
مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا
(سەڵتەنەتی ڕەزاشا و یەک وڵات-یەک نەتەوە)
مستەفا مەولوودی
پراکتیزەبوون و موتوربەکردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە چوونە سەر تەختی پاشایەتیی ڕەزاخان دەستی پێ کرد(١٩٢٥ز). ناسیۆنالیزمێک کە تا ئەوکاتە لە چوارچێوەی تیۆریدا مابۆوە، ڕەزاشا بەکردەوە هەوڵی دەدا بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجەی ڕووناکبیرانی ناسیۆنالیزم تیۆریزەیان کردبوو. ناسیۆنالیزم وەکوو میراتێكی ڕۆژئاوایی زۆر لەوە پێش گەیشتبووە ئێران و خودی ڕەزاخانیش کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئەو ئەتمۆسفێرە و وەکوو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ناسیۆنالیستیی ئەوکاتی ئێران خاوەنی مەیلی ناسیۆنالیزمی توند بوو. هەربۆیەش کاتێک لە ساڵی ١٩٢١ی زایینی بە کودەتا دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، زۆرێک لە لاوانی چالاکای بواری سیاسی و ژمارەیەک لە شاعیران و وتارنووسانی ڕۆژنامەکان کە لایەنگری ناسیۆنالیزمی ئێرانی بوون بە گەرموگوڕیی زۆرەوە پێشوازییان لێ کرد.
ئامانجی ڕەزاشا دامەزراندنی دەوڵەتێکی مۆدێرن و یەکگرتووی ناوەندی بوو، و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش ڕێگەچارەی لەسەر بنەمای دروستبوونی یەک نەتەوە و یەک زماندا دۆزییەوە. ئەمەش واتە «نەتەوەسازی و یەکڕەنگکردنی کولتووری» کە تەنیا لە ڕێگەی تواندنەوە و ئاسیمیلەکردنی نەتەوەکانی غەیرە فارس لە نەتەوەی فارسدا وەدی دەهات. ڕێبازێک کە بە بەکارهێنانی ئامراز و ئەهرۆمەکانی دەسەڵاتی خۆی، واتە سوپا و بۆرۆکراسییەکی لە حاڵی پەرەسەندندا بەڕێوە دەچوو.(١) لە گرنگترین ڕیفۆرم و هەنگاوەکانی ڕەزاشا بۆ گەیشتن بەم ستراتیژییە دەتوانین ئاماژە بەو تەوەرانە بکەین:
ڕەزاشا بەمەبەستی سێنترالیزەکردنی دەسەڵات، ئاڵوگۆڕێکی زۆری کرد لە دابەشکردنی ئیدارەی وڵاتدا. هەر بۆیە دابەشکردنەکانی پێشووی ئیدارەی وڵاتی بەگشتی هەڵوەشاندەوە و لە شوێن ئەیالەتەکانی پێشوو «ئۆستان» پێک هات کە لە بابەت پێوەر و سنووری دەسەڵاتەوە لەگەڵ ئەیالەتەکانی پێشوو جیاوازییان هەبوو.
بەپێی یاسای نوێی دابەشکردنەکان، وڵاتی ئێران بە ١٠ پارێزگا و ٤٩ شارستان و ٢٩٠ بەخش دابەش دەبوو. هەر بەخشێک لە چەندین دەهێستان پێکدەهات. ئوستاندار و فەرماندار ڕاستەوخۆ لەلایەن پادشاوە دیاری دەکران و کەسایەتییەکانی خۆجێیی لە وەرگرتنی ئەو پۆستانە بێبەش دەکران. ئەو دەیویست بەم جۆرە وا بنوێنێ کە ئەو یەکە نوێیانە بە ناوی نوێ دامەزراون، بەڵام مەبەستی لەنێوبردنی یەکجاری هەستی کەسایەتیی خێڵەکی، گرووپی و ناوچەیی بوو. لەو دابەشکردنە ئیدارییەدا، سنووری هێندێک ئوستان تەواو لەسەر بنەمای ئامانجی ستراتیژیکی دەوڵەت دیاری کرابوون. بۆ وێنە بەشێک لە کوردستان وەسەر ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا خرا(٢). لەنێوبردنی پێگەی حەیاتی هەر چەشنە جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی، بە سیاسەتی ئابووریی ڕەزاشا وەدی دەهات. ئەو تارانی کرد بە ناوەندی بازرگانی و ئابووریی ئێران. دەوڵەتی ناوەندی کۆنترۆڵی بازرگانی دەرەکی، مۆنۆپۆلی بازرگانیی قەند، شەکر، تووتن و تەنباکۆ و تلیاکی لەئەستۆ گرت. کڕینی پێداویستییەکانی دەوڵەتی لە تاران ئەنجام دەدرا و پێداویستیی شارەکان لە تارانەوە ڕەوانە دەکرا.
دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی بەسەر ناوچە هۆزنشینەکان و ملکەچکردنیان بۆ شا، گرینگیی تایبەتی هەبوو و لە ڕیزی پێشەوەدا بوو. عەشیرەتەکان سەرکوت و چەک کران و ناوچەکانیان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی سوپا. بێجگە لەمە عەشیرەتەکان کۆچ پێ دران تا لە مەترسییان بۆ داهاتوو کەم بکرێتەوە. ئەو سەرۆک عەشیرەتانەی لە بەرانبەر ڕەزاشادا بەربەرەکانییان دەکرد، چارەنووسیان لەسێدارەدان، زیندان و دوورخرانەوە بوو. کۆچپێکردنی دەیان هەزار کەس لە حەشیمەتی ئێل و عەشیرەت و بەزۆر نیشتەجێکردنیان لە شوێنێکی دایمیتر، زۆر کارەساتی لێ کەوتەوە، بۆ نموونە لە کوردستان جەلالییەکانی لە باکوور دوور خستەوە، گەلباخییەکانی لە کرماشانەوە بۆ ئیسفەهان و هەمەدان و یەزد ڕاگواست و خەڵکی تورکزمانیان لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ کرد. «توورەج ئەتابەکی» بە گێڕانەوە لە «لەمبتۆن « (LAMBTON)دەڵێ: لە دۆخێکی بێبەزییانەدا دەیان هەزار کورد لە مازەندەران و خوراسان (باکووری ئێران) و ئیسفەهان و یەزد (ناوەندی ئێران ) نیشتەجێ کران. ئازەربایجانییەکانیان بۆ کوردستان پاڵ پێوەنا، لە کاتێکدا کە لوڕ و بەختیارییەکان بەزۆری لە ناوچەکانی ناوەند و باشووری ئێران نیشتەجێ کران.(٣)
دەوڵەتی مۆدێرنی ڕەزاشا تەنیا بە ملکەچپێکردنی ئێل و عەشایرەکان ڕازی نەدەبوو، بەڵکوو جەختی لەسەر «یەکگرتوویی نەتەوەییش» دەکردەوە. «یەرواند ئابراهامیان» دەڵێ: سیاسەتەکانی ڕەزاشا سەبارەت بە هۆز و عەشیرەکان لەگەڵ ئاواتی گۆڕینەوەی ئیمپراتۆریای چەند قەومی بۆ دەوڵەتێکی یەکە و خەڵکێکی یەکدەست و یەک قەوم، یەک زمان، یەک کولتوور و یەک دەسەڵاتی سیاسی، بە تەواوی پێوەندیی هەبوو.»
ڕەزاخان هەر لە ساڵی ١٩٢٠ی زاینییەوە کە لە ڕێگای کودەتاوە بوو بە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و دوایی وەزیری شەڕ و دواتر سەرۆکوەزیران و تەنانەت ئەوکاتەی کە بوو بە شای ئێرانیش ساتێک لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ سەرکوتکردنی دەسەڵاتە ناوچەییەکان و سێنترالیزەکردنی دەسەڵات ڕانەوەستا. دەکرێ ئاماژە بە هەندێک کاری ڕەزاخان لەو پێوەندییەدا بکەین:
١-کۆلۆنێل محەممەد تەقیخان/ لە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی (١٩٢١)ی زایینیدا کۆلۆنێل محەممەد تەقیخان بە وەڕێخستنی شۆڕشێک لە خۆراسان و گرتنی شاری مەشهەد ئیدارەی ئەو هەرێمەی بەدەستەوە گرت. ئەو هەوڵی دا بە چاپی دراوی تازە لە خۆراسان و تەیارکردن و ڕێکخستنی سوپایەکی ٤٠٠٠ کەسی بە هاوکاریی میرزا کوچکخان هێرش بکاتە سەر تاران. بەڵام بە پیلانی ڕەزا خان ئیل و هۆزە خۆجێییەکانی وەک «بیرجەندییەکان، باخزرییەکان، ئەفغانییەکانی بەربەری و تەیموورییەکان»(٤) یەکدەست کران و لەگەڵ کوردەکانی قوچان سوپای کۆلۆنێل محەممەد تەقی خانیان لەو ناوچەیەدا تێک شکاند و بۆخۆشیان کوشت.
٢- میرزا کوچەکخان/ پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و هەبوونی هێزەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە باکووری ئێران هەلومەرجێکی وا ڕەخسابوو کە میرزا کوچەکخانی جەنگەڵی بتوانێ لەو ناوچەیە هێزێکی گونجاو و تەیار کۆ بکاتەوە و ببێت بە حاکمی ئەو مەڵبەندە. بەڵام ڕەزاخان بە یارمەتیی سوپای قەزاق هێرشی کردە سەر هێزەکانی کوچکخان. زیاتر لە ٦٠٠ کەسی لێ کوشتن و لە ماوەیەکدا تەفروتوونای کردن و مەڵبەندەکەی خستە ژێر کۆنتڕۆڵ و ڕکێفی هێزەکانی ئێرانەوە کە خۆی فەرماندەیان بوو. میرزا کوچەکخان بەناچاری پەنای بۆ دارستان برد و لە ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٠٠ی هەتاوی (١٩٢١)ی زایینی لە سەرمان ڕەق هەڵات.
٣- سمکۆی شکاک/ ڕەزاخان پاش تێکشکانی کۆلۆنێل محەممەدتەقیخان و میرزا کوچەکخان چەند جار هێرشی کردە سەر سمکۆخان (سمایل ئاغای شکاک)، بەڵام نەیتوانیبوو سمکۆخان بەچۆک دابێنێ، چونکی سمکۆخان هەلومەرجێکی بۆ ڕەخسابوو تا خۆی بەهێزتر بکات و هەژماری چەکدارەکانی زیاتر بکاتەوە.
ڕەزاخان بۆ لەنێوبردنی سمکۆخان پێویستی بە کاتی زۆرتر و هێزی کارامە و پۆشتەوپەرداختر هەبوو. بۆیە زۆر بەپەلە کەوتە کار و لە ماوەی سێ مانگدا توانی سوپایەکی ٥٠٠٠ کەسی ئامادە بکا. مانگی گەلاوێژی ١٣٠١ی هەتاوی (١٩٢٢ی زایینی) هێزەکانی ڕەزا خان هێرشیان کردە سەر سمکۆخان و توانییان پاش شەڕێکی قورس سمکۆی شکاک ناچار بە پاشەکشە بۆ خاکی عوسمانییەکان بکەن و ئەمەش بۆ ڕەزاخان سەرکەوتنێکی یەکجار گەورە بوو. بەڵام ئەو سەرکەوتنەی ڕەزاخان بەسەر سمایلئاغای شکاکدا زۆری نەکێشا و سمکۆ توانی بگەڕێتەوە و هەموو ناوچەکانی باکووری کوردستانی ئێران بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و سەربەخۆیی ڕابگەیەنێ و بەرنامەیەکی گشتی کە داخوازەکانی جووڵانەوەی گەلی کوردی تێدا فۆرمۆلە کرابوو لە ورمێدا بڵاو بکاتەوە. سمکۆ بۆ یەکخستنی نەتەوەی کورد ساڵی ١٩٢٣ی زایینی چوو بۆ سلێمانی و چاوی بە شێخ مەحموود کەوت و هەوڵیان دا پێکەوە جووڵانەوەی کورد لە هەر دوو وڵات ڕێک بخەن و ئامانجەکانیان یەکگرتوو بکەن.
«جووڵانەوەی سمکۆ لە ساڵی ١٩٢٠ی زایینییەوە هەتا ساڵی ١٩٣٠ی زایینی درێژەی هەبوو و ببوو بە کۆسپێک لەسەر ڕێگای ڕەزاخان کە دەیهەویست دەسەڵاتێکی بەهێزی مەرکەزی لە ئێراندا پێک بێنێ. بۆیە پاش دانانی پیلانێک لە ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٠٩ی هەتاوی (١٩٣٠ زایینیدا) سمکۆ لەلایەن سەرهەنگێکی لەشکری ئێرانەوە بۆ وتووێژ بانگ کرایە شاری شنۆ و ناجوانمێرانە کوژرا.»(٥)
٤- شێخ خەزعەل/ ڕەزاخان پاش سەرکوتی خانەکانی باکوور و پاشەکشە پێکردن بە سمکۆی شکاک بۆ خاکی تورکیەی ئەمڕۆ، کەوتە پیلان داڕشتن بۆ سەرکوتی قەشقاییەکان لە فارس و بەختیارییەکان لە ناوەند و باکوور و ڕۆژئاوا و عەشایری عەرەب لە خووزستان. بەڵام ملکەچپێکردنی شێخ خزعەل حوکمڕانی بە مانای ڕاستەقینەی خوزستان زۆر ئاسان نەبوو، چونکە بریتانییەکان دۆستی زۆر نزیکی شێخ خزعەل بوون و شێخیش پارێزەری بەرژەوەندییەکانی بریتانیا بوو لەو مەڵبەندە. بە واتایەکی دی هۆکاری بەهێز بوونی شێخ و حوکمڕانییەکەی لەو ناوچەیە دەگەڕایەوە بۆ سیاسەتی قازانجخوازانەی بریتانیا لە ئێران. ئەوە بوو کە شێخ لە ساڵی ١٢٩٢ی هەتاوییەوە (١٩١٣ زایینیی) لە دانی ماڵیات بە حکوومەتی ناوەندی خۆی پاراستبوو بەو بیانوویە کە بۆ پارێزگاریکردن لە باشوور خەرجی کردوە. ڕەزاخان بە دایم لە دەرفەت دەگەڕا بۆ ئەوەی هێز بنێرێ بۆ باشووری ئێران و مەسەلەی بەختیارییەکان و شێخ خزعەل چارەسەر بکا. بەڵام بریتانیا ئیزنی بە ڕەزاخان نەدەدا بەدژی شێخ هیچ دژ کردەوەیەک ئەنجام بدات.
ساڵی ١٩٣٣ی زایینی ڕەزاخان لە ڕێگای لۆرین (نوێنەری نیزامی بریتانیا) و هاوارد (ڕاوێژکاری کاروباری ڕۆژهەڵات لە باڵوێزخانەی بریتانیا) باڵوێزخانەی بریتانیای ئاگادار کردوە کە سوپای ئێران ئیسفەهانی بەجێ هێشتووە و بەرەو باشوور کەوتۆتە ڕێ. بریتانییەکان زۆریان هەوڵ دا بەر بە هاتنی سوپای دەوڵەت بگرن بۆ باشووری ئێران. بەڵام ڕەزا خان جوابی نەدانەوە و پێی ڕاگەیاندن کە ئەو کارە بە ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیران کراوە و هەموو ئەندامانی کابینەش لەسەر ئەو لەشکرکێشییە هاودەنگن.
نزیک بە دە ڕۆژ پاش ئەو هەوڵە و دیداری قەوام، سەرۆکوەزیرانی ئێران و ڕەزاخان، وەزیری شەڕ لەگەڵ هاوارد، هێزەکانی ئێران لە کۆهگیلوویە لە کێوی مروارید لە نزیک «شلیل» لەلایەن لوڕەکانەوە هێرشیان کرایە سەر و نزیک بە ٤٠ سەربازیان لێ کوژرا و زیاتر لە ٢٠ کەسیان لێ بریندار کرا و چەک و تفاقێکی زۆری جەنگییش کەوتە دەست لوڕەکان. لە قشوونی ئێران ئەوەی بە سڵامەت دەرچووبوو، گەڕایەوە ئیسفەهان. ڕەزاخان دڵنیا بوو کە بەختیارییەکان ئەو کەمینەیان لە نزیک شلیل بۆ هێزەکانی ئێران داناوەتەوە. بریتانییەکانیش دەیانزانی ئەو کردەوەیە شوێنەواری قورس و گرینگی بەدواوە دەبێ. هیچ گومانێک نەبوو کە ڕەزا خان کۆڵ نادات و هێز دەنێرێ بۆ ناوچە نەوتییەکانی باشوور و هێزی خۆی دەسەپێنێ و کۆتایی بە فەرمانڕەوایی شێخ خزعەل دێنێت و کاری ئەویش تەواو دەکا و درەنگ یان زوو تۆڵە لە بەختیارییەکان دەکاتەوە.
سیاسەتمەدارانی بریتانیا دەیانزانی زاڵ بوون بەسەر باشوور و باشووری ڕۆژاوای ئێران لەڕاستیدا بە مانای کۆنتڕۆڵکردنی شێخنشینەکان و بەگشتی مێزۆتامیایە. هەربۆیە دڵنیابوون کە ڕەزاخان لە دوای پاشەکشێپێکردن بە سمایل ئاغای شکاک (سمکۆ) بۆ وڵاتی تورکیە ئەیەوێ هەموو خاکی وڵات بخاتە ژێر ڕکێڤ و هێزی ڕاستەوخۆی سوپاکەی و ئەوەشیان دەزانی تووشی شەڕ لەگەڵ عەشایری باشوور بەتایبەت بەختیارییەکان دەبێ و لەڕاستیدا ئەوەی لەو شەڕەدا سەردەکەوێ ڕەزاخان و سوپای ئێرانە؛ بۆیە پێویستە بریتانیا چاو بە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عەشیرە و هۆزەکانی ناوچەکەدا بخشێنێتەوە.
لە ڕاپۆرتێکدا لۆرین، ڕاوێژکاری نیزامیی بریتانیا کە بۆ کاربەدەستە پایەبەرزەکانی ئەو وڵاتە بەرزی کردبۆوە، کورت و ساکار جەخت لەسەر دوو ڕوانگەی سیاسی دەکاتەوە: «ئێرانی بەهێز و سەقامگیر، سێنتڕاڵ (متمرکز) هیچ کات بۆ بەرژەوەندیی بریتانیا مەترسیی نابێت، بەڵام ئێرانی لاواز و بێهێز و ئاڵۆز لەژێر نفووزی مۆسکۆدا دەتوانێ جێگای نیگەرانی بێت».(٦)
لۆرێن دوای ماوەیەک لەو شکانەی هێزەکانی ئێران لە نزیک شلیل، لەگەڵ ڕەزاخان پەیوەندیی گرتەوە و دەیهەویست کارێک بکات کە ڕەزاخان تۆڵەی ئەو شکستە لە بەختیارییەکان نەکاتەوە. ڕەزاخان لۆرینی دڵنیا کرد کە هیچ دوژمنایەتییەکی تایبەتیی لەگەڵ شێخ خزعەل نییە و هەتا ئاکامی لێکۆڵینەوەش لەسەر شەڕی شلیل ڕوون نەبێتەوە، هیچ دژکردەوەیەک بەدژی بەختیارییەکان ئەنجام نادات.
شەش مانگ دواتر ڕەزاخان لۆرینی ئاگادار کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان تەواو بووە و بەڵگەی نووسراوی لە دەستدایە کە بەختیارییەکان دەستیان لە ڕووداوی شلیلدا هەبووە. بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسار و زیانەکانی ئەو ڕووداوە ٤٨٠٠٠ تمەن لە بەختیارییەکان داوا دەکا و ئەگەر وەڵامی نەدەنەوە هێرش دەکاتە سەر بەختیارییەکان.
لە دانیشتنێکدا کە لە ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی (١٩٢٣ی زایینی) کە لە نێوان ڕەزاخان و لۆرین کرا، ڕاوێژکاری نیزامی بریتانیا قەناعەت بەوە دێنێ کە ڕەزا خان بەختیارییەکان تەمبێ بکات. بەڵام بریتانیا ڕازی نابێت دەسەڵاتدارەتی و قەڵەمڕەوی فەرمانڕەوایی شێخ خەزعەل هێرشی بکرێتە سەر و بەرژەوەندیەکانی بریتانیا لەو مەڵبەندە بکەوێتە مەترسییەوە. ڕەزاخان جارێکیتر لۆرین دڵنیا دەکاتەوە کە بەرژەوەندییەکانی بریتانییەکان لەو ناوچەیە دەپارێزێ و لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی شێخ خزعەلیش سەبر دەکا بەڵکوو بتوانێ بەبێ ناردنی هێز چارەسەری کێشەکە بکات..
هەتا ساڵێکی دیکەش ناکۆکیی بیروڕا لەسەر مەسەلەی شێخ خزعەل لەنێوان بریتانیا و ئێران و بەتایبەت خودی ڕەزاخاندا درێژەی کێشا تا لە خەرمانانی ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی (١٩٢٣ی زایینی) هۆزەکانی قەشقایی تەقەیان لە فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتی ئەیالەتی فارس کرد. ئەمە پێگەی بریتانیای تا ڕادەیەک خستە مەترسییەوە. لەبەر ئەوە کە کۆمپانیای نەوتی فارس دەستبەجێ داوای هێزی بۆ تەمبێکردنی قەشقاییەکان لەو ناوچەیە کرد. هەروەها ئاڕنۆڵد ویڵسن، سەرۆکی گشتی پاڵاوگەی ئابادان داوای لە دەوڵەتی ئێران کرد بەرپرسایەتیی ئەو ڕووداوە بگرێتە ئەستۆ و قەرەبووی زیانی ماڵیی ئەو کۆمپانیایە بکاتەوە. لە کۆتاییدا ڕەزاخان بە هەر شێوەیەک بوو شێخ خەزعەلی بە بیانووی شکایەتی وەزارەتی دارایی ڕاکێشی تاران کرد و لە ماڵی تایبەتی دەستبەسەری کرد هەتا بە مەرگی سروشتیی خۆی مرد و بەمەش سەرئێشەی شێخ خەزعەل لەکۆڵ ڕەزاخان بۆوە.
***
سەرچاوەکان:
١) ئیسماعیل بازیار، کورد و کودەتایەک، گۆڤاری «تیشک»، ژمارە ١٢، ساڵی ٢٠٠٢.
٢) یرواند آبراهامیان، ایران بین دو انقلاب، ترجمە محمدی و محمد ابراهیم فتاحی ولیایی، نشر نی، چاپ نهم، تهران ١٣٧٧، لاپەڕەی ١٧٨
٣) پیتر اوری، تاریخ معاصر ایران از تاسیس سلسلە پهلوی تا کودتای ٢٨ مرداد ١٣٣٢، ترجمە محمدرفیع مهرآبادی، جلد دوم، چاپ سوم، تهران ١٣٦٧
٤) سیروس غنی ، «ایران، برآمدن ڕضاخان، برافتادن قاجار و نقش انگلیسها»، ترجمە حسن کامشاد، تهران، نیلوفر ١٣٧٧، ص٢٦٢
٥) د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، «چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادیدا»، لە بڵاوکراوەی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٦) ایران، برآمدن ڕضاخان، برافتادن قاجار و نقش انگلیسها. نوشتەی سیروس غنی، ترجمەی حسن کامشاد.