کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکدارێکی سەرلێشێواو کای ڕزیوی بەبادا کرد

16:42 - 17 پووشپەڕ 2723

دارسمە

ئێمە لە چواچێوەی جوغرافیایەکی سیاسیدا دەژین ناوی ئێرانی عەزیزە. ئێرانی عەزیز بۆ منیش زۆر خۆشەویستە. خوا تووشی نەهامەتیم بکات ئەگەر پێم ناخۆش بێت سەر بخەمە سەر سنگی ئێرانی پان و بەرین و بەردەوام لە باوەشی گەرمیدا ئارام ببمەوە. بەڵام قسەی خۆمان بێت، چاوم باش بەرایی نادات هەموو کەس و ناکەسێک لە سەر ئێرانی من گەوزگەوزێن بکات. ئەوەی من گوتم ئێرانی بەدڵی خۆمە و ئەوانیش ئێرانی بە دڵی خۆیان هەیە.

ئەو ئێرانەی ئەوان، ئەوندی من لە دەستم بێت لێی بێزارم. هەرچەند ئێرانێکی بە بەژن‌وباڵا بە داروبارە، بەڵام ئەوکاتەی لە باوەشی دام وەک ئەمە وایە بەپێی پەتی لە نێو دڕکەجاڕ و لەسەر وردەپۆلووان هەڵپەڕم یان دڕکانم پێ گێرە بکەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەندامێکی مەجلیسی دەستەڵاتی ئەم ئێرانەی ئەوان، لە گوتوبێژێکدا بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگی خەڵکی بێ‌دەرەتان بۆ خولی داهاتوو هەندێک فەرماییشی سەیر و سەمەرەی فڕێ‌ دان. "میرزا جەلیل ڕەحیمیی جەهان‌ئابادی"، ئەندامی ئێستای مەجلیسی دەستەڵاتی ئێران، وەک دەڵێن خەریکە لە ئاوی لێڵ ماسی دەگرێت و دەڵێت لەوکاتەوە برایمۆکی ڕئیسی کراوە بە سەرۆک‌کۆماری ئێران، ئێرانی کردووە بە سەربازخانە. دیارە کاکە جەلیل وەک هەموو ئەو "کۆنەپارێز" و "میللی مەزهەبی" و "شاپەرست" و "ڕێفۆرمخواز"انەی لە سەر سنگی ئێرانە دڕکاویەکە تەڕاتێنیانە، بە خراپی لە مانای سەربازخانە گەیشتووە، یان خوای نەخواستە نەبێتە بوختان دەیهەوێت ئەویش وەک ئەو دارودەستەیەی لە سەرەوە ناومان هێنان خەریکە کڵاوێکی نوێ بۆ خەڵکی ناحاڵی هەڵدەدروێت و بە تەمایە لە ڕێکخستنەوەی سەیر و سەمەرەی داهاتووی مەجلیسی ئەم دەستەڵاتەدا دەنگان کۆ بکاتەوە. میرزا جەلیل دەڵێت لەو کاتەوە ڕەئیسیان کردووەتە سەرۆک‌کۆمار، ئێران بووەتە "چەگدارگە".

من لەسەر ئیزنی خوێنەرانی ئەم چەند دێڕۆکانە، وشەی "پادگان"م بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و کردوومە بە "چەکدارگە". ئەوەندەی لە مێشکۆڵەی خۆمدا هێنام و بردم، دەخۆمم ڕانەدیت "پادگان" بکەم بە "سەربازخانە" و تەنانەت پێم‌وایە ئەو "پادگانە"ی کاکە جەلیلی چەکداری "چەکدارگە" باسی دەکات، بۆ پاسدارخانەش نابێت. هەرچەندە "سەرباز" و "پاسدار" بە تێگەیشتنی ئێمەمانان و هەموو یەکسانیخوازان دوو ناوی بێزراون و کەیفمان پێیان نایەت، بەڵام ئەم ئێرانە نە "سەربازخانە"یە و نە "پاسدارخانە".

ئاشکرایە سەرباز و پاسدار لە ئێران دوژمنی قەسدەسەری مرۆڤی ئازادن، بەڵام سەرباز بەو کەسە دەگوترێت سەری لە ڕێگەی نیشتمان یان ئامانجێکی بەرزدا دادەنێت و "پاسدار"یش بە مانای پارێزەر و بەرگریکارە. جا لەبەر ئەمە ئەو کەسانەی لە ئێران بە فیتی دەستەڵات چەکیان پێیە، نە سەربازن و نە پاسدار. ڕاشکاوانە دەبێت بڵێین سەرباز نین، بەڵام ئەگەر پاسداریش بن پاسداری پارێزەری دەستەڵاتی سەرەڕۆن.

پاشگری "گە" یان "گا" بە مانای شوێنە و دەگەڵ وشەی وەک" شین"، پارێز"، "جێ"، "نشین"و "دان" وشەی وەک "شینگا"، "پارێزگا"، "جێگە"، "نشینگە" و"دانگە"ی پێ دروست دەکرێت. منیش بەپێی ئەم یاسا زمانییە پاشگری "گە"م بە "چەکدار"ەوە لکاندووە و کردوومە بە "چەکدارگە". دیارە من نە تەلەڤزیۆنی کوردی و نە ڕۆژنامەنووسی خۆبەزل زانم و نامهەوێت ئەم وشەیە بەسەر زمانی کوردیدا بسەپێنم و تەنیا لەبەر بێ‌دەردەتانیی خۆم بۆ دوزینەوەی هاومانای "پادگان" لە خۆمەوە "چەکدارگە"م ڕێکخست. لەبەر ئەوەی هەم وشەی "چەکدار" و هەم پاشگری "گە" لە زمانی کوردیدا هەن، من وشە تێکەڵاوکەم ڕێکخستووە و لە خۆمەوە دامنەتاشیوە.

جەلیل ڕەحیمی خۆی چەکدارێکی بێ‌دەرەتانی چەکدارگەیەکی گەورەیە. ئەم جەلیلۆکەیە وەک خۆی دەڵێت هەتا ئێستا دووجار بە درزی پاڵوێنەی شوڕای نیگەهبانی یاسای چەکدارگەدا شۆڕ بووەتەوە وەک ئەندامی مەجلیس دەرکەوتووە و ئەمجارەش بەتەمایە وەک هەردوو جاری پێشوو کۆمەڵێک چەکدارۆکەی چەکدارگە بخاپێنێت و دەنگیان لێ‌وەربگرێت وەک ئەندامی هەمان مەجلیس دەر بکەوێتەوە. خۆ ڕەنگە بیری لە دواڕۆژی نزیکیش کردبێتەوە و بەم قسانە بیهەوێت دوای وێرانبوونی چەکدارگە داهاتوویەک بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

ئەوەی ئەم جەلیلۆکەیە گوتی، زۆر لەمێژە دەستەڵاتداران بە جۆرێکی دیکە دەیڵێنەوە. وەک نموونە زۆر جار دەستەواژەی ئەرتەشی ٢٠ میلیونی و چل مێلیۆنیمان بیستووە. ئەگەر نیوەی دانشیتووانی ئێرانەکەی ئەوان ٤٠ میلیۆن کەس بن، نیوەیان دەستیان چەک دەگرێت و ئەگەر دانیشووانیش وەک ئێستا هەشتا میلیۆن کەس بن، دیسان ٤٠ میلیون کەس واتە نیوەیان چەکیان پێ هەڵدەگیرێت. دیارە نیوەکەی دیکەیان ژنن و بە لێکدانەوەی ئەوان، ژن نەک بۆ چەکداربوون نابێت، بەڵکوو هەر بە مرۆڤیش ناناسرێت. لە سەردەمی خۆمەینیدا ئێرانی چل میلیۆنی خاوەنی سوپای ٢٠ میلیۆنی و لە سەردەمی ئێستاشدا ئێرانی ٨٠ میلیۆنی خاوەنی سوپا و بەسیجی ٤٠ میلیۆنییە و ئەمانە بە ژنان و دایکان و کچانیانەوە واتە نزیکەی ٤٠ ملیون کەسی دیکەوە لەنێو یەک "چەکدارگە" بە ناوی ئێراندا دەژین. ئەمە جگە لەو چەکدارانەیە لە دەرەوەی چەکدارگە واتە لە عێراق و یەمەن و فەلەستین و سووریە و لوبنان چەکیان پێیە.

لە ئەنجامدا دەبێت بڵێن کاکە جەلیل بۆ کۆکردنەوەی دەنگی چەکدارانی بازنەی هەڵبژاردانی خۆی یان مسۆگەرکردنی ژیانی داهاتووی دەرەوەی چەکدارگە، نەک هەر کای کۆن بەڵکوو کای ڕزیوی بە بادا کردووە.