کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆسەی بەئەمنییەتیکردنی دیاردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

16:49 - 4 گەلاوێژ 2723

د. محەممەد حوسێن‌زادە

(بەشی یەکەم، چییەتی و پرۆسەی بەئەمنییەتیکردن)

پێشەکی

زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە بابەتەکان, پرسەکان یان دیاردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئەمنییەتی دەکرێن، یان کوردستان بە گشتیی بەئەمنییەتی کراوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام کەمتر باس لە ڕەوت و پرۆسەی بەئەمنییەتیکردن کراوە. تەنانەت هەندێک جار بەئەمنییەتیکردن (Securitization) و میلیتاریزەکردن (Militarization) پێکەوە تێکەڵ کراون یان لانیکەم هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەو دوو چەمکەدا لەلایەن هەندێک لە بەکارهێنەرانیانەوە دانەنراوە. من لەم کورتە نووسراوەدا زیاتر مەبەستمە باس لە چۆنیەتی و پرۆسەی بەئەمنییەتیکردنی دیاردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم. گرنگیی ئەم باسە لەوەدایە کە دەگەینە مودێلێک کە یارمەتیمان دەدات هەر کات باس لەوە کرا دیاردەیەک ئەمنییەتی بووەتەوە، بزانین کە چ پرۆسەیەکی تێپەڕاندووە. بە کورتی، دەمەوێت بڵێم بۆ من لێرەدا ڕوونکردنەوەی ئەو پرۆسەیە زۆر گرنگترە لە هێنانەوەی نموونە یان بابەتی جۆراوجۆر کە کۆماری ئیسلامی بەئەمنییەتیی کردوونەتەوە، هەرچەند هەوڵم داوە لە بەشی دووەمی نووسراوەکەمدا بۆ تێگەیشتنی وردتر و باشتر لە بابەتەکە باس لە چەند نموویەکی بەرجەستە و بەرچاوی بەئەمنییەتیکردنی دیاردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم.(١) کەوابوو ئەم نووسراوەیە لەبری ئەوەی بیەوێت پەیوەندی نێوان دوو یان چەند فاکتەر یان بگۆڕ ڕوون بکاتەوە، زیاتر وەڵامی پرسیارێکە سەبارەت بە خودی پرۆسەی بەئەمنییەتیکردن. پرسیارە سەرەکییەکەش ئەوەیە کە پرسێک یان دیاردەیەکی تایبەت چۆن بەئەمنییەتی دەکرێتەوە و بەئەمنییەتیکردن چ پرۆسەیەک تێ دەپەڕێنێت و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم بەئەمنییەتیکردنە چۆنە؟.بۆ ئەم مەبەستە و وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە سەرەتا بەکورتی باس لە چییەتی و نێوەڕۆکی بەئەمنییەتیکردن و هەنگاوە پێویستەکان دەکەم و پاشان دەپرژێمە سەر نموونەکانی بەئەمنییەتیکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

چییەتی و پرۆسەی بەئەمنییەتیکردن

بەئەمنییەتیکردن یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی قوتابخانەی کوپێنهاگ (Copenhagen School) لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کە تەواوکەری ڕوانگەی پێشکەوتووانە و قووڵی ئەو قوتابخانە بۆ پرسی ئەمنییەتە. بیرمەندانی سەر بەم قوتابخانەیە کە باری بوزان (Barry Buzan) و ئۆلێ وۆڤەر (Ole Wœver) لە بەناوبانگترینەکانیانن زیاتر لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ئەمنییەت کاریان کردووە. بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە بە شێوەیەکی سەرەکی بوون و نەبوونی ئەمنییەت گرێ دەدەنەوە بە بوون و نەبوونی هەڕەشەوە. (٢) بۆیە بەئەمنییەتیکردنی پرسێک یان دیاردەیەک بەو مانایە دێت کە ئەو پرسە یان ئەو دیاردەیە وەک هەڕەشەیەک سەیر بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پیویستە ئەندامانی کۆمەڵگە ددان بەوەدا بنێن و قەبووڵی بکەن کە ئەو پرسە یان ئەو دیاردەیە هەڕەشەیە. کەوابوو هەڕەشەکان لە بەستێنی کۆمەڵگە و بە پشتبەستن بە باوەڕ و بڕیاری ئەندامانی کۆمەڵگەوە چێ دەبن؛ ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە بەئەمنییەتیکردن پرسێکی کۆمەڵایەتی یان نێوان‌زەینییە (Intersubjective). هەروەها ئەمە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە وا نییە ئەو شتە یان ئەو پرسە کە بەئەمنییەتی دەکرێت حەتمەن هەڕەشە بێت، بەڵکوو هەر بە درووستکردنی باوەڕێکی هاوبەش و بەکۆمەڵ سەبارەت بەوەی کە ئەو دیاردەیە هەڕەشەیە، ئەمنییەتی دەبێتەوە و بەرەنگاربوونەوە یان پووچەڵکردنەوەی بە هەر شێوازێک ڕەوایی پەیدا دەکات.

یەکەم جار ئۆلێ وۆڤەر لە لێدوانێکدا لە ساڵی ١٩٨٩ باسی لە بەئەمنییەتیکردن کرد. دەستپێکی باسەکەی وۆڤەر پۆلێنبەندیکردنی پرس یان بابەتەکانی کۆمەڵگەیە. وۆڤەر دەڵێت ڕاستەهێڵێکی ئاسۆیی وێنا بکەن کە پرسە ئاساییەکان لە سەرێکی و پرسە ئەمنییەکان لە سەرێکی دیکەیین. پرسە سیاسییەکانیش لە نێوەڕاستی ڕاستەهێڵەکە. کەوابوو ئێمە لە کۆمەڵگەدا هەم پرسی ئاساییمان هەیە، هەم سیاسی و هەم ئەمنییەتی. پرسە ئاساییەکان یان ناسیاسییەکان ئەو پرسانەن کە پەیوەندییان بە دەوڵەتەوە نییە. سیاسییەکان ئەوانەن کە دەوڵەت دەبێت بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی بڕیاریان لەسەر بدات و سەرچاوەیان بۆ دابین بکات. پرسە ئەمنییەتییەکانیش ئەوانەن کە وەک هەڕەشە دەنوێنرێن و ڕەنگە بەرەنگاربوونەوەیان پێویستی بە دانانی یاسای نوێ یان تەنانەت پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا پەسەندکراوەکانی ئێستا بێت.(٣)  

ئەوەی کە ئایا بابەتێک ئاسایییە یان سیاسی یان ئەمنییەتی گرێدراوی هەلومەرج و کات و شوێنە. دەکرێت پرسێک ئێستا ئاسایی یان سیاسی بێت و لە داهاتوودا ببێتە پرسێکی ئەمنییەتی. پێچەوانەکەشی هەر وایە. هەر بۆیە دیاردەگەلێکی وەک کۆچ، کولتوور، فرەنەتەوەیی لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا، مەزهەب، شوناس و هتد دیاردەگەلێکن کە دەکرێت لە کات و شوێنە جیاجیاکاندا ببنە بابەتی ئەمنییەتی و لە هەر وڵاتێکدا ببن بە پرسی سەرەکی. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هەر پرسێک کاتێک دەکەوێتە بازنەی ئەمنییەت یان بەئەمنییەتی دەکرێت کە وەک هەڕەشەیەکی هەبوو (existential threat) بنوێنرێت. هەڕشەی هەبوو بە هەڕەشەیەک دەگوترێت کە بوون و مانەوە (بۆ نموونە بوون و مانەوەی حکوومەت، وڵات، کۆمەڵگە و هتد) بخاتە مەترسییەوە. هەر بۆیە، پێویستە ئەو هەڕەشە خێرا پووچەڵ بکرێتەوە. لەسەر ئەو ڕاستەهێڵەدا، هەرچی لە پرسە ئاساییەکانەوە بەرەو پرسە ئەمنییەکان بڕۆین، هەڕەشە زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە و پیویستە خێراتر پووچەڵ بکرێتەوە. لێرەدایە کە ئەکتەری بەئەمنییەتیکەر یان ئەو ئەکتەرەی (بۆ نموونە دەوڵەت، حیزب، سەرکردە و هتد) کە پرسەکان بەئەمنییەتی دەکاتەوە، دەتوانێت ڕێوشوێنە ئاساییەکان و یاسا و ڕێساکان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان پێشێل بکات.

پرسە ئاساییەکان                           پرسە سیاسییەکان                                   پرسە ئەمنییەتییەکان

وەک باس کرا لە پڕۆسەی بەئەمنییەتیکردندا پێویستە ئەندامانی کۆمەڵگە باوەڕیان بە "هەڕەشەی هەبوو" هەبێت و زۆر گرنگ نییە کە ئایا بە ڕاستی بابەتێک یان پرسێک هەڕەشەیە یان نا، گرنگ ئەوەیە ئەندامانی کۆمەڵگە قایل بن و قەناعەت بهێنن کە هەڕەشەیە. بە واتایەکی تر، نواندنی هەر بابەتێک وەک هەڕەشە لە زەینی ئەندامانی کۆمەڵگەدا، زۆر گرینگترە لە هەبوونی دیاردەیەک کە بە ئاشکرا هەڕەشەیە بەڵام کۆمەڵگە وەک هەڕەشە نایبینێت. ئەم قایلکردنی کۆمەڵگە بناغەی سەرەکی پرۆسەی بەئەمنییەتیکردنە، چوونکە بڕیاری ئەندامانی کۆمەڵگە لەکۆتاییدا لەسەر شێوازی بڕیاردانی ئەکتەری بەئەمنییەتیکەر کاریگەری دادەنێت. وۆڤەر لەم بارەوە دەلێت، بە نواندنی هەر دیاردەیەک وەک هەڕەشەی هەبوو، ئەو شتە بەرەو بەئەمنییەتیکردن دەڕوات، بەڵام کاتێک بەئەمنییەتی دەبێتەوە کە "بەردەنگەکان" قایل بن و وەک هەڕەشە قەبووڵی بکەن. ئەگەر "بەردەنگ" وەک هەڕەشەیەک ددانی پێدا نەنێت، تەنیا هەوڵێک بۆ بەئەمنییەتیکردن دراوە، بەڵام دیاردەکە بەئەمنییەتی نەکراوەتەوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە لە نێوان "هەوڵدان بۆ بەئەمنییەتیکردن" و "بەئەمنییەتیکردنی سەرکەتووانە" جیاوازیی هەیە. بە بڕوای وۆڤەر، دەبێ بۆ قایلکردنی بەردەنگەکان بە هەبوونی هەڕەشە، بەڵگە و ئارگیۆمێنت بهێنرێتەوە. لە ڕاستیدا، توانای هێنانەوەی بەڵگە و ئارگیومێنت جگە لەوەی کە نیشان دەدات دیاردەیەک هەڕەشەیە، وا دەکات کە بەردەنگەکان بەبێ چەندوچوون قایل بن کە هەر هەوڵێکی نائاسایی بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو هەڕەشەیە پێویست و پاساوهەڵگرە. هەڵبەت قایلکردنی بەردەنگیش هەمیشە بە شێوەی شارستانیانە و بە ڕەزامەندی تەواو نییە و بێگومان هەر قایلکردنێک تێکەڵاوێکە لە ناچارکردن و ڕەزامەندی. بەمجۆرە، لە پرۆسەی بەئەمنییەتیکردندا هەم ئەکتەری بەئەمنییەتیکەر و هەم بەردەنگ دەور دەگێڕن.(٤)

دەکرێت بڵێین لە بنەڕەتدا هیچ دیاردەیەک ئەمنییەتی نییە، بەڵکوو ئەوە "زمان"ە کە دەیکات بە دیاردەیەکی ئەمنییەتی. بۆیە لە پرۆسەی بەئەمنییەتیکردندا ئەکتەری بەئەمنییەتیکەر پێش هەموو شتێک پێویستی بە گوتاری بەئەمنییەتیکەرە. گوتاری ئەمنییەتیکەر هێندە گرینگە کە هەندێک لە شارەزایان لە پێناسەی بەئەمنییەتیکردندا دەڵین بەئەمنییەتیکردن واتە کردەی گوتاری (Speach-Act). کەوابوو، پڕۆسه‌ى به‌ئه‌منیكردن پێش هەموو شتێک گوتارە و ئەو گوتارە دەبێ و پێڕەوی لە ڕێزمانی ئەمنییەتی بکات: "وا له‌ خه‌ڵك بكه‌یت كه‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنێن كه‌ پرسێكى ئاسایی پرسێكى ئه‌منییەتییە‌ و پێویسته‌ به ‌زووترین كات چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ پووچەڵ نەکرێتەوە ئه‌وا چیدیکە ئێمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌ن نابین، چونكه‌ هەبوونی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌نێومان ده‌بات". کەوابوو، ئەکتەری بەئەمنییەتیکەر دەبێ بە یارمەتی دەسەڵاتەکەی بەسەر زماندا زاڵ بێت و لە ڕێگەی گوتاری ئەمنییەتییەوە هەوڵی نواندنی هەڕەشە بدات. دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی حکوومەتیش هەوڵی بەرجەستەکردنەوەی هەڕەشە دەدەن بۆ ئەوەی بەردەنگ قایل بێت کە دیاردەیەکی تایبەت هەڕەشەیە. ئەو گوتارە دەبێ سەرەتا شتێک یان بابەتێک وەک هەڕەشەیەکی ترسناک نیشان بدات و پاشان ڕێگەچارەش بۆ دەربازبوون لەو هەڕەشە پێشنیار بکات، هەر لەم چوارچێوەیەدا وۆڤەر دەڵیت ئەکتەری بەئەمنییەتیکەر کاتێک دەتوانێت بانگەشەی هەبوونی هەڕەشەی ئەمنیی بکات کە هەندێ نیشانەی تایبەت هەبن و بکرێت ئاماژەیان پێ بکرێت. بۆ نموونە ئەکتەرێک دەتوانێت ئاماژە بە چەکداربوونی نەیارانی یان نیەت و ویستی دوژمنکارانەی ئەوان بکات و وەک هەڕەشەیەک بیاننوێنێت و ڕێگەچارەیەکیش (وەک هێرشی سەربازی، سەرکوتکردن و هتد) بۆ سڕینەوەی ئەو هەڕەشە پێشنیار و دواتر جێبەجێ بکات. ئەمە ڕێک هەمان ئەو پرۆسەیە کە کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی رابردوودا جارێکی تر سەبارەت بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات گرتوویەتیە بەر. هەڵبەت من لە درێژەدا بە هێنانەوەی نموونەی زیاتر باس لە چۆنێتی بەئەمنییەتیکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، تا ئێرە تەنیا ویستوومە ئەوە بگەیەنم کە بە ئەمنییەتیکردن یانی نواندنی پرسێک، بابەتێک یان دیاردەیەک وەک هەڕەشەی هەبوو و پرۆسەی بەئەمنییەتیکردنیش سێ قۆناغ لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە: ناساندنی دیاردەیەک وەک هەڕەشەی هەبوو لەلایەن ئەکتەری بەئەمنییەتیکەرەوە، قایلکردن یان قەناعەتهێنان بە بەردەنگ و لە کۆتاییدا بڕیاردان و جێبەجێکردن.(٥)

***

یادداشتەکان و سەرچاوەکان

١- تەنانەت بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی خۆیان ددانیان بەو ڕاستییەدا ناوە کە ڕوانگەی ئەمنییەتییان بەنیسبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و بە گشتی کوردستان وەک مەترسی و هەڕەشەیەک سەیر دەکەن. بۆ نموونە حەسەن ڕوحانی سەرۆک‌کۆماری پێشووی ئێران لە میانەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریدا بەڵێنی دا ڕوانگەی ئەمنییەتی بە نیسبەت نەتەوە نافارسەکان و کلتوورەکەیان بگۆڕێت. ئەو دانپێدانانە لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدا نەک هەر دەرخەری ئەوەیە کە دیاردەکان لە کوردستان ئەمنییەتی دەکرێنەوە، بەڵکوو هەموو کوردستان وەک پرسێکی ئەمنیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. سەرەڕای ئەو ددان پێدانانە و هەروەها ڕاگەیاندنی چەواشەکارانەی بەیاننامەی ١٠ مادەەیی سەبارەت بە مافی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران، دەوڵەتی ڕۆحانیش بە کردە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ سەرۆک‌کۆمارەکانی پێش خۆی نەبوو. لە بەئەمنییەتیکردن و میلیتاریزەکردن و زیادکردنی ژمارەی هێزە سەربازییەکان لە کوردستان بەردەوام بوو و لە قۆناغی سەرۆکایەتی ئەودا لەسێدارەدانی سوننەکان، کوردەکان و عەرەبەکان و هەروەها کوڵبەرانی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کرد. بۆ سەرچاوەی ئەم بابەتە و هەروەها خوێندنەوەی وتارێکی ورد و بەپێز لەم بارەوە و بە گشتی سەبارەت بە پرسی بە ئەمنییەتیکردن (و بەتایبەت میلیتاریزەکردنی) ژیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بروانە ئەو سەرچاوە کە لە هەموو بوارەکاندا نموونەی بەرجەستەیان هێناوەتەوە:

کمال سلیمانی و احمد محمدپور، امنیتی‌سازی زندگی: کردستان شرقی (ڕۆژهەڵات) تحت حاکمیت کشور فارسی- شیعی، ترجمە: خوشناو قاضی، صص ١-١٨، لەو لینکەی خوارەوە لەبەردەستە:

https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2020/379308/0001.PDF?ver=132254622640000000

٢- "قوتابخانەی کوپێنهاگ" ناوێکە کە "بیل مەک سوئینی" لە وتاری "ناسنامە و ئەمنییەت: بوزان و قوتابخانە کوپنهاگ" لەسەر نووسراوە و بیروبۆچوونەکانی "باری بوزان" ، "ئولی وۆڤەر"، "دو ویلد" و چەند نووسەرێکی تر دایناوە. ئەو بیرمەندانە بە گشتی سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە بواری ئەمنییەتدان، بۆیە لە ئاراستەی بنیاتنانی پێگەیەکی سەربەخۆی زانستی بۆ پرسی ئەمنییەت هەنگاویان ناوە. دیارە شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی ئەمنییەت لە ڕوانگەی بیرمەندانی قوتابخانەی کوپێنهاگەوە لە چەند دێڕێکدا ناکرێت و نامومکینە و لەڕاستیدا ڕەنگە ئەوە بابەتی چەندین کتێب بێت؛ من لێرەدا تەنها وەک سەردێر ئاماژە بە هەندێک لە گریمانە سەرەکییەکانیان دەکەم. بە گشتی قوتابخانەی کوپێنهاگ کە بە تایبەت لە دوای شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت پەرەی سەند، بەرپەرچدانەوەیەکە بەرامبەر تیۆرییە پێشووەکان و بەتایبەت ڕوانگە و بیروبۆچوونەکانی ڕیالیزم و لیبرالیزم. ڕیالیستەکان پێیان وابوو کە باشترین و گونجاوترین ڕێگەی دابینکردنی ئەمنییەت پەرەپێدان بە هێزە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە. بەتایبەت هێزی سەربازی. ئەوان هەڕەشەی سەربازییان بە گرنگترین جۆری هەڕەشە لەسەر ئەمنییەتی وڵاتان دەبینی. لیبراڵەکانیش بەپێچەوانەوە پێیان وابوو کە جێگیرکردنی ئاشتی نێونەتەوەیی تاقە ڕێگەی دابینکردنی ئەمنییەتە. بۆیە ناوەڕۆکی سەرەکی لێکۆڵینەوەکانی ئەمنییەتیش پێش سەرهەڵدانی قوتابخانەی کوپێنهاگ زیاتر پرسگەلێک وەک شەڕ و ئاشتی بووە. هەر دووی ئەم خوێندنەوانە لە ڕوانگەی باری بوزانەوە بەرتەسک و ساکاران. باری بوزان بە رەخنەگرتن لەم خوێندنەوانە دەڵێت بە پێچەوانەی ڕوانگەی ڕیالیستەکان کە پێیان وایە ئەمنییەت لە ڕێگای هێزەوە بە دەست دێت یان بە پێچەوانەی ڕوانگەی ئایدیالیستەکان کە پێیان وایە ئەمنییەت لە ڕێگای ئاشتییەوە دابین دەبێت، ئێستا پێویستە ڕوانگەیەکی میانە یان مام‌ناوەندی بێتە ئاراوە کە هەر دوو چەمکی هێز و ئاشتی لە خۆ بگرێت و ئەوەش گونجاوترین پێناسە دەبێت بۆ ئەمنییەت. لەکاتێکدا کە ڕیالیزم و لیبرالیزم ئەمنییەت وەک هێز و ئاشتی وەک دوو بابەتی عەینی و بەرچاو پیناسە دەکەن، قوتابخانەی کۆپێنهاگ پێی وایە ئەمنییەت بابەتێکی نێوان زەینییە و گرێدراوی تێگەیشتنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە. هەروەها ئەوان پێیان وایە ئەمنییەت چەندین لایەی هەیە و تەنیا نەبوونی هەڕەشەی سەربازی بە مانای دابینبوونی ئەمنییەت نییە. چونکە ناوەڕۆک، سەرچاوە و ئامانجی هەڕەشەکان گۆڕدراوە. هەر بۆیە یەکێک لە گرنگترین باسەکانیان چەند لایەییبوونی ئەمنییەتە و پێنج لایەیەی ئەمنیەتی واتە ئەمنییەتی سەربازی، ئەمنییەتی سیاسی، ئەمنییەتی ئابووری، ئەمنییەتی کلتووری و ئەمنییەتی ژینگە دەستنیشان دەکەن. واتە لەم ڕوانگەوە نەک هەر بوون و نەبوونی هەڕەشەی سەربازی بەڵکو بابەتگەلێک وەک دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە و داهاتەکان، پاراستنی مافەکانی نەوەکانی داهاتوو، دابینکردنی مافی نەتەوەکان، جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ، پاراستنی ژینگە و هتد دەتوانن ببنە هۆی ئەمنییەت و نەبوونیان دەتوانێ ببێتە هۆی نائەمنی. هەر ئەمە دەرخەری ئەو خاڵەشە کە ئەگەرچی قوتابخانەی کوپێنهاگ زیاتر لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا باسی لێ دەکرێت، بەڵام زۆر جار بیروبۆچوون و ئەو چەمکانەی دایان هێناون بۆ شیکاری ئەمنییەت یان پرسە ئەمنییەکانی نێوخۆی وڵاتانیش بەکار دەهێنرێن و بەپێچەوانەی باقی تیۆرییەکان و بە تایبەت ڕیالیزم کە نێوخۆیان بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە، ئەمان گرنگییەکی زۆریشیان بە ئەمنییەتی نێوخۆیی داوە. هەڵبەت هەرچەندە بیرمەندانی کوپێنهاگ دەوڵەت بە تاکە مەرجەعی ئەمنییەت نازانن و باس لە ئەمنییەت لە ئاستی تاکەکان، ئەمنییەتی کۆمەڵگە، ئەمنییەتی نیشتمانی و ئەمنییەتی ناوچەیی و ئەمنییەتی جیهانی دەکەن، بەڵام لەکۆتاییدا ئەمانیش زیاترین گرنگی بە ئەمنییەتی نیشتمانی یان هەمان ئەمنییەتی دەوڵەت دەدەن کە دەکرێت لێرەدا لەژێر کاریگەری ڕیالیستەکاندا بن. لە ڕاستیدا ئاسایشی ناوچەیی یان هەرێمی یەکێکە لە داهێنانەکانی بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە. تا پێش ئەوان تیۆرییەکانی ئەمنییەت تەنیا باسیان لە ئەمنییەت لە دوو ئاستی نیشتمانی و جیهانیدا دەکرد و گرنگییەکی ئەوتۆیان بە ئەمنییەتی ناوچەیی نەدەدا. بەڵام بیرمەندانی کوپێنهاگ ئەمنییەتی ناوچەیی بە گرنگ دەزانن و لە لێکۆڵینەوەکانیشیاندا زۆر جار لەسەر ناوچەیەکی تایبەت چڕ دەبنەوە؛ بۆ نموونە باس لە ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمنییەتی ئەورووپا، ئەمنییەتی جیهانی سێیەم، ئەمنییەتی ئەمریکا و هتد دەکەن. ئەمە پڕکردنەوەی بۆشاییەکی گەورە بوو. چونکە لەکاتێکدا لە ئاستی جیهانیدا زیاتر هەوڵی شیکردنەوەی ڕەفتار و سیاسەتی وڵاتانی زلهێز دەدرا و لە ئاستی نێوخۆییدا زیاتر سیاسەت و ڕەفتاری نێوخۆیی و کاریگەریی لەسەر ئەمنییەت تاوتوێ دەکرا (زیاتر لەلایەن لیبرالەکانەوە) بەڵام گرنگی بە ئاستی ناوچەیی نەدەدرا کە شیکاریی کورتتر دەکرێتەوە و زیاتر وڵاتانی ناوچەیی لەبەرچاو دەگیرێن. بیرمەندانی قوتابخانەی کوپێنهاگ ئەو بۆشاییەیان پڕ کردەوە. هەروەها یەکێک لە گرنگترین چەمکە داهێنراوەکانی قوتابخانەی کوپێنهاگ کە هەم لە ئاستی نێونەتەوەیی و هەم ئاستی نێوخۆدا بۆ شیکاری دیاردەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، چەمکی بەئەمنییەتیکردنە کە من لەم نووسراوەدا بۆ شیکردنەوەی پرسێکی نیوخۆیی بەکارم هێناوە. هەڵبەت بیرمەندانی کوپێنهاگ باس لە پرۆسەی غەیرەئەمنییەتیکردن یان ئاساییکردنەوەی پرسە ئەمنییەکانیش دەکەن کە ئەمە دەتوانێت ناوەڕۆکی وتارێکی تر بێت و من لێرەدا بە پێویستم نەزانیوە باسی بکەم. بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەبارەت بە ئەمنییەت لە ڕوانگەی قوتابخانەی کوپێنهاگەوە بۆ نموونە بڕوانە ئەو سەرچاوانەی خوارەوە:

-محمد تقی آذرشب، مرتضی نجم آبادی و رامین بخشی تلیابی. جایگاه امنیت در مکتب کپنهاگ: چارچوبی برای تحلیل"، فصلنامە تخصصی علوم سیاسی، سال سیزدهم، شمارە چهلم، پاییز ١٣٩٦.

-باری بوزان. مردم، دولت‌ها و هراس، مترجم و ناشر پژوهشکده‌ مطالعات‌ راهبردی، تهران، چاپ اول، 1378.

٣- بەراوردی بکە لەگەڵ لاپەڕەکانی ١٧٥ و ١٧٦ی ئەو سەرچاوە:  بهارە سازمند، مکتب کپنهاگ و امنیت زیست‌محیطی خلیج فارس: واکاوی فعالیت‌های سازمان راپمی، مجموعە مقالات نهمین همایش ملی خلیج فارس، ١٣٩٢، لەو لینکەی خوارەوەدا لەبەردەستە:

https://www.sid.ir/paper/880461/fa#downloadbottom

٤- لەم بارەوە بڕوانە لاپەڕەی ١٥ی ئەو سەرچاوەیە: سید جلال دهقانی فیروزآبادی و سید یوسف قرشی، نظریە و روش در مطالعات امنیتی‌کردن، فصلنامە مطالعات راهبردی، سال پانزدهم، شمارە چهارم، زمستان ١٣٩١، شمارە مسلسل ٥٨،

٥- بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەبارەت بەو سێ قۆناغە بڕوانە: حسین قاسمی، الگویابی مدل امنیتی‌سازی فضای مجازی در جمهوری اسلامی ایران: مطالعە موردی تلگرام و تویتر، پایان‌نامە برای دریافت درجە کارشناسی ارشد، تهران: دانشگاه خوارزمی، دانشکدە حقوق و علوم سیاسی، ١٤٠٠. هەروەها سەیری ئەو سەرچاوە بکە: بهارە سازمند، پێشوو،  لاپەڕەی ١٦.