ڕاپۆرتێکی نوێی دامەزراوەی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی دەریدەخات کە سایتی تاڵەقانی ٢، یەکێک لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە بەرنامەی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە ''تەرحی ئاماد''دا جارێکی دیکە شایەتی بیناسازیی بەربڵاو و گوماناوییە.
وێنە ماهوارەییەکان دروستکراوەیەکی گەورەی ئاسن نیشان دەدەن کە درێژییەکەی نزیکەی ٣٦ میتر و ئەستووراییەکەی ١٢ مێتر دەبێت، کە لە نێو بینایەکی بەهێزکراودا جێی گرتووە. پێکهاتەیەک کە لە شێوە و هێزدا هاوشێوەی ژووری تاقیکردنەوەی تەقەمەنی تایبەتە، ئامێرێک کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیدا دەگێڕێت.
هەرچەندە ئەو دامەزراوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە لەسەر بەکارهێنانی ناوکی نییە، بەڵام پێشینەی چالاکییە نیزامییەکانی ئەو شوێنە، نزیکیی لە ''تاڵەقانی ١ '' و قەبارەی نائاسایی ڕێوشوێنی پاراستن، پرسیاری جیددی سەبارەت بە مەبەستی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی دەوروژێنن.
تایبەتمەندییەکانی بنیاتنانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران هەوڵ دەدات ئەو پێکهاتە لە قووڵایی شاخ و لەژێر ڕووماڵێکی سروشتیدا بشارێتەوە، ئەمەش کارێکە کە پێچەوانەی پێبەندبوونە ڕاگەیەندراوەکانی تاران بە ڕوونکارییەکانی ناوکییە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئێران چەند مانگێکە هەوڵی ئەوە دەدات ئەو دامەزراوەیە لە ماهوارەکان بشارێتەوە. ئەم نهێنییە و بەردەوامیی چالاکییەکە لە شوێنێک کە پێشینەی بەرنامەی ناوکیی هەیە، جارێکی دیکە گومانەکان لەبارەی پێبەندبوونی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێران بە بەڵێنییەکان بەهێزتر دەکات.