
ڕەحیم نزهتزادە
ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی زانستی و جیاوازیی نێوان دوو چەمکی "قەوم" و "نەتەوە" لە چوارچێوەی گوتاری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، و دووپاتە لێکدانەوەی پێگەی نەتەوەی کورد لەو چوارچێوە تێئۆرییە. بابەتی سەرەکی ئەوەیە، کە زۆرێک لە بزووتنەوە ناوەندگەراكان، بە تایبەت لە دەوڵەتە فرەنەتەوەكانی ناوچەکەدا، وشیارانە خۆیان لە بەکارهێنانی وشەی "نەتەوە" بۆ گەلانی بێدەوڵەت -بە نەتەوەی کوردیشەوە- بەدوور دەگرن، و تەنیا بە "قەوم" ناویان دەبەن. ئامانجی ئەم نووسینە، نیشاندانی ئەو حەقیقەتەیە کە نەتەوەبوون، پێش ئەوەی دیاردەیەکی سیاسی بێت، چەمکێکی مێژوویی و کولتووری و زمانەوانییە.
یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکانی گوتاری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جیاکردنەوەی دوو چەمکی "قەوم" و "نەتەوە"یە; جیاکارییەک کە لە ڕواڵەتدا زمانەوانییە، بەڵام لە قووڵاییدا، سروشتێکی ئایدیۆلۆژی و دەسەڵات میحوەری هەیە. زۆرێک لە بزووتنەوە ناوەندگەراكان، بە تایبەت لە دەوڵەتە فرەنەتەوەییەکانی ناوچەکە، بە ئاگادارییەوە خۆیان لە بەکارهێنانی دەستەواژەی "نەتەوە" بۆ گەلانی نادەوڵەتی «لەوانەش نەتەوەی کورد» بەدوور دەگرن و لەبری ئەوە، بە دەستەواژەی "قەوم" پێناسەیان دەكەن. ئەم جێگرەوەیە هەڵبژاردنێكی ئامانجدارە، نەک ڕێککەوتێکی زمانەوانی، بەڵکوو بەشێک لە سیاسەتی گوتاریی نکۆڵی لێکردنە، بۆ هەوڵدان بە پێناسەكردنی شوناسی نەتەوەكان لە شێوەی "قەومە ملكەچەكان"دا، ئەوەشیان بۆ ئەوەی شەرعییەتی سیاسی و مێژوویییان سنووردار بکات.
لە ڕوانگەی داڕێژەرانی تیئۆریی ئێتنۆگرافییەوە، چەمکی نەتەوە لە سنوورە سیاسییەکانی دەوڵەت تێدەپەڕێت. Benedict Andersson بینێدکت ئەندەرسۆن (١٩٨٣) لە کارە سەرەکییەكەیدا، نەتەوە وەک "کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی" پێناسە دەکات، کە ئەندامەکانی سەرەڕای نائاشنابوونی تاکەکەسییان، خۆیان هەست بە پەیوەندییەكی قووڵ و مێژوویی بەرانبەر یەكتر دەكەن. ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای زمان، یادەوەری بەکۆمەڵ و خاکی هاوبەش فۆرم دەگرێت. بە هەمان شێوە Eric Hobsbawm ئێریک هابسبام (١٩٨٣) لە کتێبی (داهێنانی نەریت)دا نیشان دەدات: کە نەتەوەکان دیاردەی مێژوویی و کولتوورین، کە لە پرۆسەی درێژخایەنی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بنیات دەنرێن و بەرهەم دەهێنرێنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، میللەت نەک تەنیا چەمکێکی سیاسی، بەڵكوو هەروەها چەمكێكی مێژوویی و کولتوورییە.
لە لایەکی دیکەوە Anthony D. Smith ئەنتۆنی دی ئێسمیت (١٩٩١) لە تیئۆری "ئێتنۆ-سیمبۆلیزم"دا، جەخت لەسەر ڕۆڵی توخمەکانی پێش مۆدێڕنیتە/سەردەمی كۆن وەک ئەفسانە، هێما و یادەوەری مێژوویی دەکاتەوە و پێی وایە، كە شوناسی نەتەوەیی لەسەر بنەمای بەردەوامیی کولتووری و مێژوویی پێکدێت. بەپێی ئەم بەرداشتە نەتەوەکان تەنیا بەرهەمی مۆدێڕنیتە نین، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا، ڕەگ و ڕیشەیان لە نەریتە نەتەوەیی و زمانەوانییە درێژخایەنەکاندا داکوتاوە. بە وتەی Smith، نەتەوە بریتییە لە: "بەردەوامی مێژوویی کۆمەڵگەیەکی کولتووری، کە یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ و خاکێکی دیاریکراوی هەیە (Smith، ١٩٩١). لەسەر بنەمای ئەم داڕشتنە تیئۆرییە، نەتەوە دەتواندرێ لەسەر بناغەی سێ ستوونی بنەڕەتی دەستنیشان بکرێ:
١. زمانی جیاواز، وەک هەڵگری یادەوەری و بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ.
٢. مێژوو و یادەوەریی بەکۆمەڵ و هاوبەش، کە هەوێنی شوناس و بەردەوامی کولتوورین.
٣. جوگرافیای مێژوویی و ژینگەی ئێتنیكی، کە بنەمای ماددی و شارستانی نەتەوە پێکدەهێنێت.
نەتەوەی کورد بە دارابوونی لەهەر سێ پێناسەی سەرەوە، خاوەنی هەموو پێکهاتەکانی نەتەوەبوونە. زمانی کوردی لە لقە جۆراوجۆرەکانیدا (سۆرانی، کرمانجی، هەورامی، زاراكی و...) سیستەمێکی زمانەوانی سەربەخۆ و دەوڵەمەندە، کە هەڵگری میراتێکی ئەدەبی و فەرهەنگی چەند هەزار ساڵەیە. مێژووی نەتەوەی کورد لە سەردەمی مادەکانەوە، تا میرنشینەکانی ئەردەڵان، بابان، سوران، بۆتان، و... هتد، و بزووتنەوە هاوچەرخەکانی سەردەم، بەردەوامی مێژوویی ئەو نەتەوەیە نیشان دەدات. جگە لەوەش جوگرافیای کوردستان «وەک خاکێکی مێژوویی و بەردەوام» بناغەی جوگرافی و کولتووری ئەم نەتەوەیە پێکدەهێنێت.
بەکارهێنانی دەستەواژەی "گرووپی قەومی" بۆ ئاماژەدان بە نەتەوەیەکی لەو جۆرە، و لە ڕووی سیاسییەوە هۆشیارانە و بە مەبەستە. لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، قەوم بە گرووپێک دەگوترێ، کە لە قاڵبی نەتەوەیەکی گەورەتردا دەژین، و خاوەنی زمان، مێژوو، یان خاکێکی سەربەخۆ نیە. لە بەرانبەر ئەوەدا، نەتەوە، زمان و یادەوەری مێژوویی تایبەتی خۆی هەیە. (Anderson 1983) دەرەنجام کەلکوەرگرتن لە دەستەواژەی «قەومی كورد» نەوعێک لە شێواندنێکی چەمکییە، کە خزمەت بە سیاسەتی ناوەندگەرایی و تواندنەوەی نەتەوەكانی بێدەوڵەت، لە ناو نەتەوەی سەردەست دەکات.
ئەم شێواندنە چەمکییە نموونەی ئەوەیە کە پیێر بۆردیۆ (١٩٩١) ناوی دەبات "توندوتیژی هێمادار". بۆردیۆ لەسەر ئەو بڕوایەیە، کە دەسەڵاتە باڵادەستەکان، بە سەپاندنی زمان و چەمکەکانیان بەسەر ئەوانی دیکەدا، پێکهاتەی هێژموون و زاڵبوونی خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. کاتێک دەوڵەتە ناوەندگەراكان وشەی "قەوم" وەک جێگرەوەی "نەتەوە" دادەنێن، لە ڕاستیدا بە ڕێگەی ئەو شێوازە لە زمانەوە، خەریکی چەسپاندنی باڵادەستی سیاسی و کولتووریی خۆیانن.
لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، نەتەوەی کورد بەر لە پێکهێنانی دەوڵەتە مۆدێڕنەکان لە ناوچەکەدا، پێکهاتەی سیاسی، ڕۆشنبیری و پەروەردەیی خۆی هەبووە. میرنشینە کوردییەکانی وەک ئەردەڵان، بابان، سۆران، بۆتان و... هتد، لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا فۆرمێک لە خودموختاریی سیاسی بەهرەمەند بوون، سیستەمێکی پەروەردەیی و ئەدەبی تایبەتیان هەبوو. بەرهەمە کلاسیکییەکانی شاعیرانی کورد وەک نالی، سالم، مەولەوی تاوەگۆ، بناغەی فەرهەنگی و زمانەوانی نەتەوەی کوردیان پتەوتر کرد. جگە لەوەش، سەفەرنامەنووسانی ڕۆژاوایی سەدەی نۆزدەهەم وەک James Rich جەیمس ڕیچ (١٨٢٠) و Isabella Bird ئیزابێلا بێرد (١٨٩١) بە ڕوونی باسیان لە "نەتەوەی کورد" کردوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چەمکی نەتەوەی کورد، لەمێژە لە گوتاری جیهانیدا دانپێدانراوە.
لەو مابەینەدا، بابەتی سەرەکی نەک لە سەلماندنی نەتەوە بوونی كوردە، بەڵکوو لە پێویستی پێداچوونەوە بە گوتاری سیاسی و زانستییە. نەتەوەبوون بابەتێکی کولتووری و مێژووییە، نەک ئیمتیازێک کە حکوومەتەکان بیبەخشن. بەردەوامیی نکۆڵیکردن لە نەتەوەی کورد، سەرچاوەی لە تێگەیشتنێکی ناتەواو لە واتەی نەتەوە و وابەستەیی ئەو بە پێکهاتەی دەوڵەتە. جیاوازیی نێوان نەتەوەبوون و هەبوونی دەوڵەت، دەبێت وەک پڕەنسیپێکی شیکاری قبووڵ بکرێت؛ چونکە میللەت دەتوانێت پێش دەوڵەت، بەبێ دەوڵەت و تەنانەت دژی دەوڵەتیش بوونی هەبێت.
بە دەربڕینێكی تر، نەتەوەی کورد پێویستی بە ڕەزامەندی ناوەند نیە. نەتەوەی کورد، وەک گەلانی دیکەی بێدەوڵەتی جیهان، واقیعێکی مێژوویی، زمانەوانی، جوگرافی و کولتوورییە، کە نکۆڵیکردنەکەی، لەسەر بنەمای زانست نیە، بەڵکوو لەسەر خواستی هەڵوێستی سیاسییە. بیرکردنەوە لەم چەمکانە دەتوانێت ڕێگا خۆش بکات بۆ، گفتوگۆیەکی زانستیتر، یەکسانتر و مرۆڤدۆستانەتر لە نێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. میللەتبوون حەقیقەتێکی مێژووییە، و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بە گۆڕینی وشەکان حەقیقەتی ئەو بگۆڕێت.
سەرچاوەكان:
1-Anderson, Benedict. Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism. London: Verso, 1983.
2-Bourdieu, Pierre. Language and Symbolic Power. Cambridge: Polity Press, 1991.
3-Hobsbawm, Eric, and Ranger, Terence (eds.). The Invention of Tradition. Cambridge: Cambridge University Press, 1983.
4-Smith, Anthony D. National Identity. London: Penguin Books, 1991.