لە ساڵی ١٩٢٥ بۆ یەکەمجار لە ژنێڤ لە کاتی کۆنفرانسی جیهانیی چاودێریی منداڵاندا باس لەوە کرا کە پێویستە ڕۆژێک وەک ڕۆژی جیهانیی منداڵان دیاری بکرێ. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٠ەوە لە ١ی مانگی ژوئەندا زۆربەی وڵاتان ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەن و هێندێک لە وڵاتانیش ڕێکەوتێکی دیکەیان دیاری کردووە.
لە وڵاتانی پێشکەوتوو و لەم ڕۆژەدا ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەچێ و، ماف و داواکارییەکانی منداڵان لەبەرچاو دەگیرێ. هەروەها لە زۆربەی وڵاتان خوێندن ئیجبارییە و دەبێ دایک و باوک منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە. دەبێ ئەوان فێری زانست بن و بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان کاریگەر بن. بەڵام بەداخەوە منداڵان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نەک بە باشی پەروەردە ناکرێن و گرینگییان پێ نادرێ، بەڵکوو لە بەر ڕەوشی خراپی ئابووری و سیستەمی سەقەتی پەروەردەیی ناچار بە کارکردن دەبن کە بەشێکیان تەمەنیان کەمتر لە پازدە ساڵە، کە ئەمە لەگەڵ یاسای پاراستنی مافی منداڵان ناتەبایە.
هەروەها منداڵانی سەر بە نەتەوەکانی غەیری فارس ناچارن لە قوتابخانە بە زمانێک وانەکانیان بخوێننەوە کە زمانی دایکییان نیە و هیچ ناسیاریێکیان لەگەڵدا نیە. بە کورتی لە ژێر سێبەری ڕەشی ڕێژیمی ئێراندا هیچ ڕێزێک بۆ مافی منداڵان داناندرێ و ئەوان دەبنە قوربانیی سیاسەتێک کە کاریگەرییەکی نەرێنی دەکاتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیانیان.
بە هیوای ئەوەی کە کۆتایی بە تەمەنی ڕەشی ئەم ڕێژیمە بێت و منداڵانی وڵاتەکەمان وەک منداڵانی وڵاتانی دیکەی جیهان، واتە ئەو وڵاتانەی کە بە دروستی منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن، ئەوانیش لە ژێر سێبەری دەسەڵات و سیستەمێکی پێشکەوتوودا داهاتوویان داهاتوویێکی پر لە سەرکەوتن وخۆشبەختی بێ.
دیسان پیرۆز بێ ڕۆژی جیهانیی منداڵان و بە هیوای وەدیهاتنی خەونەکانیان
ناوەندی منداڵپارێزی نێرگز
۱/٦/۲۰۲۳