کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی سروودبێژی «بژی دێموکرات»‏

10:58 - 28 خەزەڵوەر 2725

تاهیر قاسمی

لە نێوەڕاستەکانی دەیەی نەوەتی زایینیدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی هەستپێکراو دەستی بە بووژاندنەوەی هونەر و ئەدەبیات لەنێو ‏حیزبدا کرد. وەڕێخستنی ڕۆژنامە دیوارییەکان لە زۆربەی کۆمیتە و ئۆرگانەکاندا، چاپکردنەوەی سەرلەنوێی گۆڤاری لاوان کە پتر باری ڕۆشنبیری و ئەدەبی ‏هەبوو، بەردەوامیی بەرنامەی کۆلکەزێڕینەی تایبەت بە ئەدەب و هونەر لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانەوە، کۆڕە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە بەردەوامەکانی ‏کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزب، زیادکردنی پاشکۆی ئەدەب و هونەر بۆ ڕۆژنامەی کوردستان و بووژاندنەوەی کۆڕی هونەریی حیزب بەشێک لەو هەنگاوانە ‏بوون. ئەوانەش پتر بەرهەمی کار و تێکۆشانی کەسانی قەڵەم بەدەست و خاوەن بەهرەی وەک نەمر عەبدوڵڵا شەریفی، کاک قادر وریا، کاک سمایلی بازیار، ‏کاک برایم لاجانی، کاک هەیاس کاردۆ، نەمر کاک ئەحمەدی قادری و هونەرمەندی نەمر تاهیر خەلیلی و هونەرمەندانی دیکەی کۆڕی هونەریی حیزب بوون.  لەم نێوەدا هاوکاریی ‏ئەدیبان و هونەرمەندانی شاری کۆیە لەوانە نووسەر کاک قادر بەشدار، مامۆستای مووزیک کاک سەردار ئەحمەد و بە گشتی تیپی مووزیکی باواجیی کۆیە ‏ڕۆڵی گرینگیان لەو بووژانەوە و پەرەدانەدا هەبوو. لە سایەی ئەو هەوڵ و هاوکارییانەدا کۆمەڵێک بابەتی جوان لە ئەرشیڤی حیزبی دێموکراتدا تۆمار کران کە ‏بەشێکیان هەتا ئێستاش سەرتۆپی ئەو سروود و ئاوازانەن کە لە میدیاکانی حیزبدا بڵاو دەبنەوە. ‏

یەکێکی تر لەو هونەرمەندانەی خزمەتی بەو بووژانەوە هونەرییەی حیزب کرد، هونەرمەند سمایل شەیدا و یەک لەو سروودە بەناوبانگانەی ئەو سەردەم تۆمار ‏کران، سروودی «بژی دێموکرات» بوو.‏

‏«بژی دێموکرات» شێعری مامۆستا هێمنە کە ساڵی ١٣٢٤، ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکرات نووسراوە. ڕاست پەنجا ساڵ دوای نووسرانی ئەو شێعرە و لە ‏یوبیلی زێڕینی تەمەنی حیزبدا، لە حاڵێکدا کە شێعرەکە لە چاپەکانی دواتری کتێبی "تاریک و ڕوون"دا کەوتبووە بەر تیغی سانسۆڕی کاربەدەستانی کۆماری ‏ئیسلامی و پاک کرابۆوە، لاوێکی دەنگخۆشی باشووری کوردستان، پڕ بە گەرووی، سروودی "بژی دێموکرات"ی بە گوێی دۆستان و دوژمنانی ئەم حیزبە ‏دەگەیاند. ئەو لاوە دەنگخۆشە ئیسماعیل ئیبراهیم ناسراو بە سمایل شەیدا بوو کە وێڕای شنۆخانی خوشکی هاموشۆی کۆڕی هونەریی حیزبیان دەکرد و لە ‏جێژن و بۆنە حیزبییەکاندا گەلێک جار گۆرانی و سروودی نەتەوەیی و نیشتمانییان بۆ تێکۆشەرانی حیزب دەچڕی. ‏

هونەرمەند سمایل شەیدا لە ساڵانی دواتردا وەک زۆرێک لە لاوانی باشوور بە هۆی بێدەرەتانی و هەژاری، ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد و سەرەنجام لە وڵاتی ‏ئاڵمان گیرسایەوە. ئەو لە دەرەوەی وڵاتیش، ئەگەرچی بە جەستە لە حیزبی دێموکرات دابڕابوو و لە هاوڕێیانی حیزبی دوور بوو، بەڵام ڕۆحی لەگەڵ ئەم ‏حیزبەدا مایەوە. لەم ساڵانەی دواییدا سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشییەکی سەخت ببوو، دڵی هەر لای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەبات و ‏تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەم حیزبە بوو و بە سەرمایەی هەموو نەتەوەی کوردی دەزانی. بە جۆرێک کە ٧ ساڵ دوای هێرشی مووشەکیی سپای ‏پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧دا، پڕۆفایل و کاوێرەکانی سمایل شەیدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر وێنەی قەڵای ‏دێموکراتی بۆردوومانکراو، بەڵام ڕازاوە بە وێنەی پێشەوای نەمر و گڵکۆی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان بوو. تا سەرەنجام ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر لە تەمەنی ٥٢ ‏ساڵیدا لە شاری هانۆفێری ئاڵمان بەو نەخۆشییە کۆچی دوایی کرد. ‏

هەواڵی کۆچی دوایی کاک سمایل شەیدا ئەگەرچی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی خەمبار و تاسەبار کرد بەڵام بێگومان ناو و یادی ئەو وەک ‏سروودی «بژی دێموکرات» تا هەتایە لە دڵی گەلەکەی و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا بە نەمری دەمێنێتەوە. ‏

ڕەوانی شاد و یادی هەرمان