کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی حیزبی و وتارێکی بان‌حیزبی

22:34 - 14 جۆزەردان 2723

د. محەممەد حوسێن‌زادە

بەرپرسێکی حیزبی و وتارێکی بان‌حیزبی

گرێبەستی نەتەوەیی و بەرژوەندییە نیشتمانییەکان

مستەفا هێجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە میانەی کۆنفڕانسێکی دووڕۆژەدا لەژێر ناوی "پەیماننامەی لۆزان دوای سەد ساڵ" کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۶ی جۆزەردان لە شاری لۆزانی وڵاتی سویس دەستی پێکرد، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە بۆ باسکردن لە پەیمانی لۆزان پێویستە سەرەتا قسە لەسەر پەیمانی سیڤەر بکرێت کە تێیدا وەک زۆربەی ڕێککەوتن و پەیمانەکان جارێکی دیکە چارەنووسی نەتەوەی کورد کەوتە دەستی "غەیرە کورد"، وتی ئەو پەیمانە دەستپێکی دابەشکردنی تراژیک و خەمهێنەری کوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی خواست و بەرژوەندییەکانی کورد و تەنیا بەپێی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوو. بە وتەی هێجری لە پەیمانی سیڤەردا نەک هەر کوردستان بە کردە دابەش کرا، تەنانەت بۆ ئەو بەشەی کوردستانیش کە بە ڕەواڵەت مافی دیاریکردنی چارەنووسی لەژێر ناوی ئۆتۆنۆمی نێوخۆییدا پێدرابوو، هیچ میکانیزمێک دیاری نەکرا و دواجار هەر خۆیان حاشایان لە مافی کورد کرد. ئەوە لە کاتێکدایە کە لەو سەردەمەدا هەم وڵاتانی ئەورووپی و هەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک زلهێزی جیهان نەک هەر ئەرکی پشتیوانیکردن لە هەندێ لە نەتەوەکانیان – ئەرمنستان وەک نموونە- لەئەستۆ گرت و بۆ دامەزراندنی دەوڵەت یارمەتییان دان، بەڵکو دەوڵەتی تورکیەشیان ناچار کرد دان بەو سەربەخۆییەدا بنێت و تەنانەت بەڵێنیان دا دادگایەک بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانە پێک بهێنن کە دەستیان لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکاندا هەبووە. بە خوێندنەوەی هێجری کۆنفڕانسی لۆزان خاڵی کۆتایی ئەو پرۆسەیە و دوا وێستگەی چەسپاندنی نادادپەروەری بەرامبەر کورد بوو.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکرات هەر لەو لێدوانەدا باس لەوە دەکات کە ئێمە نابێ تەنیا بە بەڕێوەبردنی کونفرانسەکان و باسکردن لە پەیماننامەکان و ئاماژەدان بە ڕۆڵی وڵاتانی زلهێز لە بێبەشکردنی کورد لە مافی خۆی و  جەختکردنەوەی ماوە ماوە لە مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک مافێک کە لە بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکاندا دانی پێدا نراوە و بەگشتی تەنیا سەبارەت بەو ستەمەی بەرامبەر نەتەوەی کورد کراوە قسە بکەین، بەڵکو دەبێ هەم بە چاوێکی ڕەخنەگرانە سەیری خۆماشمان بکەین و وشیارانە بە خۆماندا و بە مێژووماندا بچینەوە و هەم باس لە هەڵەکانمان بکەین کە چۆن ئەو هەلەمان ڕەخساندووە کە دەوڵەتانی بڕیاربەدەست چارەنووسی ئێمە بەدەستەوە بگرن و لە چنگی خۆمانی دەربێنن. ئەوە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و وەک خۆی دەڵێت هۆکارەکەی ئەوەیە کە چەندە ئەو دەوڵەتانە بە نیسبەت پرسی کورد خراپ مامەڵەیان کردووە، خودی کوردیش شتێکیان کەمتر لەوان نەبووە.  هێجری دەڵێت پێویستە بە کردەش هەندێ هەنگاو هەڵبگرین؛ بۆ نموونە، پێویستە هەوڵ بۆ ئامادەکردنی "گرێبەستێکی نەتەوەیی" و "دیاریکردنی هێڵی سووری نەتەوەیی" بدەین. هەروەها واز لە دابەشکردنی کۆمەڵگە بێنین و خۆمان وەک هێزێکی شیاوی گفتوگۆ و مامەڵە و سیاسەتکردن لەگەڵ وڵاتان و باقی ئەکتەرە سیاسییەکان دەربخەین کە یەکڕیزی و یەکگرتوویی مەرج و فاکتەری یەکەمی ئەو بەهێزبوونەیە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆ ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی باقی ئەکتەرەکان لە کاروباری نێوخۆیی نەتەوەی کورد.

هێجری لە وتارەکەیدا باس لە چەند خاڵی دیکەش دەکات کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ئێستادا بەرپرسیاریەتی حیزبێکی خاوەن جێگە و پێگەی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەئەستۆیە، شایانی سەرنج‌پێدان و ئاوڕلێدانەوەن. بۆ نموونە، هێجری باس لە کاریگەری نەرێنی شەڕی نێوخۆیی ڕابردووی نێوان کۆمەڵە و دێموکرات لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و بێ‌هیوایی خەڵک دەکات. هەروەها لەکۆتایی باسەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمە ئەگەر ڕووڕاستین و بەڕاستی بۆ ڕزگاری خاک و گەل خەبات دەکەین. پێویستە بیر لە "بەرژوەندییە نیشتمانییەکان" بکەینەوە و خۆمان لە "قازانج و بەرژوەندی تەسکی حیزبایەتی و عەشیرەتی" ڕزگار بکەین.

من ئەو وتارە وەک وتارێکی بان‌حیزبی سەیر دەکەم و لەو بڕوایەدام هەم دەرخەری هەندێ گۆرانکاری لە شێوازی بیرکردنەوەی هەندێ لە بەرپرسانی حیزبییە کە کاریگەری وێژمان و گوتاری دەرەوەی حیزبەکانیانی پیوە دیارە و هەم شیاوی لاکردنەوە و  بایەخپێدانن، پێم وایە هەموو ئەو کەسانەش "ڕووناکبیری" بە بە پێوەری "ڕەتکردنەوەی سەرتاپای حیزبەکان" ناپێون، پێشوازی لەو گوتارە دەکەن.  من لەم کورتە نووسراوەدا و لەنێو ئەو خاڵانەدا کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن، هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی باسێک لەسەر "گرێبەستی نەتەوەیی" و "دیاریکردنی هێڵە سوورەکان" و جەختکردنەوە لە "بەرژوەندییە نیشتمانییەکان" و تێپەڕین لە بەرژوەندییە تەسکە حیزبی و عەشیرەییەکان" بکەم کە بە سەرباسگەلێکی گرنگیان دەزانم و هاوکات پێم‌وایە بابەتگەلێکی پێکەوەگرێدراون،

بەپێچەوانەی هەندێک کە پێیان وایە دەستەواژەی "بەرژوەندییە نیشتمانییەکان" تەنیا تایبەتە بە بواری سیاسەتی نێونەتەوەیی و بۆ شیکاری سیاسەتی نێوان دەوڵەتان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، بەبڕوای من ئەوە چەمکێکی گشتگیرە کە هەم نەتەوە خاوەن‌دەوڵەتەکان و هەم نەتەوە بێبەشکراوەکان لە مافی دیاریکردنی چارەنووس لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەگرێتەوە. لەم ڕوانگەوە، وەک چۆن وڵاتانی خاوەن دامەزراوەی دەوڵەت بەرژوەندی نیشتمانی تایبەت بە خۆیان هەیە و بۆ دابینکردنی ئەو بەرژوەندیانەش پێویستییان بە گرێبەستی کۆمەڵایەتی هەیە، نەتەوە بێ دەوڵەتەکانیش بە هەمان شێوە خاوەن بەرژوەندی نیشتمانین و پێویستییان بە گرێبەستێکی نەتەوەیی هەیە. سەرنج بدەن لەمەیاندا بەئەنقەست "گرێبەستی نەتەوەیی" بەکار دەهێنم. هۆکارەکەی بۆ دۆخی جیاوازی نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان و نەتەوە خاوەن‌دەوڵەتەکان دەگەڕێتەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر پێویستە بڵێم کە لەبنەڕەتدا گرێبەستی کۆمەڵایەتی تیۆرییەکی فەلسەفییە کە لانیکەم بە خوێندنەوەی "هابز"،  "لاک" و "ڕۆسۆ" بنەمای دامەزرانی دەوڵەت و ڕەواییدان بە حکومەتە. لێرەدا مەبەست لە دامەزراندنی دەوڵەت هەوڵی مرۆڤەکانە بۆ چاوپۆشیکردن لە هەندێ بەرژوەندی تاکەکەسی بەمەبستی دانانی دەسەڵاتێکی سەروەر لەسەرەوەی خۆیانەوە کە دەبێتە هۆی مانەوە و ئاسایشی هەمووان. ئەگەر هەر ئەمە بوایەت گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەو گرێبەستە نەتەوەییە کە ئێمە وەک کورد لە زەینماندایە و لێرەدا باسی لێدەکەم هەر یەک واتای دەبوو. بەڵام کێشە ئەوەیە هەندێ جار کاتێک باس لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەکرێت، ئاماژەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی دانیشتوانی وڵاتێک لەگەڵ حکومەت. ئەم پێناسەیە لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەبەرئەوەی کە تەرکیز لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی هاووڵاتییان و حکومەت دوای دامەزرانی دەوڵەت دەکاتەوە، ڕەنگە بۆ نەتەوەی کورد کە هێشتا خاوەن دەوڵەتی تایبەت بە خۆی نییە، گونجاو نەبێت؛ بۆیە دەستەواژەی "گرێبەستی نەتەوەیی" چەمکێکی گونجاوترە کە دەتوانێت لەگەڵ قۆناغی پێش ڕزگاری و دامەزراندنی دەوڵەت/حکومەت بێتەوە.

بەڵام گرێبەستی نەتەوەیی ئەگەر بەمانای دیاریکردن و دەستنیشانکردنی هەندێ خاڵ و پرەنسیپ بێت کە لانیکەم زۆرینەی (ئەگەر نەڵێین هەموو) ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردی و هەروەها حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەسەریان کۆک بن و وەک پڕەنسیپگەلێکی پیرۆز لە دەوریان کۆ ببنەوە، سەرەتا پیویستی بە پێناسەکردن و دیاریکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان هەیە. دەتوانم بڵێم گرێبەستی نەتەوەیی هەمان رەنگدانەوەی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانە. چونکە بڕیار وایە ئەو گرێبەستە پێناسەی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان لەخۆ بگرێت و هێڵە سوورەکان دیاری بکات، ئەگینا مانایەکی نییە. هەر بۆیە پێشتر ئاماژەم کرد بەرژوەندییە نیشتمانییەکان و دیاریکردنی هێڵە سوورەکان و بەرژوەندییە نیشتمانییەکان بابەتگەلێکی پێکەوەگرێدراون. لەم ڕووەوە، جێگای خۆشحاڵییە ئەگەر بەرپرسانی حیزب و لایەنەکان زیاتر ئاوڕ لەم چەمکانە بدەنەوە و جەخت لەسەر گرنگی ئەم بابەتانە بکەنەوە. بەڵام گرنگتر لەوە کردە و هەوڵدانی پراکتیکییە بۆ پێناسەکردن و پاشان سیاسەتکردن لە چوارچێوەی ئەو بەرژوەندیانەدا. وەک خودی مستەفا هێجریش دەڵێت، نابێ هەموو شتێک بە کونفڕانسێک کۆتایی بێت.

پێشتر (ساڵی ٢٠١٩) لە وتارێکدا کە لەژێر ناوی "تراژیدیای سیاسەتی کوردی: ونبوونی بەرژوەندی نەتەوەیی" لە ماڵپەڕی "وێژمان" بڵاو کراوەتەوە، بزربوونی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانم وەک تراژیدیای سیاسەتی کوردی ناو بردووە. چونکە بەرژوەندی نیشتمانی گەوهەر و جەوهەری سیاسەتە. هەموو نەتەوەکان خاوەن بەرژوەندی تایبەت بە خۆیانن و لە جیهانی ئەمڕۆدا ناکرێت باس لە نەتەوە بکەیت بەڵام پرسیار لە بەرژوەندی و ئامانج و هەروەها ستراتیژی و تاکتیکی گەیشتن بەو ئامانجانە نەکەیت. تەنانەت، بۆ ئەوەی لە سیاسەتی نێوان نەتەوەکان تێ بگەین، پێویستە لە بەرژەوەندییەکانیان تێبگەین. مەبەست لە داڕشتنی هەر جۆرە دەستپێشخەری، بەرنامە و ستراتیژییەک و هەر لەم چوارچچیوەیەدا مەبەست لە گرێبەستی نەتەوەییش دەستەبەرکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانە. ئەمە ئاساییە، چونکە بەرژوەندییە نیشتمانییەکان ئەوەندە گرنگ و پڕبایەخن کە هەموو سیاسەتوانان و دەسەڵاتداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتان یا حیزب و لایەنەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە لە چوارچێوەی ئەو بەرژوەندیانەدا سیاسەت دەکەن؛ هەوڵیش دەدەن بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەرژوەندیانەوە پاساو بۆ هەڵوێست و بڕیارەکانیان بێننەوە.

ڕاستە ئێمە نەتەوەین، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هەتاکو ئێستاش نەمانتوانیوە بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی کوردستان پێناسە و دەستنیشان بکەین. هەر ئەمەش وای کردووە کە سیاسەتی کوردی سیاسەتێکی لێڵ، ناڕوون، ئاڵۆز، سەرگەردان و بگرە بێ­ئامانج دەرکەوێت. ئەمە دۆخێکی ئاساییە چونکە وەک دەڵێن بەرژوەندییە نیشتمانییەکان چرای ڕوونکەرەوە و ڕێنوێنی سیاسەتن و کاتێک بەرژەوەندییەکان بەڕوونی دەستنیشان نەکرێن، دیاریکردنی ئامانج و مەبەستەکانیش زەحمەتە. هەر نەتەوەیەک ئەو ڕێنوێنەی نەبوو، سیاسەتی ڕوون نییە و هیچ سیاسەتوانێک نازانێت چ ڕێگایەک بپێوێت و چ سیاسەتێکی درێژخایەن بگرێتە بەر. هەڵبەت ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە بەرژەوەندی تایبەت بە خۆمان (بەرژوەندی کوردستان) نییە، بەڵکو کێشە لە پیناسەکردن و دیاریکردنی یەکەمێتییەکانە. هەروەها حاشاش لەوە ناکرێت کە هەر لایەنێک بە دید و پێوەری خۆی بەرژوەندییەکانی پێناسە کردووە. بەڵام یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکان ڕەنگە هەر پێناسەی زۆر‏وزه‌‏بەند لەو بەرژوەندیانە بێت. بەرژوەندی کاتێک نیشتمانییە کە کۆدەنگی زۆرینەی ئەندامانی لەسەر بێت.

بەهەر حاڵ، ئەوەی کە ئێمە وەک گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت هێشتا نەمانتوانیوە  لانیکەم بەرامبەر پرسی داگیرکاریی وڵاتمان و شێوازی کۆتاییهێنان بەو ڕەوتە لەسەر یەکێک لە فورمەکانی جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس یەکلا بینەوە و هەر تاقم و لایەن و دەستە و گرووپ و حیزبێک دوورگەیەکی تایبەتمان لەژێر ناوی "دەوڵەتخوازی"، "فیدراڵخوازی"، "خودموختاریخوازی"، "برایەتی گەلان"، "خۆبەڕێوەبەری"، "شۆڕشی جیهانی"، "شۆڕشی مرۆیی" و "ئومەتی ئیسلامی" و "ڕێفورم لە دەوڵەتانی داگیرکەر" پێک هێناوە و هەر لایەنێک ڕێگەچارە و فۆرمەکەی خۆی بە پیرۆز و شاکلیلی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەزانێت، مانای وایە کە شتێک بەناوی بەرژوەندی نیشتمانی کە بتوانێت لانیکەم هەمووان لە دەور یەک کۆ بکاتەوە و وەک گرێبەستێکی نەتەوەیی (نووسراوەیەکی پیرۆز و قورئانێکی کوردی) بتوانێت هەموو لایەنەکان پێکەوە گرێ بداتەوە لە ئارادا نییە.

وەک لە پێشەکیدا وتم، هێجری لە لێدوانەکەیدا ئاماژە بەو خاڵەش دەکات کە پێویستە ئێمە خۆمان بەهێز بکەین و یەکگرتوویی بە فاکتەری سەرەکی بەهێزبوون دەزانێت. ئەگەر هێز وەک بەرژوەندی نیشتمانی پێناسە بکەین، بەوجۆرەی هەندێ لە ڕیالیستەکان دەیکەن، ئەمە بەو واتایە دێت کە یەکەم هەنگاوی پێناسەکردنی بەرژوەندی نەتەوەییش هاوکاری و یەکانگیرییە؛ هەمان ئەو شتەی کە بە خوشحاڵییەوە لە کوردستان زۆر باسی لێ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە وەک پێویست هەوڵی بۆ نادرێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هاوکاری و یەکڕیزی و یەکانگیری هەم تێگەیشتنە لە بەرژوەندییە نیشتمانییەکان و هەم دەروازەی داڕشتنی گرێبەستێکی نەتەوەیی.  ئێمە وەک نەتەوەی کورد مادام هێشتا خاوەن دەوڵەتی تایبەت بە خۆمان نین کە وەک ڕیالیستەکان دەڵین خاوەن بەرژوەندی بەرچاو و هەستپێکراوی تایبەت بە خۆمان بین، لانیکەم دەتوانین بە هاوکاری و یەکڕیزیی و بە کەڵکوەرگرتن لە ڕوانگە و تیۆرییە کلتوورتەوەرەکان وەک کانستراکتیڤیزم لە سیاسەتدا ناسنامەی نیشتمانی خۆمان بکەینە بناغەی پێناسەکردن و دیاریکردنی سەرەکیترین بەرژوەندییەکانمان. وەک پێشتر لە وتارێکدا لە ژێر ناوی "کوردستان بیناذهنی: هویت، نقش و کنش ضد اشغالگری" ئاماژەم پێداوە ناسنامە کە لەسەر بناغەی ئایدیاکان، کلتوور و شێوازی لێڕوانین و بیرکردنەوە لە جیهانی دەوروبەر دانراوە، سەرچاوەی پێناسەکردنی بەرژوەندییەکانە. بەکورتی و بەڕوونی بەرژوەندییەکان هەڵقوڵاوی ناسنامەن. ناسنامەی نیشتمانی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی هەر نەتەوەیەک دیاری دەکات. بەرژوەندییە نیشتمانییەکانیش وا دەکەن ئەو نەتەوە ڕۆڵێکی تایبەت لە جیهاندا بگێڕێت و ڕەفتاری گونجاو لەگەڵ ئەو ڕۆڵە بگرێتە بەر. فورمولەکە بەو جۆرەیە کە هەر نەتەوەیەک بزانێت کێیە (چێکردنی ناسنامەی نیشتمانی)، دەزانێت چیشی دەوێت (ناوەڕۆکی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان) و ئەو بەرژوەندیانە پێگەی دیاری دەکەن (ئەو ڕۆڵەی دەبێ لە جیهاندا بیگێڕیت) و ناچارە بەپێی ئەو پێگەیە لەگەڵ جیهانی دەرەوە مامەڵە بکات (ڕەفتاری سیاسی). بۆ نموونە نەتەوەیەکی ئیسلامی، نەتەوەیەکی کریستیانی لیبراڵ و نەتەوەیەکی سوسیالی سکولار یان لائیک، لەبەر ئەوەی کە ناسنامەکانیان پێکەوە جیاوازن، بەرژەوەندییەکانیشیان جیاوازن. ئەوە نەتەوە باڵادەست و ژێردەستەکانیش دەگرێتەوە. هەر بۆیە ئامانج، یەکەمێتی و هەروەها دۆست و دۆژمنەکانیشیان بەپێی ئەو بەرژەوەندیانە جیاوازن.

نەتەوەی کوردیش بەدەر لەو یاسا و پڕەنسیپە نییە. دەزانین کە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان لە پرۆسەی پێناسەکردنی خۆیاندا، بەردەوام خۆیان وەک نەتەوەیەکی قوربانیی سیاسەتی داگیرکەران پێناسە دەکەن کە ساڵانێکی زۆرە لە مافی خۆیان بێبەش کراون و وڵاتەکەیان بووەتە ئامانجی پەلامار و هێرش و خۆیان بوونەتە ژێردەستەی داگیرکەران. ئەم وێناکردنە، واتە پێناسەی کورد وەک "نەتەوەیەکی بێ کیان و دەسەڵات کە نیشتمانی داگیرکراوە" یەکێکە لە فاکتەرەکانی پێناسەی "خۆ" و جیاکردنەوەی لە "ئەوانی تر" و چێکردنی ناسنامە نیشتمانی. بەپێی ئەم پێناسەیە لە ناسنامە، بەرژوەندی کورد لە "ڕزگاری لە ستەمی نەتەوەیی و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری" خۆی دەبینێتەوە. هەر بەم پێیە نەتەوەی کورد ڕۆڵی دژەداگیرکەر لە جیهاندا دەگێڕێت. ڕۆڵی دژەداگیرکەریش هەندێ ڕەفتار و هەڵسوکەوتی بەدوادا دێت کە خۆی لە بەرخۆدان و خەباتی ڕزگاریخوازانەدا دەرنوێنێت. هەر بۆیە دەبینین نەتەوەی کورد و حیزبە سیاسییەکان دەیان ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر لە خەباتی ڕزگاریخوازانە بەردەوامن و بە هەزاران شەهید و قوربانییان لەوپێناوەدا داوە.  بەڵام کێشە گەورەکە ئەوە بووە کە زۆر جار بەرژوەندییە نیشتمانییەکان تێکەڵ بە بەرژوەندییە بەرتەسکە حیزبی و خێڵەکییەکان کراون. هەندێ جاریش ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان بوونەتە هۆی دابەشبوون و لێکترازان و تەنانەت پێکدادانی لایەنە کوردییەکان و ئەوەش -وەک هێجری دانی پێدا دەنێت- بێ‌هیوایی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە. ئەم جیاوازییە وای کردووە کە وەک پێشتر وتم تەنانەت لەسەر دەستنیشانکردنی فۆرمێک لە فورمەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک مودێلێکی ڕزگاری و ئامانجێکی خەبات بەرامبەر داگیرکەران کۆک و کۆدەنگ نەبن. هەر بۆیە هەرچەندە نەتەوەی کورد لە خەبات دژی داگیرکەران بەمەبەستی جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بەردەوام بووە، بەڵام بەهۆی جیاوازی بیروبۆچوون سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو مافە و تەنانەت شێوازی خەبات لە دژی داگیرکەر، خەباتەکەی بەو شیوەیە کە چاوەڕوان دەکرێت دەستکەوتی نەبووە، سەرەڕای ئەوەی کە لانیکەم دووبەش لە کوردستان (باشوور و ڕۆژاوا) تا ڕادەیەکی زۆر لە ستەمی نەتەوەیی و هەیمەنەی داگیرکەر ڕزگاریان بووە.

مادام "نەتەوەی کورد خۆی و نیشتمانی بە داگیرکراو پێناسە دەکات و بەرژوەندی خۆی لە ڕزگاری نیشتمان و ئازادی دانیشتوانی کوردستاندا دەبینێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە ڕۆڵی دژەداگیرکەری لە جیهانی ڕاستەقینەدا وەئەستۆ گرتووە و لەو پێناوەدا تێکۆشان و خەباتی ڕزگاریخوازانەی وەک ڕەفتارێکی سیاسی لەخۆی نواندووە، پیویستە لانیکەم لە نێو زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگە و هێز و لایەنە سیاسییەکان پێناسەیەکی ڕوون لەو چەمکانە هەبێت و کۆدەنگییەک هەبێت سەبارەت بەوەی کە کوردستان کوێیە و سنوورەکانی کامانەن؟ داگیرکار کێیە و سیاسەتەکانی چین و چۆن دەبێ بەرەنگاریان ببینەوە؟ هێزی دژە داگیرکەر کامەیە و تایبەتمەندی و پێوەرەکانی کامانەن؟ خەباتی ڕزگاریخوازانە چییە؟ مەبەست لە مافی دیاریکردنی چارەنووس چییە و گونجاوترین مودێلی جێبەجێکردنی ئەو مافە کامەیە؟ پەیهاتەکانی لادان لەو پێوەر و پێناسە هاوبەشانە کە کۆدەنگی نیشتمانییان لەسەرە چین؟ هەموو ئەمانە پێویستن چونکە ئەو نەتەوانەی کە توانای ئەوەیان هەبووە چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن و سەرکەوتوو بن، ئەوانەن کە پێشتر توانیویانە بەرژەوەندییەکانیان، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بەڕوونی پێناسە بکەن.

لەم سۆنگەوە، دەبێ پێشوازی لەو بەرپرسە حیزبیانە بکرێت کە باس لە تێپەڕین لە بەرژوەندییە حیزبی و خێڵییەکان و گرنگیپێدانی زیاتر بە بەرژوەندییە نیشتمانییەکان دەکەن و هەبوونی پەیمان یان گرێبەستێکی نەتەوەیی کە ئامانج و یەکەمێتی و هێڵە سوورە نەتەوەییەکان دیاری بکات، بەپێویست دەزانن. لانیکەمی قازانجی پێناسەکردن و دیاریکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان ئەوەیە کە ئەندامانی کۆمەڵگە پێوەرێکیان بەدەستەوەیە بۆ هەڵسەنگاندنی چالاکی و ڕەفتار و کردەوە و بە گشتی چاکی و خراپی سیاسەتوانان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان. بەڵام لە نەبوونی ئەو پێناسەیەدا نە دەرفەت بۆ گرێبەستی کۆمەڵایەتی هەیە و نە بۆ هەڵسەنگاندنی کردە و سیاسەتەکان. هۆکارەکەی سادەیە: لە نەبوونی پێناسەیەکی ڕوون بۆ ئەو بەرژوەندیانە نە دەزانین چین؟ نە دەزانین ڕۆڵ و ئەرکی ئەندامان، سیاسەتوانان و هێزە سیاسییەکان بەرامبەر "یەکتر" و بەرامبەر "کوردستان" و بەرامبەر "داگیرکەران" و "ئەوانی"تر" چییە و نە پیوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەفتارەکان بەدەستەوەیە. ئەنجامی ئەمەش "هەر کەس بۆ خۆی"یە کە دەتوانم بڵێم سیاسەتی ئێستای کورد جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو دۆخە نییە. هەموو شتێک گرێدراوی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان و گرێبەستێکی نەتەوەیی بۆ چۆنیەتی دابینکردنی ئەو بەرژوەندیانەیە. لە کۆتاییدا سیاسەت واتە بەرژوەندی! بۆیە هەر کەس لە هەر پێگەیەکەوە گرنگی بەو چەمکانە بدات، دەبێ پێشوازی لێ بکرێت.