کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی جیهانیی ژینگە و ئاوڕدانەوەیەک لە دۆخی ژینگەی ئێران

14:33 - 15 جۆزەردان 2723

بێهزاد قادری

سروشت میراتێکی بەنرخە کە پاش تێپەڕینی چەندین میلیۆن ساڵ بە ئێمە گەیشتووە. ڕەنگە دەیان و سەدان جار بیستبێتمان کە پاراستنی ژینگە، ئەرکی هەموومانە و ڕەنگە بۆخشمان هەوڵمان دابێت کە خەسار بە ژینگەکەمان نەگەیەنین، یان لەپێناو پاراستنیدا هەندێک کار و چالاکیمان کردبێت. بەڵام بۆ پاراستنی ژینگە، دەبێ زۆرتر لەگەڵ ئەودا ئاشنا بین و بیناسین. جیاوازیی نییە کە گیانلەبەران لە کوێ دەژین، لە شار، گوند یان قووڵایی ئاوەکاندا، هەر شوێنێک کە ژیانی تێدا بێت، ژینگەیە.

لە هەنووکەدا پرسی ژینگە بووە بە یەکێک لە گرینگترین کەڵکەڵەکانی وڵاتانی جیهان. کەڵکوەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە دارستانەکان، کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان، لەنێوچوونی ئاژەڵان بەهۆی تێکچوونی ژینگەیان و هەروەها ڕاوی بێ‌سەرەوبەرە و پیسیی هەوا و دەریاکان، لە سەرەکیترین چالێنجەکانی ژینگەن لە سەرتاسەری جیهاندا و چالاکانی ئەم بوارە، بۆ کۆنترۆڵکردن و چاککردنەوەی، هەوڵ دەدەن.

٥ی ژووەن، ڕۆژی جیهانیی ژینگە

بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٧٢ی زایینیدا، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دا کە بە ئامانجی وشیارکردنەوەی خەڵک لە بواری پاراستنی ژینگە، ڕۆژێک وەکوو ڕۆژی جیهانیی ژینگە دیاری بکات. لەو ساڵەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ستۆکهۆڵمی سوید، کۆنفڕانسێکی لەژێر ناوی "مرۆڤ و ژینگە" بەڕێوە برد. لە کۆتایی ئەم کۆنفڕانسەدا و پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک لەنێوان وڵاتانی بەشداربوو، UNEP، بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک هات و ٥ی ژووەن وەکوو ڕۆژی جیهانیی ژینگە دیاری کرا.

لەو ڕۆژە بەدواوە، هەموو ساڵێک UNEP بەرنامەگەلی تایبەت وەکوو: "ڕێپێوان، پاسکیل لێخوڕین، نیگارکێشی، نەمام‌چاندن و گوتارنووسی" بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ لای ژینگە و هاندانی بەرپرسان بۆ هەوڵدانی زۆرتر لە بواری پاراستنی ژینگە لە سەرتاسەری جیهاندا، بەڕێوە دەبات.

دروشمی ڕۆژی جیهانیی ژینگە، هەموو ساڵێک جیاوازە و بەرنامەکانی UNEP، بەپێی دروشمی هەمان ساڵ بەرەوپێش دەچێت. بۆ نموونە "من لەگەڵ سروشتدام" دروشمی ساڵی ٢٠١٧، "سڕینەوەی پیسیی پلاستیک" دروشمی ساڵی ٢٠١٨، "شکستدانی پیسیی هەوا" دروشمی ساڵی ٢٠١٩، "جۆراوجۆریی ژینگەیی، بانگەوازی هەوڵدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لەنێوچوونی گیانلەبەران و سروشت" دروشمی ساڵی ٢٠٢٠، "ئافراندنەوە و نۆژەنکردنەوە" دروشمی ساڵی ٢٠٢١ و "تەنیا یەک زەوی" دروشمی ساڵی ٢٠٢٢ بوو.

یەکێکی تر لە ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکان لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، میوانداریی کۆنفڕانسی ساڵانەیە کە هەر ساڵە لە یەکێک لە ١٠٠ وڵاتێک کە لە چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە ژینگەوە بەشداری دەکات، بەڕێوە دەچێت.

ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ کە بەرابەرە لەگەڵ ٥ی ژووەن، کۆنفڕانسی ڕۆژی جیهانیی ژینگە بە میوانداریی وڵاتی "ساحلی عاج" و بە پاڵپشتیی وڵاتی هۆلەند بەڕێوە دەچێت کە دروشمەکەی ئەمەیە: "ڕێگاچارەکان بۆ پیسیی پلاستیک".

خەڵکیش ڕۆڵێکی کاریگەریان لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا هەیە، چونکە ئەم ڕۆژە زۆرتر بۆ ڕاکێشانی بەشداریی خەڵکی لەپێناو پاراستن، گەشە، ئاوەدانی و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتیی ژینگەی دەوروبەری ئەوانە. بۆیە هەر تاکێک لەهەمبەر ژینگەدا بەرپرسیارە و ئەرکیەتی بۆ پاراستنی ژینگە، هەوڵی ئەرێنی بدات.

لە هەر کۆمەڵگەیەکدا پەیوەندییەکی دوولایەنە و بەربڵاو لەنێوان گەشەی ئابووری و ژینگەدا بوونی هەیە. هەر بۆیە هەر جۆرە گەشەیەکی ئابووری پێویستی بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەگەلی وەک هەوا، ئاو، زەوی، وزە و هێزی مرۆییە. تەنیا بەکارهێنانی گونجاو و زانستییانەی ئەم سەرچاوانەیە کە بەستێنی گەشەی بەردەوام کە لەگەڵ ژینگە بساچێت، دابین دەکات.

دۆخی گشتیی ژینگەی ئێران

حاشاهەڵنەگرە کە ئێران لەگەڵ قەیرانی ژینگە بەرەوڕوویە و هۆکاری سەرەکیی ئەم بابەتەش سیاسەتە دژەژینگەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. یەکێک لە هۆکارەکانی لەنێوبردنی ژینگە لە قەبارەیەکی گەورەدا، یاسای بێ گەرەنتیی جێبەجێکارییە لە ئێراندا. قەیرانی ژینگەیی بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت: خراپتربوونی دۆخ و لەنێوبردنی بەربڵاوی ژینگەیی بە شێوەگەلی دراماتیک، نەخوازراو و قەرەبوونەکراو کە دەبێتە هۆی دابەزینی واتاداری ئاسایش و خۆشبژێوی. لەلایەکی ترەوە دەستێوەردان و لەنێوبردنی ئێکۆسیستەمەکان لە ئێران وەکوو: "لەنێوبردنی دارستانەکان، لەوەڕگەکان، تاڵاوەکان، ڕووبارەکان و ناوچە پارێزراوەکان"، بە شێوەیەکی بەربڵاو و خێرا لە حاڵی جێبەجێکردنە.

بەپێی پێوەری کاردانەوەی ژینگە کە هەر دوو ساڵ جارێک لە کۆبوونەوەی جیهانیی ئابووری لە "داووس"ی سویس و لەلایەن زانکۆی "ییل و کۆلۆمبیا"ەوە بڵاو دەکرێتەوە، دۆخی ژینگەی ئێران خراپتر بووە و بەرەو گەورەقەیران هەنگاو هەڵدەگرێت.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، پێداگریکردن لەسەر خۆبەڕێوەبەری لە بەرهەمهێنانی "گەنم" کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و ڕۆچوونی دەشتەکان، هەروەها بەنداوسازی، لە هۆکارەکانی دابەزینی ئەم پێگەیە بووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی کراوە، ڕێژەی زیانی ئابووریی کاولکردنی ژینگە لە ئێران، ٤٣٠.٨ میلیۆن دۆلار بەراورد کراوە. هەروەها زیانێکی ژینگەیی کە ئێران لە جیهانی داوە، بە ٥٤٠.١ ملیۆن دۆلار مەزەندە کراوە. لە ئێستادا و دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٢٠ ساڵ، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەم بوارەدا نەکراوە.

بە وتەی ناوەندی نەتەوەیی کۆنوانسیۆنی جۆراوجۆریی گیانلەبەری، زۆرترین کاولکردنی ژینگەی ئێران بەرهەمی ٢٥ ساڵی ڕابردووە. ملیۆنک و ٦٤٥ هەزار هێکتار لە دارستانە نیوەچڕەکانی ئێران لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوو لەنێو براوە. هەروەها بەشێکی بەرفراوان لە دارستانە چڕەکانی ئێرانیش مەترسیی زیان و لەنێوچوونی لەسەرە.

شایانی باسە کە لە ئێران دەیان قەیرانی گەورە و بچووکی ژینگەیی هاتوونەتە ئاراوە کە چەند نموونەیان بریتین لە: "زایەندەڕوودی بێ ئاو، مەرگی گۆلی ورمێ، کەمبوونی بێ‌وێنەی ئاوی ڕووباری کاروون، وشکیی تاڵاوی هورولعەزیم و بەرزبوونەوەی ٦٠ بەرابەریی گردیلەکانی نێو هەوا و...".

بەڵام لە ئێستادا ئەرکی ئێمە چییە؟

ئێمە وەکوو خەڵک، چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی، نابێ قەت مەترسی و هەڕەشەکانی سەر ژینگەکەمان پشتگوێ بخەین. لەنێوچوونی ژینگەکەمان بە واتای لەنێوچوونی نیشتمانەکەمانە. ڕەنگە هەندێک لەم خاڵانەش کە ئێستا باسی دەکەین، ئاسایی بێنە بەرچاو، بەڵام هەنگاوە گەورەکان لە هەنگاوە بچووکەکانەوە دەست پێ دەکەن و نابێ لەبیرمان بچێت کە بچووکترین و ئاساییترین کارەکانیش، هەر کاریگەریی خۆیان هەیە.

١- ئێستا کە وەرزی گەرمایە و ئاگردانی دارستانەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێران و دەستوپەیوەندییەکانیانەوە بەرەبەرە دەست پێ دەکاتەوە، بە هانای سروشتی وڵاتەکەمانەوە بچین.

٢- بەشداریمان لە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان زۆرتر بکەینەوە یان یارمەتیدەریان بین.

٣- کەڵکوەرگرتن لە قاپ و کەوچکی پلاستیکی بهێنینە کەمترین ئاستی خۆی.

٤- لە کاتی کڕین لە بازاڕدا، لە نایلۆن کەڵک وەرنەگرین و کیسەیەکی پارچەییمان با لەگەڵ بێت.

٥- هەڵسوکەوتی دروست لەگەڵ سروشت و ئاژەڵان فێری منداڵانمان بکەین.

٦- ئەو زبڵانەی کە دەکرێت وەبەرهێنانەوەیان بۆ بکرێت، لە زبڵەکانی دیکە جیا بکەینەوە.

٧- لە کاتی گەڕانمان لە سروشتدا، زبڵ لە دوای خۆماندا بەجێ نەهێڵین یان کارێک نەکەین کە خەسار بە ژینگە بگەیەنێت.

٨- بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆمان، دار نەبڕین و لە بەرامبەردا، لە کاتی خۆیدا نەمام بچێنین.

٩- هەموو کات دژی سیاسەتە دژە ژینگەییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستمان هەبێت و بێدەنگ نەبین.

کۆتایی

بەگشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەموو ئێران و کوردستانی لەگەڵ گەورەقەیرانێکی کارەساتبار بەرەوڕوو کردووەتەوە و تەنیا ڕێگای دەربازبوون لەم قەیرانە و قەیرانەکانی دیکەش، دەربازبوون لە کۆماری ئیسلامییە کە هەمیشە سیاسەتێکی دژەژینگەی پێڕەو کردووە.