریش کە ناڕاستەوخۆ دەستی کۆماری ئیسلامیی تێدایە، لەسەر ئەم ئامارە حیساب ناکرێ.
کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەری هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی وا لە سەرەتاوە باسیان لێوە کرا، تەنیا یەک "ڕێکار"ی هەیە، ئەویش کوشتنی بەئەنقەستی حکوومەتییە. ئەم ڕیژیمە بۆ مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات و تۆقاندنی خەڵکی ناڕازیی ئەو وڵاتە وەک دەیەی شەست دەستی داوەتە کوشتنێکی بەکۆمەڵ و ڕۆژانە بۆ پێشگرتن لە هەر چەشنە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینێک؛ بەڵام بەدڵنیایییەوە ئەم بەناو ڕێکارەی نابێتە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی و ناتوانێ بەم لەونە هەتا سەر بەردەوام بێت و سەری خۆی دادەنێ.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لە بەندییەکانی بەندیخانەی "قزلحصار" مانگرتنێکی مەزن و بوێرانەیان وەڕێ خست و زۆر زوو توانییان هاوسۆزی و پاڵپشتیی بەشێکی بەرچاو لە چاودێران و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئێران بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و لە ئەنجامی ئەم مانگرتنەدا شەش کەس لە هاوبەندییەکانیان لە ژووری تاکەکەسی ڕزگار کرد. ئەم هەوڵەیان بووە هۆی دەرچوونی چەندین ڕاگەیەنراوی پاڵپشتانە لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەش – بەڕوونی ڕاگەیەنراوی خوێندکارانی چەندین زانکۆ و بەیاننامەیەکی ٨٠٠ واژۆیی - کە لەم پێوەندییەدا بەشێک لە ڕێکخراوە مەدەنی و دێموکراتیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکردنی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەش وێڕای مەحکوومکردنی ئێعدام وەک کوشتنێکی بەئەنقەستی حکوومەتی، پاڵپشتیی بێمەرجی خۆیان لە داواکاری ئەو مانگرتووانە دەربڕی، دواتر ئەم شەپۆلە لە پشتیوانی کۆمەڵگەی دیاسپۆرای ئێرانیشی گرتەوە.
ڕۆژی ڕابردووش نەوەدویەکەمین حەوتووی "سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام" لە ٥٢ بەندیخانە بەڕێوە چوو و ئەم کەمپەینە وێڕای پشتیوانی لە بەندییە مانگرتووەکان داوای لە دامەزراوە مافی مرۆیییەکان کرد کەوا بە شێوەیەکی کرداری هەنگاوی پێویست بۆ پێشگرتن لە بەردەوامیی ئەم ئێعدامانە هەڵبگرن. شایانی ئاماژەپێکردنە بەشێک لە بەندییەکانی بەندیخانەی شارەکانی کرماشان، کامیاران، سنە، مەریوان، سەقز، بانە، بۆکان، مەهاباد، نەغەدە، خۆی، سەڵماس و ورمێ لە کوردستان، بۆ پاڵپشتی لەو کەمپەینە و هەروەها بەندییە مانگرتووەکان، مانیان لە خواردن گرت.
کۆماری ئیسلامی بەتایبەت دوای شکست لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا دەیهەوێ ئەو ئۆتۆریتەی وا پێشتر بۆ خۆی قایل بوو و ئێستا بەتەواوی بە لەدەسچوو دەیبینێ، بە ئێعدام و لەسێدارەدان و لە ڕێی ترسەوە بگێڕێتەوە بۆ خۆی، بەڵام هاوکات لەگەڵ زۆربوونی ڕێژەی ئەم ئێعدامانە، ڕێکخستنی نێو زیندانەکانیش بەهێزتر و تۆکمەتر بووە و سەرنجی ڕای گشتیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لەم بارەوە بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بێدەنگییان وەلا ناوە؛ ئەمە ململانێیەکە بە شکستی کۆماری ئیسلامی کۆتاییی پێ دێ.