
عەلی مەولاننژاد
پارێزگای ورمێ کە ناوەندەکەی شاری ورمێیە و یەکێکە لەو پارێزگایانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێکهاتوە لە نەتەوەکانی وەک: کورد، ئازەری و ئاشووری. ئەم پێکهاتانە پێکەوە لەو شارە دەژین و لە هێندێک حاڵەتدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیان دروست دەبێ.
زۆریەک لە چالاکانی مەدەنیی کورد پێیان وایە هەڵسوکەوتی حکوومەتی ناوەندی لەگەڵ چالاکییە وەرزشی، کولتووری و مەدەنییەکانی نەتەوەی کورد (وەک زمانی کوردی، جلوبەرگی نەریتی، چالاکییە هونەرییەکان) زۆر توندترە و لەچاو ئازەرییەکان زیاتر بەربەستیان بۆ دروست دەبێ.
ئەم پاییزە، ناوی تیمی فووتباڵی ڕووناهیی ورمێ زیاتر لە هەموو کاتێک بۆتە ڕۆژەڤ لەسەر زاری هاندەران و کۆمەڵگەی وەرزشیی کوردستان؛ تیمێک کە بە هەوڵی ماندوویینەناسانە و یارییە دڵڕفێنەکانیان لە پێشبڕکێکانی پارێزگاکەدا، نەک هەر شانازی وەرزشییە بۆ شاری ورمێ، بەڵکوو بۆتە هێمای شوناسخوازی و یەکڕیزیی نەتەوەیی و، جێی دڵخۆشیی هەزاران لاوی کوردستان.
ئەو یاریگایەی کە پێشبڕکێکانی تێدا بەڕێوە دەچێت، لە ڕۆژانی یارییەکانی ڕووناهیدا، دەبێتە دیمەنی هاوپشتی و هاوسۆزیی نەتەوەیی، کە هەزاران هاندەری کورد بە جۆش و خرۆشەوە، ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ بە دەستەوە دەگرن و بە هەست و سۆزەوە هاوار دەکەن و هانی دەدەن. دەنگی دروشمی "بژی کوردستان" و "ورمێ شاری کوردانە" نەک هەر باس لە سۆز و خولیای هاندەر دەکات، بەڵکوو قووڵایی گرێدراوییان بە ناسنامەی ڕەسەن و مێژووی کورد دەردەخات.
هاندەرانی تیمی ڕووناهی بە وەبیرهێنانەوەی کەسایەتییە مێژووییەکانی نەتەوەی کورد وەک سمکۆی شکاک، هاوار دەکەن "بژی سمکۆ" و شکۆمەندییەکانی ڕابردوویان وەبیر دێننەوە و باس لە ئیرادەی خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوشارە کولتووری و سیاسییەکان دەکەن. لە ورمێی ئەمڕۆدا ئەم جۆرە ئاماژانە تەنیا نیشانەی گەرمیی هەست و سۆز نییە، بەڵکوو پەیامێکی پڕ لە داواکارییە بۆ بینین و بیستن و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆیی و نەتەوەیی.
تیمی فووتباڵی ڕووناهی، لە ئێستادا زیاتر لە هەمووکات بۆتە ڕەمزی یەکڕیزی بۆ لاوانی کورد لە ورمێ؛ نەوەیەک کە لە گۆڕەپانی وەرزشدا هاوار بۆ سەرکەوتنەکانی دەکات و بە دەنگی بەرز و زوڵاڵ لە سەکۆی یاریگادا داواکارییە نەتەوەییەکانی خۆی دەردەبڕێت.
بەم شێوەیە ئامادەبوونی بەهێزی هاندەران نەک هەر ورەی یاریزانان دووهێندە بەرز دەکاتەوه، بەڵکوو کەشوهەوای کۆمەڵایەتی و کولتووریی ورمێ بۆ ئاراستەیەک پاڵ پێوە دەنێت کە فرەچەشنیی زمانەوانی و کولتووری وەک هەڕەشە نابینرێت، بەڵکوو وەک دەرفەتێک بۆ دیالۆگ و پێکەوەژیان و خۆشگوزەرانیی هاوبەش لەم پارێزگایە سەیر دەکرێت.
بێگومان ئەگەر پشتیوانی لە تیمەکانی هاوشێوەی ڕووناهی بەردەوام بێت و فەزای مەدەنی و وەرزشی لە ئێران کراوەتر بێت، بۆ ئامادەبوونی هەموو نەتەوەکان، تیمە وەرزشییە نەتەوەییەکان دەتوانن ببنە پاڵەوانی خوولەکانی ئێران و تەنانەت ناوچەییش؛ تیمە نەتەوەییەکان نەتەنیا بۆ خاڵەکان، بەڵکوو بۆ ناسنامە و کەرامەتی نەتەوەکەیان یاری دەکەن.
زۆریەک لە چالاکوانانی تورکی ئازەریش، گلەیی لە سانسۆرکردنی زمانی تورکی، نەبوونی پەروەردە بە زمانی زگماکی و سەرکوتکردنی چالاکییە کولتوورییەکان دەکەن.
ڕەنگە لە چەند قۆناغی هەستیاردا ڕێژیمی ئێران ململانێی نێوان نەتەوەکان بقۆزێتەوە بۆ پێشگرتن لە یەکگرتوویی نەتەوە جیاوازەکان، بەڵام مەرج نییە بە قازانجی نەتەوەیەکی دیاریکراو بێت، بەڵکوو بە مەبەستی پاراستنی هێژمۆنی و سەقامگیریی سیاسیی خۆیەتی.
لە مەهابادەوە تا سەردەشت؛ هاندەرانی کورد شانبەشانی ڕووناهی
دوابەدوای سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی تیمی فووتباڵی ڕووناهیی ورمێ، شەپۆلێکی پشتیوانی و هاوسۆزی لەنێو خەڵکی شارە کوردییەکانی پارێزگای ورمێ دروست بووە. ڕووناهی ئیتر تەنیا تیمێکی نێوخۆیی نییە؛ بەڵکوو بۆتە هێمایەکی وەرزشی بۆ یەکگرتوویی نەتەوەی کورد لەم ناوچەیەدا.
هەر لە مەهاباد، بۆکان، پیرانشار و سەردەشتەوە تا شارەکانی وەک شنۆ، نەغەدە، سەڵماس، خۆی، ماکۆ و زۆریەک لە لاوان و بنەماڵەکانیان بە شانازییەوە ڕووناهی بە "تیمی خۆیان" ناو دەبەن. کاروانەکانی هاندەرانی ئەو شارانە بۆ سەیرکردنی یارییەکانی ڕووناهی، بە جلوبەرگی کوردی و هێما نەتەوەییەکان و ڕووخساری کوردانەیانەوە دەچنە ورمێ.
ئەم شەپۆلە پشتیوانییە، تیمی ڕووناهییان گۆڕیوە بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتووری لە دەرەوەی فووتباڵ؛ حەڕەکەتی لەم چەشنە نەتەنیا ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی بۆ وەرزشەکەیە، بەڵکوو ئیرادەیەکە بۆ پاراستنی ناسنامە و یەکگرتوویی خەڵک.
دروشمی "ئەز کوردم، ورمێ دڵی کوردستانە" و "هەر بژی ڕووناهی و بژی کوردستان" ئێستا نەتەنیا لە یاریگای ورمێ، بەڵکوو لە شەقام و کۆڵانەکانی هەموو شارەکانی کوردستانیش دەنگ دەداتەوە. هەروەها میدیا خۆجێیی و کوردییەکان یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی ئەم شەپۆلە بۆ ڕووماڵکردنی یارییەکان و قسەکردن لەگەڵ یاریزانان و هاندەران.
لە سەردەمێکدا کە هەستکردن بە سەربەخۆیی و ناسنامە لە هەموو کاتێک گرینگترە، تیمەکانی وەک ڕووناهی نیشانیان داوە کە وەرزش دەتوانێت پردێک بێت لەنێوان شارەکان بۆ یەک مەبەستی هاوبەش لەنێوان نەوەکاندا. ئێستا بە یەکگرتوویی هاندەرانی کورد لە سەرانسەری پارێزگاکەدا، ڕووناهی نەتەنیا بۆ بردنەوەی یارییەک، بەڵکوو بۆتە هێمای نەتەوە و داخوازییەکانی.