کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: خاڵی هاوبەشی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی پاوانخوازییە

20:06 - 16 جۆزەردان 2723

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆنفڕانسی ''شۆڕش بە پێشەنگایەتیی ژنان لە ئێران'' کە لە پارلمانی ئورووپا لە بروکسێل بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱۶ی جۆزەردان، کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە وتارێک لەژێر ناوی ''ڕوانگە و بەرپرسیاریەتییەکانی نەتەوەکان لە ڕەوتی دێموکراسیسازی لە ئێران''، لە پانێلی دووەمی کۆنفڕانسی ''شۆڕش بە پێشەنگایەتیی ژنان لە ئێران'' کە لە پارلمانی ئورووپا لە بروکسێل بەڕێوە چوو، بیر و بۆچوونی خۆی و حیزبی دێموکراتی باس کرد.

دەقی خوارەوە بەشێک لە وتەکانی کاک "مستەفا هیجریـ"ـیە لەو کۆنفڕانسەدا:

لەو ڕۆژە کە گیانی ژینایان گرت، کەشی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی ئێران بەرەو گۆڕانکارییەکی قووڵ ڕۆیشت، کەلێنێکی گەورەی لەنێوان خەڵک و حکوومەت پێک هێنا، لەلایەکی ئەو کەلێنەدا خەڵکی ئێرانە کە پێکهاتوو لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانە، لەوانە نەتەوەکان، مەزهەبەکان، گرووپ و لایەنە جۆراجۆرەکانی ئێران و لەلایەکی دیکەی کۆماری ئیسلامییە.

سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا وای کرد کە خەڵکی ئێران بە هەموو جیاوازییەوە لە دەوری یەک کۆ ببنەوە و یەک بگرن، بۆ ئەوەیکە لە یەکەم هەنگاودا بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە کە ناوی کۆماری ئیسلامییە خەبات بکەن و دواتر بۆ ئێرانێکی نوێ هەنگاو هەڵبگرن.

ئەوان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان تێچوویەکی زۆریان دا. ئێعدام و کوشتار بە تایبەت لە کوردستان و بەلووچستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران نیشاندەری ئەوەیە کە خەڵکی ئێران لەگەڵ ڕێژیمێکی دڕندە بەرەوڕوون کە ئەشکەنجە و کوشتن و تێرۆر بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتەکانییەتی.

ئەوەی لە ماوەی مانگەکانی پێشوو هاتە ئاراوە، شۆڕشێک بوو بە ناوی شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک بەو مانەیەی کە بەپێچەوانەی بەشێک لە داواکارییەکانی خەڵکی ئێرانە کە داواکاری مافە دواکەوتووەکانی خۆیان لەوانە نەمانی گرانی بوون. ئەو شۆڕشە ئەساسی کۆماری ئیسلامیی کردە ئامانج و لە ڕاستای دامەزراندنی ئێرانێکی دیکە کە ماڵی هەموو خەڵکی ئێران بێت هەنگاویان هەڵگرت و لەو ڕێگەیەدا قوربانییان دا و ئێستاش قوربانی دەدەن و تا گەیشتن بەو ئامانجە درێژە بەو شۆڕشە دەدەن.

شۆڕشێک کە خوازیاری تێپەڕین لە دەورەی دژە ئینسانی و نادێموکراتیک لە ئێرانە، دەورەی سەڵتەنەتی ڕەها کە تێیدا شوناسێک بەسەر شوناسەکانی دیکە داسپا و ئاسمیلاسیۆن و حاشاکردن لە شوناسەکانی دیکە جگە لە شوناسی نەتەوەی باڵادەست بە بەرنامەی سیستماتیکی حکوومەتی و بە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و ویلایەتی موتلەقەی فەقی، سەپاندنی مەزهەبێکی تایبەت بەسەر سیاسەتەکانی پێشوو زیاد کرا و چووە دەستووری کاری دەسەڵاتداران و خاڵی هاوبەشی هەردووکیان پاوانخوازی بوو.

ئەوەی لە ناوەڕۆکی شۆڕشی ژینا کە بە ناوی ''ژن ژیان ئازادی'' خۆی دەرخست، شۆڕشێک بوو دژی ئەو سیستمانە، تێپەڕین لە ڕابردوو و لە ئێستا و گەیشتن بە ئامانجەکان و وێناکردنی ئێرانێکی دیکە کە بەپێی ویستی هەمووان بنیات بنرێت و هەموو مافەکانی ئینسانی لەخۆ بگرێت، تێپەرین بۆ کۆمەڵگەیەک کە بایەخەکانی ''ژن و ژیان ئازادی'' بە بنەما دابنرێن.

ئێمە لەگەڵ ڕێژیمێک بەرەوڕووین کە هێمای دیکتاتۆرییە و هاوکات لەگەڵ گوتارگەلێک بەرەوڕووین کە بۆ چەندین دەیە خوویان بە ڕوانگەیەکی پاوانخوازانە گرتووە و باوەڕیان پێیەتی. گۆڕانکاری لەو دۆخەدا پێویستی بە کات و پشتیوانیی دەرەکییە.

ڕوانگەی خەڵک کە ڕۆژانە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی ئەزموون دەکەن، لەگەڵ ڕوانگەی بەشێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی جیاوازە، چونکە خەڵک بە دوای داسەپاندی ئەفسانەکانی پێشوو نین. بەڵکوو بە دوای ئێرانێکی دیکەوەن کە دەوروبەر شوێنێکە بۆ ئەوەی ببێتە سەرمەشق نەک حاشای لێ بکرێت. بەو هۆیەوە لە شەقامەکانی تاران دروشم دەدرا کە تاران ببێت بە کوردستان.

لە ئێران بەرەیەکی پەیدا بووە کە خوازیاری بایەخە دێموکراتیک و مرۆییەکانە و دەیانهەوێت لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی بڕۆنە پێشەوە.
لەلایەکی دیکەوە نەمانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان سوودمەند نییە، بەڵکوو بۆ دنیای دەرەوەش قازانجی زۆری هەیە.

سەردەمدارانی شۆڕشی ژینا، ژنان بوون و خوازیاری بەفەرمیناسینن و دەبێ لە داهاتووی ئیدارەکردنی ئێران شوێنیان دیار بێت.

ئێمە لە کوردستان وەکوو بەشێک لەو شۆڕشە هەمەلایەنە، هەمیشە بە دوای سیستمێکی هەمەلایەن بووین کە بەرپرس و دێموکراتیک بێت و بزووتنەوەی کورد لە کوردستان بۆ ماوەی ٤ دەیە بە تەنیا لە بەرامبەر ڕێژیمێک کە پشتیوانی تێرۆریزمە، بەرگریی لە خۆی کردووە.