کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی یەمەن خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی شۆرای ئەمنییەت لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بوو

11:18 - 5 گەلاوێژ 2725

دەوڵەتی یەمەن لە دووتوێی یادداشتێکدا داوای لە شۆرای ئەمنییەت کردووە کە لە بەرانبەر دەستێوەردانە ئاشکراکانی ئێران لە کاروباری یەمەندا، هەڵوێستی لێبڕاوی هەبێ.

دەوڵەتی یەمەن لەم چوارچێوەیەدا باسی لە پشتیوانییە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران لە حوسییەکان و پێشێلکردنی بەردەوامی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت، بەتایبەت بڕیارنامەکانی ٢١٤٠ و ٢٢١٦ کردووە.

شایع ئەلزندانی، وەزیری دەرەوەی یەمەن لەم یادداشتەدا ڕوو لە باڵوێزی پاکستان و بەرپرسی شۆرای ئەمنییەت، باسی لەوە کردووە کە هێزەکانی موقاومەت و گاردی ساحلی لە ٢٧ی ژوئەندا دەستیان بەسەر بارێکی چەکوچۆڵی پێشکەوتووی ئێرانیدا گرتووە کە بۆ حوسییەکانیان ناردووە.

بەپێی زانیارییەکان ئەم بارە سیستەمی مووشەکی دەریایی و ئاسمانی، سیستەمی پەدافەندی ئاسمانی، ڕاداری پێشکەوتوو، پەهپادی هێرشبەر و ناسێنەر، مووشەکی دژەتانک، تۆپخانەی بی ١٠، چەکی تەک تیر هاوێژ و ڕێژەیەکی زۆر تەقەمەنی و ئیمکاناتی ژنەوتە و تێنووسێکی ڕێنوێنی بە زمانی فارسیی تێدا بووە.

دەوڵەتی یەمەن، ڕێژیمی ئێرانی بە پەرەپێدانی دەرگیرییەکان، پشتیوانی لە هێرشە تێرۆریستییەکانی حوسییەکان بۆ شارەکان و ژێرخانەکانی یەمەن و ناوچە و هەڕەشەیەک دژی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی تاوانبار کردووە.

ئەم بڕیارنامەیە داوا لە شۆرای ئەمنییەت دەکات کە ئەم سەرپێچییانە مەحکووم بکات و بە چڕکردنەوەی چاوەدێرییەکان، گەمارۆ بخاتە سەر کەسانێک کە دەستیان لەم کارەدا هەیە و لەمبارەوە ئێران بە بەرپرسیار بزانن.