
هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، ڕایگەیاندووە کە بە هۆکارە ئەمنییەتییەکان کەڵکوەرگرتن لە مۆبایل بۆ نوێنەرانی مەجلیس لە کۆمیسیۆنەکان و ناوگۆڕکی مەجلیس، قەدەغە کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تەسنیم، حەمیدڕەزا گوودەرزی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ لە کۆبوونەوەیەکی ئاشکرای مەجلیسدا ڕایگەیاندووە کە ڕێگەنەدان بە نوێنەران بۆ کەڵکوەرگرتن لە مۆبایلەکانیان کێشەی دروست کردووە.
گوودەرزی لە درێژەدا داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی مەجلیس کردووە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بێتە نێو بابەتەکەوە.
محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، لە وڵامی گوودەرزیدا بە پشتیوانیکردن لە بڕیاری قەدەغەکردنی مۆبایل بۆ نوێنەران وتی: "ئەم باباتە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە قسەی لە سەر کراوە و جیا لە لایەنە ئەمنییەتییەکەی، نابێت ئێمە لە کۆمیسیۆنەکان و ناوگۆڕکدا کەڵک لە مۆبایل وەربگرین".
کۆماری ئیسلامی پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە و بەرکەوتنی زەبرێکی قورس بەتایبەتی لە بواری ئەمنییەتی و ئیتلاعاتیدا، ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانی بە ڕادەیەکی بەرچاو چڕتر کردووەتەوە.
ئەم ڕێوشوێنانە دەریدەخات کە ڕێژیم تەنانەت لە بەرپرسانی باڵای خۆیشی بەگومانە.
لە پاش کۆتاییهاتنی شەڕ، کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک هۆکاری بۆ دزەکردنی زانیارییەکان و شکستە ئیتلاعاتییەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیل دیاری کرد لەوانە: لە بە سیخوڕ لە قەڵەمدانی کۆمەڵێک لە ئاپەکانی وەک "واتساپ"، تاکوو تۆمەتبارکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ئێران بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل.