کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا

02:49 - 20 سەرماوەز 2723

مافی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا

(بارودۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی ئێران بەر لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران)

 

مستەفا مەولوودی

بە هاتنی هێزی هاوپەیمانان بۆ نێو خاکی ئێران لە خەرمانانی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی (سێپتامبەری ١٩٤١)ی زایینی ڕەزاشا لە دەسەڵات وەلا نرا و بۆ دەرەوەی وڵات دوور خرایەوە. هۆی بوونی هێزی هاوپەیمانەکان لە ئێران کە چارەنووسی وڵاتیان کەوتبووە دەست دەگەڕایەوە بۆ بێ‌هێزی و بێ‌ئەزموونی شای نوێ -محەممەد ڕەزا پەهلەوی-، بەڵام ناوبراو لە ساڵەکانی دواتر و بەتایبەت پاش کودەتای ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی (١٩٥٣)ی زایینی شوێن پێی خۆی پتەوتر کرد و بوو بە درێژەدەری سیاسەتی ناسیۆنالیزمی باوکی و پێناسەی ئەو سیاسەتەش درووشمی «تەک نەتەوەیی‌کردنی ئێران» و خۆ بە میراتگری پاشایەتیی پێش ئیسلام زانین بوو لەو وڵاتە.

دیاردەیەکی بەرچاو لە پاش نەمانی ڕەزاشا کە لە کۆمەڵگەی ئەوکاتی ئێراندا دەرکەوت، دروست‌بوونی سەرلەنوێی ژمارەیەکی زۆر لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بوو. ئەو حیزب و گرووپانە بە ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە لە کۆمۆنیستەوە بگرە تا ناسیۆنالیستی توند، لە ڕێکخراوە ئایینی و میلی-ئایینیەوەکانەوە بگرە تا ئیسلامی ڕادیکال و دەمارگرژی لەخۆ دەگرت. لەو بارودۆخەدا قوتابخانەی پان‌ئێرانیزم لە ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی (١٩٤٧)ی زایینی دامەزرا. ئەندامانی ئەو قوتابخانەیە لە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی (١٩٤١)ی زایینی لە کاتی هاتنی هێزەکانی ئینگلیز بۆ ئێران و لە ساڵەکانی ١٣٢٥_١٣٢٤ی هەتاوی (١٩٤٥_١٩٤٦)ی زایینی کە ئازەربایجان لەلایەن سووپای سوورەوە داگیر کرابوو، بە پێکهێنانی گرووپی نهێنی لەدژی ئەو هێزانە چالاکیان هەبوو. لە ١٣٣٠ی هەتاوی (١٩٥١)ی زایینی قوتابخانەی پان‌ئێرانیزم، دەچێتە قۆناغێکی نوێ و حیزبی پان‌ئێرانیست پێک دێت.

پان‌ئێرانیستەکان بەو شێوەیە پێناسەی خۆیان دەکەن: «پان‌ئێرانیزم جووڵانەوەیەکە لەسەر ئەو باوەڕەی هەموو ئێرانییەکان دەبێ لە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆیان لەژێر ئاڵایەکدا بژین. پان‌ئێرانیزم بەرهەمی دۆخی مێژووی ئێستای «نەتەوەی ئێرانە». چونکە پێویستی بە گوتن نییە کە لە قۆناغی ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا وڵاتی ئێران دابەش بووە و ئێرانییەکان لە بەشی جیاواز لەگەڵ ڕێژیمی جۆراوجۆردا دەژین.» مانیفێستی قوتابخانەی پان‌ئێرانیزم، بانگەوازی بۆ هەموو دانیشتوانی ئێرانی و ئەو ناوچانە داوە کە لەژێر ئاڵای ئێرانی مەزن کۆ ببنەوە. واتە: ناوچەی قەفقاس (ئازەربایجان، ئەرمەنستان، گورجستان) بوخارا و سەمەرقەند، ئەفغانستان و هەر چوارپارچەی کوردستان و بەحرەین.

محەممەدڕەزا پەهلەوی، دووهەمین شای پەهلەوی لە ئێران کاتێک کرا بە جینشینی باوکی، بەهێزکردنەوەی پایەی حکوومەتەکەی لە سێنتڕالیزەکردنی ئێران و ڕەچاوکردنی سیاسەتەکانی باوکیدا دیتەوە. بۆیە هەموو ئەو حیزب و گرووپانەی لە پاش تەواوبوونی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە دروست ببوون و بەستێنێکی تا ڕادەیەک بەربڵاویان بۆ تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕەخسابوو، کۆ کردەوە و چالاکییە سیاسییەکانی بەتەواوی قەدەغە کرد و تێکۆشان و هەوڵە کۆمەڵایەتییەکانی بەتەواوی سنووردار کرد، بە جۆرێک کە دەزگا سیخوڕییەکانی حکوومەت دەبوا چاوەدێرییان بەسەریاندا هەبێت.

حیزبی توودە کە لە ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٠ی هەتاوی (٣ی فورییەی ١٩٤٢ی) زایینی دامەزرابوو، لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٥ی زایینییەوە دەستی کرد بە بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ پێویستی دامەزراندنی شوڕاکانی ئۆستانی و ویلایەتی کە لە یاسای بنەڕەتیدا پێشبینی کرابوون. ئەگەرچی ئەو بەشە لە یاسای بنەڕەتی قەت نەچووە بواری جێبەجێ‌کردنەوە، بەڵام پێناسە و دیاریکردنی ئەنجوومەنی ئەیالەتی و ویلایەتی لە یاسای بنەڕەتیدا بۆخۆی نیشانەی ئەو شێوە هزرین و بیرکردنەوە سیاسییەیە کە ئێرانییەکان بتوانن لە پێناویدا وڵاتەکەیان باشتر بەڕێوە بەرن.

 حکوومەتی میللیی ئازەربایجان کە لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٩٤٥ی زایینی) دامەزرا، لە بەرنامەی کاریی خۆیدا ئاماژەی بە خاڵە جێبەجێ‌نەکراوەکان لە یاسای بنەڕەتیدا کردوە، وەک دامەزراندنی شوڕاکانی ویلایەتی بۆ ئەوەی بیسلەمێنێت کە دامەزراندنی حکوومەتی خودموختاری ئازەربایجان لەسەر زەمینەی ئەو ماددە یاساییە دامەزراوە.

لە ئوتی ١٩٤٥ی زایینی (گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی) کۆمیتەی نەجاتی میللیی ئازەربایجان دەبێت بە فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و لقی حیزبی توودە لە ئازەربایجان دەچێتە نێو ئەو حیزبە و بەو جۆرە حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان (فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان) لە تەورێز دادەمەزرێ. فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان ٢١ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٢ی سێپتامبری ١٩٤٦)ی زایینی حکوومەتی میللیی ئازەربایجانی لە تەورێز ڕاگەیاند و پێوەندیی سیاسی لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤیەت دامەزراند. هەروەها پەیماننامەیەکیان لەگەڵ حکوومەتی کۆماری کوردستان کە لە مەهاباد دامەزرابوو، لە حەوت خاڵدا ئیمزا کرد. ئەو پەیماننامەیە لە ڕیکەوتی ٣ی بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی (٢٣ی ئاوریلی ١٩٤٦ی زایینی) لە شاری تەورێز لە نێوان دوو هەیئەت بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و جەعفەری پیشەوەری واژۆ کرا. فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان هاوکات لەگەڵ چەند حیزبی دیکە لە ئێران وەک حیزبی توودە، حیزبی سۆسیالیست، حیزبی دێموکراتی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی جەنگەڵ بەرەیەکیان پێک‌هێنا.

پاش تەواوبوونی شەڕی دووهەمی جیهانی بەپێی ئەو هەلومەرجەی لە ناوچەی مەهاباد هاتبووە پێش، نە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان لەشکریان تێدا جێگیر کردبوو، نە لەشکری سوور بەو شێوەیە دۆخێکی سەقامگیر و تایبەتی لە ناوچەی سابڵاغدا خوڵقاندبوو. ئەوە بوو کە یەکەم ڕێکخراوی بەهێزی سیاسی کوردی بەناوی «کۆمەڵەی ژ_ک» یان «کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد» لە ناوچەی مەهاباد لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاوی (١٦ی ئوتی ١٩٤٢ی زایینی) پێک هات کە دامەزرێنەرانی ١١ کەس بوون.

لەسەر بناغەی کۆمەڵەی ژ_ک حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٦ی ئوتی ١٩٤٥ی) زایینی لە شاری مەهاباد دامەزرا و بەرنامەی خۆی بڵاو کردەوە و زۆر زوو پشتیوانیی زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواریی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەم حیزبە پاش ١٦٠ ڕۆژ کار و تێکۆشانی بەردەوام لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (٢٢ی ژانوییەی ١٩٤٦ی زایینی) لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد «کۆماری کوردستان»ی دامەزراند و پێشەوا قازی محەممەد، پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو بە یەکەم سەرۆکی حکوومەتی کۆماری کوردستان و کابینەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بە سەرۆکایەتیی حاجی باباشێخ و ١٣ وەزیر پێک‌هێنا. ئەو کۆمارە ١١ مانگ درێژەی کێشا.

بەپێی ئەو پەیمانەی لەنێوان هاوپەیمانەکاندا واتە ئامریکا و یەکیەتیی سۆڤیەت و بریتانیا لەلایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە لە کۆنفرانسی تاران لە ڕۆژەکانی ٧ تا ٩ی سەرماوەزی ١٣٢٢ی هەتاوی (٢٨_٣٠ نوامبری ١٩٤٣ی زایینیدا) بە بەشداریی ستالین، ڕۆزڤێڵت و چەرچیل بەسترا، بڕیار وابوو شەش مانگ پاش تەواوبوونی شەڕی دووهەمی جیهانی لەشکری هاوپەیمانەکان ئێران بەجێ بێڵێ. ئەم شەڕە لە ئورووپا لە ١٨ی بانەمەڕی ١٣٢٤ی هەتاوی (٨ی مای ١٩٤٥ی زایینی) بە خۆبەدەستەوەدانی بێ‌‌قەیدوشەرتی ئاڵمان و لە ئاسیا لە ١١ی خەرمانانی ١٣٢٤ی هەتاوی (٢ی سێپتامبری ١٩٤٥ی زایینیدا) بە خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن کۆتایی هات. لەشکری ئەمریکا و بەریتانیا  لە کاتی دیاریکراو و تەنانەت ئەمریکا زووتریش ئێرانیان بەجێ هێشت، بەڵام لەشکری سوور هەر لە جێگای خۆی مایەوە. ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لەدژی یەکیەتیی سۆڤیەت تۆمار کرد. ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر لەشکری سوور ئێران بەجێ نەهێڵێ ئەویش دەگەڕێتەوە ئێران. ئێران و یەکیەتیی سۆڤیەت پێکەوە کەوتنە وتووێژ و لە ئەنجامدا ئەو دوو وڵاتە لە ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٢٥ی هەتاوی (٤ی ئاوریلی ١٩٤٦ی زایینی) ڕێکەوتننامەیەکیان بە واژۆی قەوام و سادچیکۆف بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو:

١- لەشکری سوور لە ڕۆژی ٤ی خاکەلێوەوە تا مانگ و نیوێک خاکی ئێران بەجێ بێڵێ.

٢- کۆمپانیایەکی نەوتی لەنێوان ئێران و سۆڤیەتدا پێک دێت و لە ڕۆژی ٤ی خاکەلێوەوە تا حەوت مانگی دیکە ڕێککەوتننامەکە لەسەر ئەم کۆمپانیایە بۆ پەسندکردن دەدرێ بە مەجلیسی پازدەیەم.

هەروەها هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە مەسەلەی ئازەربایجان گیروگرفتێکی نێوخۆیی ئێرانە و دەبێ بۆ چارەسەرکردنەکەی لە ڕێکاری نێوخۆیی و ئاشتیانەوە بگەڕێن. بەم چەشنە بوار بۆ کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لە خاکی ئێران ئامادە کرا.

لەدوای کشانەوەی لەشکری سوور لە خاکی ئێران و وتووێژ لەنێوان کۆماری کوردستان و ئازەربایجان لەلایەک و دەوڵەتی مەرکەزی ئێران لەلایەکی دیکە دەستی پێ کرد. پاشان چەندین جار هاتوچۆ لە نێوان تاران و تەورێز و مەهاباد، ڕێکەوتنێک لەنێوان حکوومەتی مەرکەزی و حکوومەتی ئازەربایجاندا پێک‌هات. ئازەربایجانییەکان ڕایانگەیاند کە خۆیان وەک حکوومەتی میللیی ئازەربایجان بە بەشێک لە ئێران دەزانن و داواکانیان لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران‌دایە و دەوڵەتی ناوەندییان دڵنیا کردەوە کە خەیاڵی جیابوونەوە لە ئێرانیان نییە. حکوومەتی ناوەندی لەو کاتەدا تا ڕادەیەکی بەرچاو نەرمیی بەرانبەر بە حکوومەتی میللیی ئازەربایجانی نواندبوو و دوکتۆر سەلاموڵڵای جاویدی وەک ئوستانداری گشتیی ئازەربایجان دیاری کرابوو.

لە نیوەی مانگی گەلاوێژی ١٣٢٥ی هەتاوی (سەرەتای ئوتی ١٩٤٦ی زایینیدا) پێشەوا قازی لەگەڵ چەند کەس لە بەڕێوەبەرانی کۆماری کوردستان سەردانی تارانیان کرد. ئاکامی ئەو سەفەرە ئەوە بوو کە دەوڵەتی مەرکەزی و شەخسی قەوام پەسەندیان کرد ئۆستانێکی تازە بە ناوی کوردستان دیاری بکرێ کە سنووری لە یەکیەتیی سۆڤیەتەوە تا نێوان کرماشان و سنە، واتە ناوچەی کامیاران درێژەی هەبێ و شەخسی قازی محەممەد بە ئۆستانداری گشتی دیاری بکرێت. قەوام ئەو پێشنیارەی بەڕواڵەت قبووڵ کردبوو بەڵام چاوەڕوانی کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت بوو لە ئێران تاکوو ئەرتەشی شاهەنشاهی بۆ داگیرکردنی دووبارەی ئازەربایجان و کوردستان ئامادە بکات.

لە شەوی ١ی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی لەشکری ئێران هێرشی کرد بۆ زەنجان و ڕۆژی ٢ی سەرماوەز ئەو شارە بەتەواوی کەوتە دەستی دەوڵەتی ناوەندی و، چەکدارەکانی فیدایی حکوومەتی میللی ئازەربایجان چووکترین بەربەرەکانیان نەکرد و پێش ئەوەی هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی لە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی (١١ی دیسامبری ١٩٤٦ز)دا بگەنە تەورێز، کاربەدەستانی فیرقەش ئاشبەتاڵیان کرد و بەفەرمی تەسلیم بوونی خۆیان ڕاگەیاند و زۆرینەشیان هەڵاتن بۆ یەکیەتی سۆڤیەت کە جەعفەری پیشەوەریش لەگەڵ هەڵاتووەکان بوو.(١) بەو جۆرە ڕۆژی ٢١ی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی (١٢ی سێپتامبری ١٩٤٦٩ی زایینی، واتە ڕاست ساڵێک پاش پێکهاتنی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان لەشکری حکوومەتی ناوەندی گەیشتە شاری تەورێز و بەبێ ئەوەی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان کەمترین بەربەرەکانییەک لە خۆیەوە نیشان بدات. لە گرتنی شاری تەورێزدا سەدان کەس لە بەرپرسانی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان ئێعدام کران و زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە خەڵکی شار و گوندەکانی ئازەربایجان لەلایەن کۆنەپەرستانەوە کوژران.

لە مانگی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی ڕا لە مەهاباد هەست بەوە دەکرا کە مەترسی نیزیکە. هەر لەبەر ئەوەش ڕۆژی ١٤ی سەرماوەز (٥ی دیسامبری ١٩٤٦ی زایینی) لەسەر پێشنیاری پێشەوا قازی، شوڕای شەڕ بە بەشداریی ١٠ کەس و سەرۆکایەتیی خودی پێشەوا پێک‌هات و لە دواییدا بڕیاری بەربەرەکانی لە هەمبەر ئەرتەشی دەوڵەتی ناوەندی درا. لەدوای داگیرکردنی سووک و ئاسانی ئازەربایجان و ئاشبەتاڵ‌کردنی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، پێشەوا قازی هیچ هیوایەکی بە یارمەتیی هێزە دێموکراتەکانی ئێران نامێنێ و دەزانێ لەسەر ئەو بارودۆخەی کۆماری کوردستان هەیەتی بەربەرەکانی نیزامی لەگەڵ ئەرتەشی ئێران ڕێگەچارەیەکی گونجاو نییە. بەم جۆرە ڕۆژی ٢١ی سەرماوەز (١٧ی دیسامبری ١٩٤٦ی زایینی) واتە ڕێک یەک ساڵ پاش چەک‌کردنی شارەوانی مەهاباد و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەو شارە، ئەرتەشی دەوڵەتی ناوەندی گەڕایەوە مەهاباد و پاش دوو ڕۆژ پێشەوا و ٢٨ کەس لە بەڕێوەبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان دەستبەسەر کران.

دادگایی کردنی پێشەوا و هاوڕێیانی لە بەفرانباری ١٣٢٥ی هەتاوی دەست پێ دەکات. پێشەوا لە ١٩ی بەفرانبار (٩ی ژانویەی ١٩٤٧ی زایینی) بەرگرییەکی ئازایانە لە پێناو مافی گەلەکەی دەکات کە  نزیک بە چواردە سەعات درێژەی ئەبێت. ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ی هەتاوی (٢٣ی ژانویەی ١٩٤٧ی زایینی) واتە ساڵێک و ڕۆژێک دوای ئەوەی پێشەوا بە سەرۆک‌کۆماری کوردستان هەڵبژێردرا مەحکووم بە ئێعدام کرا و ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی حوکمەکە جێبەجێ کرا. پێشەوا قازی و سەدری قازی و سەیفی قازی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد لە سێدارە دران. پێشەوەری، سەرۆکی حکوومەتی ئازەربایجانیش لە خاکی وڵاتی سۆڤیەتدا بە ڕووداوی هاتوچۆ تێدا بردرا و بەو شێوەیە حکوومەتی میللیی ئازەربایجان و حکوومەتی کۆماری کوردستان کۆتاییان پێ هات.

ڕووحانییەت لە مێژووی ئێراندا بەشێوەی ڕاستەوخۆ کەمتر ڕۆڵیان گێڕاوە. دیارە ڕەفتاری پادشا و حاکمانی ئێران لە زۆری و کەمی ئەو ڕۆڵگێڕییەدا شوێندانەر بوون، بەڵام لەنێو کۆمەڵگەی ئێرانیدا بەتایبەت لەنێو شیعە مەزهەبەکاندا ڕوحانییەت هەمیشە جێگای تایبەتییان هەبووە و ڕێزی زۆریان لێ گیراوە. کۆمەڵگەی ڕووحانییەتیش بە نیسبەت مەسەلە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانەوە پاسیڤ و کەمتەرخەم نەبوون.

ڕەزا شا و بەتایبەت محەممەدڕەزا شای کوڕی پاش ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتن، ویستیان چەند گۆڕانکارییەک بۆ چاکسازی لە سیستمی بەڕێوەبەریی وڵاتدا بکەن، بەتایبەت ئەوە کە هەردووکیان هەموو هەوڵیان سێنترالیزەکردنی ئێران بوو، ئەویش لە ڕێگەی کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی جووڵانەوەی ئێل و عەشایر و بەگشتی نەتەوەکانی نێو ئێران، تەنانەت ترس لە ڕۆڵی کاریزمای ڕووحانییەکانیش وای کردبوو کە نەهێڵن بێ چاوەدێریی دەوڵەت جموجۆڵێکی ئەوتۆیان هەبێت.

ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی (١٩٦٢ی زایینی) محەممەدڕەزا شا پرۆژە یاسای چاکسازیی زەوی‌وزار (اصلاحات ارضی)یان هەر ئەو بەتاڵکردنەوەی مڵکایەتیی زەوی‌وزاری ئاغا و فئۆداڵە گەورەکان و دابەشکردنی بەسەر جووتیاران و خەڵکی ڕەشایی و کەم‌زەویدا جێبەجێ کرد. محەممەدڕەزا شا زۆر دڵی بەو کارەی خۆش بوو بۆیە بەجێ و بێ‌جێ لە هەموو قسەکردنەکانیدا باسی گرنگی و چاکیی ئەو پڕۆژە چاکسازییەی خۆی دەکرد. ڕۆژی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٤٢ی هەتاوی (١٩٦٣ی زایینی) خۆپیشاندانێکی گەورە بە هاندان و ڕێبەری ڕووحانییەکان بەتایبەتی شەخسی خومەینی لە تاران وەڕێ خرا. خەڵکێکی ئەوەندە زۆر بەشداریی لەو خۆپێشاندانانەدا کردبوو کە کاربەدەستان چاوەڕوانییان نەدەکرد و ئەمەش خودی شای زۆر نیگەران کرد. لەو ڕۆژەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاخوندەان کوژران و بریندار بوون و ژمارەیەکیش گیران. پاشان هێندێکیان لەسێدارە دران و زۆربەشیان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە زینداندا مانەوە. پاش خۆپیشاندانی خەڵکی تاران لە ڕۆژی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٤٢ی هەتاوی زۆر بەپەلە ڕێژیمی پەهلەوی ئایەتوڵڵا خومەینییان بۆ وڵاتی تورکیە دوور خستەوە.

پاش ڕووداوەکانی ١٥ی جۆزەردان، دەرباری پەهلەوی تا ڕادەیەکی زۆرتر هەوڵی دەدا بە کێشە و گرفتی ڕووحانییەت لە ئێران ڕابگات. تەنانەت فەریدە دیبا -دایکی فەرەح پەهلەوی- ڕاسپێردرا بۆ پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووحانییەکان. وەک لە بیرەوەرییەکانی ئەرتەشبۆد حوسەین فەردووسدا نووسراوە پاش ١٥ی جۆزەردان جارجار دانیشتن و چاوپێکەوتن لەنێوان محەممەدڕەزا شا و ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری لە کۆشکی نیاوەران ڕووی داوە.

پاش ئەو ڕووداوە دۆخێکی سەقامگیری کاتی بەسەر ئێراندا زاڵ بوو. ئەو سەقامگیرییە ڕێژەیی و کاتییە پاشان بە جۆرێک بوو کە ئیدی لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی (١٩٧٨ی زایینی) بەتەواوی جێگیر دەهاتە بەرچاو. لەبەر ئەوە‌ی ڕۆژئاوا بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکرد و لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ تا ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی (١٩٥٣_١٩٥٧ی زایینی) حکوومەتەکەی محەممەدڕەزا شا بە مەیلی ئەمریکا دیکتاتۆرییەتێکی بێ‌هاوتا بوو. بە چەشنێک ئەمریکا لەوە زیاتر چاوەڕوانییەکی لە شای ئێران نەبوو. ئینگلیزەکان «سەڵتەنەتیان›› بۆ دۆخی ژێئۆپۆلێتیکی ئەوکاتی ئێران بە باشترین سیستەمی حکوومەتی دەزانی، تەنانەت شووڕەوی و چینیش باوەڕی تەواویان بە سەقامگیربوونی دەسەڵاتدارییەکەی محەممەدڕەزا شا لە ناوچەکەدا هەبوو.

بەکورتی هەموو شتێک بۆ محەممەد ڕەزا شا و ئەمریکا و بریتانیا و باقی هاوپەیمانەکان بەباشی دەڕۆیشت و بە گشتی ڕازیبوون بە دڵنییاییەکی تەواوەوە دەیانڕوانییە بارۆدۆخەکە، بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان ئاوا دەرنەهات.