کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بوون بە دانمارک" (getting to Denmark)

00:24 - 3 سەرماوەز 2723

ئا: ئەلبورز ڕۆئین تەن

ئاماژە: زۆربەمان ناوی فرانسیس فۆکایاما لە تێزە بەناوبانگەکەیمان لەسەر کۆتایی مێژوو بیستوە، بەڵام فۆکۆیاما چەندین لێکۆلینەوە و کتێبی دیکەی بە تایبەت لەسەر سیاسەت هەن کە گرینگیەکی تایبەتیان هەیە. یەکێک لەو کتێبانە "سەرچاوەی نەزمی سیاسی (The Origins of Political Order)"یە. لەو لێکۆلینەوە وێڕای لێکدانەوەی بنج و بنەوانی حکوومەت هەروەها چونیەتیی گەیشتن بە حکومەتی بەهێز و سەروەری یاسا؛ حکوومەتی وەڵامدەر لە شارستانیە جیاوازەکان شی کراوەتەوە. یەکێک لە بەشەکان باسی وڵاتی دانمارکی کردوە کە چۆن وڵاتی دانمارک بە هەبوونی دێموکراسییەکی پێشکەوتوو هەروەها دەوڵەتی خۆشبژێوی و یاساسەروەر دروست بووە کە لە زۆر بواردا نمونەیە و خاوەنی کەمترین ڕێژەی گەندەڵیی سیاسییە. چونکە بەردەوام ئەو باباتە لەژێر ناوی "چۆن بوون بە دانمارک" لە ژێر لێکۆلینەوەی لێکۆلەراندا بووە. هەروەها بۆ زۆربەشمان ئەو پرسیارە دێتە پێش چۆن دانمارکێکی وا دروست دەبێ؟ فرانسیس فۆکۆیاما لە لێکۆلینەوەکەیدا بەو شێوەی خوارەوە باس لە چونیەتیی دروست‌بوونی دانمارکێکی وا نمونە دەکا کە شایانی خوێندن و لێ فێر بوونە.

"بوون بە دانمارک" (getting to Denmark)*

یەکێک لە پرسەکانی میژووی ویگەکان ئەوەیە کە مێژووی ئینگلستان بۆ گەیشتن بە دێموکراسیی دەستوریی بە پارادایم وەرگرت. بەڵام دەکرا هەندێک وڵاتی دیکەی ئوروپایی بە نموونە بێنینەوە کە بە ڕێڕەوی دیکەشدا بە هەمان شوێن گەیشتن. هەر وەکو ئێمە کە لە سەرەتایی ئەو ڕیسالە درێژەدا سەبارەت بە پەرەپێدانی سیاسی پرسیمان چۆن دانمارک توانێ ببێ بە دانمارکێکی خاوەن سەروەریی یاسا، دێموکراتیک و خۆشگوزەران کە بەباشی بەڕێوە دەبردرێ و خاوەنی کەمترین گەندەڵیی سیاسییە لە جیهان. پێویستە شرۆڤەی بکەین کە چۆن ئەوە بەدی هاتووە.

ساڵی ١٥٠٠ دیار نەبوو کە دانمارک (یا هەر وڵاتێکی دیکەی ئیسکاندیناوی ) ڕێڕەوێکی جیاواز لە کۆمەڵگەکانی دیکەی ئورووپای چاخی نێوەڕاست دەگرێتە بەر. بەشێک لە چاودێران هەوڵیان داوە تا ڕیشەی دانمارکی ئێستا بگەڕیننەوە بۆ سەرەتای نیشتەجێبوونی وایکینگەکان لە ئیسکاندیناوی. بەڵام جیاوازیدانان لە نێوان ئەو عەشیرەتە مرڤکوژە و بەڕبەڕەکانی دیکەی ژێرمەن کە لە دوای کۆتایی ئیمپراتۆریی ڕۆما لە ئورووپا نیشتەجێ بوون ئەستەمە، تەنیا لەوەدا نەبێ کە وایکینگەکان لەجیاتی سواری هەسپەکان بەلەمی درێژیان بەکار دەهێنا.

پاشایەتیی دانمارک کە لە ڕەچەڵەکێکی کەونارەوە دەهات، لە سەدەی سێزدەیەمەوە لاواز بوو، چونکە بۆ دەرکردنی بڕیارنامەیەک پێویستی بە ڕاوێژ لەگەڵ پاڕڵمانی ئیلیتەکان هەبوو، هەروەها دەبوا هەندێک ئیمتیازی تایبەتی بە کلیسا دابا. ئابووریی دانمارک وەکوو شوێنەکانی دیکەی ئورووپا لەسەر بنەمای بیناسازی دانرابوو، هەر چەند هەڵکەوتەی دانمارک لە دەروازەی دەریای بالتیک و نزیکبوونی لە شارەکانی یەکیەتیی هانسیاتیک (Hanseatic League) وایکردبوو کە بازرگانیی نێونەتەوەیی ڕۆڵێکی گرینگی لە پێشڤەچوونی ئابووریی دانمارکدا هەبێت.

داوای شکستی یەکیەتیی کالمار کە بۆ ماوەیەکی کورت لە نێوەڕاستەکانی سەدەی پانزدە ئەسکاندیڤیاکانی یەک خستبوو، دانمارک وەک هێزێکی گرینگی فرەنەتەوە کۆنتڕۆڵی بە سەر نوروێژ، ئایسلەند، ناوچەکانی ئەڵمانی‌زمانی شلێسویگ (Shleswig) و هۆلستاین (Holstein) هەروەها ناوچەی ساوند (Sound) کە ئێستا دەکەوێتە ڕۆژئاوای سویددا هەبوو. ئەگەر تەنیا یەک هۆکار هەبێ کە وای لە دانمارک کردبێ کە ڕێرەوێکی جیاواز لە وڵاتانی دیکەی ئسکاندینیڤیا بگرێتە بەر ئەویش ڕەوتی چاکسازیخوانەی پرۆتێستان بوو.  هەر وەکوو بەشەکانی دیکەی ئورووپا مارتین لوتر ناسەقامگیرییەکی زۆری دروست کرد بووە هۆی ناڕەزایەتییەکانی درێژمەودای جەماوەری بەرانبەر بە کلێسای کاتولیک.

لە دانمارک بە هەندێک شەڕی نێوخۆیی ڕەوتی پرۆتێستانتی سەرکەوتنی بەدەست هێنا و کلێسای نەتەوەیی دانمارکی لوتریان لە سالی ١٥٣٦دا دامەزراند. ئەو سەرکەوتنە زیاتر لە دەرئەنجامی هۆکارە ئەخلاقیەکان بە هۆی هۆکارە مادییەکان بوون، چونکە پاشای دانمارک بەو شێوەیە دەرفەتێکی باشی بەدەست هێنا ببێتە خاوەنی ئەو داراییە بەرچاوەی کلیسا کە بە ٣٠ لە سەدی زەوییەکانی دانمارک بەراورد دەکرا. بەڵام کاریگەریی سیاسیی ڕەوتی پڕۆتستانیسم لە دانمارک خۆی لە هاندانی جوتیاران بۆ خوێندندا دەرخست. لوترانیسم باوەڕی قوڵی بەوە هەبوو کە خەڵکی ئاسایی توانای خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز و کەموکوڕییەکان یا ڕێنماییەکانی بچووکی لوتر لە سەر مەسیحیەتیان هەبێ، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دەستیان بە خوا بگا. لە سەرەتاکانی سەدەی شانزدەی کلێسای لوترانیسم لە هەموو گوندێکی دانمارک قوتابخانەی کردوە و قەشەکان خەڵکیان فێرە خوێندن و نووسینی سەرەتایی دەکرد. ئاکامی ئەو کارە ئەوە بوو لە سەدەی هەژدە جووتیارانی دانمارک و بەشێک لە ئیسکاندیناڤی بە ڕێژەیەکی بەرچاو خوێندەواریی باشیان هەبوو و دەیانتوانی خوێان لە چوارچێوەی چینی کۆمەڵایەتیی باشدا ڕێک بخەن.

جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەکانی ئەو سەردەمە زۆربەیان لە ئاکامی پێشکەوتنی ئابووری دروست دەبوون. ئەو ڕەوتە لە ئینگلستانی چاخەکانی نێوەڕاستیش کاتێک مافی خاوەندارێتی لەژێر کاریگەریی یاسای عورفی پەرەی پێ درا، بووە هۆی ئەوەی چینی جوتیارە بچووکەکان وەک توێژی چالاکی سیاسی دەربکەون. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە بەر لە سەدەی شانزدە ئەوە ئایین بوو کە دەبووە هۆی ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان. خوێندەواریی جوتیارەکان وێڕای ئەوەی بووە هۆی بەرەوپێشبردنی دۆخی ئابووریی خۆیان، بووە هۆی ئەوەی بتوانن پەیوەندی لەنێو خۆیاندا دروست بکەن و بەرنامەی سیاسی ڕێک‌بخەن.

ئەستەمە خەیاڵکردنی ئەو جیاوازییە زۆرەی نێوان گوندنیشینەکانی ئیسکاندیناڤی و ڕووسیە لە سەرەتای سەدەی نۆزدە، سەڕەرای ئەوەی کە لە ڕووی جوغرافییەوە لێک نزیکن.

بەپێچەوانەی ئەوەی لە ئینگلیس ڕووی دا، دێموکراسی نوێنەرایەتی بۆ پاراستنی دامەزراوەی فیوداڵی (پەڕلەمان) کە باش خۆی ڕێک‌خستبوو بۆ ئەوەی لەبەرانبەر دەوڵەتی ناوەندگەرادا ڕابوەستێ سەری هەڵنەدا. لە دانمارک دەوڵەتێکی خاوەن دەسەەڵاتی ڕەها بە بورۆکراسییەکی ئاڵۆز لە ساڵی ١٦٦٠ بە مەبەستی بەرگری‌کردن لە هێرشەکانی سوید دامەزرا. حکوومەتی دانمارک هەڵوەشایەوە و ئیتر هیچ پێکهاتەیەکی سیاسی نەبوو هەتا پاشایەتی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی باج ڕوخسەتی لێ‌وەرگرێت.

بەمجۆرە شۆڕشی گرینگی نێوان ساڵەکانی ١٧٦٠ تا ١٧٩٢ ڕووی دا، کاتێک پاشایەتیی ڕۆشنگەری دانمارکی قوناغ بە قوناغ یاسای کوێلایەتیی کە بە ستێڤنسباند (Stavnsbånd) دەناسرا سەرەتا لەو شوێنانەی لە دەسەڵاتی پاشایەتیدا هەبوو و دواتر بۆ هەموو خاوەن‌زەوییەکانی قەدەغە کرد، هەروەها ڕێی لە خاوەن‌زەوییەکان گرت لە سزادانی جوتیاران بە مەبەستی سوکایەتی پێکردن وەک سزای شەلاق‌لێدانی جوتیاران لەسەر ئەسپی دار. جوتیاران مافی دەنگدانیان نەبوو، بەڵام دەیانتوانی ببنە خاوەنی زەوی و هەروەها بازرگانی لەسەر بنەمایەکی یەکسان بکەن.

پاشایەتیی دانمارک دیتی کە ئازادیی جوتیارەکان دەرفەتێکە بۆ لاوازکردنی خاوەن زەوەییە گەورەکان کە بەتوندی دژی چاکسازییەکان بوون. ئازادکردنی جوتیاران وای دەکرد ئەوان ڕاستەوخۆ بخاتە خزمەتی سوپایەکی نەتەوەیی. ئایدیاکانیش گرینگ بوون. سەرمایەی نەتەوەکانی ئادام سمیتس لە ساڵی ١٧٧٦ بڵاو بۆوە کە دەیسەلماند جوتیارە خاوەن‌زەوییەکان دەتوانن بەرهەمی زیاتر و باشتر لە ئەو کوێلانەی کە ئازاد نین بەرهەم بهێنن. بەڵام ئەو ڕاستییە گرینگ بوو کە جوتیارەکان خویان بە چونەسەری پەروەردە و ڕێکخستنەکان ئامادە بوون کەڵک لە دەرفەتی ئازادیی ئابوری وەربگرن بۆ ئەوەی بەرەو پڕۆژەی بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمهێنان وەک پەرەپێدان خۆراک بڕۆن.

هۆکاری دووهەم کە ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو لەوەی دێموکراسیی مۆدێڕنی دانمارک بێتە دی لایەنی دەرەکی بوو. دانمارک لە کۆتایی سەدەی هەژدە بە زلهێزێکی فرە نەتەوەی مامناوەند هەژمار دەکرا.دانمارک  لە ئاکامی شەڕی ناپیلۆن (ساڵی ١٨١٤) نوروێژی لەدەست دا. بڵاوبوونەوەی ئایدیاکانی پەیوەندیدیدار بە شۆڕشی فرانسە لە سەرەتای دەیەکانی سەدەی نۆزدە ئاڵۆزی سیاسیی لێ‌کەوتەوە و، لە لایەک بووە هۆی وروژاندنی ویستەکان ل سەر بنەمای چینایەتی چینی جووتیار و بورژوازی بۆ بەشداریی سیاسی، لەلایەکی دیکە بووە هۆی وروژاندنی ویستی داننان بە ویستیە نەتەوەییەکان لەنێو کەمینەی ئەڵمانی‌زمانی دانمارک.

پڕۆسییەکان ئەو پرسەیان بە ستاندنەوەی ناوچەی ئەلمانی‌زمانی شلسویگ (Schleswig) و هولستاین (Holstein) لە ئاکامی شەڕیکی کەم‌ماوە بەڵام چارەنوسساز لە ساڵی ١٨٦٤ لە دانمارک چارەسەر کرد.  بە شەوێک دانمارک بووە وڵاتێکی بچووک، وەک یەک (یەک نەتەوە) کە بە زۆری بە زمانی دانمارکی دەدوا و دەرکەوت کە دەبێ لە سنووری وڵاتێکی بچووک لەگەڵ یەک بژین.

ئەوە بەستەری چونیەتیی هاتنە ئارای دێموکراسی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و هەروەها سۆسیال دێموکراسی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دروست کرد. جووڵانەوەیەکی سیاسی کە لەسەر بنەمای جوتیاران کە ئیلهامی لە هزری قەشە و زانای بواری پەروەردە وەک نیکۆلای فردریک سڤرین گروندتویگ (N.F.S. Grundtvig) وەرگرتبوو دروست بوو، کە سەرەتا وەک جووڵانەوەیەکی چاکسازیی ئایینی جودابوونەوەی خۆی لە کلێسای لوتر ڕاگەیاند و دواتر لە سەرانسەری وڵات قوتابخانەی دامەزراند.

دوای ئەوەی پاشایەتیی دەستوری لە ساڵی ١٨٤٨ بە دەسەڵات گەیشت جووڵانەوەی جوتیاری و لیبراڵە نەتەوەییەکان نوێنەرایەتیی ڕاستەوخۆی بۆرژوازیان بۆ بەشداریی سیاسی دەکرد، کە بووە هۆی ئەوەی لە ساڵانی دواتردا مافی دەنگدان بە دەست بێنن.

دەرکەوتنی دەوڵەتی خۆشبژێوی دانمارک لە سەدەی بیستەم سەرووتر لە باسی ئەو بڕگەیە، بەڵام سەرەئەنجام کاتێک بەوە گەیشتن، کە جووڵانەوەکەیان تەنیا لەسەر بنەمای چینی کرێکار نەبوو، بەڵکوو لەسەر بنەمای خەباتی چینی جووتیاریش بوو. ئەو پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەش کە هاتبووە ئاراوە لە ئاکامی پەرەپێدانی ئابووری نەبوو، بەڵکوو بە هۆی چاکسازی ئایینیەوە بوو.

پێشکەوتنی دێموکراسی و ئابووریی مودێڕن لەسەر بنەمای بازاڕ بە توندوتیژی و ململانێیەکی زۆر کەمتری لەوەی ئینگلستان هەبوو هاتە ئاراوە کە لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ فەڕانسە و ئیسپانیا و ئەڵمانیا هەر بەراورد ناکرێت. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی دانمارکی مودێڕن دروست بێت، دانمارکییەکان چەند شەڕیان لەگەڵ درواسێکانیان لەوانە سوید و پڕۆس کرد، هەروەها چەند توندتیژی و شەڕی نێوخۆیی لە سەدەی هەڤدە و نۆزدەدا دروست بوون، بەڵام هیچ جوڕە شەڕی نێوخۆی درێژ ماوە، دەست بەسەرداگرتنی زەوییەکان، ستەمگەرییەکی ڕەها، یا هەژارییەکی زۆر کە لە ئاکامی شۆڕشی پێشەسازیدا درووست ببێت ڕووی نەدا و هەروەها میراتی شەڕی چینایەتیشی نەبوو.

ئایدیاکان لە چونیەتیی بوون بە دانمارک گرینگ بوون، نەتەنیا لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیی لوتری و گروندتویگی بەڵکوو بیرۆکەی ڕۆشنگەری لە بارەی مافەکان و دەستوری‌بووونی وڵات لەلایەن بەشێکی بەرچاوی پاشاکانی دانمارک لە سەدەی هەژدە و نۆزدە پەسند دەکران.

سەرهەڵدانی دێموکراسی لە وڵاتی دانمارک پڕە لە ڕوودا و ئەگەری مێژوویی و دۆخی تایبەت کە ناتوانرێ لە شوێنێکی دیکە کۆپی بکرێت. دانمارکییەکان بە ڕێگایەکی زۆر جیاوازتر لە ئینگلستان بۆ گەیشتن بە لیبرال دێمۆکراسیی مودێرن ڕۆیشتن، بەڵام هەردوکیان بە شوێنێکی وا گەیشتن کە زۆر لێک دەچێت. لە هەر دووک وڵات لە بارەی هەبوووی دەوڵەتێکی بەهێز، سەروەریی یاسا، و وەڵامدەربوونی حکومەت پێشکەوتنی جیدیان بە دەست هێناوە. ئەوەی ئاشکرایە ڕێگای زۆر جیاواز هەن بۆ "بوون بە دانمارک"

***

*) ئەو بەشە لە لایەن ئامادەکاری ئەو بابەتە لە ئینگلیسەوە بۆ سەر کوردی وەرگێڕدراوە