کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنیا لە ٦ مانگدا ڕێژەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کرماشان گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٣٨ حاڵەت

17:03 - 30 رەزبەر 2725

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی ڕێژیم لە کرماشان، قوربانیبوونی خەڵک بە ڕوودای کار لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لەو پارێزگایە گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٣٨ حاڵەت و بەنیسبەت ساڵی ڕابردووەوە چوونەسەرەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

بێهتاش خانی ئاباد بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادوەریی ڕێژیم لە وتووێژێکی لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" لە کرماشان وتوویەتی: "لە کۆی ٥٣٨ حاڵەتی تۆمارکراوی ئاماری قوربانییانی ڕووداوی کار لە پارێزگای کرماشان، ١٦ کەسیان ژن  و ٥٢٢ کەسی دیکەیان پیاو بوون و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە  ٢٢ پیاو و ژنێک زیاتر لەو ڕێژەیەیە بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو گیانیان لەدەست داوە".

خانی ئاباد باسی لەوە کردووە کە لەو ڕێژەیە ١٥ حاڵەتیان بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، سێ حاڵەت بەهۆی بەربوونەوەی کەرەستەی قورس بەسەریاندا، سێ حاڵەتیان بەهۆی کارەباگرتوویی، یەک کەس بەهۆی سووتان، کەسێک بەهۆی تەقینەوەی مین و حاڵەتێکی دیکەش بەهۆی برینداربوون بە کەرەستەی تیژ گیانیان لەدەست داوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم سەرەکیترین هۆکاری گیانلەدەستدان و بریندارانی ڕووداوی کاری بۆ ڕەچاونەرکردنی ئەمنییەتی کار لەلایەن کرێکاران گەڕاندووەتەوە و بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی لە کەمتەرخەمی و ناکارامیی و دابیننەکردنی شوێنی کاری لەبار و خاوەن ستانداردی نێونەتەوەیی بۆ کرێکاران بێبەری کردووە.

شایانی باسە ناوەند و بەرپرسانی ئیدارە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم هەموو کات لە دانی ئاماری دروست و ورد لەوبارەوە خۆیان دەدزنەوە و ئامارە نافەرمییەکان باس لە  ئاماری زیاتری قوربانییانی ڕووداوی کار دەکەن و ئەو ئامارانەی ڕێژیم بە تەواوەتی بە ناڕاست دەزانن و ڕەتی دەکەنەوە.