کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوەیەکی نیشانەناسانە

19:15 - 16 سەرماوەز 2723

ئێپیزۆدی یەکەم

هەموو دالێک دەدوێ. نیشانەکان زیاترین قسەمان لەگەڵ دەکەن. وشەیەک، وێنەیەک،  گڵوپی سەر چوارڕێیەک، پەردە و پەنجەرەیەک. نیشانەکان بۆ ناسینی ڕووداوەکان و جیهان و خۆمان گرینگن. دالەکان چین و توێژەکان دەناسێنن. جیاوازییەکان نیشان دەدەن. پەردە و تابڵۆکانی ماڵێک زیاترین زانیاری لەسەر جۆری ژیانی خاوەنی خۆی دەداتە ئێمە. پەردەکان گرینگییەکی تایبەتیان هەیە. هێندێک وەستا و خەیات دێنن تا پەردەکانیان بۆ دیزاین بکەن. هێندێک بە چێوێک، دوو بزمارێک و پەردەیەک ڕازی دەبن.

کلیپێک دەست بەدەست لە دنیای مەجازییدا سەفەر دەکا. هەستی بەرخۆدان ئاوپڕژێنی دڵی تاسەباران دەکا. کۆمەڵە پیاوێک لە هۆدەیەک کۆبوونەتەوە و بە "لە قەندیلی سەربەرزەوە" ڕەسمی وەفا بە مێژوویەک، نەتەوەیەک و شەهیدان بەجێ دێنن. من لەبەرامبەر ئەو خەڵکە نوتقم دەبڕێ. چاوم بە مێلاق لەسەر پەردە و پەنجەرەی هۆدەکە ڕادەوەستێ. پرسیار مێشکم دەکۆڵێ:

بڵێی ئەوە هۆدەی خانەباغێک بێ یا ماڵێک لە گەڕەکێکی پەڕاوێزی شار؟

 پەردەکە لە دوودڵیدا دەمهێڵێتەوە. "ڕەنگە لە هۆدەی خاوەن باغێک هەڵاوەسرابم." دەڵێم "ڕەنگە. بەڵام ساڵی ڕابردوو پێی گوتم کە شۆڕش لە گەڕەکە پەڕاوێزخراوەکان نەگەیشتە گەرەکە دەستڕۆیشتوویەکان. مەیدانی حەیوانان، مەنبەع، پشت‌تەپەکان تەنیا مانەوە. ڕەنگە تۆ لە هۆدەی ماڵی زەحمەتکێشێک، کە هەمیشە وەفاداری شۆڕشەکانن، هەڵاوەسرابی. دەستڕۆیشتووەکان کەمتر خۆ لە خەتەر داوێن."

 وەبیر کتێبی فەرماندە شەهیدەکان دەکەومەوە. زۆربەی هەرە زۆری شەهیدان لە چینی زەحمەتکێشانن. وڵامێک دەتوانێ ئەوە بێ کە ئەوە چینی زەحمەتکێشانن کە بە سروودی "لە قەندیلی سەربەرزەوە" پەیامی وەفاداری بۆ منداڵەکانی خۆیان دەنێرن. یا ڕەنگە ماڵە هونەرمەندێک بێ کە تەمەنێک خزمەتی چاندی کوردی کردوە.

 لە دوودڵی و شک دام کە ترووسکەی هیوایەک بە هەناو و گیانمدا دێ. شەبەقی گڵۆپ و پەنجەرەیەک ڕوو بە تاریکی تریقاوەتەوە. هۆدەیەکی ڕووناک پڕ لە دەنگی بەرخۆدان شەوەزەنگ دەشکێنێ.

کورد و دۆخی ئاوارتە

دوابەدوای ڕووخانی شا و هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان، حاکمانی ئیسلامی لە تاران هێژمۆنی و سەروەریی خۆیان سەپاند و ڕێبەری شیعەکانی ئێرانی، واتە خومەینی، دژی نەتەوەی کورد فەتوای دەرکرد. بۆ نیشاندانی دەسەڵات و سەپاندنی دەسەڵات (اعمال قدرت) هەزاران ئینسان بێ هیچ دادگایییەک وەبەر گولـلە دران و شارەکانی کوردستان بۆمباران دەکران. هیچ یاسایەک نەبوو پارێزەری ژیانی خەڵکی کورد بێ. ئینسانی کورد لەژێر هێژمۆنی و دەسەڵاتی تازەدا لە دۆخێکی بێ یاساییدا خۆی دەدیتەوە. حاکم خودی یاسا بوو و هەر یاسایەکی هەڵدەوەشاندەوە، بەتایبەت کە دەسەڵاتەکەی بەپێی ئایینی ئیسلام لە خودا وەرگرتبوو و ئەو ”ولی فقیە” بوو لەسەر زەوی. ئەم دۆخە ٤٢ ساڵی ڕەبەقە بەردەوامە. خەباتکاران و چالاکان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدا هۆمۆ ساکێرێک بوون/هەن کە هیچ یاسایەک نایانگرێتەوە. دەسەڵاتی تازەی ئێران لەدوای ڕێبەندانی ١٣٥٧ جارناجارێک بە ڕاگەیاندنی حکوومەتی نیزامی لە کوردستان و بە دروستکردنی شەڕ لەگەڵ کورد، یا شەڕی ئێران و عێراق و هتد، بەردەوام دۆخی نیزامی و ”وضعیت ویژە”ی ڕاگەیاندووە، بە جۆرێک کە لە ماوەی ئەم چل ‌و دوو ساڵەدا ئەم دۆخە هەمیشەیی بووە. هەر ئەو جۆرەی ئاگامبێن پێی وایە کە لە ڕۆژاوا لە دۆخی ئاوارتەدا حاکم بڕیاردەرە، ئێرانی دوای ١٣٥٧ کەوتە دۆخێک کە دەکرێ بە دۆخی ئاوارتە (ئیستیسنایی) ناوی لێ ببەین. کە هەڵبەتە لە ڕوانگەی نووسەری ئەم وتارەوە، ئەم دۆخە هەمیشە ئاوارتەیی بووە. بەپێی ئاگامبێن دۆخی شەڕی ناوخۆ، شۆڕش، شەڕی چەکداری، بەرخۆدان ئەو بەرزەخەن کە پڕن لە دژایەتی و بە یاسا ناکرێ مافەکان بپارێزی و خودی یاسا دەکەوێتە هەڵپەساردن و تاک بێ پشت و پەنا دەمێنێتەوە. (Agamben 2004) لە جوغرافیای ئێرانیشدا ئێمە بەردەوام شاهیدی شەڕی ناوخۆ، شەڕی چەکداری و بەرخۆدان و دۆخێکی بەرزەخی بووین.

دوای ١٣٥٧ پرسی کورد و چارەسەری پێویست لەگەڵ فۆڕم و سروشتی پرسەکە لەژێر ناسیۆنالیزمی شیعە-فارسدا بەردەوام لە دۆخی ئاوارتەدا ماوەتەوە. هەڵبەت بەلووچەکان و عەرەبەکانیش بەهۆی بەرخۆدان ئێستا زۆر زیاتر لە جاران کەوتوونەتە بەر زەبروزەنگی دەسەڵات. لە ڕاستیدا حاکمی تاران بە هیچ جۆرێک تاکی نەتەوەکانی ژێردەست وەک تاکی نەتەوەی باڵادەست نابینێ، گەرچی دەزانین کە تاک و گرووپی یاخی لە نەتەوەی باڵادەستیش بوونەتە قوربانی. لێرەدایە کە دەکرێ بڵێین کە کۆی دانیشتووانی جوغرافیای ئێران بەتایبەت نەتەوەکانی غەیرە فارس و ژنان بێ ماف و لە دۆخی ئاواتەدا دەژین. شوناسی مێژوویی نەتەوەکانی ژێردەست بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت کراوە و گوتاری زاڵی حاکمییەتی ئێرانی لەلایەک بە نەفی ئەوانیتر، گەڵتەپێکردن و نزم‌نیشاندانی پرسی نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو، و لەلایەکی تر بەسووژەکردن و بەکەسایەتیکردنی نەتەوەی باڵادەست بووە. ئەم بەسووژەکردنە لە ڕێگای ئاپاراتووسەکانی حاکم و دامودەزگاکانی پڕوپاگاندا لەگەڵ زەختی هێزەکانی نیزامی بە شێوەیەکی سیستماتیک ڕێکخراون. هێز و کارایی تاک و نەتەوەکانی دیکە یان بەرەو لاوازی بردراوە یان خراوەتە خزمەتی دەسەڵاتی فارس‌زمان. دۆخی ئاوارتە لە کوردستان لەدوای ١٣٥٧ تێکەڵاوییەکی بێبڕانەوەی لەگەڵ زەبروزەنگ و میلیتاریسم  و "تحقیر" بووە. دەسەڵاتی سەرووی یاسا (تەنانەت یاساکانی خۆی) لە هەموو ئەو ساڵانەدا زەبروزەنگ و دەسەڵاتی ڕەهای بەکار هێناوە. دەسەڵات پێی وایە هەر ئەکتێک لە دەرەوەی ویستی ئەو خەتەرە بۆ سەر بوونی ئەو، و نیزامەکەی دەکەوێتە خەتەر.

هۆمۆساکێر

چەمکی هۆمۆ ساکێر (١٩٩٨) لە چەمکە گرینگەکانی ئاگامبێن، فیلسووفی بەناوبانگی ئیتالییە. ئاگامبێن پێی وایە کە دەسەڵاتی سەروەر بڕیاردەرە لەسەر ژیان و مەرگ، هەبێ یا نەبێ، بتکوژێ یا ژیانت پێ بداتەوە. لە کاتێکا سووژە/سابجێکتی سیاسیی نوێ لەژێر دەسەڵاتی مۆدێڕندا بووەتە ئاژەڵێک بە بوونێکی سیاسیی تایبەت کە بوونەکەی دێتە ژێر بڕیاری دەسەڵاتەوە.

ئاگامبێن پێی وایە Sovereign Power یاساکان هەڵدەوەشێنێتەوە، هەڵیاندەپەسێرێ و ڕایاندەگرێ. لە سیاسەتی سەردەمدا دۆخی نائاسایی و ئاوارتە هەرچی زیاتر بووەتە دۆخی ڕۆژانە. واتە یاسا هەیە، بەڵام هیچ مانا و کاکڵی نییە و دێمۆکراسی کاری خۆی ناکا، بەڵکوو دەسەڵات بڕیاردەرە. ئینسان لە دۆخی ئاوارتەدا دەژی و ژیان لەژێر زەبروزەنگی دەسەڵاتی سەروەردایە. ئاگامبێن بۆ ئەوە ئەم دۆخە بەباشی نیشان بدا لە یاسای ڕۆم و لە چەمکی ”هۆمۆ ساکێر” کەڵک وەردەگرێ. لە ڕۆمی کۆندا هەر کەس دەیتوانی هۆمۆ ساکێرەکان بکوژێ، بەڵام نەدەکرا قوربانییان بکەی. ئەوان یاسایان بەسەردا دەسەپێندرا، بەڵام هیچ مافێکی یاساییان نەبوو. هۆمۆ ساکێرەکانی ڕۆمی کەونارا وەک ئینسانی خاوەن ماف نەدەدیتران و ئەگەر کوژرابان، وەک قەتڵ ئەژمار نەدەکرا. بە ڕای ئاگامبێن، هۆمۆ ساکێر لە دەرەوی یاسا دەمێنێتەوە و یاسا مافی ناداتێ و بگرە سزاشی دەدا. هۆمۆ ساکێر یاسای پاراستن و شارۆمەندی نایگرێتەوە. نموونەی هۆمۆ ساکێر لە دۆخی ئاوارتەدا ئاوشویتس و کەمپەکانن بۆ وێنە زیندانی گوانتانامۆ. لە دۆخی ئاوارتەدا/State of Exception بۆ وێنە لە کەمپەکانی نازیستەکاندا هیچ یاسایەک پارێزەری ژیانی جوویەکان نەبوو، ئەوسا کە جوویەکان لەنێوان ژیان و مەرگدا هەبوون و نەبوون. هەوڵی ئاگامبێن لە زنجیرە نووسینێکدا لەسەر چەمکەکانی هۆمۆ ساکێر، دۆخی ئاوارتە، یاسا و باسی شارۆمەندی ئەوەیە کە بە ڕەچەڵەکناسی لە ڕۆم هەتا شۆڕشی فەڕانسا و شەڕی ناوخۆیی ئەمریکا، ئاڵمانی نازی و فاشیزمی ئیتالیا و دوای ١١ی سێپتامبر ئەوەمان نیشان بدا کە نیزامی یاسایی-سیاسی بووەتە ماشێنی کوشتار. دۆخی ئاوارتە بە جۆرێک بەردەوام و هەمیشەیی بووە. سەروەر بە زەبروزەنگ دەسەڵاتەکەی دەپارێزێ، بە شێوەیەک کە لە ”دێمۆکڕاسییەکانی ڕۆژاوایی‌”دا دەوڵەت بە جێگای ئەوە دەوڵەتی شارۆمەندان بێ، شارۆمەندی بێکەڵک کردووە و لە سیاسەت دووری دەکاتەوە و بەردەوام لە ترس و شکدا ڕایدەگرێ تا بتوانێ دەسەڵاتی خۆی بەسەردا بسەپێنێ و بەرەو ئەو ئامانجەی ببا کە خۆی دەیهەوێ. بۆ وێنە لە دوای ١١ی سێپتامبر لە ئەمریکا دۆخ و دەوڵەتی ئەمنییەتی (security state)  دروست دەکا. (Undantagstillståndet, Agamben Giorgio. 2004)

ئێپیزۆدی دووهەم

 بە پێچەوانەی ژووری یەکەم کە بەدم تاریکیدا تریقابۆوە، لە ژورێک کە کەس ناتوانێ بزانێ کوێیە، جگە لەوانەی ئەسیر کراون، چەند ئینسانێک مات و مەلوول دایاننیشاندوون. دەنا خۆ ئینسان بە هۆی ئەوە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و سەرفەرازی پێخۆشە، بەسەر پێ بوونیان پێ خۆشترە. ژورێک کە پەردەکەی بە پێچەوانەی پەردەی ژووری یەکەم، ژووری بازجوییمان وەبیر دێنێتەوە. دەستەکان لەنێو دەست، و مل بەلایەکدا شۆڕ بۆتەوە، وەک چۆن باڵندەیەک سەری هەڵدەقەنن.

بە پێچەوانەی ئێپێزۆدی یەکەم کە قاز و قورینگ دەیانخوێند و چۆلەکە جریوەیان دەهات، لێرە زمانێکی بێگانە بە قریوە قریو ئاهەنگێکی ناشاز دەڵێتەوە. مام خدر پیر و خەمگین لە سەر زەوی دانیشتووە. چاوم دەچێتە سەر گۆڕێ سپییەکانی ئەو خەڵکە و گۆرێکان پێم دەڵێن: چاو لە سەرمان مەکە خۆڵەمێشی لێ‌دەبارێ و بەخۆمانەوە ناگرێ و لەبەر خۆمان ناوە، ڕێگامان ڕێگای ڕووناکییە و سروودی یەکەمان ئەسڵ بوو.

ئێپیزۆدەکان بەدوای یەکتردا دێن. نازانین سبەی لەم ئاڵقەیەدا چ ڕوو دەدا. ئێستا لە دۆخی ئاوارتەدا گەرووی مام خدر زیاتر لە هەمیشە پڕە لە حەیران، بەڵام بەدڵنیاییەوە هۆمۆساکێرێک خەریکە زنجیرەکان بپسێنێ و ببێتە بکەر و خوڵقێنەری داهاتووی خۆی.