
لەکاتێکدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی باس لە پلان و بەڵگەنامەی "زانست تەوەرانە" بۆ ئەمنییەتی خۆراک دەکەن، ئامارە فەرمییەکانی خودی ڕێژیم دەریدەخات کە نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس لە ئێران بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن؛ ئامارێکی سەیر کە بە تایبەتی منداڵانی ناوچە پەراوێزخراوەکان دەگرێتەوە.
یەکێک لە سەرەتاییترین و هەرزانترین ڕێگاکانی باشترکردنی خۆراک، فراوانکردنی بەکارهێنانی نانی تەواوە، بەڵام ساڵانێکە بەهۆی ناکارامەیی بەڕێوەبەری و نەبوونی ئیرادەی سیاسی و داکۆکیی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەستاوە.
حەسەن ئیمامی ڕەزەوی، ڕاوێژکاری وەزیر و بەرپرسی شۆرای باڵای تەندروستی و ئەمنییەتی خۆراک لە وتوویژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ''فارس'' ڕایگەیاند، نانی تەواو کە سەبوسەکەی کەمتر لێ دەگیرێت و بەهای خۆراکیی زیاتری هەیە، لە ئێستادا تەنیا لە نزیکەی ٦٠٠ نانەواخانە لە سەرانسەری ئێراندا بەرهەم دەهێنرێت کە تەنانەت یەکێکیان لە تاران نییە.
بە وتەی ناوبراو، نانی بەڕبەڕی لە ئێراندا زۆرترین بەکارهێنەری هەیە، کەمترین ڕێژەی سەبوسی تێدایە و لە ڕووی بەهای خۆراکییەوە لە نزمترین ئاستدایە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم پێشنیاری کردووە کە خەڵک لەبری نانی بەڕبەڕی، سەنگەکی بخۆن؛ بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە هەژاری و بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخەکان ژیانی میلیۆنان ئێرانیی گەیاندووەتە لێواری برسێتی، ئەم جۆرە ڕاسپاردانە نەک چارەسەر نین کە وەبیرهێنانەرەوەی بۆشایی قووڵی نێوان بەرپرسانی ڕێژیم و ڕاستیی تاڵی سفرەی خەڵکن.