
ئیسرائیل توانیویەتی بچێتە ناو قووڵایی پێکهاتە ئەمنییەتی و سەربازی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی و گورزی بێوێنەی لێ داوە.
ڕۆژنامەی ساندی تایمزی بریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆزی هەواڵگری و سەربازی، توانیویەتی بچێتە ناو قووڵایی پێکهاتە ئەمنییەتی و سەربازی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی و گورزی بێوێنەی لێ داوە.
بە وتەی بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل، هەر لە تێرۆرکردنی فەرماندەکانی هەسەدە و حەماسەوە بۆ لەناوبردنی کەرەستە و ژێرخانی گرینگ لە ئێران، ئەم ئۆپەراسیۆنانە هاوسەنگیی هێزیان بە قازانجی تیلاڤیڤ گۆڕیوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرکردەکانی "موقامەت" لە تاران و بەیرووت کراونەتە ئامانج بەپێی زانیارییەکان ئێوارەی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، مووشەکەکانی ئیسرائیل شوێنی نیشتەجێبوونی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی حەماسیان لە باکووری تاران کردە ئامانج و لە هەمان کاتدا لە بەیرووت، فوئاد شوکر، سەرکردەیەکی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان، لە هێرشێکی هاوشێوەدا کوژرا.
ئەم دوو ئۆپەراسیۆنە کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا و زیاتر لە هەزار مایل لە یەکترەوە دوورن، بە وتەی شارەزایان، سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ستراتێژیی هەواڵگری و سەربازیی ئیسرائیل بوو.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئیسرائیل زانا و دامەزراوە و ئامێرەکانی لەناو برد، هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە "زانایانی وزەی ناوکی"ی ئێران، لەناوبردنی دامەزراوەکانی پیتاندنی نەتەنز و فۆردۆ و ناوەندەکانی پەیوەست بە کانزاسازی و بەرهەمهێنانی چەک کراونەتە ئامانج.
بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە، تەنانەت شوێنی نووستنی بەشێک لە زاناکان و پەیوەندییە کەسییەکانیان لەژێر چاودێری چڕی مووساددایە.
لە کاتێکدا کەە مووساد بە بلاوکردنەوەی بەیاننامەیەک خۆی وەک براوەی سەرەکیی ئەم شەڕە هەواڵگرییە نیشان دا، سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەڵێن کە یەکەی هەواڵگریی سەربازی ئامان ڕۆڵێکی سەرەکیی لە دەستنیشانکردن و دیاریکردنی ئامانجە سەرەکییەکاندا هەبووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە کۆنتڕۆڵکردنی "بەرەی موقاومەت" و لاوازکردنی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکەوتوو بوون، بەڵام ڕاپۆرتی ساندی تایمز هۆشداری دەدات لەوەی تا ئەو سەرکەوتنانە ئامانجی سیاسیی بەدیهاتووی لەگەڵدا نەبێت، سەرکەوتنی کۆتایی مسۆگەر نابێت.
ڕێژیمی ئێران هێشتا دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەبووە و شەڕی غەززە بەبێ چارەسەری سیاسی بەردەوامە.