کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاپارتایدی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی دژی نەتەوەی کورد

20:19 - 16 خەزەڵوەر 2723

د. مەجید حەقی

ئاماژە:
ئاپارتاید (Apartheid) لە ڕوانگەی فەرهەنگی وشەوە بە واتای جیاکردنەوە و جیاوازیدانانە، کە لە سیاسەتیشدا بە هەمان واتا دێت. "ئاپارتاید" زۆرتر بۆ ئەفریقای باشووری لە مەڕ بەکاربردنی سیاسەتەکانی ڕەگەزپەرەستانە دژی ڕەشپێستەکانی ئەو وڵاتە بە شێوەی دەوڵەتی، سیستماتیک و یاسایی بەکار دەهات. دەرئەنجامی ئەو هەڵاواردنە ڕەگەزپەرەستانەیە سەرهەڵدانی جووڵانەوەی دژی ئاپارتایدی بوو کە سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٩٠ دوای چەندین ساڵ خەبات و تەریک‌کەوتنەوەی ڕێژیمی ڕەگەزپەرەستی ئەفریقای باشووری، نێلسۆن ماندێلای خەباتکاری ڕێگەی ئازادی دوای ٢٧ ساڵ لە بەندیخانە ئازاد کرا و کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا ساڵی ١٩٩٤ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا. نێلسۆن ماندێلا تا ساڵی ١٩٩٩ وەک سەرۆک کۆماری ئەفریقا باشووری هەڵبژێردرا و بوو بە هێمای خەبات دژی ڕەگەزپەرەستی و ئازادی و لە ٥ی دێسەمبری ٢٠١٣ کۆچی دوایی کرد.
هەمان سیاسەت و کردەوە لە ئێراندا دژی نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکان جێبەجێ دەکرێت. هەرچەند بۆ جیهانی ڕۆژاوا و لەوانەیە بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکانی سەر بە نەتەوەی سەردەست ئەم ڕاستییە نەبیندرێت. ئاپارتاید زۆرتر وەک "ڕەگەزپەرەستی" ناسراوە، بەڵام لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئاپارتاید بەرگێکی دەوڵەتی، سیستماتیک و یاسایی و ئایینی بەخۆیەوە پۆشیوە.
ئێمە بۆیە باس لە "ئاپارتاید" لە ئێراندا دەکەین، چونکە بەشێکی زۆر لە هەڵاواردنەکان لە ئێراندا هەم لە دستووری و لە سەر بنەمای یاساکانی پەسەندکراوی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و بڕیارنامەکانی دەوڵەتی بەرێوە دەچن. لە ڕاستیدا هەڵاواردن (تبعیض) لە ئێراندا بە شێوەیەکی یاسایی و ڕێکخراو بەرێوە دەچێ.

ئاپارتاید لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا:
ئاپارتاید لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا لە دستووری ئەو وڵاتەوە دەست پێ دەکات. "کۆماری ئیسلامی" کۆمارێک کە نە مرۆڤی بەڵکوو ئایینیە و ئایینەکەش "ئیسلامە" و بەپێی ماددەی ١٣ی دستووری ئێران مەزهەبی ڕەسمیی ئەو وڵاتە "شیعەی اثنی عشری"یە و ئەم ئەسڵە "هەتاهەتایی و نەگۆڕە". واتە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژێمی ئیسلامیدا شتێک بە ناوی مرۆڤ نییە، هەروەک چۆن لە ئەفریقای باشووری ئەوە "مرۆڤ" نەبوو کە مافی هەبوو بەڵکوو "ڕەگەز" و "سپی پێستە"کان بوون کە خاوەنی هەموو مافێک بوون.
ئاپارتاید لە یاساکانی ڕێژیمدا بە ڕوونی دیارە: دەوڵەتی ئێران ئەندامی بەشێکی زۆر لە کۆنڤانسیۆن و پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤە کە دەبێ بە شێوەی سروشتی لە ڕووی یاساییەوە پابەندی ئەو پەیماننامانە بێت و جێبەجێیان بکات. بەشێک لەو پەیماننامانە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو و بەشێکیان دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی واژۆ و پەسەند کراون. ئێران ئەندامی کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت پەیماننامەی مافی مرۆڤ (جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، و کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری،کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی)ی نەتەوە یەکگرتووەکانە و یاساکانی وڵاتی ئێران دەبێ لە چوارچێوەی ئەو پەیماننامانەدا ڕێک بخرێن. لەگەڵ ئەمەشدا لە ڕۆژی دامەزرانی ئەو ڕێژێمە، هەم دستووری وڵات و هەم یاساکانی دیکەی ڕێژێم پێچەوانە و تەنانەت دژی نێوەڕۆکی پەیماننامە نێونەتەوەییەکانن. ئەمە لەکاتێک‌دایە کە ڕێژێمی پێشوو پەیماننامەکانی بەبێ مەرج قبووڵی کردووە و ڕێژێمی کۆماری ئیسلامییش دوای هاتنەسەرکار لە پەیماننامەکان نەکشاوتەوە و بەوپێیە ئەرکدارە بە جێبەجێ‌کردنی نێوەرۆکی ئەو پەیماننامانە. 
یاسای بنەڕەتیی ئێران، یاسایەکی "مەکتەبی و ئیسلامی"یە. واتا لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژییەک داڕێژراوە و هەموو بڕگەکانی دستوور و یاساکانی ئێران پێڕەوی لەو بنەمایە دەکەن. بەو واتایە بەپێی یاسای ئێران کەسانێک کە ئینتیما و گرێدراویی "مەکتەبی"یان نەبێ، بۆ نموونە شیعەی ١٢ ئیمامی نەبن و بڕوایان بە "ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ" نەبێ، بە هاووڵاتیی پلە یەکی ئێران داناندرێن و لە زۆربەی مافەکانی هاووڵاتیبوون بێبەش دەبن. دستووری ئێران نەتەنیا بووەتە هۆی هەڵاواردن و ئاپارتایدی سیستماتیک دژی ژنان، ئایین و تەنانەت ئایینزاکانی دیکەی ئیسلامیش، نەتەوە بندەستەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان، بەڵکوو بووەتە هۆی کێشە و ناکۆکی لە نێوان دەزگا جۆراوجۆرەکانی نێو دەسەڵاتی ڕێژێمیشدا؛ بە هۆی ئەوەی کە هەرکام لە لایەنەکان بەپێی تێگەیشتنی خۆیان لە ئایین یاساکانی کۆماری ئیسلامی شی دەکەنەوە. گرینگترین ناوەندێک کە مافی ئەوەی هەیە دستوور و یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران شی بکاتەوە "شوڕای نیگابان"ە، کە هەموو بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ئەو لەلایەن "ولیی فەقیهـ" واتە خامنەییەوە دیاری دەکرێن. 
نێوەرۆکی دەستووری ئێران نێوەرۆکێکی ئاپارتایدی بەواتای هەڵاواردن لە نێوان شارۆمەندانی وڵاتە. هەموو بەرپرس و کاربەدەستانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە خوارەوە بۆ سەرێ دەبێ "شیعە" بن و بڕوایان بە "ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ" هەبێت. بەو پێیە ئاییندارەکانی دیکە و لەوانە سوننییەکان و ئەو شیعانەی کە بڕوایان بە "ویلایەتی فەقیهـ" نییە، ناتوانن بەشداری بن لە پرۆسەی بڕیاردان و بەڕێوەبەریی وڵاتدا. بەپێی ماددەی ٤ی یاسای بنەڕەتیی ئێران هەموو یاسا و ڕێساکانی وڵات دەبێ لە سەر بنەما و پێوەرەکانی ئیسلامی دابڕێژرێ و بەپێی ماددەی ١٢ی یاسای بنەڕەتی دەبێ یاساکان لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعەی "جعفری اثنی‏‌عشری" دادەرێژرێن. 
ئەرتەش و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێزی چەکداری و مەکتەبین. واتە ئەرکی ئەرتەش تەنیا پارێزگاری لە سنوورەکانی وڵات نییە، بەڵکوو ئەو دوو هێزە وەک پارێزەری شۆڕش ئەرکیان سەرکوتی "دوژمنانی خوا و ئیسلامە" کە مەبەست لێی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی دژی دەسەڵات بن. بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران ئەرتەش و سپاس لەسەر بنەمای  ئەو ئایەتەی قوڕعان- وَأَعِدُّوا لَهُمْ مَا اسْتَطَعْتُمْ مِنْ قُوَّةٍ وَمِنْ رِبَاطِ الْخَيْلِ تُرْهِبُونَ بِهِ عَدُوَّ اللَّهِ وَعَدُوَّكُمْ وَآخَرِينَ مِنْ دُونِهِمْ لا تَعْلَمُونَهُمُ اللَّهُ يَعْلَمُهُمْ وَمَا تُنْفِقُوا مِنْ شَيْءٍ فِي سَبِيلِ اللَّهِ يُوَفَّ إِلَيْكُمْ وَأَنْتُمْ لا تُظْلَمُونَ- واتە: "هەر هێز و توانایەکتان بێت لە دژی ئەوان ئامادە بکەن و بۆ ئەوەی بەو هیزە دوژمنی خوا و دوژمنەکانتان و هتد لە ناو ببەن" ئەرکدارن دوژمنانی خوا لە نێو ببەن. لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ ئایەتوڵڵا خومەینی بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد دژی نەتەوەی کورد، ئەو نەتەوەیەی بە کافر و دوژمنی خوا ناو برد. لەو ڕووەوە دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەتەنیا لەسەر بنەمای فەرمانی جەهادی خومەینی و "ولی فقیە"‌ە، کە دەسەڵات و فەرمانەکانی باڵاتر لە یاساکانن بەڵکوو بە پێڕەوی لە ئەسڵی "ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ" دوژمنایەتی نەتەوەی کورد دوژمنایەتییەکی سیستماتیک و دستوورییە. 
سیستەمی دادی (قضایی) ئێران بەپێی دستووری کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای پێشگیری لە "لادانەکانی نێو ئومەتی ئیسلامی" دامەزراوە. بەو پێیە هەموو زیندانی‌کردن، ئەشکەنجەدان و کوشتن و تەنانەت تێرۆری دژبەرانی ئەو ڕێژێمە بەتایبەت چالاکانی کوردستان بە بەشێک دەبیندرێت لە پاک‌ڕاگرتنی "ئومەتی ئیسلامی" جێبەجێ کردنی دادپەروەرییە و بە وتەی خۆیان پێڕەوی کردن لەو ئایەتەی قوڕعانە "و إذا حکمتم بین الناس أن تحکموا بالعدل".

ئاپارتایدی ئابووری
بەپێی بەندی سێزدەهەمی ئەسڵی سێهەمی دستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەرکی دەوڵەت "داڕشتنی ئابوورییەکی دروست و دادپەروەرانە و بەپێی بنەماکانی ئیسلام لە پێناو دامەزراندنی خۆشبژێوی، بنەبڕکردنی هەژاری و لەناو بردنی هەرجۆرە بێ بەشی و مەینەتی لە پێوەندی لە گەڵ بوارەکانی خۆراک، نیشتەجێ‌بوون، کار، تەندوروستی و گشتاندنی بیمەیە".
کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای یاسای بنەڕەتیی خۆی، بە شێوەی سیستماتیک هەڵاواردنی ئابووری دژی کوردستان و نەتەوە بندەستەکان لەوانە بەلووچستان جێبەجێ دەکات. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠٠ دا دوای سیستان و بەلووچستان نرخی هەژاری لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەوەی ئاستی نێونجی ئێرانە. نرخی نیونجی هەژاری لە ٣١.٤ لە سەدە. لە سیستان و بەلووچستان ئەم ڕادەیە ٦٢ ٪ و لە پارێزگاکانی کوردستان واتە پارێزگاکانی ئیلام، کرمانشان، سنە و ورمێ نرخی هەژاری بە شێوەی نێونجی ٤٢٪ بووە. هەمان نرخ بۆ پارێزگارە فارس‌نشینەکان بە شێوەی نێونجی ١٧.٣ لە سەد بووە. بۆ نموونە لە تاران نرخی هەژاری ١٩ و لە سمنان و یەزد ١٧ و ١٦٪ بووە. بەرزبوونەوەی دابەشبوونی هەژاری بەشێوەیەکی سیستماتیک لە پارێزگاکانی کوردستان و سیستان و بەلووچستان سەرەڕای بوونی سەرچاوەکانی ژێرزەمینی و کۆمەڵگەیەکی گەنج و خوێندەوار بۆ چەند ئامانج دەگەڕێتەوە:
یەکەم کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دابەشکردنی هەژاری بەسەر کوردستاندا دەیهەوێ گەنجان و هیزی کاری کوردستان ناچار بکات ڕوو بکەنە نێوخۆی ئێران و بەوە کوردستان لە هێزی کاری و لاو و دینامیک کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئاوەدانی هەرێمەکە بێ بەش بکات. لە لایەکی دیکەوە ڕێژێمی ئێران بەکردەوە ڕێگەی وەبەرهێنانی بۆ بەرهەمهێنان لە کوردستان بەربەست کردوە و قەدەغەکرانێکی ڕانەگەیەندراوی سەرمایەدانانی بەسەر کوردستاندا سەپاندوە، بۆیە چاکترین بەرهەمهێنەر و سەرمایەدارەکانی کوردستان ڕوویان کردۆتە دەرەوەی کوردستان بۆ نموونە لە تاران و ناوچەکانی ناوەندی ئێران خاوەنی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی دیکەن.
دوووەم: بەچۆل کردنی کوردستان وکۆچ بۆ ناوەندی ئێران، پلانی ئاسیمیلاسیۆنی سیستماتیکی دەوڵەتی دژی زمان و چاندی کوردی بە شێوەیەکی پرۆسەیی نێوان نەوەکانەوە جێبەجێ دەکرێت و هەستی کوردایەتیی ڕۆڵەکانی کورد دادەمرکێت و پرۆسەی بەفارس‌کردنی خەڵکی کورد لەنێو ئێراندا خێراتر جێبەجێ دەبێت. ئەمە جۆرێک لە پاکتاوکردنی نەتەوەیی پێی دەگوترێت. 
سێهەم: هاوکات لەگەڵ چۆڵکرانی کوردستان لە هێزی لاو و گەنج، تەمەنی نێونجی بەساڵاچوویی لە کوردستان بەرز دەبێتەوە و نەوەیەک نامێنێت بۆ بەرهەڵەست‌کردن و بەڕێوەبردنی خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاری کوردستان و بەوە پرۆسەی یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک فەرهەنگ و یەک ئاڵای ئێران کە لە سەردەمی ڕژێمی پەهلەوییەوە بەشێوەیەکی سیستماتیک بەرنامەی بۆ داڕێژراوە بە شێوەیەکی نەرم جێبەجێ دەبێت. 
ئەو کەسانەی کە ئامادە نین کوردستان بەجێ بێڵن، ناچارن مل بدەنە ئەو کارانەی بۆیان پەروەردە نەکراون و لەڕاستیدا گەنجان و بنەماڵەکان دوای تەمەنێک سەرمایەگوزاری بۆ خوێندن و پەروەردە هەست بە فیڕۆچوونی تەمەن دەکەن. ئەمەش نرخی نەخۆشییە دەروونییەکان و خۆکوژی لەنێو خەڵکی کورددا بەرزتر لە بەشەکانی دیکەی ئێران دەکات. ئەوانەی کە ڕوو لە کاری پڕچەرمەسەری و پرمەترسیی کۆڵبەری دەکەن لەپێناو بژێوی وەڵامدانەوەی پێویستییە ئابوورییەکانی بنەماڵەیان ناچارن گیانی خۆیان بخەنە مەترسی. بەراورد دەکرێت ڕۆژانە یەک تا سێ کۆڵبەری کورد لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەبن. ئەمە جگە لە ئاماری کەوتنەخوار لە بەرزایی یان ڕەقبوونی کۆڵبەران لە سەرمای زستاندا و قڕکردنی ئەسپ و بەتاڵانبردنی بار و کەلوپەلەکانیان کە لە ساڵدا پتر لە سەدان میلیارد تمەنە.
بەرهەمی گشتی نێوخۆیی (GDP) وەک پێوەرێکی کاریگەر بۆ پێوانی ئاستی خۆشبژێوی و دابەشکردنی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نێو کۆمەڵگەدایە. بەپێی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی گشتی نێوخۆیی چاوەڕوانی ئەمەیە کە ئاستی خۆشبژیوی خەڵکیش زیاد بکرێت. بۆیە زیادکردنی بەرهەمی گشتی نێوخۆیی وەک یەکێک لە ئامانجە هەرە گرینگەکانی وڵاتان لە سیاسەتدا دادەنرێت. بە بەراوردکردنی ئاستی ناوەندی بەرهەمی گشتی وڵاتی ئێران و پارێزگافارسەکان و پارێزگاکانی کوردستان دەبیندرێت کە سیاسەتی گشتی و ستراتێژیی دەوڵەت هەژارکردنی خەڵک و ڕێگەنەدانە بە گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی لە کوردستان. بەپێی لێکۆلینەوەکانی زانکۆی تاران(١) لە ساڵی ١٤٠٢ دا ئاستی نێونجی بەرهەمهێنانی گشتی لە پارێزگاکانی کوردستان تەنیا ١،٣٨٨ لە سەد بووە لە کاتێکدا پارێزگاکانی فارس‌نشین ئاستی بەرهەمهێنانی گشتی ١٣،٥٩٣ و ئاستی ناوەندی سەرانسەری وڵات ٣،٢٢٥ بووە. واتە ئاستی بەرهەمهێنانی گشتی کوردستان نیوەی ئاستی ناوەندی هەموو وڵات بووە. لەو بەراوردەدا بەرهەمهێنانی نەوت کە لە هەموو وڵاتدا دابەش نەکراوە لە بەرچاو نەگیراوە. لێکۆلینەوەکانی زانکۆی تاران دەسەلمێنن کە کۆچبەری لە پارێزگاکانی نەتەوە بندەستەکان لەوانە کوردستان و بەلووچستان بەرەو "ناوەند" یەکێکی دیکە لە گەشەی بەرهەمی گشتی نێوخۆییە. هەر لەو توێژینەوەیەدا دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی داوە پۆتانسیەلە ئابوورییەکانی کوردستان لەناو ببات و ڕێگە نەدات گەشەی هاوسان و پایەدار بکات و پۆتانسییەلە ئابوورییەکانی لەپێناو خۆشبژیوی خەڵک بەکار بهێندرێت. 
ئەسڵی نۆی (٩)ی دستووری ئێران بەناوی پاراستنی "تەواویەتیی ئەرزی ئێران" بەکردەوە باسکردن لە هەرجۆرێک مافی نەتەوایەتی لە نەتەوەکانی ئێران قەدەغە دەکات. هەروەها یاسای سزای ئێران (قانون مجازات تبلیغ تبعیض نژادی ‌مصوب 1356.4.30) بەکردەوە باسکردن لە هەڵاواردنی ئایینی، ڕەگەزی و نەتەوەیی قەدەغە دەکات و هەروەها یاسای "چاپەمەنی"یش بەکردەوە باسکردن لە جیاواوزییە نەتەوەییەکان و ستەمەکانی کۆمەڵایتی و نەتەوایەتی بە دژایەتی لە گەڵ "تمامیت ارضی"ی وڵات دادەنێت. بەوە ستەمی نەتەوایەتی و چەوساندنەوە لە ئێران لە ڕێگەی پرۆسەیەکی یاساییەوە بەرێوە دەچێت و کەسیش مافی نییە دژی ئەو ستەمانە دەنگ هەڵبرێت. چونکە دژایەتی‌کردن لەگەڵ ئەو ستەمانە بەواتای لە مەترسی خستنی "ئاسایشی نەتەوەیی" (بڕ. قانون حدود قصاص) و "تمامیت ارضی" وڵات (بڕ ئەسڵی ٩ی قانون اساسی جمهوری اسلام) لە قەڵەم دەدرێت. 

ئاپارتایدی زمانی
 ئاپارتایدی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی زمان و شوناسی نەتەوەیی خەڵکی کوردیش دەبیندرێت: ناوە کوردییەکان بە گشتی لە ئێراندا تۆمار ناکرێن یان ئەگەریش تۆمار بکرێن دەبێ ناوێکی عەرەبی (ئیسلامی) لەگەڵ خرابێت. ساڵی ١٣٩٩ بودجەی "ادب فارسی" لە ئێراندا ٢٦ میلیارد تمەن بوو. بۆ سازکردنی هەر وشەیەکی فارسی دەوڵەت ١١ ملیۆن تمەنی بەکار دەهێنا. لە کاتێکدا زمانەکانی دیکەی جوغرافیای سیاسی ئێران بریتی لە تورکی ئازەربایجانی، کوردی، تورکمانی، گیلەکی، عەرەبی، بەلووچی و زمانەکانی دیکە نەتەنیا هیچ بوودجەیەکی بۆ بەرچاو نەگیراوە بەڵکوو چالاکانی فەرهەنگی ئەو زمانانە کە بەشێوەیەکی دڵخوازانە و لەسەر حیسابی خۆیان لە پێناو گەشەی زمانی خۆیاندا چالاکییان دەکرد دەستگیر و زیندانی دەکرێن. هەر ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی زمانی کورد، تورک و گیلەک و بەلووچی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دان و بە تاوان جیاوازی خوازی و پەرەسەندنی "نژادپرستی" لە ئێراندا سزا دراون. زارا محەممەدی نموونەی هەرە ناسراوی ئەو بوارەیە کە ساڵی ١٣٩٩ پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو. بوودجەی دەوڵەت لە ساڵی ١٤٠١ دا بۆ گەشەی زمانی فارسی لە جیهانی مەجازیدا ٦٥٣ ملیۆن تمەن بووە و هاوکات ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی پێشگیری دەکات لە دامەزراندن و گەشەکردنی زمانەکانی دیکە بەتایبەت کوردی لە ئاستی جیهانی مەجازیدا. 

ئاپارتایدی سیاسی
بەکاربردنی توندوتیژی لە ئاست کۆمەڵگەدا یەکێکی دیکە لە دیاردەکانی پرۆسەی ئاپارتاید دژی نەتەوەی کوردە. لە وتاری "تیرۆریزمی دەروونی" (رۆژنامەی کوردستان ژمارە ٨٥٦)دا توندوتیژییەکانی سیاسی و دەروونیی ڕێژێم دژی نەتەوەی کورد ئاماژەی پێ کراوە. بە کورتییش بێت تەنیا لە ماوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ٥٦٪ی کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکان لە کوردستان و بەلووچستان بوون. بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٧٠٪ ڕێژەی زیندانیە سیاسییە ئێعدامکراوەکان کوردن و زیاتر لە ٥٠٪ی زیندانیانی سیاسی سەرانسەری ئێران کوردن. لەکاتێکدا کورد تەنیا ١٤٪ لە دانیشتووانی ئێران پێک دێنێت. 
لە گۆڤاری " فصلنامه مطالعات دفاعی استراتژیک" سەر بە زانکۆی سەربازی "دفاع ملی" دا زیاد بوونی ژمارەی دانیشتووانی "سوننە" (بخوێننەوە نەتەوەکانی نافارس) وەک هەڕەشەیەکی ئاسایشی ناوبراوە. لەو ڕووەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە لە ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیستانی بەلووچستان کارێک بکات کە ڕادەی مردن، خۆکوژی، کوژرانی بە ڕووداوی هاتووچۆ و کوشتنی کۆڵبەر و "سوخت بر" پێشی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی ئەو نەتەوانە بگرێت. بەپێی توێژینەوەکانی دەزگاری بەرێوەبەری توێژینەوەکانی وەزارەتی تەندوروستی (معاونت تحقیقات وزارت بهداشت) ئاستی شێرپەنجەی کۆئەندامی سەرەوەی گەدە و ڕیخۆڵە بەتایبەتی گەدە و سورێنچک لە پارێزگاکانی کوردستان لە هەموو ئێران بەرزترە. لە کاتێکدا دەرمانی ئەو شێرپەنجەیە لە کوردستان ئەگەر نامومکین نەبێت زۆر زەحمەتە و تووشبووانی ئەو نەخۆشییە دەبێ ڕوو بکەنە شارەکانی تەورێز، تاران و ئیسفەهان. هۆی سەرەکی ئەو شێرپەنجەیە دەگەڕێتەوە بۆ زەختی ئابووری و سیاسی و لە ئەنجامدا بڵاو کردنەوەی سیستماتیکی مادەهۆشبەرەکان لە ناو خەڵکی کوردستاندا.

ئاپارتایدی یاسایی دژی کەمایەتییەکان لە ئێران
جیا لە بابەتەکانی سەرەوە ئاماژە کراو دستووری کۆماری ئیسلامی ئێران ئاپارتایدی سیاسایی و سیستماتیک بە شێوەکانی خوارەوە جێبەجێ دەکات: جیاوازیی نێوان موسوڵمان و ناموسوڵمان، جیاسازی ناموسوڵمانەکان (بۆ نموونە: مەسیحی، جوو، زەردەشتی، یارسنای و بەهایی و بی‌ئایین)، جیاوازیی مەزهەبی شیعەی اثنی عشری و مەزهەبەکانی دیکەی ئیسلام، جیاوازی موسوڵمانانی جەعفەری اثنی عشری بە خۆیی و ناخۆیی، جیاکردنەوەی ژن و پیاو و لەوانەشدا جیاوازی‌خستن لە نێوان ژن و مێردی موسوڵمان و ژن و مێردی ناموسوڵمان، ....
ئایدیۆلۆژی پاکتاوکردنی شوناسەکانی جگە لە شوناسی فەرمی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێش لەویش ڕژێمی پاشایەتی بۆخۆی لە ئامانج داناوە بەشێوەیەکی سیستماتیک و یاسامەند بەرێوە دەچێت، ئەو ئەو سیاسەتەی کە لە ئەفریقایش باشووریش دژی ڕەشپێستەکان بەرێوە دەچوو. هەموو یاساکانی پێوەندیداری کۆماری ئیسلامی ئێران دژی پەیماننامەکان و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤن کە ئێرانیش واژۆی کردوە و لە ڕووی یاساییەوە دەبێ پابەندی بێت. ئێران بۆ یاساکانی خۆی هەوڵی داوە بیانووی "فقهی" و "شەرعی" بۆی بدۆزێتەوە و لەو ڕێگەیەوە ئاپارتاید بکاتە ڕەوتێکی ئایینی و بەشێک لە "جیهادی بە ئیسلامی کردنێ" نەتەوەی کورد. کاتێک ڕێبەری ڕژێمێک دژی نەتەوەیەک فەرمانی جەهاد دەردەکات، ئەوا بە واتای دەرکردنی ئەو نەتەوەیە لە ئایینی ئیسلام دێت و ئەرکی ئوممەتی ئیسلامییە یان ئەو نەتەوەیە لەسەر گۆی زەوی پاک بکاتەوە یان بە زۆر بیکاتە موسوڵمان.
***

(١) محمد مولائی قلیچی؛ مجید ڕمضانی مهریان؛ حمیدرضا طهوری: ، سطح‌بندی استان‌های ایران بر مبنای سهم آن‌ها در تولید ناخالص داخلی منطقه (GDPR) با روش CoCoS، انتشار آنلاین از تاریخ 18 خرداد 1402