
لە ڕەوتی دانیشتی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڤییەن، ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە دۆخی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامییەوە هۆشداریی جیددییان دا و ڕایانگەیاند کە دەبێت بە زووترین کات ئەو ڕێژیمە هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانس دەست پێ بکاتەوە.
یەکیەتی ئورووپا لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران بە پاشەکشێکردن لە دەروەستبوونی بە ڕێککەوتننامەی بەرجام و ڕاگرتنی هاوکاریی پادمانی، پێشی بە توانایی ئاژانس بۆ بە ئاکامگەیاندنی پشکنینەکان لەبارەی بەرنامەی ناوکیی ئێران گرتووە.
نوێنەری یەکیەتیی ئورووپا لەو دانیشتنەدا بە ئاماژەدان بە دەسپێکی ڕەوتی چالاککردنی "مێکانیزمی ماشە" لە شۆرای ئەمنییەتدا وتوویەتی: "ئێستا کاتێکی هەستیارە و تاران دەبێت هەنگاوی کردەیی و خێرا هەڵ بێنێتەوە هەتاکوو نیشانی بدات بە دوای ڕێگەچارەی دیپلۆماسییەوەیە.
یەکیەتیی ئورووپا وێڕای پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئەم دواییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئاژانس بۆ دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان باسی لەوە کردووە کە جیبەجێکردنی خێرا و تەواوی ئەو ڕێککەوتننامەیە بۆ دانوستانکردن نابێت و دەبێت جێبەجێ بکرێت.
هاوکات نوێنەری ئەمریکا لەو ئاژانسەدا هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی بە "پێویست" زانی و هۆشداریی دا کە لە ئەگەری هاوکارینەکردن، شۆرای حوکام دەبێت "هەنگاوی سەختگیرانە" دژی ئەو ڕێژیمە بگرێتە بەر.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕووسیە ڕەخنەی لەو بەیاننامە و هەڵوێستی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا گرتووە و نوێنەری ئەو وڵاتە لە دانیشتنی ڤییەندا هەڵوێستی سێ وڵاتی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسەی بەنیسبەت کۆماری ئیسلامی بە "لاساری" لە قەڵەم دا.