کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی دیکەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەسەند کرد

11:21 - 5 گەلاوێژ 2725

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، گەڵاڵەی بەپەلەی دەوڵەت سەبارەت بە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان، پەسەند کرد.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەی بەپەلەی دەوڵەت لەژێر ناوی "بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵ و زانیاریی دوور لە ڕاستی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"ـیان پەسەند کردووە.
گەڵاڵەکە خوازیاری بەندکران، بێبەشکردن و سزای نەختی بۆ ئەو کەسانەیە کە بە وتەی دەوڵەتی پزشکییان "هەواڵ و نێوەڕۆکی دوور لە ڕاستی"، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکەنەوە.
مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ گەڵاڵەی بەپەلەی ئاماژەپێکراوی بۆ پەسەندکردن ڕادەستی مەجلیس کردبوو.
ئەم گەڵاڵەیە لەلایەن دەزگای دادوەری و لە ڕێگەی وەزارەتی دادی ڕێژیمەوە بە دەوڵەتی پزشکییان پێشنیار کرابوو.
پێناسەی ڕێژیم لەم گەڵاڵەیەدا بۆ دەستەواژەی "نێوڕۆکی دوور لە ڕاستی"، ئاماژە بە نێوەڕۆکێکە کە ڕاست نەبێت، چەواشەیەک لە ڕاستی بێت یان بەشێک لە ڕاستییەکانی شاردبێتەوە بە شێوەیەک کە بە وتەی ڕێژیم ببێتە هۆی "ئاڵۆزکردنی ڕای گشتی".
وەزارەتی ئێرشادی ڕێژیم ئەرکدار کراوە تاکوو بە دامەزراندنی سیستمێکی گشتگیر بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە چالاکییەکانی نیو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەزگای دادوەریی ڕێژیم لە چالاکییەکانی خەڵک لە "سۆشیال میدیا"ـدا ئاگادار بکاتەوە.