کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری: ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بیاڤی شوناسی کوردستانیدا، نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەیەکی زیندوو دەکەین

11:11 - 16 رەزبەر 2723

(دەقی قسەکانی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفرانسی "لەپێناو یەکگرتوویی  گشتگیر و دێموکراتیک" لە فرانکفۆرتی ئاڵمان)

 

خەڵكی ئازادیخوازی ئێران

حیزب و لایەنە سیاسییەکان

جێگای خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕوانگەی گشتیی بزووتنەوەی کوردستان و بەتایبەتیش ڕوانگەی ئەم حیزبە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی "هاوپەیمانیی گشتگیر"تان پێ ڕادەگەیێنم.

ڕوانگەی ئێمە بە سەرنجدان بە ئەزموونی دوورودرێژ و مێژوویی سەرەڕۆیی ئێرانی، لە بنەڕەتدا ئاراستەکەی بەرەو داهاتوویە. داهاتوویەک کە لەودا "ئێرانێکی تر"، بونیات بنرێ. ئێرانێک کە تێیدا ئیرادەکان دژی تەواویەتخوازی بە هەر چییەتی و قەوارەیەکەوە بن. ئێرانێک کە راستییەکانی نێو جوغرافیا سیاسییەکەی، جێگرەوەی ئەفسانە تەواویەتخوازانە کۆن و ئایینییەکان بن. ڕاستیگەلێک کە لەواندا، کۆمەڵگاکان، بەپێی ئێختیار و ئیرادەی خۆیان و وێڕای مافی یەکسان، پێکەوەبوون ئەزموون بکەن و شوناسیان بە فەرمی بناسن. وەبیر خۆمان دێنینەوە کە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەستێنێکی مرۆڤانە و دوورەدیمەنانەی نوێنەرایەتی دەکرد کە دەفرایەتی و توانای بنیاتنانەوەی ئێرانێکی جیاواز لە ڕابردووی هەیە، ئەویش گرێدراو بەو ناسین و تێگەیشتنە قووڵەیە کە لە گوتارە بونیادی و پێشکەوتوانەکاندا هەمانبێت.

ئەمڕۆ دێموکراسی وەک بەستنێکی سەرەتایی، توانای وڵامدانەوەی بە زۆربەی پرسیارەکان لەسەر شوناس هەیە. لە دۆخی ئێستاشدا، ئێمە وەک بزووتنەوەی ڕزگاریدەری کوردستان و هەروەها بزووتنەوەی شوناسخوازیی نەتەوە ژێر ستەمەکان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران، خۆمان لە بازنەیەکدا پێناسە دەکەین کە لەوێدا سیاسەتی دێموکراتیک و سەقامگیر و بنەڕەتیی داهاتووی ئێران، ژێربینای چارەسەرکردنی پرسەکان بێت نەک سیاسەتی حاشا و سەرکوت.

ئەوەیکە لە ئەسڵەکانی "هاوپێوەندیی گشتگیر"دا هاتووە، مافی مرۆڤ لە ئەسڵە بنەڕەتییەکانی وەها هاوپێوەندییەک لە داهاتووی ئێراندا دەبێ. ڕوانگەی ئێمە بەنیسبەت مافی مرۆڤ، ڕوانگەیەکی  پراکتیکییە. بە واتایەکی دیکە مافی مرۆڤ لە ڕوانگەی ئەو پلاتفۆرمی یەکگرتووییەوە، دەرهاویشتەی تێگەیشتوویی و ناسینێکە کە بەڕێوەبردنی گرینگتر لە گەڕانەوەی بۆ یاسای بنەڕەتیێکە کە ئەگەری هەیە دیاری بکرێت. چونکە دانپێدانان و بە فەرمی ناسینی فرەچەشنی بە ڕاستییەکی گرینگ دەزانین هەتا پرسێک کە دواتر و لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت.

بە فەرمی ناسینی ئێران وەک جوغرافیایەکی چەند نەتەوەیی پرسێک نییە کە لە داهاتووی ئێرانی ئازاددا و لە یاسای بنەڕەتیدا بەدوایدا بگەڕێین، بەڵکوو لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا، پرسێکی تەواو سروشتی و ئاشکرایە کە دانپێدانان پێیدا لە دۆخێکی تایبەتدا دەتوانێ بەردی بناغە و پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی باوەڕی کردەیی بە پرسەکانی مافی مرۆڤی و پرسی نەتەوەیی لە ئێراندا بێ.

 ئێرانی ئەمڕۆ لەسەر دوو پرسیاری نکۆڵیکردن دامەزراوە. لەلایەک ئازادی و مافی تاکەکەسیی مرۆڤەکان لەلایەن نیزامە دیکتاتۆرەکان لەو جوغرافیایەدا ڕەت کراوەتەوە و لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی شوناسخواز لەلایەن نیزامە تەک شوناسی_قەومییەکان بە گێڕانەوەی باستانی و ویلایەتمەدار و بە بیانووی تەواوییەتی ئەرزی و ئەمنییەتی نەتەوەیی، سەرکوت کراون. لێرەدا پرسێکی حەیاتییە کە وڵامێکی پێویستمان بۆ ئەمە هەبێ و چوارچێوەیەکی ڕوون و دوورەدیمەنێکی دیاریکراوی بۆ دەستنیشان بکەین.

 

بۆ دروستکردنی بەستێنێکی گۆڕان لەو دۆخە بەستوویەدا، هاوپێوەندیی لەو چەشنە هاوکات لەگەڵ قەبووڵی فرەچەشنی و زۆرینە و بنەجێکردنی، دەتوانێت ڕێگای کرانەوە بێت بۆ چارەسەریی دێموکراتیکی پرسە کەڵکەبووەکان لە ئێراندا. لە هەمان حاڵدا نابێ ئەو ڕاستییە لەبیر بکەین ئەویش ئەو بەرچەسپانەیە کە لەو هاوپەیمانییانە دەدەن. چونکە دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرماوەی بیرۆکەی تەواوییەتخوازی هەروا زیندوون تا هێز بدەنە فەزای حاشا و سەرکوت لە جوغرافیای ئێراندا.

بە هەر حاڵ ئەرکی ئێمەیە تا بە سینگ فراوانی، یەکیەتی، هاوئاهەنگی و هاوپێوەندیی زیاتر، وێنایەکی باشتر و عەقڵانیتر بە بیروڕای گشتی بدەین، وێنایەک کە نموونەی ئەومان لە مانگەکانی سەرەتای بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دیت. وێنایەک کە تەنیا لە دوای ئازادی و ڕزگاری لە تەواوییەتخوازی بوو. چونکە باوەڕ ئەوە بووە و هەیە کە دەتوانین لەگەڵ یەکتری بین و داهاتوویەکی جیاواز دروست بکەین. بۆیە سەرەتیی ئێمە لە دۆخی ئێستادا تەنیا خەبات و هاوپێوەندی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە بەڵکوو دانی پلاتفۆرمێکی گشتگیرە کە توانایی نوێنەرایەتی فرەچەشنیی نەتەوەیی و شوناسی ئەو جواغرافیا هەمەڕەنگەی هەبێ.

دۆستانی بەڕێز

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بیاڤی شوناسی کوردستانیدا، نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەیەکی زیندوو دەکەین. وێڕای پابەندبوون بە ئەسڵەکانی چەسپاو لەو یەکیەتییەدا، هێنانەدی و وەگەڕخرانی دێموکراسی لە داهاتووی ئێراندا گرێدراو بە یەکیەتیی کردەوەی لایەنەکانی ئازادیخواز و بە پێویستیی پرسی نەتەوەیی و دێموکراسی دەزانین. ئەوەیکە دەبێ پێی لەسەر دابگرینەوە ئەوەیە کە دێموکراسیی قووڵ و مافی مرۆڤ دەتوانێت تەنیا لەسەر ئەساسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک لەسەر پێ بێت و پرسیارەکانی وەک دەسەڵات، دادپەروەری، کەرامەت، مافی تاکەکەسی و نەتەوەیی بۆ کۆمەڵگەی شوناسخواز و ژێر ستەم لە ئێراندا بێ‌وڵام نەمێنێتەوە. وەها خوێندنەوەیەک دەتوانێ ئیمکان و خاڵێکی وەرچەرخان بێت بۆ کۆتایی بەخشین بە تەواویەتخوازی. بۆیە پێویستە کە بەرژەوەندیی بەرانبەرمان و هاوپێوەندیی گشتگیر و بەردەوام سەرمەشقی بیر و کردەوەی هەر کام لە لایەنەکان بێت تا بیسەلمێنین ئەگەر تاران، ئازەبایجان، کوردستان، سیستان و بەلووچستان، ئەحواز، تورکمەن سەحرا، مازەندەران و... لە سەر ڕێگا نەبن ئێران هەرگیز نابێتە گوڵستان.