
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا ڕوو لە غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەنیسبەت بەربڵاوبوونەوەی ترسناکی قەیرانی لەسێدارەدانەکان لە ئێران هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە هەزاران کەس مەترسیی جیبەجێکرانی سزای مەرگیان لەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە مافی مرۆییە نێونەتەوەییە، بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە زرۆبەیان لە ڕێگەی تۆمەتگەلێکی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر یان تۆمەتی گشتی و ناڕوون وەک "موحاربە" و "افساد فیالارض" لە دوای دادگاییەکی نادادپەروەرانە، سزای مردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
لێبوردنی نێونەتەوەیی جەختی لەوە کردەوە کۆماری ئیسلامی لە بڵاوکردنەوەی ئاماری فەرمی لەوبارەوە خۆی بواردووە و ڕێژەیەکی ئاماریی ورد و دروست لەو پێوەندییەدا لەبەر دەستدا نییە.
لەو نامەیەدا هاتووە کە لە سەرەتای دەسپێکی بزووتنەوەی ژیناوە لە ساڵی ١٤٠١، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەو سزایانەیان وەکوو کەرەستەیەک بۆ سەرکوت بەکار هێناوە.
بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٨٠٠ کەس لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە لە سێدارە دراون.
لێبوردنی نێونەتەوەیی بە ئاماژدەدان بە دەسبەسەرکردنی زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لە مانگەکانی ڕابردوودا، لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل، هۆشداریی دا کە سەدان کەس لەو دەسبەسەرکراوانە بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، مەترسیی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئەو ناوەندە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی پەسەند کردووە کە لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەیە شۆرای نیگاباندا، دەتوانێت کەڵکوەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان وەکوو کەرەستەی سەرکوت زۆر زیاتر پەرە پێ بدات.
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە داوای لە هێزی دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامی کردووە کە بە زوویی لەسێدارەدانە بەرنامە بۆداڕێژراوەکان ڕابگرێت، سزا دەرکراوەکان هەڵوەشێنێتەوە و بە دروستکردنی سەرچاوەیەکی سەربەخۆ بەستێنی پێداچوونەوەی دادپەروەرانە بە دۆسییەکان بڕەخسێنێت.
لێبوردنی نێونەتەوەیی هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی هاوئاراستەکردنی یاساکانی ئێران لەگەڵ پێوەرە نێونەتەوەییەکان و سڕینەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ سزاکانی ماددەی هۆشبەر و تۆمەتە ناڕوونەکان کردەوە.