عومەر باڵەکی
ماوەیەکە کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندن لە دەرەوەی وڵات هاوشان لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی و پەیجە سێبەرەکانی لە گەڕێکی دیکەی هەوڵەکانیاندا دەیانەوێ خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لە جووڵەیەکی چەکداریدا پێناسە بکەن. ئەو لایەنانە بەبێ گەڕانەوەی بۆ مێژووی حیزب و بێ سەرنجدان بە فەلسەفەی دامەزرانی حیزب، هەموو فیداکاری و بەربەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە بەرانبەر هێزی شەڕفرۆش و کۆکوپۆشتەی کۆماری ئیسلامیدا لەو چوارچێوەیەدا قەتیس بکەنەوە. هەروەها بە هەوڵی نەزۆکی خۆیان دەیانەوێ ئەوە بە بیروڕای گشتیی ئێران و جیهانیش پێشان بدەن کە کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو شتێک لە لولەی تفەنگدا دەبینن و چەک و جووڵەی چەکداری وەک ستراتیژیی خەبات چاو لێ دەکەن.
ئەو جۆرە دەربرین و لێکدانەوانە هەمان بۆچوونی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە دەرحەق بە جووڵانەوەی نەتەوەیی و مافویستیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێی وایە ئەگەر هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکیان پێ نەبێ، جووڵانەوەکە لە نێوخۆی کوردستان لە پێی دەکەوێ. بەڵام هەمووان دەزانن کە خەباتی نەتەوایەتی و مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لانیکەم مێژووی نزیک بە سەد ساڵی ڕابردوو ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە کورد و ڕێبەرانی سیاسیی بزووتنەوەی سیاسیی کورد خەباتێکی سیاسی و شوناسخوازانەیان بەڕێوە بردووە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتە ناوەندەییەکانیشدا قەت دەستپێشخەری شەڕ نەبوون و بەڵکوو هەموو کات ئەوە دەسەڵاتدارانی تاران بوون شەڕیان بە گەلی کورد وجوولانەوەکەی فرۆشتووە و ویستوویانە لە ڕێگەی شەڕێکی نابەرامبەر چۆک بە داواکانی کورد دابدەن کە قەت تێیدا سەرکەوتوو نەبوون.
کاتێک ئاوڕ لە مێژووی ئەو بزووتنەوەیە و ساتەوەختی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەیەوە، دەبینین کە ئەم حیزبە بنەڕەتی دامەزرانی خۆی بۆ ئیدارەدانی نیشتمانی خۆی و دەستەبەری مافە سیاسی و مەدەنییەکانی داناوە و بەکردەوەش لە چوارچێوەی کۆماری کوردستاندا توانی لەو ماوە کورتەدا بەرنامەکانی خۆی وەدی بێنێ. بۆیە هیچ سەند و بەلگەیەک نییە کە گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەییان لە چەک و چەکداریدا وێنا کردبێ. لە هەمان کاتدا دامەزراندنی سپای میللی و پێدانی نازناوی پێشمەرگە بە تاکەکانی ئەو سپایە ئەو ئامانجەی لە پشت بووە کە لە کاتی دەستدرێژیی نەیارانی کورد بۆ سەر خاک و هەرێمی کوردستان پارێزگاری لەو خاکە و نەتەوە بکا و هاوکات ئەمنییەتی نێوخۆی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماریش دابین بکا.
دوای نسکۆی کۆماری کوردستانیش بەکردەوە هەتا ساڵانێکی دوور جوولانەوەی سیاسیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هێزی پێشمەرگە بێبەش بووە و ئەو خەباتە لە ڕێگای ڕێکخراو و تەشکیلاتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەردەوام بووە. بەو شێوەیە کە کادرە دڵسۆزکانی حیزب سەرەرای تەوژمی توندی سازمانی ئەمنییەتی ڕیژیمی پاشایەتی توانیویانە بە دروستکردنی ڕێکخراویکی بەربەرین لە نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا جووڵانەوەی شوناسخوازی و مافویستی گەلی کورد لەسەر پێ ڕابگرن وبەرەو پێشی بەرن و هاوکات پێگەی حیزب لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا بەهێزتر بکەن. بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە هەر ئەوەندە بەسە ئاماژە بە دوای ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی بکەین کە چۆن کۆمەڵانی هەراوی خەلکی کوردستان لە هەموو چین و توێژێک و بە هەزار هەزار لە دەوری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆ بوونەوە.
لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و بە دەسەڵاتگەیشتنی خومەینی و داردەستەکەی و دامەزراندنی سیستمێکی دەوڵەتداری لەژێر ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئەو نیزامە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە لەگەڵ هەموو دونیای پێشکەوتوو لە شەڕ و ناتەباییدا بوو، و گەلی کوردیش لەو شەڕەنگیزی و دوژمنکارییە کۆماری ئیسلامی بێبەری نەبوو. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵ و تێکۆشانی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانە و سەردەمیانەی پرسی کورد لە ئێران پشتگوێ خست و بە فیتوای جیهادی خومەینی -ڕێبەری ئەو نیزامە- شەر بەسەر کوردستاندا سەپێندرا و هەتا ئێستاش ئەو شەڕە لە فۆڕمی جۆراوجۆردا بەدژی گەلی کورد و جووڵانەوەکەی لەلایەن دەسەلاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە.
لەو هەلومەرجەدا کە شەر بەسەر کوردستاندا سەپا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک گەورەترین حیزب لە بواری پێگەی جەماوەرییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبوایە بۆ بەرگری لە بوونی گەلی کورد شان وەبەر شەڕێکی داسەپاو بدا.
لە مێژە گوتراوە کە ئاستی توندوتیژی لە خەباتدا، دوژمن دیاریی دەکا، مادام شەڕ بە سەر کوردستاندا سەپاوە، حیزبی دێموکراتیش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو توندوتیژییە و بەرگری لە خەڵکی کوردستان دەبوایە وەک حیزبێکی بەرپرس لەگەڵ گەلەکەی خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکا و هێزی پێشمەرگە سازمان بدا، کە خەڵکی کوردستان و مێژوو شایەتی بۆ ڕادەی فیداکاری و لەخۆبوردوویی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب دەدەن. بەڵام لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەنی هێزی پێشمەرگە بووە لە هیچ بەڵگە و نوسراوەیەکی حیزبی دێموکراتدا چ نێوخۆیی و چ دەرەکی بابەتێکی وا بەرچاو ناکەوی کە پێشان بدا خەباتی چەکداری بۆ حیزبی دێموکرات ستراتیژی بووبێ. پێچەوانەی ئەوە هەموو کات چ بە نووسین و چ بە دەربڕین پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە چەک کەرەسەیە نەک ئامانج و ئەوە بەڕوونی لە دروشمەکانی حیزبدا دیار و بەرچاوە. ئەو دوو دروشمە "ڕێکخراو چەکی گرینگی ئێمەیە" و "پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە" هەموو کات لە بنکە و شوێنی کاری حیزبیدا بە بەرچاوی هەمووانە بووە و چەک بۆ حیزبی دێموکرات هەمیشە کەرەسە بووە نەک ئامانج. کە دەشگوتری چەک کەرەسەیە بەو مانایە کەرەسەیەکە بۆ بەرگری لە بەرانبەر هێرشی دوژمن و لە هەمان کاتدا کەرەسەیە لە خزمەت ئامانجە سیاسییەکانی حیزب و ئەوە لە ساختاری ئۆرگانیزم و تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوە وکاری پێ کراوە.
بەڵام لەگەڵ ئەم کورتە ڕوونکردنەوەی سەرەوە واباشە بە کورتییش بێ باسێک لەسەر پێویستی بوونی هێزی پێشمەرگە لە خەباتی نەتەوایەتی و مافویستی گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا بکەین. بۆ ئەو مەبەستە دەبێ وەبیرخۆمان بێنینەوە نەتەوەی کورد بە گشتی لە سەدەی بیستویەکدا گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتە و خاک و گەلەکەی بەبێ پرس و گەڕانەوە بۆ ئیرادەی نەتەوەی کورد بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە. هەروەها پتر لە سەد ساڵە دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر کوردستان بە هەموو کەرەسەیەکی بەردەستیان هەوڵیان داوە پرسی شوناسخوازیی کلورد لەبن بێنن و زمان و کولتوور و فەرهەنگی نەتەوەی کورد لە زمان و کولتوور و فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەستدا بتوێننەوە. ئەو سیاسەتەش لەگەڵ پەرچەکرداری نەتەوەی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بەرەوڕوو بووە و بە چەندین جووڵانەوەی نەتەوەیی و مافخوازیی لێ کەوتۆتەوە و گەلی کورد بۆ ئەوەی بتوانی لە گەردەلولی شەرەنگیزیی دوژمنەکانیدا خاک و شوناسی نەتەوەیی خۆی بپارێزێ، بەناچار دەستی بۆ چەک بردووە و هێزی نیزامیی ڕێك خستووە و ئەوە وای کردووە هەتا ڕادەیەکی باش توانیویەتی پارێزگاری لە خاک و زمان و کولتووری خۆی بکا و پرسی کورد لە چەقی ڕوداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراستدا بەزیندوویی ڕابگرێ.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ لەسەردەمی پاشایەتی وچ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەبات بۆ وەدەستخستنی مافەکانی گەلی کورد بە خاوندارەتی لە هێزی پێشمەرگە پشکی شێری بەر کەوتووە. بەلام بۆ ڕوونبوونەوەی پتری ئەو بابەتە کە حیزبی دێموکرات و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هیچ کاتدا ئازادییان لە لولەی تفەنگدا بەدی نەکردووە، پێویستە ئەو بابەتە بخەینە ڕوو کە پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەروەردەیەکی سیاسیی و نەتەوەیی بووە و هەرواش دەمێنیتەوە. بە واتەیەکی دی هەر پێشمەرگەیەک لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا وەک ئەندامی حیزب بە پەروەردەیەکی سیاسیی و نەتەوەیی پەروەردە دەبێ و باوەڕی بەو دروشمە قایم دەبێ کە ئەوە ڕێکخراوە چەکی دەستی هەر ئەندام و تاکێکی کوردە. ئەوەش دوای ٤٤ ساڵ تەبلیغاتی بێبنەمای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە گوایە حیزبی دێموکراتی لە مەیدان بەدەر کردووە و ئاسەواری نەهێشتووە، لە ڕاپەرینی ژینادا سەلمێندرا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێئەوەی تاقە فیشەکێک ڕوو بە دوژمن بتەقێنێ، بوون و هێزی بەهێزی لەنێو خەڵک و لەسەر شەقامەکانی کوردستان هەبێ. لەو حاڵەتەدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و نەیارانی ئازادی وسەربەستی کورد کاتێک بە زەقی و بەڕوونی ئەو ڕاستییە دەبینن، هەموو هەوڵی سیاسی و دیپڵۆماسی و ئەمنیەتی و ئابووری و تەبلیغیی خۆیان دەخەنە گەڕ کە بەربەست بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکەن و بە خەیاڵی خۆیان حیزب و خەڵک لێک داببڕێنن. هەروەها لە هەمان کاتدا وا بنێنن خەباتی کورد و حیزبەکان و هێزی پێشمەرگە وا پێناسە بکەن کە تەنیا لە چەکدا خۆ دەبینێتەوە کە ئەوە خەیاڵێکی خاوە، چونکە جووڵانەوەی شوناسخوازی و مافویستیی گەلی کورد لە ناخی کۆمەڵگەی کوردستاندایە و لەسەر شەقامەکانی کوردستان خۆدەنوێنی.
ئەو نووسینە بە وتەیەکی نەمر شەهید د. قاسملوو کۆتایی پێ دینم. شەهید د. قاسملوو لە دوا وتووێژی خۆیدا لەگەڵ بی بی سیی فارسی دەڵێ هۆکاری دۆخی ئێستای ئێران و خەباتی چەکداریی ئێمە نەبوونی دێموکراسی لە وڵات و بوونی سیستمە دیکتاتۆرەکانە: " ئەگەر سەرنجتان دابێ ئێمە «دێموکڕاسی بۆ ئێران»مان وەپێش «خودموختاری بۆ کوردستان» خستبوو، نەک لەبەر ئەوەی بە باوەڕی ئێمە دێموکڕاسی هەموویە و خودموختاری بەشێکە لە دێموکڕاسی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی باوەڕمان وایە بەبێ دێموکڕاسییەکی سەقامگیر لە ئێران، ئەگەر خودموختاری بەدەستیش بێنین ئەم خودموختارییە دەکەوێتە مەترسییەوە. ئێمە لە هەلومەرجی ئێستادا چەکەکانمان دەستەبەری پاراستنمانن. بەڵام ناکرێ هەتاهەتایە چەکمان پێبێ، دەبێ شتی دیکە لەجێی چەک دابنێین. ئەو شتەی دەتوانێ جێی چەک بگرێتەوە تەنیا دێموکڕاسییە."