
پارێزڤانانی خاک و ئیکۆسیستەمی کوردستان
ڕەحیم نزهەتزادە
لە ڕۆژانی یەکەمی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٤دا، کوردستان یەكێك لە ڕۆڵە وشیار و دڵسۆزەکانی لەدەست دا. حەمید مورادی، پارێزەر، چالاکی ژینگەپارێز و بەڕێوەبەری کۆمەڵەی "شنەی نوێی ژینی كوردستان"، دوای هەوڵێکی مەترسیدار، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری بەئەنقەست پێكراو، لە بناری چیای ئاویەر لە شاری سنە، بەهۆی سووتانی توندەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەر شەهید بوو. لەو ڕووداوەدا هەروەها چەند چالاکی ژینگەپارێزی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، كە دەگوترێت باری تەندروستیی چەند کەسیان زۆر ناجێگیرە.
لە یەکەم نیگادا، ئەمە ڕووداوێکی سروشتیی دڵتەزێنە. بەڵام لە ناخەوە، ئەم "کارەساتە" نە سروشتییە و نە بەڕێکەوت. چیای ئاویەر، وەک شاخ و دارستانەکانی دیکەی کوردستان، ساڵانێکە بووەتە قوربانی ئاگرێك، کە سەرچاوەکەی نەک لە ئاسمانەوە، بەڵکوو لە سیاسەتی سروشت و زەوی سووتێنەری فەرمانڕەواکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم دەسەڵاتە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، نەک هەر لە سەرکوتکردن و لەسێدارەدان، بەڵکو بە لەنێوبردنی پلان بۆ داڕێژراوی سامانە سروشتییەکانی کوردستان. یەکێک لە فۆرمە ترسناکەکانی ئەم وێرانکارییە، پڕۆژەی بەتاڵانبردن و دزینی سروشت: دروستکردنی بەنداوی بەرفراوان، لادانی ڕووبارەکان بە ڕێگای كەناڵی ئامادەكراو بۆ نێوەڕاستی ئێران و لەنێوبردنی سیستماتیکی دارستانەکانی دار بەڕووی كوردستان، كە لە ساڵانی حەفتاکانی هەتاوی سەدەی ڕابردووەوە تا بە ئەمرۆ بە چڕی بەردەوامە.
ئاگرکەوتنەوەکانی ئاویەر و ناوچە هاوشێوەکانیش، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و کۆنترۆڵنەکراو نین. بەپێی بەڵگەنامە و ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، زۆرجار ئەم ئاگرکەوتنەوانە، وردە وردە لە وەرزی هاویندا، بە ئەنقەست لەلایەن نۆكەر و خۆفرۆشی سەر بە حکومەتەوە، بە ئامانجی روون دەست پێدەکەن: چۆڵکردنی گوندەکان، ئاوارە و مەجبور مانەوەی كۆچكردنی خەڵک، لەناوبردنی ئابووری خۆجێیی و ناوخۆیی، و ڕەخساندنی زەمینە بۆ تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان و كانەكانی کوردستان.
لە هیچ کام لەم کارەساتە ژینگەییانەدا، دامەزراوەکانی حکومەت بچووکترین بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆ نەگرتوە. نە ئیجرائاتیان بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەكان کردوە، نە ڕێگرییان لێیان كردووە، تەنانەت تاوانبارانی سووتاندنەكانیشیان هەرگیز دادگایی نەکردوە. ئەگەر ئامادەبونیشیان هەبووبێت، بە تەنیا بۆ بە نمایشی، گواستنەوەی تەرمی سووتاو یان بریندارەکان بووە. بێدەنگی میدیای دەوڵەتی، هاوبەشی دامەزراوە ئەمنییەکان و بەدامەزراوەیی بوونی نابەرپرسیارێتی، ئەم کارەساتانەی کردوە بە سیاسەت.
لە وەها هەلومەرجێکدا، تێکۆشەرانی وەک حەمید مورادی قارەمانی ڕاستەقینەی ئەم خاکەیە. بەبێ پشتیوانی، بەبێ ئامراز، بەبێ بیمە، تەنانەت بە بێ قەرەبووی یاسایی بۆ زیانەکان; ئەو بۆ خاك، دار و ئاو، ژیانی خۆی بەخت كرد. گیانبەختكردنی حەمید مورادی، كۆچێك بۆ خۆبەدەستەوەدان نەبووە؛ ئەو لە شەڕێکی نایەکسانی، نێوان مرۆڤ و سیستەمدا شەهید بوو. نەك هەر وەک چالاکی ژینگەپارێزی، بەڵکو وەک بەرگریکاری ئەوینداری پیرۆزی خاكی نیشتمان.
ئەمڕۆ دەبێت بە ڕوونی بڵێین: لە کوردستاندا شەرەف، بە تەنیا چەمکێکی ڕەگەزی نیە. شەرەف ئەو خاکەیە؛ ئەو چیایەیە؛ ئەو دار بەڕوویەیە، کە ڕەگ و ڕیشەی لە گیان و یادەوەری خەڵکدا هەیە. ئەوەی بەرگری لە ژینگە و خاکەکەی دەکات، بێ گومان بەرگری لە شەرەف، ئازادی و شەرەفی خۆی کردووە. حەمید مورادی، شەهیدی خاک و شەرەفمانە.
نابێت ئەم شێوە گیانلەدەستدانە، تەنیا وەک ڕووداوێکی پڕ لە ئازار و بە كات لەبیركراو سەیر بکرێن. بەڵکو دەبێت، وەک ئەڵقەیەک لە زنجیرەی چەوساندنەوەكانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ سەر گەلی کورد سەیر بکرێن. کارەساتی ئاویەر، بە تەنها هۆشدارییەکی ژینگەیی نیە، هاوكات هۆشدارییەکی ئەمنی و سیاسییە: حکومەت نەک تەنیا خەڵک دەکاتە ئامانج، بەڵکو سروشتی ئەم جوگرافیایەشی كردووەتە ئامانج.
یاد و ناوی حەمید مورادی نەمرە. ئەو بە جەستە لە نێوماندا نەماوە، بەڵام ئەو ئەوینداری خاكەكەی بوو، و ئێستاش بانگمان دەکات بۆ خۆڕاگری.