ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هەیئەتێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەڕێز دانییەل ئەتارد، پارلەمانتاری یەکیەتیی ئورووپا دیداریان کرد.
هەیئەتی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە بەڕێزان حیسام دەستپیش نوێنەری حیزبی دێموکرات لە یەکیەتیی ئورووپا و ئاسۆ عەزیزی نوێنەری حیزب لە وڵاتی بێلژیک لەم دیدارەدا لەسەر چەندین بابەت گفتوگۆیان کرد.
هەیئەتی حیزبی باسی لە دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و ناوچەکە لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران و بارودۆخی سیاسی، ئابووری و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کرد.
دواتر بەڕێز ئەتارد باسی لە بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و ئێران بەتایبەتی کرد و چەندین پرسیاری لە چوارچێوەی ئەم باسە ئاراستەی هەیئەتی حیزبی کرد کە لەلایەن هاوڕێیانی حیزبەوە بە ڕوونی وڵام درایەوە.
لە کۆتاییدا هەردوو لایەن جەختیان لەسەر درێژەدانی پێوەندی و چاوپێکەوتنەکان لە داهاتوودا کرد.