
"ئەم خاکە خاکی کوردییە، خۆ خاوەنی دیکەی نییە"
هەردی سەلیمی
لە چەندین ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، دارستانەکانی کوردستان ئاگریان تێبەردەبێ و ئەمەش بووەتە کێشەیەکی دووپاتە و چاوەڕوانکراو. لە دوایین حاڵەتدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گوماناوی لە داوێنی کێوی ئاویەر لە شاری سنە، پتر لە بیست هێکتار لە زەوییەکانی ئەو دەوروبەرەی سووتاندووە. ئەمە لە کاتێکدایە بە سەرنجدان بە گەرمبوونی پلەی هەوا، وشکبوونی گژوگیا و هەڵکردنی با ئەگەری پەرەگرتنی ئەم ئاگرانە هەیە. بۆیە لە نەبوونی دەوڵەتێکی بەرپرسیار و خۆجێییدا لە بەرامبەر کێشە و قەیرانە ژینگەیییەکان، ئەوە ڕێکخراوە مەدەنییەکانیانن هەوڵ دەدەن پێش بە خەساری زۆری ئەم ڕووداوانە بگرن. لە ئەنجامی بەشداریی چالاکانی ژینگەیی لە کوژاندنەوەی ئاگری ئاویەری شاری سنە، بەداخەوە ٨ کەس بریندار بوون و یەک کەسیش بەناوی "حەمید مورادی"، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "شنەی نەوژینی کوردستان" بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا. نەبوونی پێداویستیی پێویست و وڵامدەرنەبوون و نابەرپرسیارەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی چوونە سەری ڕادەی ئەم خەسارانەن.
ئەوەی باس کرا دیوی ڕاپۆرتیی ئەم نووسراوەیە بوو. لەم نێوەدا ڕێوڕەسمی بەشکۆی ناشتنی تەرمی حەمید مورادی، سەرنجەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و کۆمەڵێک پرسیار دەورووژێنێ لە مێشکدا، چۆنە کۆمەڵێک کەس هەموو ساڵێک و لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا گیانلەسەردەستانە ئامادەن بەوپەڕی بێئیمکاناتیەوە بەگژ ئاگری بەتینی ئەو کوێستانانەدا بچنەوە؟ ئایا ئەم هەست بە بەرپرسیارەتیکردنە بووەتە بەشێک لە کولتوورێکی جێگیربوو و باوەڕێکی ئەخلاقی و نیشتمانی؟ ئایا دروشمەکانی وەک "داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی" یان "ئێرە کوردستانە، کڕنۆش بەرن" لەسەر عەردی ڕووت شین بوون؟
بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت و خێرا بۆ سەر پرسی ژینگەیی لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا کە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرییەکەی لە دەست کۆماری ئیسلامیدایە، بۆمان دەردەکەوێ ئەو وڵاتە لە سایەی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێژیمە ناکارامەیەدا تووشی چەندەها قەیرانی ژینگەییی قووڵ و کەموێنە بووە، لە وشکبوونی گۆلی ورمێوە لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە هەتا وشکبوونی ئاوی کاروون لە ئەهواز و بێئاویی بەربڵاوی ئێستا و زۆر حاڵەتی دیکەش، بەتەواوی بۆمان دەردەکەوێ ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی داگیرکەر و دژەژینگەیە و نەتەنیا هیچ بەرنامەیەکی بۆ نەهێشتنی ئەم قەیرانانە نییە، بەڵکوو دەستی ڕەشیشی لە پشتی پەردەی هەموو ئەم کێشانەوە دیارە. ڕێژیمێک کە ژینگەپارێزانی وڵاتەکەی بەتۆمەتی درۆیینی سیخوڕی ئێعدام دەکات، دەبێ چ چاوەڕوانییەکت لێی هەبێ؟ ئەو ژینگەپارێزانەی کەوا هۆشدارییان دەدا لەسەر گۆڕانی ئیکۆسیستمی ئەو وڵاتە بە هۆکاری جیاوازی وەک چالاکییەکانی سپای پاسداران و بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم.
بە لەبەرچاوگرتنی کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ژینگەدا کە وەک هەموو بوارەکان کارنامەیەکی ڕەشی لە خۆی تۆمار کردووە، خەڵکی کوردستان بە وشیارانەترین شێوە دروشمی "داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی" دەڵێنەوە، داگیرکەر جگە لە خەسارپێگەیاندن و دوژمنایەتیی خاک و خەڵک هیچ بەرنامەیەکی تری نییە، هەر بۆیە لە کوردستان ئەم دروشمە ڕۆژێک بە شێوەی "قاتڵی ژینامانی" دەوترێ و ڕۆژێکیش بە شێوەی "ڕۆڵە" کە هەموو ڕۆڵەکانی کوردستان دەگرێتەوە. کۆماری ئیسلامی وەک وترا نەتەنیا قاتڵی ڕۆڵەکانمانە و دژی خەڵکی کوردستانە، بەڵکوو دژی خاک و ژینگەی کوردستانیشە هەروەک چۆن بەمەبەستی تاڵانوبڕەو خەریکە ژینگەی چەندین گوندی سەر بە شاری سەقز تێک دەدات؛ بۆیە پێویست دەکا لە پەنای ئەو دروشمەدا، ئەم دروشمەش بوترێ: "داگیرکەری ئێرانی، تێکدەری ژینگەمانی!"
کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان چەندین ساڵە گەیشتووەتە قۆناغی خۆبەڕێوەبەری و هەروەها بەهەق گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی چاوی هیوای لە دەسەڵاتی ناوەندی نەبێت و ئەوەی هەیە خۆی بیکات، بەڵام ئەمە بەو واتا نییە کاری دەسەڵاتی ئاسان کردبێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی وشیارانە هەم ڕاهێنانەکە لەسەر بەڕێوەبردنی وڵاتی بابوباپیران، هەمیش لەگەڵ چالاکییەکان دروشمی وەدەرنانی داگیرکەر و خۆبەخاوەنزانین لە بەرامبەر ئەو خاکەدا بەرز دەبێتەوە. کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی کوردستان بەتەواوی لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کەوا کۆماری ئیسلامی هێزێکی داگیرکەرە کە ئێستا لە کوردستاندایە، بۆیە نەتەنیا چاوی هیوا و چاوەڕوانییان لێی نییە، بەڵکوو بە ماکەی قەیران و کێشەکانی دەزانن و خوازیاری وەدەرنانی ئەم دەسەڵاتەشن. ئەم چالاکە گیانلەسەردەستانە بەکردەوە شرۆڤەی ئەم شێعرە دەکەن کە دەڵێ: "ئەم خاکە خاکی کوردییە، خۆ خاوەنی دیکەی نییە"؛ ئەمە بووەتە باوەڕێکی جێکەوتوو و نەگۆڕ، ئەوەی لە کوردستاندا دەیبینین تەفسیر و لێکدانەوەی کرداریی ئەم ڕاستییەیە کەوا کورد خاوەنی کوردستانە، ئەوەی لە کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ خاک و خەڵکەکەیدا لەلایەن چالاکانی ژینگەیی و جەماوەری خەڵکەوە دەکرێ خۆلێبەخاوەنکردن نییە، بەڵکوو خۆلێبەخاوەنکردنەوەیە.