کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زاگرۆس؛ ناسنامەیەکی دیاری ناوچەیی

15:47 - 14 پووشپەڕ 2723

ئەرسەلان بورنا

قەیرانە ژینگەیییەکان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێکەوتەی کارەساتبارتریان لێ دەکەوێتەوە. قەیرانەکانی وەک ویشکەساڵییە درێژخایەنەکان لە تەنیشت دەرکەوتنی قەیرانی کەم‌ئاویی و بێ‌ئاویی، بارانە بەخووڕ و لافاوەکان، گۆڕانی شێوازیی بارینەکان لە بەفرەوە بۆ باران، توانەوە بەستەڵەکاکان بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و دەیان دیاردەی نامۆی دیکه کە ڕۆژانە سەردێڕی هەواڵەکانن؛ هەر هەموویان پەیوەندییان بە پرسی گەرم‌بوونی زەوی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەهۆی دەست تێوەردانی لەڕادەبەدەری مرۆڤەوە هەیە. دیاردەکانی لەمجۆرە تەنیا سنووردار بە ناوچە وشکارۆکانی وەک ئەفریقا یان ناوچە گەرمەکانی وەک نیمچه دوورگەی عەرەبستان و ئووسترالیا یان بەشێک لە بەژایی ئەمەریکاوە نییە بەڵکوو ناوچە پڕئاوەکانیش مەترسی قەیرانی گەورەیان لەسەرە و لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەم نێوانەدا کوردستان وەک جوگرافیایەک دەوڵەمەند لەڕووی سەرچاوە سرووشتییەکان لەم گۆڕانکارییە بێبەش نییە و نەبووە. هەرچەند، پرسی ژینگە و گۆڕانکارییەکان لە پاشەڕۆژدا هیچ سنوورێک ناناسێت بەڵام لە ئێستادا ئەم دابەشکارییە بەڕوونی لەنێو دەڵەوت و نەتەوە سەردەستەکان خۆی زاڵ کردووە. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە خاوەن سیستەمە سیاسییە نادێمۆکراتیکەکانن، لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە جێگە دەگرن کە کەمترین بایەخ بەم پرسە و پەیهاتەکانی دەدەن وە لەم نێوانەدا جوگرافیای کوردستان بەهۆی سیاسەتی دوژمنکاریی ڕژێمە داگیرکەرەکانی وەک ڕژێمی کۆماریی ئیسلامی لەدژی نەتەوەی کورد پشکی شێری بەرکەوتووە وە بە شێوازی جیاواز جیاواز هەوڵ بۆ تێکدان و لەناوبردنی ژینگەکەی دەدرێت.

زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، نەک تەنیا لەڕووی مێژووی مرۆڤایەتی بەڵکوو لەڕووی جوگرافیایی و ژینگەییش بۆ نەتەوەکانی ئەم بەشە لە جیهان خاوەن پێگەیەکی بەهێز و کاریگەردانەرن. جڤاتە مرۆڤییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئوراسیای ناوەندی هەتاڕادەیەکی چاوەڕواننەکراوە بە شێوەیەکی سرووشتی بۆ هەموو پێداویستییەکانی خۆیان وەک کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی - بەگشتی، بژێویی ژیانیان - پشتیان بە زنجیرە چیاکانی وەک زاگرۆس بەستووە. قەوارەی چیاکانی زاگرۆس بەڕوونی ئاستی کاریگەردانەری و هاوکات ئاستی پەیهاتە نەرێنییەکانی هەر چەشنە دەست تێوەردانێک یان گۆڕانکارییەک بۆ هەموو لایەک ڕوون دەکاتەوە کە بەدڵنیایی دڵخۆشکەر نین. ئەم زنجیرە چیایە بەدرێژایی هەزار و شەش سەد کیلۆمیتر و پانتایی دووسەد و چل کیلۆمیتر لە باکووریی کوردستانەوە ( ڕۆژهەڵاتی تورکیە ) دەست پێ دەکات و بەدرێژایی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەرووی هۆرمۆز ( باشووریی ئێران ) کۆتایی دێت. کەواتە ئەم جوگرافیایە، ناسنامەیەکی دیاریی ناوچەکەیە کە هەڵگری تایبەتمەندییە ژینگەییەکانی خۆیەتی.

بەپێی لێکدانەوەکان، پانتایی دارستانەکانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس چواردە میلیۆن دۆنم بووە کە لە دەرنجامی سیاسەتی زەویی سووتاو لەژێر ناوی جۆراوجۆر ئەمڕۆکە ئەم ڕێژەیە بۆ شەش میلیۆن دۆنم کەم بووەتەوە و هاوکات، لەم ژمارەیەش زیاتر لە دوو میلیۆن دۆنم بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان یان لەوەڕگەکان گۆڕدراون. لەڕاستیدا، لەماوەی حەوت دەیەی ڕابردوو زۆرتر لە حەوت میلیۆن دۆنم لە دارستانەکان بەتەواوەتی لەناوچوونە کە ئەم تێکچوونە هۆکارێکی سەرەکیی بۆ بزربوون و دیارنەمانی بەشێکی بەرچاو لە ڕووەک، گیا و گیاندارەکانی لەم ناوچەیە بووە. هەرچەند، سیاسەتی دوژمنکاریی لەدژی نەتەوەکەمان و ژینگەکەی زۆرتر " گەڕانەوەی ئاوەدانی " بەناو کراوە بەڵام لە حەقیقەتدا دەست بە تاڵان، لەناوبردن و قڕکردن و تێکدانی هەمەلایەنەی دراوە. بۆ نەموونە، سیاسەتی ڕژێمی کۆماریی ئیسلامی لەژێر ناوی " جیهادی سازەندگی " لە سەردەمی دەوڵەتی هاشمی ڕەفسەنجای یەکێك لە کارەساتبارترین سیاسەتەکانی ڕژێم دژ بە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکەمان لەم بەشەی کوردستان بوو. هەربۆیە، هەر چەشنە گۆڕانکارییەک کە بەهۆی دەست تێوەردانەکانی حکوومەتی ناوەندی تاران ڕوویداوە قەیران و کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە. دەوڵەمەندی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس گرێدراو بە دارە بەڕووکان، ڕووبارەکان، بەستەڵەکەکان، گیاندارەکان و ڕووەکەکانی ئەوە کە لە ئێستادا بەرە بەرە خەریکه ئەم تایبەتمەندییەی بەتەواوەتی لەدەست دەدات.

دار بەڕوو، یەکێک لە گرینگترین و ستراتیژیک‌ترین جۆرەکانی ئەم ژینگەیە بەهەژمار دێ کە کاریگەرییەکی چارەنووس‌سازیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر کۆی گشتی ئەم پرۆسەیە لە ئاستی ناوچەیی دەبێ. لەلایەکی دیکەوە وێڕای دارستانەکان، بەشێوەیەکی خێرا و سەرسووڕهێنەر گیا و گیاندارەکانیش، چ ئاژەڵەکان و چ باڵندەکان و ... خەریکی بزر بوونن و لە ناوچەکانی کە سەردەمێک شوێنی ژیانیان بووە بەڵام ئەمڕۆکە لە زۆربەی ناوچەکان هەستیان پێ ناکرێ. ئەمە لە کاتێک دایە کە تاکوو چەند دەیە لەمەوبەر تەنانەت جۆرەکانی بەڕوو هەر لە برانت و حەلەبییەوە بگرە تاکوو لووبنانی لەم پانتایییە خۆنواندنیان دەکرد وێڕای ئەمەی کە جۆرە جیاوازەکانی گێوژ، هەرمێ _ کروێسک و ... ژینگەیەکی کەموێنە و پەیوەندییەکی چەندلایەنەیان لەنێوان مرۆڤ و ژینگە لەگەڵ گیا و گیاندارەکان خووڵقاندبوو. کەوایە، ڕاشکاوانە دەتوانین باس لەوە بکەین زنجیرە چیاکانی زاگرۆس وێڕای ڕەنگاوڕەنگییەکی دەگمەن و کەشوهەوایەکی تایبەت، هۆکارێکی سەرەکی لەمەڕ گرێدراویی جڤاتە مرۆڤییەکان لەگەڵ سرووشتی دەوروبەریان بوونە.

گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە ژینگە و کەشوهەوا لەدوای " شۆڕشی پیشەسازیی " خێراییەکی زۆرتری بەخۆوە دیتووە. لەڕاستیدا، دەست تێوەردانەکانی مرۆڤ لە ئاکامی بەرهەم‌هێنان بۆ گەیشتن بە ئاسوودەیەکی ڕەها هەموو سنوورە ئەخلاقییەکانی تێپەڕاندووە. چاوچنۆکی مرۆڤ بۆ وەدەستخستنی سوودێکی سەرسامهێنەر، بووەتە هۆی ئەمەی کە مرۆڤ لە پێوەرە ڕەسەنەکانی لە ئاست بە ژینگه دوور بکەوێتەوە و بەبێ گوێدان به بنەما ئەخلاقییەکان تەنیا لەسەر هێڵی کۆکردنەوە سەرمایە و خەرج‌کردنێکی بێ‌سەروبەرە درێژە بە داهێنانەکانی دەدات. دارستانەکانی زاگرۆس هاوشێوەی دارستانەکانی ئامازۆن یان دارستانەکانی دیکە تووشی کێشەی قووڵ و کارتێکەر بوونەتەوە. دەوڵەتەکانی وەک ئێران، تورکیە _ وە لە ڕابردوودا سووریە و عێراق _ لە ڕێگای سیاسەتە دوژمنکارییەکانیان کە زۆرتر لەسەر بنەمای بەرژەوەندییه سیاسی نیزامییەکان بۆ چینێکی دەستەبژێر داڕێژرابوون لە هیچ کردەوەیەکی دوژمنکارانە لەدژی ژینگەی کوردستان سلیان نەکردووە. سووتاندنی دارستانەکان چ بە بیانووی نیزامی وەک بۆمباران و ئاگر تیبەردانی بەردەوام وە چ بە بیانووی ئابووریی یان لێدانی سەدان بەنداوی گەورە و بچووک یان ڕاگوێزانی ڕێڕەوی ڕووبارەکان بۆ پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران کە ڕووبەڕووی قەیرانی جۆراوجۆری ژینگەیی هاتوونەوە، بڕینەوەی دارەکان کە سییەکانی ناوچەکەنە؛ هەر هەموویان دەتوانین بەشێک لەم دوژمنکارییە بەناو بکەین کە بەرۆکی نەتەوەی کورد و ژینگەکەی گرتووە. دارستانەکان، یەکێک لە سەرەکی‌ترین شادەمارەکانی گۆی زەوینه کە نەک تەنیا دەورگێڕانێکی حاشاهەڵنەگریان لە پاراستنی ئاو و خاکدا هەیە بەڵکوو ژیانی تاک بە تاکی مرۆڤەکانیش گرێدراوی لەسەرپێ مانەوەی ئەوانن.

جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کەمەرەی ویشکی زەویی جێگەی گرتووە. کەوایە، وڵاتەکانی ئەم ناوچەیە بەشێوەیەکی سرووشتی زۆرتر لە بەشەکانی دیکەی جیهان ڕووبەڕووی ڕووداو و کارەساتە پەیوەندیدارەکان بە گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە. ویشکەساڵییە بەردەوام و درێژخایەنەکان یان بارینە بەخووڕەکان لە تەنیشت دیاردەی خوڵبارین دەتوانین وەک بەشێک لەم سووڕە سەیری بکەین کە خەریکە بەرە بەرە تەشەنە دەگرێ. جێی حاشاکردن نییە دارستانەکان و بەتایبەت دارستانەکانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس دەورگێڕانێکی بەرچاویان لە پاراستنی سووڕیی خۆزایی لە ناوچەکەماندا هەیە. دار بەڕووکان لە گشتییەتی خۆیاندا ئەرکێکی ژیانبەخشییان بۆ دابینکردنی ئۆکسیژێن، هەڵمژینی تۆزقاڵە وردەکان و تەنانەت ئاستی بارینەکاندا هەیە. لەم ڕوویەوە، ئاوڕدانەوەیەک لەسەر ئەم ئامارانە یەکجار گرینگ و هاوکات دەتوانێ تۆقێنەر ببێ:

یەکەم، پانتایی دارستانەکانی زاگرۆس ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی ئەرێنی _ وە هەروەها نەرێنی لە ئەگەری تێکدانی لەڕادەبەدەر _ لەسەر ژیانی زیاتر لە دوانزە میلیۆن کەس درووست دەکات. دووهەم، لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە چل لەسەدای ئاوی خواردنەوەی خەڵک کە زیاتر لە شەش میلیارد میتری سێجایە، دابین دەکات. سێهەم، پەنجا لەسەدای کۆی گشتی بەشی ئاژەڵداریی لە پانتایی زاگرۆسه کە ئەمە قورساییەکی زۆری لەسەر دارستانەکان درووست کردووە کە گرینگە بیر لە جێگرەوەکان بۆ ئەم پرسە بکرێتەوە. چوارەم، نزیک بە دووسەد جۆری ڕووەک کە بۆ خواردنن لەم ناوچەیە شین دەبنەوە کە لەماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا بەهۆی فرۆشتنی لەڕادە بەدەر بەرەو لەناوچوون دەڕۆن. سیاسەتی برسی‌کردنی ڕژێم ڕاستەوخۆ هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ژینگەکەمان درووست دەکات کە یەکجار مەترسیدارە. وە پێنجەم، هەر دۆنمێک لە دارستانەکانی زاگرۆس لە نێوان دووسەد بۆ دوو هەزار لیتر ئاو بۆ نێو خاک هەڵدەمژن وە ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە تەپ و تۆز لە خۆیاندا دادەمرکێننەوە. سەرەڕای خاڵە باشەکان کە ڕاستەوخۆ ژیانی هەموو لایەکی بە ئەوانەوە گرێ داوە بەڵام لە شەش میلیۆن دۆنم نزیک بە یەک میلیۆن و چوارسەد هەزار دۆنم ڕووبەڕووی تێکدان و ویشکبوون هاتۆتەوە. هەرچەند، دار بەڕووەکان لە هەمبەر بێ ئاویی و گەرمای تاقەت پڕووکێنەر بەباشی بەرخۆ دەدەن بەڵام هۆکارە مرۆڤییەکان کاریگەردانەرییەکی نەرێنییان لەسەر ژیانی ئەوان داناوە. ئەم پرسە، سووڕە سرووشتییەکانی بەڕادەیەک بەرچاو تووشی گۆڕانکارییەکی خێرا کردووە. کەواتە، لە ئێستادا نەک تەنیا کردەوە هەڵەکانی مرۆڤ بەڵکوو خودی ژینگەش لە دۆخێکی نەخوازراودا جێگەی گرتووە و ئەمە سووڕیی لەناوچوون و پووکانەوەیان خێراتر دەکات. لەم ڕوانگەوە، ئاستی وشیاریی تاکەکانی کۆمەڵگای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە دەتوانێ سیاسەتەکانی ڕژێم لەدژی نەتەوەکەمان و خاکەکەمان پووچەڵ بکاتەوە. بەرپرسایەتی ئێمە بەرپرسایەتییەکی ئەخلاقییە و هاوکات وەک دژکردەوەیەکی نەتەوەیی لە دژی سیاسەتە دوژمنکارانەی ڕژێمی کۆماریی ئیسلامی کە سیاسەتی قڕکردن و تواندنەوەیە پێناسەی بۆ دەکرێ.