کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (برایم خزرپوور)

16:47 - 17 پووشپەڕ 2723

برایم چووکەڵی

پەرورەدەی بیری کۆمار و قوتابیی مەکتەبی حیزبی دێموکرات

برایم خزرپوور ناسراو بە (شێخە)

ڕوون و ئاشکرایە گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەیی و مرۆییەکان بەبێ فیداکاری و قوربانیدان مسۆگەر نابێ و دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی لەبن نایە، لەم ڕووەوە ڕۆڵە ئەمەگناسەکانی گەلی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیزیک یەک سەدەیە لەپێناو سەربەخۆییدا بەدژی بێزارترین و دڕەندەترین ڕێژیمەکانی سەردەم خەبات دەکەن و، ئاڵای خەباتیان لە پێناو ویست ‌و داخوازە لە میژینەکانیاندا شەکاوە ڕاگرتووە. خەباتی دوورودرێژ و پڕ لە هەوراز و نشێوی گەلە بەشخوراوەکەمان بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس، لە چەند بواری جۆراوجۆر پەڕیوەتەوە و چەندەها قۆناغی پڕ لە مەترسی ‌و دژواری وەدوا خۆ داون. لەو گۆڕەپانە‌ بەرینە و لەو خەباتە گرژ و دژوارە‌دا بە هەزاران پێشمەرگەی قارەمان‌ و بە دەیان فەرماندەی لەخۆبوردوو بوونە چرای ڕێ‌ڕوونکەرەوەی ڕێگای سەرکەوتن ‌و گیانیانی پاکی خۆیان بەختی ژیانی بەئاشتی کرد و بە خوێنی گەشی خۆیان بەڵگەی زیندوویی ‌و هەرمانی نەتەوەکەیان مۆر کرد. یەکێک لەو فەرماندە خەباتکارانە کە تا دوا پشووی ژیانی لە سەنگەری خەباتدا هەڵکێشا و لە "هەگبەی شاخ و شۆرش"دا یادی دەکەینەوە، برایم خزرپوور ناسراو بە "شێخە"یە.

بەیانی ڕۆژی ٢٤ی پووشپەر ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی پیش ئەوەی خۆر زەوی دابگرێ، پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا بە مەبەستی زەبر وەشاندن لە دوژمن خۆیان بۆ عەمەلیاتێک ئامادە دەکرد. برایم خزرپوور (شێخە) وەک فەرماندەیەکی کارامە و پێگەیشتوو بچووکترین جموجۆڵی هێزەکانی ڕێژیمی لەژێر چاوەدێری گرتبوو، و چاوەڕوانی فەرمانی عەمەلیات بوو. بێدەنگییەکی بەسام باڵی بەسەر دەراوی ئەشکەوتانی مەنگوڕایەتیی مەهەباد کێشابوو. پێشمەرگەکان هەست ‌و خوستیان لە خۆیان بڕیبوو. ئەوان گیان‌لەسەردەست ‌و قامک لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیان لە دوژمن دامەزرابوون. بە بڕیاری فەرماندە گرمەی ئارپیجی و قرمەی کلاشینکۆف بێدەنگیی شکاند و شەڕێکی خوێناوی و نابەرابەر لەلایەن پارێزەرانی ئاشتی ‌و ئازادی، و لایەنگرانی کۆنەپەرەستی دەستی پێ کرد. دوژمن زەبریکی بەژانی وێ کەوت و ژمارەیەکی بەرچاوی لێ کوژرا، بەڵام بەداخەوە لە گەرمەی شەڕدا سینگی شێخەی قارەمان لەگەڵ هاوسەنگەرێکی بە ناوی سەید کەریم مستەفازادە کەوتە بەر گوللەی کوردکوژان‌ و شەهید بوون.

شەهید برایم خزرپوور ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ئاوایی "هەمزاوە"ی سەر بە ناوچەی مەنگورایەتیی مەهاباد چاوی بە ژیان کردۆتەوە. بەهۆی هەژاری نەیتوانی بچێتە بەر خوێندن و هەر لە منداڵییەوە بۆ دابینکردنی بژێوی بنەماڵەکەی شانبەشانی باوکی ملی نایە بەر کارکردن. تەمەنی ٩ ساڵ بوو باوکی زەحمەتکێشی سەری نایەوە و قورسایی باری ژیان ئەوەندەی دیکەش کەوتە سەر شانی شێخە. ئەوە یەکێک لەو قۆناغە ئاستەم ‌و پڕ لەتەنگ ‌و چەلەمەیە بوو کە شێخەی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرینگ. شێخە هەتا گەورەتر دەبوو پتر بێ‌عەداڵەتییەکانی کۆمەڵ بەرەو خەباتی هان دەدا.

شێخە لە هەڕەتی لاوەتیدا (ساڵی ١٣٦٣)  پێوەندیی تەشکیلاتیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و ساڵی ١٣٦٥ کە ڕێژیم سیاسەتی چەک بەسەردابرێنی گوندنشینەکانی کوردستانی گرتبووە بەر، شیخە یەکێک لەو کەسانە بوو چەکی زۆرەملیی بەسەردا سەپێندرا و بەڕێی مۆڵگەی ئاوایی برایمە کرا. برایم ئەو دەرفەتەی قۆستەوە بۆوەی هەم زەبرێک لە ڕێژیم بوەشێنێ‌ و هەم ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی‌ خۆی دەست پێ بکات. چوار مانگ دوای ئەوە بە هاوکاریی هاوڕێیەکی دیکەی مۆڵگەی دوژمنیان ڕادەستی هێزی ئەفشین کرد و بە لەبەرکردنی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە مەڵبەندی سپی‌سەنگ ژیانی سیاسیی نوێی دەست پێ کرد.

شێخە ساڵی ١٣٦٧ بۆ هێزی شەهید پێشەوا گواسترایەوە. ئەو لەگەڵ ئەودا نەخوێندەوار بوو، بەڵام کەسێکی بەفام و تێگەیشتوو بوو. ئۆگرییەکی لە ڕادەبەدەری بە فێربوون ‌و شارەزایی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پێشمەرگایەتیدا هەبوو. هەروەها لەباری نیزامییەوە پیتۆڵ و دەستکەرەوە بوو. شەرە حەماسییەکانی وەک "مێرگە چەکۆ"، "قوشەهوو"، "پشتی ئاوایی کوران"، و "کانییەڕەش" کە لە هەر چوار شەڕەکاندا برینداریش ببوو، و بە هۆی ئەو برینانەی هەیبوو دەستی چەپیشی لەکار کەوتبوو، باشترین بەڵگەن بۆ بوێری ‌و قارەمانەتیی ئەو تێکۆشەرەی دێموکرات. هەر ئەو تایبەتمەندییانە وای کردبوو ئەرک ‌و بەرپرسایەتیی قورستری پێ بدرێ و پلەکانی تەشکیلاتی یەک بەدوای یەکدا ببرێ.

شەهید شێخە ساڵی ١٣٦٧ بە جێگری پەل‌، ساڵی ٦٨ وەک فەرماندەری پەڵ ‌و ساڵی ٦٩ وەک جێگری لک‌ بەرپرسایەتیی پێ درا و بە ئەرک‌وەخۆگرییەکی زۆرەوە شانی وەبەر ئەرکە حیزبییەکان دا. ئەوە بوو ساڵی ١٣٧٠ وەک یاریدەدەری کادر و سەرئەنجام سالی ١٣٧١ وەک فەرماندەری لک دیاری کرا و تا کاتی شەهیدبوونی ئەو بەرپرسایەتییەی بەڕێوە برد. ئەو وەک فەرماندەیەکی کارامە و لێزان ناوبانگی دەرکرد و ناوی ببووە وێردی زمانی هاوسەنگەرانی ‌و خەڵکی ناوچە‌ و  دوژمن بەبیستنی ناوی شێخە تەزووی ترس ‌و لەرزی بە لەشدا دەهات.

بەڵێ شێخەیەک کە بەنرخترین ساتەکانی ژیانی سەربەرزانەی خۆی بۆ خزمەت بە گەڵ‌ و نیشتمان تەرخان کردبوو، شێخەیەک کە لە دەیان عەمەلیاتی سەرکەوتوانەدا بەشداریی کردبوو، شێخەیەک کە چوار جار لە شەڕ‌دا بەتوندی بریندار و بەشێک لە ئەندامی لەشی لەدەست دابوو، کەچی توزقاڵێک لە ورە و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی نەشکابوو، سەرئەنجام ڕۆژی ٢٤ی پووشپەری ساڵی ١٣٧٢ لەگەڵ "کەریم مستەفازادە"ی هاوڕێی شەهید بوون و  بە خوێنی گەشی خۆیان بەڵگەی زیندوویەتی ‌و هەرمانی نەتەوەکەیان مۆر کرد و سەنگەری تێکۆشانیان بە هاوسەنگەرانیان سپارد.