د. محەممەد حوسێنزادە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٤٥ تا ١٩٤٩ تاکە وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی لەسەر گۆی زەوی بوو. یەکیەتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٤٩دا یەکەم بۆمبی ئەتۆمیی تاقی کردەوە و باڵادەستیی ئەمریکا لەو بوارەدا کۆتایی هات و هاوسەنگیییەکی ڕێژەیی هاتە ئاراوە و هەردوو وڵات ناچار بوون دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە لەئەگەری دەستپێشخەری لە بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکاندا، لایەنی بەرانبەر ئەوەندە چەکی ئەتۆمی و توانای دەمێنێتەوە کە بتوانێت تۆڵەیەکی کوشندە و مەرگهێنەر بکاتەوە. هەر ئەم ستراتیژییە بوو کە بە ستراتیژیی لەنێوبردنی حەتمی و بێچەندوچوونیی یەکتر (Mutual Assured destruction) ناوبانگی دەرکرد.
هەبوونی چەکی ئەتۆمی و ترس لە دەرئەنجام و لێکەوتەکانی بەکارهێنانی ئەو چەکانە وای کرد ئەمریکا و یەکیەتیی سۆڤیەت بە پێکەوەژیان لەژێر سێبەری چەکە ئەتۆمییەکاندا ڕازی بن. لایەنگرانی ئەو ستراتیژییە دەیانگوت ئەو دیمەنە ئەوەندەش کە سەرەتا وێنا دەکرا ترسناک و تۆقێنەر نییە. ئەوان دەیانگوت چەکە ئەتۆمییەکان ئەوەندە کاولکەر و ئاسەواربڕن کە بوونەتە هۆی ئەوەی نە ئەمریکا و نە یەکیەتیی سۆڤیەت تەنانەت بیر لە هێرشبردن بۆ سەر ئەوی تر نەکەنەوە. بێرنارد برۆدی ستراتیژیستی بەناوبانگی هێزی دەریایی لە ساڵی ١٩٦٤دا ڕایگەیاند: "تا ئێستا ئامانجی ئێمە لە پێکهینانی هێزی سەربازی سەرکەوتن لە شەڕەکاندا بووە، بەڵام لەمەبەدوا ئامانجی سەرەکی ئێمە دەبێ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی شەڕەکان بێت". بە کردەوەش لە دەیەی ١٩٦٠دا چەکە ئەتۆمییەکان بەهۆی توانای لەنێوبردنی هەردوو لایەن، ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا لە ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوان دوو مەزنەهێزی ئەمریکا و یەکیەتیی سۆڤیەتدا و لەبەر ئەوەی کە هەر کامیان دەیانتوانی دۆزەخێکی هەمەلایەنە بۆ ئەوی تر درووست بکەن، جۆرە هاوسەنگییەک لە نیوانیاندا جێگیر بوو. لەڕاستیشدا ئەگەر شەڕی ئەتۆمی بە واتای تەفروتوونابوون و کاولبوونی هەردوو وڵات بێت، کێ ئەوەندە بێ عەقڵە شەڕێکی لەو جۆرە دەست پێ بکات؟ باشترین کار هەر ئەوە بوو ئەو بژاردەیە تاقی نەکرێتەوە.
بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی تێچووی شەڕێکی ئەتۆمی تا دەهات هەر دوو لایەن کەمتر بیریان لە شەڕێک دەکردەوە کە ئەگەری بەرزبوونەوەی تا ئاستی ئەتۆمی هەبێت. بەپێچەوانەوە هەم ئەمریکا و هەم یەکیەتیی سۆڤیەت لەبری دەستپێشخەری بۆ هێرشبردن زیاتر هەوڵیان دەدا توانای بەرپەرچدانەوەی خۆیان زیاتر و بەرزتر بکەنەوە و لە توانای تۆڵەسەندنەوەی خۆیان لە ئەگەری هێرشی دەستپێشخەرانەی لایەنی بەرامبەر دڵنیا ببنەوە. واتە واشنگتۆن لەبری ئەوەی بیر لە هێرشبردن بکاتەوە، بیری لە پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت و پاراستنی خاک و توانای ئەتۆمی خۆی و هەروەها پاراستنی هاوپەیمانانی دەکردەوە. لەبەرانبەردا، بۆ یەکیەتیی سۆڤیەتیش تێچووی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەڕادەبەدەر بوو، هەر بۆیە ئەویش قەناعەتی هێنابوو کە نابێ لە دەستپێکردنی شەڕدا دەستپێشخەری بکات.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە "ستراتیژیی لەنێوبردنی بێچەندوچوونیی یەکتر" جۆرێک هاوسەنگیی ستراتیژیکی درووست کردبوو، هەردوو لایەن هەمیشە نیگەرانی ئەوە بوون کە ئەو هاوسەنگییە لە قازانجی لایەنی بەرامبەر بگۆڕدرێت. هۆکاری ئەو ترس و نیگەرانییە ئەوە بوو کە هەر یەک لە ئەمریکا و یەکیەتیی سۆڤیەت هاوکات کە هەوڵی پەرەپێدان بە چەکە ئەتۆمییەکان دەدا، بیریشیان لە دانانی سیستەمی بەرگری دژەمووشەکی بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی توانای تۆڵەسەندنەوەی لایەنی بەرامبەر دەکردەوە. ئەمەش ببووە هۆی پەرەسەندنی کێبڕکێی چەکوچۆڵ لەو سەردەمەدا. سەیر ئەوەیە هەم واشنگتۆن و هەم کرێملین لەوە تێگەیشتبوون کە هاوسەنگیی ستراتیژیک توانیبووی ئاسایشیان دابین بکات و هیچ لایەنێک بیری لەوە نەدەکردەوە دەستپێشخەری شەڕێکی ئەتۆمی بکات. بۆیە لەکۆتاییدا هەوڵیان دا دەست لە دروستکردنی سیستەمی دژەمووشەکی هەڵبگرن بۆ ئەوەی توانای تۆڵەسەندنەوەی هیچ کامیان پووچەڵ نەبێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پەیمانی دژە مووشەکیی بالیستیکیان واژۆ کرد.
بەڕوونی مەبەست لە پەیمانی دژەمووشەکیی بالستیک کە بە پەیمانی A.B.M (The Anti-Ballistic Missile (ABM) Treaty) ناسراوە، جێگیرکردن و بەردەوامیدان و ڕەواییدان بە ستراتیژیی بەرپەرچدانەوە (Deterrence) لەسەر بنەمای لەنێوبردنی بێچەندوچوونیی یەکتر بوو. وەک پێشتر ئاماژەم کرد، هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی بالستیک ببووە هۆی پەرەسەندنی کێبڕکێی چەکوچۆڵ و نیگەرانیی هەر یەک لە واشنگتۆن و مۆسکۆ لەوەی کە لایەنی بەرامبەر بتوانێت توانای تۆڵەسەندنەوەی ئەوی تر پووچەڵ بکاتەوە، ئەمەش تەحەدایەک بوو بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری جیهان. بۆیە ئەو دوو مەزنەهێزە لە ڕۆژی ٢٦ی مانگی مەی ساڵی ١٩٧٢ لە مۆسکۆ ئەو پەیمانەیان واژۆ کرد. دەقی ئەو پەیمانە لە ٣ی ئاگۆستی ١٩٧٢ لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە پەسەند کرا و لە ٣٠ سێپتەمبەردا سەرۆک کۆماری ئەمریکا واژۆی کرد و لە ٣ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٢دا کەوتە بواری جێبەجێکردن. بەپێی پەیمانی A.B.M هەر یەک لە ئەمریکا و ڕووسیە تەنیا ڕێگایان پێ دەدرا دوو سیستەمی بەرگریی دژە مووشەکی لەنێو خاکی خۆیاندا دامەزرێنێن، ئەویش بۆ ئەوەی بەرگری لەو مووشەکانە بکەن کە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەگەری هێرشی لایەنی بەرامبەر لەسەر سەکۆکان ئامادەیان کردبوون. دواتر پێداچوونەوە بەو پەیمانەدا کرا و لە ڕۆژی ٣ی جولای ١٩٧٤ بڕیار درا هەر لایەنێک تەنها یەک سیستەمی بەرگریی دژە مووشەکی بە مەبەستی پاراستنی یەک سەکۆی مووشەکی کە بۆ تۆڵەسەندنەوە دانرابوو، دابمەزرێنێ. بەم چەشنە، دانانی سیستەمێک کە بتوانێت بەرگری لە سەرانسەری وڵات بکات و توانای تۆڵەسەندنەوەی لایەنی بەرامبەر پووچەڵ بکاتەوە قەدەغە کرا. هەر لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا پەیمانی A.B.M وەک بەردی بناغەی هاوسەنگی ستراتیژیکی نێوان ئەمریکا و ڕووسیە سەیر دەکرێت.
هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە هیچ هەوڵیک بۆ تێپەڕین لەو ستراتیژییە نەدراوە. بەپێچەوانەوە داڕێژەرانی ستراتیژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک وڵاتێک کە دوای داڕمانی دیواری بێرلین و کۆتاییهاتنی شەڕی سارد وەک وڵاتێکی هێژمون و باڵادەست لە شانۆی سیاسەتی جیهاندا دەرکەوت، لە چەندین قۆناغدا مەیلی خۆیان بۆ تێپەڕین لەو ستراتیژییە و گەیشتن بە باڵادەستیی ئەتۆمی نیشان داوە. بەتایبەت دوای دەسەڵاتگرتنی جۆرج بۆشی کوڕ و ڕووادوە تێرۆریستییەکانی ١١ی سیپتەمبەری ٢٠٠١ ئەم مەیلە لە ئەمریکا فراوانتر بوو. بەڵام بەکردەوە هێشتا سەرکەوتوو نەبووە. سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن هەندێ سیستەمی بەرگری دژە مووشەکیی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دامەزراندووە و سەرەڕای ئەوەش کە سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕایگەیاند کە چیتر پابەندی پەیمانی A.BM نابن چوونکە ڕێگرە لەوەی بەرانبەر مووشەکەکانی وڵاتانی شەڕئەنگێز و یاخی وەک ئێران کورەی باکوور سیستەمی بەرگری دامەزرێنن، بەڵام تا ئێستا بڕیاردەرانی ئەو وڵاتە نەک هەر سیستەمێکیان دانەمەزراندووە کە مووشەکەکانی ڕووسیە پووچەڵ بکاتەوە، بەڵکوو بەردەوام ڕایدەگەیەنن کە پابەندن بە پەیمانی A.B.M و ستراتیژیی بەرپرچدانەوە لەسەر بنەمای لەنێوبردنی بێچەندوچوونیی یەکتر کە تا ئێستا بووەتە هۆی سەقامگیری پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنگتۆن. بەکردەش هەر وا بووە؛ بە چاوپۆشین لەوەی کە سەرکردەکانی ئەمریکا و ڕووسیە تا ئێستا چەندە لەو ستراتیژییە ڕازی یان ناڕازاین، کاری پێ دەکرێت و بەردەوامە.
بەڵام دوابەدوای هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئوکراین لە سەرەتاکانی کۆتا مانگی ساڵی ١٤٠٠ تا ئێستا بەردەوام باس لەوە دەکرێت کە جیهان ڕووبەڕووی مەترسیی شەڕی ئەتۆمیی زلهێزەکان بووەتەوە. ڕەنگە دوای قەیرانی مووشەکیی کۆبا لە ساڵی ١٩٦٢ هەتاکوو شەڕی ڕووسیە- ئوکراین ئەوەندە باسی مەترسیی شەڕی ئەتۆمی نەکرابێت. لەڕاستیشدا بریاردەران و ستراتیژیستەکانی ئەو وڵاتانە لە هیچ قۆناغێکدا ئەوەندەی ڕۆژانی دوای دەستپێکردنی شەڕی ئوکراین ئاماژەیان بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی یان هوشداریدان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو چەکانە نەکردووە. هەر ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە شارەزایان پێیان وابێت کە جیهان بەرەو زستانی ئەتۆمی دەچێت و تەنانەت هەندێک لە زانایان و بیرمەندانی سیاسەتی نێونەتەوەییش نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە سەرهەڵدانی شەڕێکی ئەتۆمی دەربڕیوە.
کێسینجێر کە بۆ ئاماژەدان بە گرنگی بیروبۆچوونەکانی هێندێک جار (هەرچەند زێدەڕۆیانە) دەگوترێت لە ئێستا هیچ مرۆڤێکی زیندوو لەسەر گۆی زەوی نییە کە هێندەی ئەو ئەزموونی سیاسیی هەبێت و شارەزای کاروباری نیونەتەوەیی بێت، یەکێک لەو بیرمەندانەیە کە لەم دواییانەدا سەبارەت بە مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕی ئەتۆمی و پێویستی داڕشتنی میکانیزمیک بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان زلهیزەکان و سەقامگیرکردنی جیهان باسی کردووە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک پێیان وایە ستراتیژیی بەرپەرچدانەوەی نێوان ئەمریکا و ڕووسیە کە لەسەر بنەمای لەنیوبردنی بێچەندوچوونیی یەکتر دانراوە، جۆرە عەقڵانییەتێکی (عەقڵانییەت بە مانای هەڵسەنگاندنی تێچوو و قازانجەکانی دەستپێشخەری لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ) تێدایە کە ڕێگرە لەوەی ئەو دوو وڵاتە بەم زووانە و لەسەر ناکۆکییەکانیان لەسەر پرسی ئوکراین پەنا بۆ شەڕی ئەتۆمی ببەن. بەتایبەت کە ئەو دوو وڵاتە ئەزموونی زیاتر لە حەفتا ساڵ پێکەوەژیانیان لەژێر سێبەری چەکە ئەتۆمییەکاندا هەیە و تا ئێستاش بەردەوام هەوڵیان داوە لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن یا خود بە یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی دوژمنایەتیی لایەنی بەرانبەر دەکەن بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەدژی یەکتر شەڕ بکەن. ئەمەش بە هۆی ترس لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ بووە کە بتوانێت تا ئاستی ئەتۆمی بەرز ببێتەوە. ئەمە یەکێک لەو هۆکارانە بووە کە بەتایبەت بیرمەندانی ڕیالیزمی سیاسیی سەردەمی دوای شەڕی دووەمی جیهانی تا ئێستایان ناو ناوە قۆناغی ئاشتیی درێژخایەن!
ئەمن پێم وایە سەرەڕای یارمەتیی بەربڵاو و چاوەرواننەکراوی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بە ئوکراین بۆ شەڕ لەدژی ڕووسیە و بەئەندامبوونی فینلاند و سوئێد لە گەورەترین ڕێکخراوی سەربازیی جیهان کە بە دوژمنی ڕووسیە دادەنرێت و هەروەها سەرەڕای هەڕەشەکانی ڤلادێمیر پۆتین و هوشداریدانی باقی بەرپرسانی باڵای ڕووسیە سەبارەت بە پەرەسەندنی شەرەکە و بەرزبوونەوەی تا ئاستی شەڕی ئەتۆمی و گەیشتنی جیهان بە قۆناغی زستانی ئەتۆمی (بە مانای نەمانی ژیانی مرۆڤایەتی و هەموو گیانلەبەران لە جیهاندا دوای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کە مەزندە دەکرێت هەر سەرەتا ٢ ملیارد کەس تێدا بچن)، بەڵام لەبەر ئاستی کاولکاریی چەکە ئەتۆمییەکان و ڕازیبوونی ڕێژەیی ئەمریکا و ڕووسیا لە ستراتیژی بەرپەرچدانەوە، جیهان لانیکەم لەبەر شەڕی ئێستای ئوکراین بەرەو شەڕی ئەتۆمی و قۆناغی زستانی ئەتۆمی ناچێت. بەتایبەت کە سەرکردەکانی ڕووسیە و ئەمریکا دەزانن کە سەرباری دوژمنایەتی و ناکۆکی و جیاوازی بیروبۆچوونەکانیان سەبارەت بە چۆنیەیتی کارکردنی سیستەمی جیهانی و هەروەها سەرباری لێکدژی بەرژوەندییەکانیان، بەڵام تێچووی بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکان ئێجگار قورسە و رەنگە بگاتە ئاستی لەنیوچوونی یەکجارەیی خۆیان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. هەڵبەت ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە شەڕی ئەتۆمی نێوان زلهێزەکان لە داهاتوودا (بۆ نموونە لەسەر پرسی تایوان) مەحاڵە یان تەنانەت لەم شەڕەدا ڕووسیە لە چەکی بچووکی ئەتۆمی لە دژی ئوکراین کەڵک وەرناگرێت، بەڵکوو زیاتر بەو مانایە دێت کە پێناچێت ئوکراین بۆ ئەمریکا ئەوەندە گرینگ بێت کە لانیکەم تا کاتێک توانای تۆڵەسەندنەوەی ڕووسیەی بەتەواوەتی پووچەڵ نەکردبێتەوە ئامادەی تاقیکردنەوەی شەڕێکی لەو جۆرە بێت. پووچەڵکردنەوەی ئەو توانایەش پێویستی بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکییە کە بتوانێت هەموو جۆرە مووشەکێکی ڕووسیە پووچەڵ بکاتەوە کە لە ئیستادا لەبەردەست نییە و ئەوەش کە ئایا چەندە ئەگەری سەرکەوتنی هەیە باسی بابەتێکی ترە. بەکورتی، شەڕی ئەتۆمی لە ئیستادا زەحمەتە، بەڵام پێشبڕکێ و کێبڕکێی ئەمنیی نێوان زلهیزەکان لە ئاستی جیهانیدا هەرگیز کۆتایی نایەت و درێژەی هەیە.