کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا

14:28 - 19 خەزەڵوەر 2723

مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا

(شۆڕشی مەشرووتە ١٩٠٦ی زایینی)

 

مستەفا مەولوودی

شۆڕشی مەشرووتە (١٩٠٦-١٩١١ز ) وەکوو ڕووداوێکی گرنگ لە مێژووی نوێی ئێراندا ڕووداوێکی لەپڕ و ناکاو نەبوو و لەخۆڕا هەڵنەقوڵا، بەڵکوو ڕیشەی لە ڕابردوویەکی دووری فیکری و سیاسیدا هەبوو. کۆمەڵە هۆیەک دەستیان وەدەستی یەکتر دا تا ببنە سەرچاوەی ئەو ئاڵۆگۆڕە مەزنە کە گرنگترینیان بریتی بوون لە: ناڕەزایەتی توندی کۆمەڵانی خەڵک لە زوڵم و زۆریی دەسەڵاتدارانی قاجار و بەر لە هەمووان بێ‌توانایی پادشاکانی قاجار، دۆخی شپرزی ئابووریی وڵات و زۆربوونی گوشاری دارایی کە بە شێوەی باج و خەراج لە خەڵکیان دەستاند. ناکۆکیی نێوان کۆمەڵگەیەکی کلاسیک و پێوەندی ڕوو لە گەشەی فۆرماسیۆنی سەرمایەداری، کێشە و دووبەرەکیی نێوان شازادەکانی قاجار بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، داخوازی ڕووحانییەتی گەورەی تاران، قوم، مەشهەد و نەجەف بۆ بەشداری لە دەسەڵات، چالاکیی فیکری ڕووناکبیریی و شوێنەواری ڕۆژنامەکانی وەک «پریا»، «پرورش»، «حبل المتین» و «حکمت» و هاوکات ئەو کتێبە فارسییانەی لە ئەستەمبول لەچاپ دەدران، لە بردنەسەری ڕادەی وشیاری سیاسی و هەستی شۆڕشگێڕیی کۆمەڵانی خەڵک دەوری بەرچاویان هەبوو. شکستی ڕووسیە لە ژاپۆن (١٩٠٥) و شۆڕشی ساڵی (١٩٠٥)ی ڕووسیە و دەنگدانەوەی ئەو دوو ڕووداوەش کاریگەریی خۆی هەبوو لەسەر ڕەوشی ئێران.

شۆڕشی مەشرووتە لەسەر بەستێنی ئەم هەلومەرجە لە دیسامبری ١٩٠٥ بە خۆپێشاندان و بەست دانیشتن (مانگرتن) و بەشداریی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک لە تاران دەستی پێ کرد و لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی خۆیدا شەپۆلی شۆڕش شارەکانیتریشی وەک تەورێز، ئیسفەهان، شیراز و مەشهەد و زۆر ناوچەی دیکەی ئێرانی گرتەوە. ئامانجی ئەو شۆڕشە بریتی بوو لە: کۆتایی‌هێنان بە دەسەڵاتی بێگانە و دامەزراندنی سیستەمێک کە تێیدا یاسا سەروەر بێت و خەڵک لە ڕێگەی پارلەمانەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، پادشایەتی نیهادێکی سیاسی بە دەسەڵاتێکی دیاریکراو بێت و دەسەڵاتیش لە میللەتەوە سەرچاوە بگرێت. سەرەنجام خەباتی خەڵک بەئاکام گەیشت و موزەفەرەدین شا لە بەرانبەر ویست و داخوازیی شۆڕشگێراندا پاشەکشەی کرد و فەرمانی مەشرووتە و دامەزراندنی پارلەمانی لە چواردەی ڕەجەبی ١٣٢٤کۆچی مانگی (١٩٠٦ز) دەرکرد.

ڕۆژی هەژدەیەمی مانگی شەعبانی  ١٣٢٤ی کۆچی مانگی (١٩٠٦ز) پارلەمان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی تاران کرایەوە و پاش گەیشتنی نوێنەرانی شارەکانی تر، دەستی بەکار کرد و گرینگترین ئەرکی پارلەمان نووسین و پەسندکردنی دەستووری مەشرووتە بوو، کە پارلەمان ئەو یاسایەی لە پەنجا و یەک مادەدا گوونجاندبوو، و لە چواردەیەمی زیلقەعدەی ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی مانگی (١٩٠٦ز) بە ئیمزا و پەسندی موزەفەرەدین شا و محەممەدعەلی میرزای جێنشینی گەیاند. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو دەستوورە بەپەلە و بەخێرایی نووسرابوو و دەکرێ بڵێین وەرگێڕاوێکی لاوازی دەستووری چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوایی بە تایبەت بێلژیک بوو، پێویستیی بە ئاڵوگۆڕ و پاشکۆ (متمم) هەبوو. هەربۆیە دواتر لە ١٠٧ ماددەدا، یاسای پاشکۆی دەستوور لە بیست و نۆهەمی شەعبانی  ١٣٢٤ی کۆچی بە پەسند و ئیمزای محەممەدعەلی میرزا و پارلەمان گەیشت.

بەم جۆرە شۆڕشی (١٩٠٦ز) جێی بە فەرمانڕەوایی ئۆتۆکراتی چۆڵ کرد و حوکمێکی پادشایەتی مەشرووتەی لەجێ دانا، گەرای ناسیۆنالیزمی ئێرانیشیی داڕشت. گوتاری نەتەوەیی ئێران کە بەدەم بزووتنەوەی مەشرووتەخوازییەوە دژایەتیی دێموکراتیانەی گەلی لە ئاست ئۆتۆکرات وەڕوو خستبوو و زەق و گرینگی کردبۆوە، هاتە نێو دەربڕینی فەرمی سیاسییەوە. لە ماددەی بیست و شەشەمی پاشکۆی دەستووردا هاتووە: دەسەڵاتی مەملەکەت لە میللەت سەرچاوە دەگرێ.

لە ماددەی سی و پێنجەمی دەستووردا هاتووە: «سەڵتەنەت ئەمانەتێکە لەلایەن میللەتەوە بە پادشا ئەسپێردراوە.» واتە شا وەک سێبەری خودا لەسەر عەرز نەما و ئیتر سەرچاوەی دەسەڵاتی پادشا خوا نییە، بەڵکوو ئیرادەی خەڵکە. گوتاری «نەتەوەی ئێران» لە قانوونی بنچینەیی (دەستوور) دەوڵەتی تازەدا وەکوو سەرچاوەی سەروەری (دەسەڵاتی سیاسی) و ڕەوایی (مەشروعییەتی سیاسی) گونجێندرا.

بەم جۆرە لە ڕەوتی شۆڕشی مەشرووتە و ساڵەکانی دواتر، وردەوردە واتای نوێی «میللەت» لە بەرانبەر  واتای «ڕەعییەت» وەک شوناسی نوێ دەرکەوت و واتای نوێ لە بەستنەوە بە شەریعەت و دین ڕزگاری بوو. میللەت وەک «دانەری یاسا» چ بەکردەوە و زۆرتر وەک تیۆری بەدوای گەڕان بۆ مافی کۆمەڵایەتیی خۆی مەشغووڵ بوو. ماددەی بیست و شەشەم و بیست و حەوتەمی دەستوور دەڵێ: «دەسەڵاتی مەملەکەت لە میللەت سەرچاوە دەگرێ و ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتە، دەستوور دیاریی دەکا. دەسەڵاتی مەملەکەت بە سێ بەش دابەش دەکرێ.» بەوتەی «ڕەزا داوەری» لێرەدایە ناسیۆنالیزم دەردەکەوێ، چونکە دەسەڵات بە میللەتە و میللەت یاسادانەر و سەرچاوەی حوکم و یاساش هەر بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.

«نازمولئیسلامی کرمانی» مێژوونووسی ناسراو کە بۆخۆی لە دوو ساڵ پێش لە سەرکەوتنی سەردەمی شۆڕشی مەشرووتە، واتە لە ساڵی ١٢٨٣ی هەتاوی (١٩٠٤ز)ییەوە تێکەڵ بە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بووە و لە نزیکەوە شاهیدیان بووە؛ لە کتێبە بە ناوبانگەکەیدا بە ناوی «تاریخ بیداری ایرانیان» لە گێڕانەوەی پێشوازیی خەڵک لە ١٢٨٥ی هەتاوی بەرانبەر بە (١٩٠٦ز) لە ڕێبەرانی شۆڕش لە کۆچی ناسراو بە «مهاجرت صغری»دا دەڵێ: «ئەو کۆبوونەوەیە و ئەو ڕۆژە یەکەم کۆبوونەوە و یەکەم ڕۆژ بوو کە هاواری «بژی میللەتی ئێران» گەیشتە ئاسمان. ئەو کۆبوونەوەیە بۆ نوێنەرانی دەوڵەت وەک «ئەمیر بەهادور» و «نەسرولسەڵتەنە» و «شەمسولملوک» کە لەو شوێنە ئامادە بوون بە خۆشی تێپەڕ نەبوو، چون کەس ناوی نەهێنان و دروشمی بژی «میللەتی ئێران» بۆ یەکەمجار بەر گوێیان دەکەوت و مانای قەومییەت و میللەتیان نەدەزانی». هەتا ئەو سەردەم خەڵکی ئێران خۆیان لە شوناسی جۆراوجۆردا دەناسی و هەروەک دەبینین «شوناسی نەتەوەی ئێران» بۆ ئەوان زۆر غەریبە و وەفاداریی بە وڵات یا میللەت لە ئارادا نییە. ئێران لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە لایەن نووسەران و وێژەرانەوە وەک مەملەکەتی ئیسلام و «شا» وەکوو پادشای ئیسلام ناویان هاتوە. بێجگە لەمە دەنگ‌هەڵبڕانی جووڵانەوەی چاکسازی کە شۆڕشی مەشرووتەی لێ کەوتەوە لەدژی دەستدرێژیی بێگانە بوو بۆ «مەملەکەتی ئیسلامی» و «موسڵمانان»، نەک «ئێران» و «ئێرانییەکان».

بیرۆکەی نەتەوەیی یا سەروەری لە جیهانی ئیسلامدا هیچ پێگەیەکی فیکری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی نییە، شای سەفەوی و دواتر قاجار و خەلیفەی عوسمانی لە ساڵەکانی ١٥٠٠ەوە و پێشتریش خەڵیفەی موسڵمانان سەرپەرشتیی «ئۆمەتی» موسڵمانیان دەکرد کە بەسەر کۆمەڵگە و ئیتنیکە جیاوازەکاندا دابەش دەکران. مافی کەمایەتییەکانیش بەپێی حوکمی شەرع و یاسای جیهانگیریی ئایینی دیاری دەکرا. پاراستنی ئایینی ئیسلام و هەرێمە موسڵمان‌نشینەکان ئەرکێکی هاوبەشی گشت ئۆممەتی ئیسلامی دەهاتە ئەژمار. بۆیە ڕێبەرانی ئایینی، دەسەڵاتی زیاتریان پێ دەسپێردرا و لەم ڕێگەیەوە پێناسەی ئیسلامبوون زیاتر برەوی پێ درا. بنەماڵە، هۆز و ئایین هەم لە ئیمپراتۆریی عوسمانی و هەم لە ژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکان و دواتر قاجاریش نیشانەی ناسنامەی سەرەکی خەڵک بوون. «سارا مەحموود»یش لەسەر ئەو ڕایەیە کە: «لەوانەیە تەنیا شوناسی هاوبەش لەو سەردەمە شوناسی ئایینی زۆرینەی شیعە بووبێ. سەید حوسێن کازم‌زادە کە بۆخۆی لەو دەستە ڕووناکبیرانەی سەردەمی ڕەزاشایە و پرۆپاگەندەی بۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەکرد، لە گۆڤاری «ایرانشهر» کە لە بەرلین پێتەختی ئاڵمان چاپ و بڵاوی دەکردەوە، بەم چەشنە لە دەست لاوازیی وشیاریی نەتەوەیی خەڵکی ئێران، تەنانەت پاش شۆڕشی مەشرووتە دەناڵێنێ: «لە وڵاتێک کە ئێل و عەشایری تاڵانچی مرۆڤ‌کوشتن و ئاوخواردنەوەیان بەلاوە یەکە، ماڵ و حاڵی خەڵکیان پێ ڕسق و ڕۆزیی سروشتیی خۆیانە و هەرچەند مانگ جارێک بە هاندانی هی‌تر، لە نیشتمانی خۆیان ڕادەپەڕن، لە شوێنێک کە بێگانەیی و ناتێگەیشتوویی بەو ڕادەیە گەیشتوە کە خەڵکی هەر ویلایەتێک لە شار یان ویلایەتێکی دیکە، خۆی بە غەریب دەزانێ و لە زۆربەی خەڵک ئەگەر ناوی نیشتمانەکەی (وەتەن)ی دەپرسی، شوێنی لەدایکبوونی دەڵێ. لە وڵاتێک کە ڕادەی تێگەیشتوویی خەڵک لە تێگەیشتنی مانای شار و ویلایەت و مەملەکەت پتر نییە و وشەی ئێران بۆ ئەوان وەک مەتەڵ وایە، چۆن هیوا و هۆمێد بە پێشکەوتن و ئاوەدانی دەبێ».  عارف قەزوینی شاعیر و هونەرمەند دەڵێ: «ئەگەر ئەمن هیچ خزمەتێکم بە مۆسیقا و ئەدەبیاتی ئێران نەکردبێ، کاتێك میلۆدی نیشتمانیم دروست کرد کە خەڵک لە ئێران لە دە هەزار کەس یەک کەس نەیدەزانی «وەتەن» یانێ چی. تەنیا وایان دەزانی «وەتەن» شار یان گوندێکە کە مرۆڤ تێیدا لەدایک بووە.

لە یەک قسەدا شوناسی ورد و بچووک، پارچەپارچە و لێک‌بڵاو لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی ئەو سەردەمە بوو و لە نەبوونی ئایدۆلۆژییەکی شوناس‌پێدەر و یەکدەست، بە درێژبوونەوەی ستراکتۆری دەسەڵاتی پاتریمونیالی یارمەتیی دەکرد. ئەوە تەنیا لە سەردەمی مەشرووتە و پەهلەو‌ دایە کە گوتاری پێویست بۆ بیچم‌گرتنی شوناسی سەرانسەری لە چوارچێوەی واتای»نەتەوەی ئێران» پێک‌هات. داڕشتنی دەستووری مەشرووتەی ساڵی ١٩٠٦ دەسپێکی ئەم پرۆسەیە بوو. بەپێی ئەم دەستوورە شوناسی ئیتنیکیی دەسەڵاتی سیاسی فارسە، شوناسی زمان فارسییە و شوناسی مەزهەبی، شیعەی دوازدە ئیمامییە.

ماددەی یەکەمی پاشکۆی دەستووری دەڵێ: «مەزهەبی فەرمیی ئێران، ئیسلام و تەریقەتی حەقەی جەعفەری دوازدە ئیمامییە، دەبێ پاشای ئێران خاوەن و پەرەپێدەری ئەم ئایینە بێت.» هەروەها بەپێی ماددەی حەوتەم لە هەڵبژاردنی «ئەو کەسەی پاڵێوراوە بۆ پارلەمان، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەبێ خوێندەواریی نووسین و خوێندنەوەی زمانی فارسی بە ڕادەی پێویستی هەبێ.»

  لە دەستووردا باسێک سەبارەت بە شوناسە کولتووری و زمانییەکانی دیکە (کورد، ئازەری، عەرەب، بەلووچ و تورکمان) نەکرابوو و خۆی لە ئاستیان گێل کردبوو. بەم جۆرە بنەمای دەستووری سەردەمی مەشرووتە لەسەر شووناسی یەکگرتوویی ئێرانی دامەزرا و لەدایکبوونی زاراوەی «نەتەوەی ئێران» کە زمان و کولتووری فارسی و مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی تایبەتمەندیی سەرەکیی بوون، ڕەسمییەتی پێ درا و کێشەی فرەنەتەوە (Nations Multi) بە چارەسەرنەکراوی مایەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕەوایی بە ستەم و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوایەتی بەخشرا.