
عەلی لەیلاخ
لەوانەیە هەموو کوردێک بۆ جارێکیش بووبێ ئەم شێعرەی مامۆستا "فایق بێکەس"ی وەبەرچاو کەوتبێ یان گوێی لێ بووبێ، کە دەڵێ: "کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە". لایەنی نێگەتیڤی ئەمەیە کە زیاتر بۆ دڵساردکردنەوەی خۆمان لە هەوڵنەدان و ڕەخنەنەگرتنی جیددی لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتن و شکستەکانمان بەکاری دێنین و، وەکوو تابڵۆیەکە بۆ ڕاوەستان و دەستەوەستانی کە چما "نەگەیشتن بە مەقسەد" قەدەڕێکی نەگۆڕ و چارەنووسی ئەبەدیی ئێمەیە.
بەڵام هەر لەو دێڕە شێعرەدا بە جۆرێک هۆکار و هۆکردی ئەم "نەگەیشتن " و پاشکەوتنەمان ئاماژەی پێدراوە کە زۆر جار لە بەرجەستەکردن و باسکردنی خۆمان دەبوێرین، ئەویش "نۆکەریی بێگانەیە"!
کەواتە بە خوێندنەوەیەکی هێرمێنیوتکیی ئەو دێڕە شێعرە، "نۆکەری" نەکردن بۆ "بێگانە" دەتوانێ ڕەمزی گەیشتنمان بە "مەقسەد" بێ! بە زمانی ساناتر هەرکات توانیمان زنجیری کۆیلایەتیی فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە "بێگانە و دژبەران" بپسێنین، ئەوە هەنگاوێکی مەزنمان هەڵێناوە بۆ گەیشتن بە سەرمەنزڵی ئازادی و، پێویست ناکات بۆ ئەو "گەیشتن"ە تا "ئەبەد" دەستەوەستان بین.
ئەگەر بمانهەوێ پێوەندیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەیەک لەگەڵ "بێگانەپەرەستی" بدۆزینەوە بێگومان ئەوە لە ڕەهەندی "خۆکەمزانینەوە" تێپەڕ دەبێ.
هەر ئەم "خۆبەکەمزانینە" کە لە واقیعدا نەخۆشییەکی دەروونیە، گەر لەگەڵ پرسێکی کۆمەڵایەتی لێکیبدەینەوە، دەتوانین باس لەو خەسارە ژێرپێستی و پڕکاریگەرییە بکەین کە "خۆبەکەمزانین" بەرەبەرە دەبێتە هۆی "خۆنامۆبوون" و، ئەمەش دەستپێکە بۆ قبووڵکردنی ڕۆانینی سەرەوە بۆ خوارەوە؛
واتە خۆت و کۆمەڵگەکەت، بچووکتر و سووکتر دەبینی لە " ئەویتر".
لەم پێوەندییەدا ئەم چەند خاڵە جێی سەرنجن:
لاساییکردنەوە و چاولەدەستبوون و نەبوونی ئیرادە
لە ڕوانگەی "خۆبەکەمزانینی نەتەوەیی"یەوە تۆ ئەکتەرێکی لاساییکەرەوەی "ئەویتری".
نەتەوەی باڵادەست بە کولتوور و مێژوویەوە، ئاوێنەیەکە بۆ خۆڕێکخستنی تۆ، بەو شێوەیە کە "ئەو" پێت دەڵێ، نەک خۆڕێکخستنت بۆ دژڕاوەستان یان خۆدوورگرتنت لە ئەو.
بە زمانی ساناتر نەتەوە ژێردەستەکان ئەگەر دەمارەکانی ئیرادە و شاییبەخۆکردنیان نەبزوێ، لە ڕاستیدا دیلکەوتووانێکن کە تەنانەت ستایشی زیندانوانەکان دەکەن و، لە ئەنجامدا بە زیندانێکی ڕازاوە و جارجاریش بە بزەی لێوەی زیندانوان دڵخۆش دەبن و، بەرەبەرە لەنێو فەرهەنگی باڵادەستدا، ئەگەریش بەتەواوەتی نەتوێنەوە، بەدڵنیاییەوە ناتوانن لە هەمبەریان بزۆز بن و، خەونی "سەرهەڵدان ژیانە" ببینن.
دەروونناسان هۆکارەکانی "خۆبەکەمزانین" بەتایبەتی بە کەشوهەوای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرێ دەدەنەوە بە نەبوونی باوەڕبەخۆبوونی تاکەکان و لاوازیی ئیرادەی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو تەوژمە داگیرکەرە.
بۆ نموونە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر جار شتەکان یان بەپێچەوانە یان گەورەتر لەوەی کە هەیە، پیشان دەدرێ و، ئەم وێناکردنە ناڕاستە، تاکەکان لە خۆیان و لە هەمبەر خۆیان دڵیان دادەمێنێ و، هەست بە نسک و داماوی دەکەن.
ئەمەش کاتێک کارەساتبارترە کە بەرۆکی هەستی نەتەوەیی ئێمە بگرێ و پێمان وابێ ئێمەی کورد نزمتر و ناشارستانیترین لەچاو نەتەوەکانی دیکە (بەتایبەتی لێرە مەبەست نەتەوەی سەردەستی فارسە).
شوبهاندنی کەسییەتی و کەسایەتییەکانی خۆت بە "ئەویتر"
کاتێک خۆت خوارتر لە "ئەویتر" پێناسە بکەی و ئەم هەستە ڕووخێنەرە بچێتە نێو مۆخی ڕوانگەی کۆمەڵگەوە، ئەمەی لێ شین دەبێ کە باشترین بژاردە و لێهاتووانی خۆت هەر لەگەڵ ئەوەی نەتەوەی سەردەست بەراورد دەکەی و، ڕەوایی خۆت لەوان وەردەگری.
سەیری ئەم نموونانە بکەن؛ بە "نالی" شاعیری کورد دەڵین "حافزی کورد"، بە فڵان پێشمەرگەی ئازا و چاونەترس دەڵین "گیڤارای کورد"، بە فڵان هەڵبەستوان دەڵین "فیردەوسی کورد"، بە فڵان ژنەنووسەر دەڵین" فرووغی کورد"، دەیان نموونەی دیکە کە بۆ تێڕامان دەبێ.
بۆچی تەنانەت لە بژاردە و سەرکەوتووەکانیش، هەر بنکەوتووانە خۆمان پێناسە دەکەین.
ئەم "نەیارشەیدایی"یە وای کردوە کە لە قوناخە گرینگەکانی مێژوودا، ئیرادەمان سست و لەرزۆک بێ و، نەتوانین ڕاشکاوانە مافەکانی خۆمان بچەسپێنن و تەنانەت لە هەندێک ڕووداوی چارەنوسسازی سیاسیدا پاشکۆیەتیمان پێوە دیارە.
ئێستاشی لەگەڵ بێ، هیچ دەستەبژێرێکی سیاسیی ئێمە لە دەرکەوتنی میدیا "غەیرە کوردەکان"دا، ئەو مافە بە "ماف" نازانێ کە داوای وەرگێڕ بکا، کە لەو ڕێگایەوە بیسەلمێنێ کە زمانەکەی ئەو چیتر ژێردەستەی نەتەوەی سەردەست نیە.
کارتێکەریی "خۆکەمزانین" لەسەر جڤاک و دوورەدیمەنی خەسارەکانی
لەم ڕۆژانەدا بەناوی "بلاگر" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە دەرفەت و تکنیکێکی لەبارە بۆ خۆزیندووکردنەوەی نەتەوەیی، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار خراپی بەکار دەهێنین و دەبێ وەکوو مەترسی و کەمایەسییەک قامکی رەخنەی لەسەر دابنێین.
دەبینین بەدەیان "بلاگر" بە جلی کوردی، بەڵام بە فارسی ڤیدیۆ بڵاو دەکەنەوە و بانگەشەی شار و ناوچەکانی کوردستان دەکەن.
ئەمە نابێتە بووژانەوەی بازار و گەشەی کەرتی گەشتیاریی لەکاتێکدا کە خۆت خاوەن خاک و ماڵ نیت، بەڵکوو هەم لە باری فەرهەنگییەوە لاساییکردنەوەیە، هەم بەپێی زانیارییەکان لەم ڕێگایەوە هەندێک لە باشترین زەوی و خانەباخ و خانووەکان، لە هەورامان و سنە و مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان فروشراون بە "غەیرە کوردەکان" و، خەڵکی کورد بوونەتە کرێکار و کاربەڕێکەری بەردەرکەی ماڵ و باخی "بێگانە".
ئەم دیاردەیە بەدەر لەوەی لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە کاریگەریی خراپی هەیە، لە باری دێموگرافییەوە تۆ خاکی خۆتت بە دەستی خۆت فروشتوە، کە سبەی بە ئاسانی بۆت ناکڕێتەوە! بەسەرهاتی فەلەستین و جووەکان هەتا ناوچەکانی باکووری ئێران، لەو بارەوە نموونەیەکی بەرچاون.
هەروەها بە پێی زانیارییەکان بەداخەوە بۆتە باو کە شایەر و گۆرانیبێژانی کورد لە شاییەکاندا پاش نیو ساعەت گۆرانی کوردی، لەهیچوخۆڕا دەست دەکەن بە وتنی گۆرانی فارسی و جاری وایە یەک میوانی فارسیشی لێ نەبووە و ئەم ڕەفتارە ناڕەوایە خەریکە لە زۆربەی شاییەکانی کوردستان جێ دەکەوێ. لە بیرمان نەچێتەوە کە "جێکەوتنی ئاکاری خراپ لە خودی ئاکارە خراپەکە، خراپترە".
هەروەها لە بواری دیزاینی جلوبەرگیشەوە ئەگەر سەرنج بدەین بە بیانووی نوێگەراییەوە خەریکی لاساییکردەنەوە و تێکدانی فۆرمی جلی کوردین و دەبێ دیزاینەر و بەرگدرووی ئێمە لەو مەترسییە ئاگادار بکرێنەوە کە نابێ فۆرم و شێوازی ڕەسەنی جلی کورد تێکبدرێ، بەڵکوو دەبێ فۆڕمە ڕەسەنەکان بە وردبینیییەوە بە ئەمڕۆیی بکرێ نەک دیزاینەکەیان، تێکدەرانە و لاساییکردنەوەی "بێگانە" بێ.
خۆبەکەمزانینی نەتەوەیی و ڕۆڵی نێگەتیڤی هەندێک لە ڕووناکبیران
لە هۆکاری "خۆبەکەمزانین"ی ئێرانییەکان دەگوترێ کە هەندێک رووناکبیر و "منورالفکر"ی فارسی "ئورووپادیتوو"، لە بنکۆڵکردنی ئیرادەی خەڵکی ئێران و خۆبەکەمزانینان ڕۆڵیان هەبووە و بە گوتەی کۆمەڵناس "حوسێن بەشیریە" "نەتەوەی شکست خواردوو و خۆبەکەمزان، هەر بەو جۆرە کە لە هەمبەر نەتەوەی زاڵ، هەست بە نسکۆ و داماوی دەکا، لە هەمانکاتدا بە گاڵتە و تیتاڵییەوە نەتەوەکانی دیکە دەچەوسێنێتەوە".
هەر بۆیە ڕۆژانە جیا لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لە لایەن ئاخێوەرانی "فەرهەنگ و زمانی سەردەست"ەوە بە دەیان جۆر شاهیدی بێڕێزیکردن بە نەتەوەکانی دیکەین.
بەداخەوە هاوشێوەی هەمان ڕەفتار لە کۆمەڵگەی ڕووناکبیریی کوردیش نموونەمان هەیە کە دەبێ ڕووناکبیری ئێمە بە وردییەوە سەرنجی بدات. نابێ لەژێر ناوی "فاشیستنەبوون" و "گڵۆباڵبوون"! مافویستی و هەر چەشنە ویستێکی نەتەوەییمان بخرێتە پەرواێزەوە. لەبنەڕەتدا ناسیۆنالیزمی کوردی پەرچەکردارێکە لە هەمبەر دەسەڵات و بیرۆکەی فاشیستیدا! بەگوتی "فێدریکۆ فێلینی" فیلمسازی ناسراو، کە لە دەزگای فاشیستیی مۆسۆلینی فیلمساز بووە، دەڵێ: "فاشیست" ئایدۆلۆژیا و بیرۆکە نیە، بەڵکوو تکنیکێکە کە دەبێ بەزۆریش بێ، "تۆ" لەگەڵ "من" بیت.
بزاڤی شوناسخوازانەی کورد تائێستا نەچۆتە خانەی فاشیستییەوە؛ چونکە کورد لە هەمبەر زۆرلێکردن وەستاوەتەوە، نەک بیهەوێ زوڵم و زۆر لە نەتەوەکانی دیکە بکا.
کەواتە ئەگەر هەوڵ نەدرێ بۆ پساندنی پەت و تەنافەکانی "خۆبەکەمزانینی نەتەوەیی"، بێگومان "بێگانەپەرەستی" لە هەموو ڕوانگە و ڕوانینی ئێمەدا پەرە دەستێنێ و کۆمەڵگەش لە هەمبەر چارەنووسی خۆی بێتەفاوت و خەمسارد دەبێ و، لە کۆتاییدا بە گوتنەوەی "کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد" هەر چاوەڕێی ڕزگاریدەر دەکا. قورسکردنی کۆی ئەم گرفتانەش لەسەر شانی حیزبە سیاسییەکان، واتە ڕاکردنی تاکبەتاکی کۆمەڵگە لە ئەستۆگرتنی ئەرکی نەتەوەیی خۆیان.
بەڵێ!
بۆ ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ "خۆبەکەمزانینی نەتەوەیی" دەبێ هەموو شوێن و جومگەکانی کۆمەڵگە، ڕۆڵی سەرەکییان هەبێ! لە نووسەر تا کاسبکار، لە "بلاگر" تا بازرگان و، لە رۆژنامەنووس هەتا تاکێکی ئاسایی کۆمەڵگە، خۆی بە تێکۆشەر و، شوێن و حاڵی ژیانیشی بە سەنگەرێک بزانێ بۆ داژداری کردن لە "کورد و کوردستان".
کە وامان بیر کردەوە چیتر گەیشتن بە "مەقسەد"ی ڕزگاری خەون نیە و، بەڵکوو ئاسۆیەکی نیزیک و ڕوونە.
ژێدەر:
دیوانی فایق بێکەس"ڤەژینبۆکس"
ماڵپەڕی هماندیشان
دیباچەای بر آسیبشناسی سیاسی حسین بشیریە