کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراسی و گەشەی ئابووری

23:38 - 20 جۆزەردان 2723

د. محەممەد حوسێن‌زادە

چۆنیەتی و ڕێژەی گەشەی ئابووری هەر وڵاتێک یەکێکە لە سەرەکیترین فاکتەرەکان کە دەری دەخات دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانیی ئەو وڵاتە تا چەندە توانیویەتی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو یان بەئاوات‌نەگەیشتو بێت. گەشە یان گەشەکردن چەمکێکی گرینگە لە زانستە مرۆییەکاندا؛ هەرچەندە پێناسەی جۆراوجۆر لەو چەمکە کراوە(١) و پێناسەکردنی لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لە ئێستادا ئەو چەمکە بە مەبەستی جۆراوجۆر بەکار دەبرێت، بەڵام دەکرێت بڵێین بە گشتی ئاماژەیە بۆ گۆڕانی کۆمەڵگە مرۆییەکان. دەکرێت گەشەکردن بە پڕۆسەی بەشداریکردنی گشتی لە ئاراستەی پەرەپێدان بە کارامەیی سیستەم بە مەبەستی وەڵامدانەوە بە داواکارییەکان و دابینکردنی پێداویستییە جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتییان پێناسە بکرێت؛ ئەمە نیشان دەدات کە گەشەکردن پرۆسەیەکە کە پێویستی بە کات و پەیوەندیی بە ژیانی مرۆڤەکانەوە هەیە. دەست‌پێڕاگەیشتنی یەکسان بە دەرفەتەکان لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و جێگیرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە کەلکوەرگرتن لە پێداویستییەکانی ژیان و سەرچاوەکان و هەروەها دابینکردنی ئازادی و خۆشبژیوی و ڕزگاربوون لە دۆخی نەخوازراوی ژیان و کۆتایی‌هێنان بە هەڵاواردن و جیاکاریی لە سەرەکیترین ئامانجەکانی گەشەکردنن. گەشە بۆ هاووڵاتییان دەبێت، واتە دڵنیابوونەوە لەوەی ئەنجام و بەرهەمەکانی باڵاکردنی ئابووری بۆ خەڵک دەبێت، بەجۆرێک کە دەستکەوتە ئابوورییەکان دەبێ بە شێوەی یەکسان و دادپەروەرانە دابەش بکرێن. بەکورتی گەشەکردن واتە زیادکردنی سەرمایە و هاوکات دەست‌پێڕاگەیشتنی زیاتر و ئاسانتر بە پێداویستییەکانی ژیان، کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.

ڕوونە کە گەشەکردنی ئابووری بە شێوەی ڕەمەکی و بەهەڵکەوت ڕوو نادات، بەڵکوو گۆڕانێکە کە پێشوەختە بیری لێ کراوەتەوە و پلانی بۆ داڕێژراوە و لە خاڵیکەوە دەست پێ دەکات، ڕێگایەک دەپێوێت و "ڕەنگە" بگاتە خاڵی مەبەست. گەشەکردن پێویستی بە هەندێک پێشمەرج و پێشویستە. یەکێک لە گرنگترین پێشمەرجەکانی گەشەی ئابووری هەبوونی دێموکراسییە. واتە بەبێ جێگیربوونی دێموکراسی وەک شێوازێکی کارامەی حوکمڕانی گەشەی ئابووری پاوەجێ و بەردەوام سەخت و دژوارە. بەدەگمەن وڵاتێک بتوانێت بەبێ ڕێزگرتن لە مافەکانی تاک و دانپێدانان و جێبەجێکردنی ئەو مافانە گەشە بکات یان ئابوورییەکی پێشکەوتووی هەبێت. ئەوانەش کە هەن پێشبینیکردنی داهاتوویان کارێکی ئەستەمە. لانیکەم لەبەرئەوەی کە ئەگەری هەموو جۆرە گۆڕانکارییەک لە سیستەمی سیاسییاندا و سەرهەڵدانی ناسەقامگیری لە داهاتوودا هەیە. لەم ڕوانگەوە چۆنیەتیی دۆخی ئابووری وابەستەی نێوەڕۆک و چۆنیەتیی پێکهاتەی سیاسی وڵاتانە و گەشەی ئابووری لە بەستێنی ئەو دامەزراوە سیاسیانەدا ڕوو دەدات کە پێداویستییەکانی گەشەی ئابووری دیاری دەکەن. بەکردەوەش، گەشەی ئابووری پاوەجێ زیاتر لەو وڵاتانەدا ڕووی داوە کە سیستەمە سیاسییەکەیان لەسەر بنەمای دێموکراسی دانراوە.

وەک لە ناونیشانی ئەم نووسراوە و لەو پێشەکیەدا دەردەکەوێت، من لێرەدا جەخت لە گەشەی ئابووری دەکەمەوە، ئەرنا حاشاهەڵنەگرە کە دێموکراسی ، پێشمەرجی گەشەکردن لە هەموو بوارەکانی تردایە.(٢) پێویستە هەر لێرەدا ڕوونی بکەمەوە کە کاتێکیش دەڵیم گەشەی ئابووری پێویستیی بە دێموکراسییە، بەکورتی مەبەستم ئەوەیە کە حوکمڕانی باش بەو پێناسە جیهانییە کە لێی کراوە و بە تایبەت هەبوونی ئازادییە سیاسییەکان بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ئابووری پێویستە. پێشکەوتنی ئابوورییش خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە: هەوڵێکی ئامانجدار بۆ ئاسەواربڕینی هەژاری، نەهێشتنی بەدخوراکی و نەخۆشی و نەخوێندەواری و بێکاری و سڕینەوەی هەڵاواردن و نایەکسانی؛ بە واتایەک دەست‌پێڕاگەیشتن بە هەموو ئەو شتانەی گەشەی مرۆیی جەختیان لەسەر دەکاتەوە. پێویستە ئاماژە بەو خاڵەش بدەم کە بەتایبەت لە دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە بوو کە گەشەکردن زیاتر لە چوارچێوەی گەشەی ئابووری و بەمودێڕنکردندا پێناسە کرا. هەرچەندە لە دوای سەربەخۆیی زۆرێک لە کۆلونییەکان لە دەیەی ١٩٦٠ تا نێوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٧٠ کۆمەڵێک تیۆری بەمەبەستی ڕزگارکردنی یەکجاری کۆلۆنییەکان و دیاریکردنی ئاراستەی باڵاکردن و گەشەی کۆمەڵگە ڕزگاربووەکان لە هەیمەنەی کۆلۆنیالیزمی سەرمایەداری سەریان هەڵدا، بەڵام نێوەڕۆکی هەموویان لەسەر چەمکە ئابوورییەکان دانرابوو. بۆیە هێشتاکەش گەشەکردن زیاتر وەک دیاردیەکی ئابووری سەیر دەکرێت.

دێموکراسی بە واتای سەروەری خەڵک و بە مانای سیستەمێک کە ئازادی و یەکسانی تێیدا بەدی هاتووە و حکومەت بەرهەمی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە و مرۆڤ تێیدا خاوەن کۆمەڵێک مافی بنەڕەتییە کە نابێ بە هیچ بیانوویەک پێشێل بکرێن لە بەراورد لەگەڵ باقی سیستەمەکان کە تا ئێستا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تاقی کراونەتەوە زیاترین یارمەتی بە ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵگە دەدات. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندییەکانی سیستەمی دێموکراسی کە هەندێکیان بریتین لەمانە: بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، جیایی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، ڕاپەڕاندن و دەزگای داد، سەربەخۆیی دەزگای داد، چاودێریکردنی کۆمەڵگە بەسەر حکوومەتەوە لە ڕێگەی چاپەمەنی و میدیای ئازاد و سەربەخۆ، هەبوونی یاسای بنەڕەتی و لایەنگری لە دەسەڵاتی یاسا، دابینکردنی مافی دامەزراندنی حیزب و ئەنجومەنەکان و وەڵامدانەوەی داواکارییە پیشەییەکان، گرنگیدان بە کۆمەڵگەی مەدەنی، سەربەخۆیی تاک و پاراستنی ژیانی تایبەتیی هاووڵاتییان، ئازادی ڕادەربڕین، تولێرانس و نەرمینواندن و قەبووڵکردنی یەکتر، هەبوونی حکوومەتی بەرپرس و وەڵامدەر، دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات و سەرچاوەکان، ئازادیی ئایین و ڕێباز، یەکسانیی بەرانبەر یاسا و هەبوونی دەرفەتی یەکسان، مافی دەست‌پێڕاگەیشتنی ئازادانە بە زانیارییەکان.

لە دێموکراسییەکاندا تاک و ڕێکخراوەکان سەرەڕای بەریەککەوتنی بەرژوەندییەکانیان، ناکۆکییەکانیان لەڕێگەی ئاشتیانە و گەڕانەوە بۆ ئەو دامەزراوانەی کە بۆ ئەو مەبەستە دەەستنیشان کراون چارەسەر دەکەن، لەو سیستەمەدا هیچ لایەنێک نادۆڕێت، بەڵکوو هاوکاری و کێبڕکێ لە بوارە جیاجیاکاندا بەردەوام دەبن و وەک گوتم، کێشەکان بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر دەکرێن. سیستەمی دێموکراسی دان بە هەموو گرووپ و شوناسەکاندا دەنێت نەک هەر قەدەغەیان ناکات و هەوڵی تواندنەوەیان نادات، بەڵکو بە ڕەوایان دەزانێت و هەوڵی پاراستن و پەرەپێدانیان دەدات و ڕێز لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەگرێت و مافی ڕادەربڕین و دامەزراندنی ڕێکخراوەیان پێ دەبەخشێت. سیستەمی دێموکراسی توندوتیژی ڕەت دەکاتەوە و خوازیاری گۆڕانکارییە ئاشتیخوازانەکانە. هەموو ئەمانەش بەستێنی گەشەی بەردەوام فەراهەم دەکەن.

مادام حکوومەتەکان ڕەوایی و شەرعییەتی خۆیان لە خەڵکەوە وەردەگرن، سەقامگیریی سیاسی جێگیر دەبێت؛ سەقامگیریی سیاسییش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی بەردەم وەبەرهێنان و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی و نێوخۆیی کە لە پێویستییەکانی باڵاکردنی ئابوورین. هەروەها لە سیستەمی دێموکراسیدا کێبڕکێی ئابووریی تەندرووست مسۆگەر دەبێت؛ ئەو سیستەمە حوکمڕانییە ڕێگری دەکات لەوەی دەسەڵاتداران یان گرووپێکی تایبەت دەست بەسەر ئابووریدا بگرن کە دەبێتە هۆی پاوانخوازی، بەلاشخۆری، هەڵاواردن و تەرخانکردنی نایەکسان و نادادپەروەرانەی سەرچاوەکان، سەرهەڵدانی قەیرانە ئابوورییەکان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ناسەقامگیری سیاسی. ئەمانەش نەک هەر ڕێگری لە گەشەی ئابووری دەکەن، بەڵکوو ئەگەری ئەوە هەیە سیستەمە سیاسییەکان بەرەو داڕووخان ببەن.

یەکێک لە کێشەکانی کۆمەڵگە نادێموکراتەکان ئەوەیە کە داهات و دەستکەوتە ئابوورییەکان بە شیوەیەکی نایەکسان دابەش دەکرێن و چین و توێژە کەم‌داهاتەکان تووڕە و بێ‌هیوا دەبن و خێراتر بەرەو چالاکی یان بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان ڕادەکێشرێن؛ ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و کەمبوونەوەی ڕەوتی باڵاکردنی ئابووری. دیارە دەوڵەتە نادێموکراتەکانیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕەزازیەتییەکان و سەرکوتکردنی خەڵکی بێبەش ناچار دەبن بودجەیەکی زیاتر بۆ بەشی سەربازی و چەکداری تەرخان بکەن و ئەوەش دیسان دەبێتە هۆی لاوازیی ئابووریی ئەو وڵاتانە. دێموکراسییەکان بە ڕێزگرتن لە مافە سیاسی و مەدەنییەکان و خزمەتێکی زیاتر بە هەژاران دەکەن. لە دێموکراسییەکاندا بەهۆی هەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد، بەرپرسان و دەسەڵاتداران بە ناچار خۆیان بەرامبەر خواست و داواکارییەکانی هاووڵاتییان بە بەرپرسیار دەزانن و هەوڵی خزمەتگوزاری زیاتر بدەن؛ چونکە هاووڵاتیان دەرفەتی گۆڕانی دەسەڵاتدارانیان هەیە؛ هەروەها دەتوانن کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو کەسانە بهێنن کە سەرمایە و سەرچاوەکان بە شێوەیەکی نازانستیانە بەکار دەهێنن و بەپێچەوانەوە دەنگ بەو لایەنانە بدەن کە دەتوان بە شێوەیەکی کەم‌تێچوو گەشەی ئابووری دەستەبەر بکەن.

 توێژینەوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە وڵاتانی دێموکرات سەرمایەی زیاتر بۆ پەروەردە، تەندرووستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان تەرخان دەکەن. دەزانین کە پێشکەوتنی پەروەردە و گەشەکردنی سەرمایەی مرۆییش دەبنە هۆی خێراتربوونی گەشەی ئابووری. هەروەها بەپێی توێژینەوەکان لە سیستەمە دێموکراتەکاندا ڕێژەی داهات، خوێندەواری و هیوا بە ژیان لەچاو وڵاتانی نادێموکرات بەرزترە. هەروەها گەشەی ئابووری پێویستی بە ئاڵوگوڕی بیروڕا، گفتوگۆ، دیالۆگ، مشتومڕی فکریی ئازادانە و داهێنان هەیە کە هەموو ئەمانە لە سیستەمە دێموکراتەکاندا دەلوێن. لەو سیستەمە سیاسیانەدا بڕیارە سیاسییەکان بەرهەمی گفتوگۆ و ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و لە کۆتاییدا بەرهەمی کۆدەنگیی گرووپ و لایەنە جیاوازەکانن. ئەمەش وا دەکات هەڵەکان کەم ببنەوە. جگە لەوەش، دێموکراسی هەموو هاووڵاتییان هان دەدات لە پرۆسەی گەشەپێدانی وڵاتدا بەشدار بن. ئاساییە کاتێک هاووڵاتیان بتوانن لە ڕەوتی گەشەکردندا بەشداری بکەن، دەکرێت گەشە وەک پێشکەوتنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای بڕیاری ئەندامانی کۆمەڵگە پێناسە بکرێت. ئەمەش ڕێگە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندی هاووڵاتیان و دەوڵەت خۆش دەکات. پەرەسەندنی ئەو پەیوەندییانەش هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە سیاسەتەکانی دەوڵەت وەڵامدەری پێداویستی و ئەولەوییەتەکانی ئەوانن. لەلایەکی ترەوە، دێموکراسییەکان بە ڕێزگرتن لە مافی خاوەندارێتی تاکەکەسی، بەتایبەت مافی داهێنەران، هەم دەبێتە هۆی متمانەی نێوان سەرمایەگوزاران و حکومەت و هەم تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ بەرهەمهێنان هان دەدات کە ئەمەش بۆ گەشەی ئابووری پێویستە. بێ‌هۆ نییە کە وڵاتانی دێموکرات لەچاو وڵاتانی نادێموکرات دەوڵەمەندترن، لە ڕووی پیشەسازییەوە لە ئاستێکی بەرزتردان، لە ڕووی خوێندنی باڵاوە دەستی باڵاتریان هەیە و خۆشبژێوترن.

کەوابوو ژێرخانی کۆمەڵایەتی کە بریتییە لە سیاسەتەکانی حکومەت و ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوانە کە تاکەکان و کۆمپانیاکان بۆ چالاکی زیاتر هان دەدەن، چارەنووسی ئابووری یەکلا دەکەنەوە. دێموکراسی هەم بە هۆی ئەو تایبەتمەندیانەوە کە پێشتر ئاماژەم پێ دان و هەم  لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕێکخراوە و ناوەندی تایبەت، پەرەپێدان بە چالاکییە مەدەنییەکان، پەرەپێدان بە هاوکاری نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە، دابینکردنی ئاسایشی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی پێشەیی و کار، ڕێگریکردن لە گەندەڵی و بە تایبەت بەهۆی بەدیهێنانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێبڕکێ و پێشبڕکێی ئابووری و سیاسی دەبێتە هۆی سەقامگیریی زیاتری وڵات و پەرەسەندنی کێبڕکێ سازکەر و داهێنەرانەکان و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ گەشەکردنی ئابووری بە شێوەیەکی بەردەوام و پاوەجێ. واتە دێموکراسی وەک پێشمەرجی گەشەکردنی ئابووری لە ڕێگەی دابینکردنی شێوازە خوازراوەکانی حوکمڕانی، تێچووی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێداچوونەوە بە سیاسەتە هەڵەکاندا کەم دەکاتەوە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی توانای درێژخایەنی ئابووری. لەڕاستیدا دێموکراسی سیستەمێکی کاریگەر و کارامە و کەم‌تێچووە بۆ هەموارکردنەوە و پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی سیستمیانەی سیاسەتەکانی حکومەت لە بواری ئابووریدا بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتانە لەگەڵ پێداویستی و خواست و داواکارییەکانی هاووڵاتییاندا هەماهەنگ بکات و بەستێنی باڵاکردن و گەشەی بەردەوام فەراهەم بکات. بەهەڵکەوت نییە نزیک لە هەموو وڵاتە دێموکراتیکەکان، خاوەن باڵاترین ئابووریی کارامەن.

بەم وەسفە، لە وڵاتێکی نادێموکراتی وەک ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کە ڕێکخراوی سوپای پاسداران دەستی بەسەر هەموو ئابووریی ئەو وڵاتەدا گرتووە، باسکردن لە گەشەی ئابووری خەیاڵات و وەهمە. لەو سیستەمەدا کە هیچ مەجالێک بۆ دێموکراسی نییە، تەنانەت ڕێفورمی ئابووریوش ڕێی تێ ناچێت، بەشی هەرە زۆری ئابووری ئەو وڵاتە لەژێر دەستی دەسەڵاتداران و هێزە چەکدارەکاندایە و هەتاکو چارەنووسی ئەو هێزانە و خودی کۆماری ئیسلامی یەکلا نەبێتە مەحاڵە بیر لە گەشەی ئابووری لە ئێران بکرێتەوە. من لێرەدا تەنانەت باس لەوە ناکەم کە وڵاتێکی ئایدۆلۆژیکی وەک کۆماری ئیسلامی زیاترین گرنگی بە پەرەپێدانی ئایدۆلۆژی و هەناردەکردنی بنەماکانی شۆڕشەکەی دەدات نەک گەشەکردن و پەرەسەندنی ئابووری. ئەمە دەتوانێت سەردێڕی بابەتێکی جیاواز بێت. لێرەدا تەنها دەمەوێت بە هێنانەوەی نموونەی ئێران، ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە لە وڵاتێکی دێکتاتوردا کە هیچ گرنگی بە ڕا و دەنگی خەڵکەکەی نادات و ڕەوایی و شەرعییەتی لە خەڵک و لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازادەوە وەرناگرێت و هەموو ئابووری و خۆشبژیوی هاووڵاتییان لە پێناو حەزەکانی ڕابەری ئەو سیستەمە دەکاتە قوربانیی چالاکییە ئەتۆمییەکان، گەشەی ئابووری هەرگیز ڕوو نادات، وەک گوتم، گەشەی ئابووری لانیکەم پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیری سیاسی هەیە کە ئەویش لە ئێراندا بەدی ناکرێت. وڵاتێک کە تووشی ناسەقامگیری بێت بەناچار زیاترین توانا و بودجە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری بەتایبەت لە ڕێگای سەرکوت و بەکارهێنانی زۆرەوە تەرخان دەکات؛ ڕوونە کە لەو وڵاتەدا ناکرێت باس لە داڕشتنی پلان و بەرنامە بۆ گەشەی ئابووری بکرێت. هەموو هەوڵی بەرپرسان ئەوەیە کە چۆن سەروەت و سەرمایە بە باشترین شێواز بۆ سەرکوتی خەڵک و نەیاران و لەپێناو چەند ڕۆژ درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمەکەیان بەکاربهێنن.

بەکورتی، حکومەتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی بەرببەست و لەمپەڕی سەرەکی گەشەی ئابووری ئێرانە. تەنانەت ئەو ناوەندگەرانەی بیر لە گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە دەکەنەوە، هیچ چارەیەکیان نییە جگە لەوەی سەرەتا بیر لە ڕووخاندنی ئەو سیستەمە نادێموکراتە بکەنەوە. گەشەی ئابووری لە سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا نزیک لە مەحاڵە.

 

یادداشتەکان:

۱) پسپۆڕانی بواری گەشە، پێناسەی جۆراوجۆریان لەو چەمکە پێشکەش کردووە: تێپەڕین لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر، باڵاکردنی ئابووری، پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵگە، گۆڕانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەری باشتری سەرچاوەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاگایی مرۆڤ و پەرەسەندنی تواناکانی، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە وڵاتانی دواکەوتوو، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردنی وشیارانەی هاووڵاتییان و هتد تەنیا چەند نموونەن لەو پێناسانەی لە گەشەکردن کراون.

۲: هەڵبەت ڕوانگەکان لەم بارەوە جیاوازن: هەندێک لە بیرمەندان پێیان وایە کۆمەڵگە بەبێ گەشەی ئابووری ناتوانێت بەرەو گەشەی سیاسی و دێموکراسی هەنگاو بنێت. هەندێک لەو بڕوایەدان کە گەشەکردنی ئابووری و سیاسی هاوکاتن بەبێ هەبوونی یەکیان، ئەوی تر مانای نییە. ڕوانگەیەش دەڵێت گەشەی ئابووری پێویستی بە هەبوونی دێموکراسییە. من لەگەڵ ئەم ڕوانگەیەدام و پێم وایە گەشەی ئابووری و دێموکراسی بەردی بناغەی گەشەکردنی بناغەکانی تری کۆمەڵگەیە.