بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری دیواندەرە دوو پزیشکیان دەسبەسەر کردووە و لە شاری بۆکانیش هاونیشتمانییەکی دیکە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندەیی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تاران ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، دوو ددانپزشکیان بە ناوەکانی "زانیار مورادی" و "ئازاد سوبحانی"، دەسبەسەر کردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی "خۆڕاگری"، هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەو دوو پزیشکە کوردە، بە شێوەی توندوتیژانە و بەبێ نیشاندانی بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ گرتنگەی ڕێژیم لە شاری سنە ڕاگوێزراون.
زانیارییەکانی "خۆڕاگری" باس لەوە دەکەن کە هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەر لەو پێوەندییەدا هەمان ماڵپەڕ لە ڕاپۆرتێکی دیکە ئاماژەی بە دەسبەسەرکردنی "سۆران یووسفی" هاونیشتمانی خەڵکی بۆکان کردووە لە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای چوار ساڵ بەندکرانی داسەپاو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.
ڕاپۆرتی "خۆڕاگری" نیشانی دەدات کە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، ئەو هانیشتمانییەی خەڵکی ئاوایی "سڵامەت" سەر بە شار بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی سزای داسەپاوی ٤ ساڵ بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان کراوە.
"سۆران یووسفی" پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.