کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی توندی ئانتۆنیۆ گوترێش لە پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

17:13 - 30 رەزبەر 2725

ئانتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتی بۆ کۆڕی گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە ڕەخنەی توندی لە زیادبوونی ئێعدامەکان، ئەشکەنجەدانی دەسبەسەرکراوان و پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێران گرت.

ئەو ڕاپۆرتە کە دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ٢٠٢٤ تا مانگی ژوئیەی ٢٠٢٥ لەخۆ دەگرێت، باس لە زیادبوونی ١٧ لەسەدیی لەسێدارەدانەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ بە نیسبەت ساڵی ٢٠٢٣ و بازدانی ١١٩ لەسەدی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ دەکات؛ بە شێوەیەک لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٩٧٥ کەس لە سێدارە دراون کە بە بەرزترین ئامار لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە دێتە ئەژمار و هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا ٦١٢ کەس لە سێدارە دراون.

گۆترێش بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی مێرمنداڵان، لەسێدارەدان لەپێش چاوی خەڵک، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی جیاکاری دژی ژنانی کرد.

ناوبراو بارودۆخی زیندانەکان و لێدانی قامچی و بڕینی بەشەکانی جەستە و گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانی وەک نموونەی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ هێنایەوە.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ڕەخنەی لە سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، سەرکوتکردنی کەمینەکانی وەک کورد و بەلووچ، قەتڵی نامووسی و کاری زۆرەملێی منداڵان گرت و داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد هاوکاریی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئێران هێشتا پەیوەستی "کۆنوانسیۆنی دژ بە ئەشکەنجە" و "کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن دژی ژنان" نەبووە و لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دەورەیی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی بواردووە.