کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا

22:09 - 3 خەزەڵوەر 2723

مستەفا مەولوودی

 

(یاسای بنەڕەتیی مەشرووتە ١٩٠٦-١٩١١ز)

پێشەکی

ناوچەی ئێرانی لە ساڵی ٧٠٠ی پێش زایینەوە یەکەم دەوڵەتی بە ناوی «مێدیا-ماد»ەکان لێ دامەزراوە و هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم مێژوویەکی دوورودرێژ لەو جوغرافیایەدا تۆمار کراوە. مێژوونووسان هەر لە دەستپێکدا لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی خۆیان لە سەر ئەم جوغرافیایە دابەش دەکەن بەسەر دوو قۆناغی ئێرانی پێش لە هاتنی ئیسلام کە دەوڵەتەکانی وەک میدیا، ئەخمینی، فرشی و ساسانی لەخۆ دەگرێ و ئێرانی پاش هاتنی ئیسلام.  قۆناغی پاش هاتنی ئیسلام کاریگەریی چەند ڕووداوی زۆر گرنگی بەسەرەوەیە کە چارەنووسی ئەو وڵاتەیان بە ئاقارێکی دیکەدا برد، وەکوو هێرشی عەرەبە مسوڵمانەکان، مەغۆلەکان و تورکەکان کە شوێنەواری قووڵیان لەسەر کولتوور و سترۆکتۆری ئابووری-کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە دانا.

لە ڕاستیدا تا هاتنەسەرکاری «سەفەوی»یەکان لە سەرەتای سەدەی ١٦ی زایینی جوغرافیای ئێران دەسەڵاتێکی بەهێزی نێوخۆیی بەخۆیەوە نەبینی و لەم ماوەیەدا دەسەڵات بەسەر ئەمیر و فەرمانڕەوا خۆجێیەکان لە چوار قوژبنی ئەو وڵاتەدا دابەش کرابوو. هاوکات حکوومەتی سەفەوی لەگەڵ خۆی دیاردەیەکی نوێی هێنا، ئەویش بەفەرمی‌کردنی ئایینزای شیعە بوو کە ئەویش بە زەبری زۆر بەسەر خەڵکیدا داسەپاند بۆ ئەوەی لەلایەک ڕەوایی بداتە دەسەڵاتەکەی و لەلایەکی دیکەوە ناسنامەی خۆی لە بەرانبەر دەوڵەتی سوننەی عوسمانییەکاندا بپارێزێ.

لە سەدەی نۆزدەهەمدا شەپۆلی شۆڕشی پیشەسازیی بریتانیا و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی فەڕانسە وردەوردە گەیشتە لێواری سنوورەکانی ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژاوای ئێران و کێبەرکێی وڵاتانی کۆلۆنیالیست بۆ وەدەستهێنانی ناوچەی لەبەرچاوگرتووی خۆیان لە ئێران دەستی پێ کرد. هۆکاری ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ هەڵکەوتوویی ژئۆپۆلێتیکی ئەم وڵاتە و خستنە ناو چەقی ستراتیژی و دوابەدوا پلانی وڵاتە زلهێزەکان و لە ئاکامدا سەقامگیربوونیان لەم وڵاتە و  قایمکردنی جێ‌پێ و وەرگرتنی پشک و ئیمتیازی ئابووری.

تێکشکانە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە ڕووسیە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم ڕاچڵەکانێك بوو کە خەڵکی ئێرانی لە خەوی سەدەکانی نێوەڕاست ڕاپەڕاند، بە جۆرێک کە بیر و ئەندێشەی چاکسازی و ڕێفۆرم بوو بە مژاری سەرەکی و تێڕامانی هەندێک بژاردەی ئەو وڵاتە لەنێو دامودەزگای دەسەڵاتداریی ئێراندا. هەڵبەت ئەوەش لەبیر نەکەین کە بوورسیە و ناردنی قوتابی بۆ خوێندن لە ئورووپا و دیتنی پێشکەوتنەکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا کاریگەر بوو لەسەر ئەم چەشنە بیرکردنەوەیە، هەرچەند ڕیفۆرمەکانی بژاردەی نێو دەسەڵاتی ئەم قۆناغە بەهۆی دژایەتی و سەرەڕۆیی سیاسیی ڕوحانییەتی شیعە بەئاکام نەگەیشت، بەڵام درزی لە قەڵای چەقبەستووی کۆمەڵگەی کلاسیکی ئەو سەردەمە خست و زەمینەی قۆناغێکی نوێی لە ئاخر و ئۆخری سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا پێک‌هێنا کە لە ئەنجامدا شۆڕشی مەشرووتەی لێ کەوتەوە.

شۆڕشی مەشرووتە بە هۆی پاشەکشەپێکردنی دەسەڵاتی ڕەهای پاشا ڕووداوێکی گرنگی مێژووی ئێرانە. ئەو شۆڕشە خاڵی وەرچەرخانێک بوو بۆ گواستنەوە لە کۆمەڵگەیەکی داخراو و کلاسیک و سەرەڕۆ بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و مۆدێڕن و دێموکرات. هەرچەند کە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو شۆڕشە وەدی نەهاتن و بە تایبەت چەمکی دێموکراسی نەهادینە نەکرا، بەڵام زۆر دەسکەوتی بەنرخ وەکوو: دەستوور، پارلەمان و یاسای پاڵپشتی کردەوەیی لەو دەستوورە بۆ کۆمەڵگەی ئێرانی ئەوکات کە نەبوون، پەیدا بوون.

ئێران یەکەیەکی جوغرافیی فرەچەشنی نەتەوەیی، زمانی و ئایینییە. دەستووری (١٩٠٦ز) وەکوو بنەمای یاسایی دەسەڵات لە ئاستی ئەم پرسە گرینگە خۆی گێل کرد و حاشای لەو فرەچەشنییە کرد و لەسەر ناسنامەی یەکگرتووی ئێرانی (نەتەوەی ئێران) جەختی کردەوە، نەتەوەیەک کە لەسەر بنەمای زمانی فارسی، کولتووری فارسی و ئایینی شیعە دامەزرابوو.

یاسای بنەڕەتیی نوێ، یان هەر ئەو یاسا بنەڕەتییەی ساڵی ١٩٠٦ لە سەردەمی ڕەزاخان و محەممەد ڕەزاشای کوڕیدا لەشوێن خۆی مایەوە. ساڵی ١٩٧٩ هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بۆ جاری دووهەم لە ئێران یاسای بنەڕەتیی نوێی وڵات ئامادە کرا و ئەمجارە بەپێی سروشتی دەسەڵاتی نوێ کاریگەریی شەریعەتی ئیسلامی بەسەر دەستوورەوە دیار بوو.

یاسای بنەرەتیی ١٩٧٩ لە کاتێکدا ئامادە کرا کە ٧٣ ساڵ بەسەر نووسینی دەستووری یەکەمدا تێ‌دەپەڕی و بێگومان لەم ماوەیەدا کۆمەڵگەی ئێران زۆر ئالوگۆڕی بەسەردا هاتبوو، بەتایبەت بەهۆی چوونەسەرێی ڕادەی وشیاریی نەتەوەیی لەلایەن نەتەوەکانی نیشتەجێ لە ئێران دەستووری نوێ نەیدەتوانی چیتر حاشا لە بوونی نەتەوەکانی دیکە بکات. هەرچەندە ئەم دەستوورەش لەسەر ناسنامەی یەکگرتووی ئێرانی (نەتەوەی ئێران) جەختی دەکردوە، بەڵام دانی بەوە دانا کە نەتەوەی ئێران لە «قەوم» و گەلانی جۆراوجۆر پێک‌هاتووە و ئیتنیکە جیاوازەکان مافی خوێندن و نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێب و ڕۆژنامەیان بە زمانی زگماکی هەیە؛ ئەگەرچی مافی خوێندن و نووسین بە زمانی زگماک لە مەیدانی کردەوەدا وەدی نەهاتوە.

ئەم باسە کە پشتی بە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەمەچەشنی کوردی و فارسی لە کتێب، بەڵگەنامە، ڕۆژنامە و گۆڤار بەستوە؛ لە پێشەکییەک و دوو بەش و دەرەنجامێک پێک‌هاتووە و بە لیستی سەرچاوەکانی کۆتایی پێ دێت.

بەشی یەکەم بۆ قانوونی مەشرووتەی ١٩٠٦ تەرخان کراوە و سێ تەوەر لەخۆ دەگرێ. لە تەوەری یەکەمدا باس لە بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران لەو سەردەمەدا دەکرێ. تەوەری دووهەم بۆ شۆڕشی مەشرووتە تەرخان کراوە و تێیدا باس لە چۆنیەتیی دەست‌پێکردنی ئەو شۆڕشە و ئەو قۆناغەی کە ئەم شۆڕشە بڕیویەتی دەکرێ و، تەوەری سێهەم بۆ باس لە دەستووری ١٩٠٦ تەرخان کراوە.

بەشی دووهەم کە بۆ یاسای بنەرەتیی ساڵی ١٩٧٩ تەرخان کراوە، هەمیسان سێ تەوەر لەخۆ دەگرێ. لە تەوەری یەکەمدا باس لە هەلومەرجی سیاسی – ئابووری و کۆمەڵایەتیی پێش لە شۆڕشی ١٩٧٩ دەکرێ و ئەم قۆناغە مێژوویەکی نزیک بە ٥٧ ساڵ لەخۆ دەگرێ کە بە سەردەمی پەهلەوییەکان (باوک و کوڕ) ناسراوە. لە تەوەری دووهەمدا کە بۆ شۆڕشی ١٩٧٩ تەرخان کراوە باس لە چۆنیەتیی هەڵگیرسانی ئەم شۆڕشە و ڕەوتی ڕووداوەکانی دەکرێ و تێیدا وردەکارییەکانی ڕووخانی بنەماڵەی پەهلەوی و بەدەستەوەگرتنی جڵەوی شۆڕش لەلایەن ڕووحانییەکانەوە تیشکیی خراوەتە سەر. سەرەنجام لە تەوەری سێهەمدا کە بۆ باس لەسەر یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران (١٩٧٩) تەرخان کراوە باس لەو خاڵانە دەکرێ کە ئەم دەستوورە بۆ مەسەلەی نەتەوەکانی نیشتەجێ لە ئێراندا تەرخانی کردوون. لە کۆتایی توێژینەوەکەشدا دەرەنجامی باسەکە خراوەتە ڕوو.

بارودۆخی سیاسی – کۆمەڵایەتیی ئێران بەر لە مەشرووتە

لە سەرەتای سەدەی بیستەم، ئێران خاوەن ئابوورییەکی کشتوکاڵی بوو، و پتر لە نیوەی ٩ تا ١٠ میلیۆن کەسیی دانیشتووانی لە گوندنشینان-جووتیاران پێک دەهات. نزیک بە یەک لە چوار بەشی ئەو حەشیمەتە بە شێوەی هۆزایەتی دەژیان و داهاتی ئابووری لە بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتەوە دابین دەکرا. شێوەی خاوەندارێتیی زەوی کشتوکاڵ بەم چەشنە بوو:

زەوی و زاری«شا» کە پێی دەگوترا «خالسە» یان دیوانی، ئەو زەوییانە کە وەک «تیول» داگیر کرابوون، زەویی «وەقف» و زەویی تایبەتی یان ئاغاوەت. حەشیمەتی شارنشین کە لە سەتای ١٠ تا ١٤ی هەمووی حەشیمەتی ئێران بوو، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم گەیشتە سەتا٢٠ هەتا سەتا ٢٥ لە کۆتایی ئەو سەدەیەدا، واتە پەرەسەندنی حەشیمەتی شارنشین لە ٥٠٠-٨٠٠ هەزار کەسی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم گەیشتە ٢ تا ٥/٢ میلیۆن کەس لە کۆتایی ئەو سەدەیەدا. بەمجۆرە لەلایەک شارە کۆنەکان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە پەرەیان دەستاند و لەلایەکی دیکە زۆرێک لە دێهاتە گەورەکان وردە وردە دەبوون بە شار. چوار شاری تاران، تەورێز، ڕەشت و ئیسفەهان لە بواری ئابووری و هەڵدانی کولتووری و کۆمەڵایەتی بە نیسبەت شارەکانی دیکەی ئێران گەشەسەندووتر و پێشکەوتووتر بوون. بەستێنی ئابووریی نوێ و پێوەندیی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و کولتووری تایبەت بەم گەشەسەندنە لە هەناوی ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و ئابووری کلاسیکی ئەو چوار شارەدا، زەقتر دەبوو و پەرەی دەستاند.

بازرگانیی دەرەکی لە دەستی دەوڵەتانی ڕووس و ئینگلیزدا بوو، بەو مانایە کە پتر لە ٨٠٪ی بازرگانیی دەرەکیی ئێران بە چاوەدێریی ئەو دوو دەوڵەتە بەڕێوە دەچوو و هەموو هەناردە و هاوردەی کەلوپەلە پێویست و ناپێویستەکان لە دەستی ئەواندا بوو، هەربۆیە زۆر سرووشتییە دیاریکردن و داسەپاندنی نرخەکان بە سەر دانوستانە ئابوورییەکانی ئێران لە قازانجی ئەواندا بووبێت. هاوردەی کەلوپەلی ئەوان دەبووە هۆی لەنێوچوونی گەشەی پیشەگەری لە کارگە و کارخانە خۆماڵییە تازە دامەزراوەکانی ئێراندا.

یرواند ئابراهامیان لە کتێبی «ایران بین دو انقلاب»دا لە دەست چینی بازرگانەکان کە زۆرتر خەمیان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەخوارد هەتا بەرژەوەندیی گشتی وڵات، بەم جۆرە گازندە دەکات: «ئەمانە کە ناویان تاجرە، بازرگان نین، بەکرێگیراوی ئەجنەبین و بگرە دوژمنانی نیشتمانی خۆیانن، چونکی هەموو ساڵێ پارەی وڵات بار دەکەن و دەینێرنە وڵاتانی دەرەوە و لەبەرانبەردا شتومەکی ئەوان بۆ وڵات ڕادەگوێزن. هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ڕووسیە و ئینگلیز لەگەڵ ئێران هاوشێوەی مامەڵەی دەوڵەتی ئاڵمانە لەگەڵ عوسمانی، واتە سەروەت و سامانی وڵاتی ئێرانیان بۆخۆیان پاوان کردوە، کانزاکانی ئاسن، قەڵایی، مس، خەڵووز و نەوتیان بە دەستەوە گرتوە و لەسەر وەدەست‌هێنانی سەرپشک و ئیمتیاز لە دەوڵەت کێبڕکێیان هەیە.»

 هەرچەند ئێران بەفەرمی کۆلۆنیای هیچ زلهێزێک نەبوو، بەڵام لە زۆر لایەنەوە لەژێر گوشاری دەوڵەتانی ڕووسیە و ئینگلیزدا بوو، هەربۆیە ئێران لەڕاستیدا بە پێچەوانەی درووشمەکانی وڵاتێکی سەربەخۆ نەبوو. ڕێژیمی سیاسی لەژێر دەسەڵاتی سەرەڕۆ و فیوداڵی بنەماڵەی قاجاردا بوو. لەو سیستمە سیاسییەدا شا لە لووتکەی دەسەڵات‌دایە و تەنیا کەسێکە کە مافی پێڕاگەیشتن بە هەموو کێشە و کاروباری وڵات و سوپای هەیە. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، ئەمری ئەو بێ ئەملا و ئەولا بەڕێوە دەچێ و فەرمانەکانی دەبێ پێڕەو بکرێ، ئەو سێبەری خودایە لەسەر زەوی. هەموو شتێک بە شا دەست پێ دەکا و بە ئەو کۆتایی دێت. گشت کۆمەڵانی خەڵک، تەنانەت سەدری ئەعزەم، وەزیر و کاربەدەستانی پایەبەرزی دەوڵەت بە نۆکەری شا دادەنرێن.(١) شا نەتەنیا خاوەنی گیان و ماڵی خەڵکە، بەڵکوو خاوەنی گیان و ماڵی شازادەکان و سەدری ئەعزەمەکانیش بوو. لە پاش دەسەڵاتی شا و دەرباردا دەسەڵاتێکی تری بەرچاو کە توانای شان لە شان دانی ئەوی هەبووایە ڕووحانییەتی بەتوانای شیعە بوو. عولەما، موجتەهیدان، مەلاکان و ئاخوندەکان، چ سەید و چ ئاسایی نەتەنیا بەڕێوەبردنی ئیداری کاروباری دینی و ڕێوڕەسمی عیبادەت بەڵکوو دادوەری (مەحکەمەی شەرع ) و کولتووریان (قووتابخانەو مەکتەب) لەبەردەستدا بوو(٢).

 وڵات لەبابەت دابەشکردنی ئیدارەی دەسەڵاتەوە بەسەر ئەیالات و ویلایەتدا دابەش دەبوو. ئێران لەو سەردەمەدا خاوەنی چوار ئەیالەت بە ناوەکانی ئازەربایجان، خوراسان، فارس و کرمان و پتر لە سی ویلایەت بوو.

ماڵیاتی ئەو ئەیاڵەتانە بە «مقاطعە» دادەنرا. ئەو کەسەی کە «مقاطعە» ی پێ دەبڕا، دەبوایە دیاری و پێشکەشی زۆر بۆ پادشا و تۆزێ کەمتر بۆ سەرۆک وەزیر بەڕێ بکات. هەربۆیە بەرێوەبەری ئەم ئەیاڵەتانە بۆ ئەوەی داهاتی خۆی دابین بکا و بۆ دواڕۆژ پاشکەوتێکی هەبێ، زۆربەی کەرەستە و کاروبارەکانی دەوڵەتی دەفرۆشت. تا ئەوکاتەش کە دیاری و پێشکەشییەکان بە ڕێکوپێکی دەگەیشتنە دەرباری شا لێپرسینەوە نەبوو، هەربۆیە ئەمە دەبووە هۆی خوڵقانی کردەوەی زاڵمانە و بێ‌ڕەحمانە وەکوو جەریمەی قورس و زیندانیکردن و تەنانەت هەندێ‌جار حاکم فەرمانی جینایەتی دەردەکرد؛ بۆ وێنە خاوەن‌ زەویی خەتاباری جەریمە دەکرد و تەنانەت تۆمەتباری گوللەباران دەکرد. دادگایی‌کردن، کەم‌ و زۆرکردنی ماڵیات و دیاریکردنی، گیران و ئەشکەنجە مافی بێ ئەملاوئەولای خان یان موباشێرەکەی بوو.

خەڵکی ئێران لە نەتەوە و ئیتنیکی جیاواز کە بە زمانی تایبەت بە خۆیان قسە دەکەن و دین و ئایینی جۆراوجۆر پێڕەو دەکەن پێک‌دەهاتن. «کۆنت دو گوبینو» کە ماوەی سێ ساڵ وەک نوێنەری فەڕانسە لە تاران نیشتەجێ بوو، لە کتێبی بە ناوبانگی خۆیدا «نایەکسانیی ڕەگەزی مرۆڤایەتی»دا دەنووسێ: ئێران بەوردی بە شەش گروپی «میللی» دابەش بووە: ئێرانییەکان، تورکەکان، عەرەبەکان، کوردەکان، جوولەکەکان و زەردەشتییەکان(٣).

 شۆڕشی مەشرووتە بە سێ قۆناغی جیاوازدا تێ‌دەپەڕێ. قۆناغی یەکەم بە ئیمزاکردنی فەرمانی مەشرووتە لەلایەن پادشای ئەوکاتی ئێران موزەفەرەدین شای قاجار لە ساڵی ١٢٨٥ی هەتاوی ( ١٩٠٦ز ) دەستی پێ کرد. ئەم قۆناغە تا ساڵی ١٢٨٧ی هەتاوی (١٩٠٨ز )، واتە نزیک ١٣ مانگی خایاند. لەو ماوەیەدا ئازادییە دێموکڕاتیکەکان بووژابوونەوە، چالاکییە چاپەمەنییەکان زۆر بەرچاوبوو و ئەنجوومەنەکان لەسەراسەری وڵاتدا کەم و زۆر دامەزرابوون. پارلەمان چەندین بڕیاری گرنگی پەسەند کردبوو کە بەپێچەوانەی ویست و ئارەزووی پادشا بوون.

یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی ئەم قۆناغە بریتی بوو لە قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان مەشرووتەخوازەکانی لیبڕاڵ کە لەژێر کاریگەریی بیر و ئەندێشەی ڕووناکبیرانی سەردەمی ڕۆشەنگەری ئورووپا بوون لە لایەک و، ڕووحانییە موحافزەکارانی شیعە لەلایەکی دیکە. ئەم ناکۆکییە بەتایبەت لەنێو پارلەماندا گەیشتە لووتکەی خۆی و لە ئاکامی ئەم ململانێیەدا بەشێک لە ڕووحانییەتی تەقلیدی شیعە بە ڕێبەرایەتی شێخ فەزلوڵڵا نووری بوونە دژبەری مەشرووتەخوازەکان و لە بەرەی میریدا خۆیان دۆزییەوە.

سەرەنجام شای قاجار (محەممەد عەلی شا) بە یارمەتیی ڕووسیە کەوتە پیلانگێڕان لە دژی پارلەمان و مەشرووتەخوازەکان. پارلەمان بە یارمەتیی بریگاردی قەزاق کە فەرماندەکەیان لیاخۆفی ڕووسی بوو کەوتە بەر هێرش و تۆپباران کرا. بەشێک لە نوێنەرانی پارلەمان کوژران و ئەوانی تریش ڕایان کرد، یان قۆڵبەست کران. پارلەمان داخرا و پاش ١٣ مانگ کۆتایی بە تەمەنی هات.

قۆناغی دووهەم بە هەستانەوەی مەشرووتە ناسراوە. خەڵکی تەورێز کە ناوەندی دووهەمی شۆڕشی مەشرووتە بوو، بە سانایی ملکەچی نەیارانی مەشرووتە نەبوون. لە تەورێز بەربەرەکانی و خۆڕاگرییان کرد. تەورێز لە لایەن سپای میری گەمارۆ درا و بەربەرەکانی و شەڕ ماوەی ١١ مانگ درێژەی کێشا. خۆڕاگریی تەورێز ورەی ئازادیخوازەکانی ناوچەکانی تری ئێرانیشی بەرز کردەوە. مەشرووتەخوازەکان لە ئیسفەهان و ڕەشت ڕاپەڕین و بەرەو تاران کەوتنە ڕێ. لە جۆزەردانی ١٢٨٨ی هەتاوی ( ١٩٠٩ز ) تاران کەوتە بەردەست مەشرووتەخوازەکان و سەرلەنوێ پارلەمان کرایەوە و شای قاجار ڕای کرد و پەنای بۆ ڕووسیە برد.

پارلەمانی دووهەم لە ساڵی ١٩٠٩ز دەستی بەکار کرد. لەم قۆناغەدا بوو کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئێراندا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان هاتنە ئاراوە و کورسییەکانی پارلەمانی دووهەم بەسەر حیزبەکاندا دابەش بوون. لە ساڵی ١٢٩٠ی هەتاوی (١٩١١ز) بەهۆی هەڕەشەی ڕووسیە پارلەمانی دووهەم بەناچاری داخرا و بەم جۆرە کۆتایی بە تەمەنی پارلەمانی دووهەمیش هات. چەند ڕۆژ پێش دەست‌پێکردنی شەڕی یەکەمی جیهانی (١٩١٤-١٩١٨ز) پارلەمانی سێهەم کرایەوە و قۆناغی سێهەمی مەشرووتە دەستی پێ کرد کە هەتا هاتنە سەرکاری ڕەزاشا بەدوای کودەتای ساڵی ١٢٩٩ی هەتاوی (١٩٢١ز) درێژەی کێشا. لەمەودوا شوێنەواری مەشرووتە بەهۆی ملهوڕی و دیکتاتۆڕیەتی ڕەزاشا سڕایەوە.

***

سەرچاوەکان:

١) ناسیۆنالیزمی ئێران (١٩٠٦-١٩١٤)، ئیسماعیل بازیار

٢) احسان طبری، ایران در دوران معاصر- جامعەی ایران در دوران ڕضاشاه، انتشارات حزب تودە ایران، ١٣٥٦، ص ١٨

٣) باقر مومنی، دین و دولت در عصر مشروطیت، چاپ اول، سوئد، ١٩٩٢ ص ١٠٨