
دارسمە
هێندێک کەس پێیانوایە خەبات کار نیە، و ئەگەر کاریش بێت کارێکی زۆر سووک و هاسانە. یانی ئەوەندە سووک و هاسانە هەر خۆی ڕادەپەڕێت. ئەگەر لە ترسی ڕەخنەگرانی دژی پیاوسالاری بوێرم، دەڵێم پیاو لە خەباتیش ماندوو دەبێت، بەڵام پیاو ئەگەر پیاو بێت، ئەم ماندوویەتییە بەسەر خۆی ناهێنێت و بە بێدەنگی لە خەبات دەکشێتەوە و لە شوێنێک پاڵ دەداتەوە و شەرمیش ناکات بە ڕابردووی خۆی بنازێت.
ئەوانەی ماندوو دەبن باش دەزانن ئەم خەبات و مەباتە ئەگەر هیچ خێری تێدا نەبێت، ئەوەندەی هەیە دەتوانی بیکەی بە پێشینە بۆ خۆت و بە یارمەتیی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی ئورووپا دەرفەتی وەرگرتنی مافی پەنابەری بدۆزیتەوە و ڕوو بکەیتە وڵاتێکی ئورووپا و لەوێ لە ژیانێکی ئاسوودا ڕایبوێریت.
وازهێنان لە خەباتیش وەک ئەوەیە لە زیندان ڕزگار بووبیت. با ئەم قسەیەم دوو لەڕووی ئەو زیندانی و خەباتگێڕانە بێت کە دوای دەرچوون لە زیندان یان بەجێهێشتنی مەیدانی خەبات سەری خۆیان بەردەدەنەوە و فیشەک و شتی دیکە بە ڕابردووی خۆیانەوە نانێن و سەربەرزانە دەژین. کشانەوە لە کارێک مرۆڤ دەرەقەتی نایەت، شتێکی ئاساییە و لێرەدا بە دیاریکراوی خەباتگێڕ و زیندانیی سیاسی لە کاتی حەسانەوە و تەنانەت دوای نەمانیش هەر جێگەی ڕێزن، بەڵام کێشە ئەمەیە کە هێندێک کەس کاتێک واز لەم ڕابردووە دێنن، داهاتوویان دەبێتە مۆتەکەی بۆشایی و بیر لە پاساو و ماساوی زۆر سەیر و سەمەرە دەکەنەوە.
هاوڕێیەک ئەم ڕۆژانە گێڕایەوە، دەیگوت لەو ئورووپایەی دوور لە کوردستان و مەیدانی خەبات، لە ماڵێک لەگەڵ کۆمەڵێک ماندووی خەباتی ڕابردوو لە میوانی بووین. کابرایەکی سمێڵفشمان لێ پەیدابوو، هەر سەری قسەی کرد، دیار بوو یارمەتیی ماندوویانی پشوو هەڵماڵاو دەدات و خەریکە دەروویەکی دیکەیان بە ڕوودا بکاتەوە. کابرا لە سەرەتای قسەکانیدا داوای کرد دەرگای ژوورەکە پێوە بدەن و نزیکەی سەعات و نیوێک بێ نێوەدان خەباتی ڕابردووی جنێوباران کرد. وەک هەڕەمەی دڕندە، سەرکردە و مەڕکردەی خەباتی ڕابردوو و ئەم سەردەمەی خستنە سەر کەڵپە و هەر نەیدەدانەوە.
کابرای گێڕاوە، نزیکەی یەک سەعات و نیو قسەی کرد و لەم یەک سەعات و نیوەدا نەیگوت دەسەڵاتی دابەشکاریی کوردان خراپن و نەشیگوت ئەوان چەندیان زوڵم و ستەم دەرهەق بە کوردان کردوە. باسی عوسمانی و سەفەوی و دابەشکردنی کوردانی نەکرد، و نەشیگوت دامەزراندنی حیزب و میزبی سیاسی و میاسی پێداویستیی کات و سات و مێژووی خۆیان بوون. بەڵام گوتی ئەوانەی خەباتگێڕ بوون باش بوو وازیان هێنا، و ئەوانەی ئێستاش بەردەوامن، بۆ بەرژەوەندیی گەل "تێکۆشان ناکەن". وەک هاوڕێکەم گێڕایەوە، ئەوانەی لەم کۆڕە بچووکەدا بوون، پێشتر خەباتیان کردبوو، بیریان لەو پاساوانە دەکردەوە کە بۆ پەشیمانبوونەوە لە ڕابردوویان پێویستن، و ئەوانەی پێشینەی خەباتیشیان نەبوو، سینگیان ڕەپێش دەدا و پێشانیان دەدا کە ئەوان چەندە مرۆڤی پاک و بێخەوشن.
ئەمە قسەی من نیە و وباڵ بە ئەستۆی ئەو هاوڕێیەی لە کۆڕەکەدا بەشدار بووە. ئەو دەیگوت کابرای وەقسەهاتوو گوتی: پێشمەرگایەتی مۆدی نەماوە و ئێستا هەر ناوبردنیشی حەیاچوونە، چونکە کاتی خۆی پێشمەرگە لە جیاتی ئەوەی دەست بەسەر بنکە و پایەگای دوژمن دابگرن و شەڕی سێ مانگە بکەن و سەرۆکەکانیان لە هەڵبژاردنی گشتیدا تێکڕای خەڵک دەنگیان پێ بدات، بەکۆمەڵ بەسەر ماڵی خەڵکی کوردستانیاندا دەدا و لەپێناو گەیشتن بە هێلکەوڕۆنی گەرم و مریشکی سوورەوەکراو، خەڵکیان دەدایە بەر شەق و مست و پێلەقان.
کابرای سمێڵفش دیار بوو زۆر خوێندەوارە و هێندێک مانیفیستیان بە زەبری چاولێسوورکردنەوە پێ خوێندووەتەوە و تێیان گەیاندوە کە ئیعدامەکانی مەیدانی فڕۆکەخانەی سنە و ٥٩ لاوی مەهاباد و کوشتوبڕی خەڵکی گوندەکانی دەشتی شاروێران و سندووس و شنۆ و لاجان، بە "قەرەگۆل" و "قاڕنێ" و "قەڵاتان" و "سۆفیان" و "کانی مام سەیدە" و "کولیچ" و "سەرووکانی"یەوە، هەموویان درۆ و دەلەسەی ئەوانەن کە دەڵێن خەباتمان کردوە. من لێرەدا بیرم لە درۆ و دەلەسەی هێمنی شاعیر دەکردەوە درۆیەکی بە ناوی کوشتاری گوندی قەڵاتان هەڵبەستووە و دەڵێت:
بەهاری کوردەواری سوور و شینە
لە دەوری تەرمی خۆێنین کۆڕی شینە
کە دەتهەوێ بەهاری کورد ببینی
وەره گوندی قەڵاتانم ببینە
کابرا زۆربڵێکە، لەم یەک سەعات و نیوەدا، زۆر شتی گرینگتر لە دۆزی نەتەوە مەتەوەی ئاشکرا کرد و گوتی: بە منداڵی بە چاوی خۆی لە گوندێک میوان بووە و دیتوویەتی ئەوانەی چل و چەند ساڵە خۆیان بە خۆیان دەڵێن پێشمەرگە و کۆماری ئیسلامی پێیان دەڵێت "ضد انقلاب"، چۆن لەپێناو ئامادەکردنی مریشکێکی سوورەوەکراوی نێو ڕۆنی کوردیدا خەڵکی گوندیان داوەتە بەر مست و پێلەقە.
هاوڕێکەم دەیگوت کابرا زۆر دژی کۆنەپەرستی و خورافات بوو و دەیگوت ئێمە پێشڕەوی تێکۆشانی گەلین و "تێکۆشان بەردەوام دەکەین" و بۆ ئەم مەبەستەش ماوەیەک لەمەوبەر هەوڵماندا لەگەڵ برایانمان خەباتی ئەربەعینی حوسێنی بۆ زیندووکردنەوەی یادی ئیمام حوسێن بەردەوام بکەین، بەڵام بەداخەوە ئەم تێکۆشانەی ئێمە بە توندی کەوتە شەرمەزارکردنی لایەنگرانی کۆنەپەرستی.
لەم نێوەدا من خەریک بووم لە گێڕانەوەکە دادەبڕام و بیرم لەوە دەکردەوە زۆر پێویستە ئەم قسانەی هاوڕێم دەیانگێڕێتەوە، بە ئاوی زێڕ بنووسرێنەوە و پێش ئەوەی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڕووخێت، بکرێنە پۆستەر و بنێر و بە کوێرایی چاوی دژبەرانی ئەم بیرۆکەیە، لەسەر دەرگای وەزارەتی نێوخۆی ئێران و وەزارەتی تێکۆشەری ئیتلاعات لە تارانی پایتەختی ڕێڕەوانی ئیمام هەڵبواسرێن و پێویستە بۆ هەڵواسینی ئەم پۆستەر و بانێرانە سەر دەرگای ئیدارەی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و سنە و ورمێ لەبیر نەکرێن و لە هەمووشی پێویستترە بۆ شەرمەزارکردنی کۆمارە تەمەنکورتەکەی مەهاباد کە خەریک بوو چەند بەرەکی بخاتە نێوان گەلانی دوور و نزیکی میزۆپۆتامیا، سەر دەرگای فەرمانداریی ئەم شارە واتە مەهابادیش "نەیەتە لەبیرکردن".