کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بۆ بەهێزە؟

12:05 - 18 سەرماوەز 2723

ئیسرائیل بۆ بەهێزە؟

(خوێندنەوەیەک بۆ تیوریی هێز/زانین power/knowledge  ی میشل فۆکۆ) 

 

ئەلبورز ڕۆئین تەن

 

پێشەکی

 تیورییەکانی فەلسەفەی زانستە کۆمەڵایەتیەکان بە سەرچاوەی لێکۆلینەوە و لێ‌وردبوونەوە لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە دادەنرێن. لە ڕێگەی ئەو تیورییانەوە باشتر دەتوانین کۆمەڵگە لە هەر سەردەمێکی تایبەت شی بکرێنەوە و تەنانەت ڕێگەی شرۆڤەی نوێ دەکەنەوە. یەکێک لەو بیرمەندانە کە لە سەدەی بیستەمدا کاریگەریی لەسەر شیکردنەوەی چەمکە جیاوازەکان لە کۆمەڵگەدا هەبوو میشل فۆکۆیە کە هەوڵی دەدا چەمکی جیاواز بە گوێرەی پێداویستی و دۆخی کۆمەڵگەی سەردەم شی بکاتەوە. تیوریی هێز/زانین (power/knowledge)ی میشل فۆکۆ یەکێک لەو تیورییانە کە فۆکۆ لە خوێندنەوە بۆ کۆمەڵگە نوێ بە کاری هینا و تەنانەت شرۆڤەی نوێ لە مەڕ چەمکەکانی هێز و زانینی خستە بەر باس کە لە گەڵ خویندنەوە نەریتییەکەی جیاوازی هەبوو. لەو وتارەدا هەوڵ دەدرێ فاکتەری بەهێزیی ئیسڕائیل بەگوێرەی ئەو تیورییەی فۆکۆ شەن و کەو بکەین و بە وەڵامی ئەو پرسیارە بگەین کە چۆن ئیسڕائیل توانی بەو شێوەیە هەوڵی دامەزراندنی و پاراستن و پێشخستنی خۆی بدات.

وڵاتی ئیسڕائیل و زانست

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٨ ئیسڕائیل وەک وڵات بەفەرمی ڕاگەیەندرا هەر زوو لە لایەن پێنج وڵاتی عەرەبیەوە هێرشی کرایە سەر. ئەوکات بۆ ئیسڕائیل و یەهودییەکان پاراستنی خۆیان لە چوارچێوەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی خۆیان لە سەروی هەمووی شتێکەوە بوو، بەڵام تەنیا ٥٠ ساڵ دوای دامەزراندنی وێرای هەموو ئەو مەترسییانەی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل هەبوو، وەک بیست‌وسێهەمین دەوڵەتی لە ئاستی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی (GDP) یەکێک لە وڵاتانەی جێگای سەرنج بوو کە خۆشبژێوی هاوکات لەگەڵ ئەمنیەتی بۆ ئیسڕائیلیەکان دابین کردبوو.

بۆ ئەوەی لە پێشکەوتوویی ئیسڕائیل لە بواری زانستدا تێ‌بگەین دەتوانین ئاماژە بە چەندین ئاماری جیاواز بکەین، لەوانە ژمارەی ٢٢ لە سەدی هەموو میداڵیاکانی نوبل، واتە ٢١٤ میداڵ بە جووەکان لە شوێنی جیاوازەکانی دونیا دراوە، تەنانەت ئیسڕائیل وەک وڵات خاوەنی ١٣ میدالیای نوبڵە، پازدەهەمین وڵاتی بەهێزی دنیایە و لە ئاستی ڕؤژهەڵاتی نێوەڕاستدا یەکەمی بێ ڕکابەرە. ئیسڕائیل ساڵی ٢٠١٨ بە گوێرەی ئیدیکسی بلۆمبێرگ دەیەمین وڵاتی داهێنەر بووە و لە کاتێکدا وەبەرهێنان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بواری وەکوو نەوتەوە بەستراوەتەوە، ئیسڕائیل میلیاردها دۆلار وەبەرهێنانی لە تێکنۆلۆژیی زانستیی پێشکەوتوودا هەیە، ساڵانە بە هەزاران لێکۆڵینەوەی زانستی لە زانکۆکانی ئیسڕائیلدا بەرهەم دەهێنرێ و لە زۆر ئاستی جیاواز لە ئاستی بەڕیوەبەریدا لە وڵاتانی ناوچەکە زۆر لەپێشترە و تەنانەت کێبەرکێ لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیا دەکات. بۆ نمونە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نێوخۆی ئیسڕائیل ٥٤٦ میلیار دۆلارە، داهاتی ساڵانەی تاکێک سەرووی  ٥٨٠٠٠ دۆلارە و بەو داهاتە لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەبێتە سێزدەهەمین وڵاتی دونیا لەڕووی داهاتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە لە ساڵی ٢٠١٧دا نزیکەی سەدا پیێنجی ئەو پارەیە، واتە زیادتر لە ١٥ میلیارد دۆلاری بۆ لێکۆلینەوەی زانستی تەرخان کردوە.

ئەو ئامارانەی سەرەوە تەنیا بەشێکی زۆر کەمی ئەو ڕاستییانەن کە نیشان دەدات زانستی لە وڵاتی ئیسڕائیل لە چ ئاستێکی بەرزدایە، هەر بۆیەش پرسیاری ئەوەی ئایا بەرزیی ئاستی زانستی کاریگەریی لەسەر هێزی ئەو وڵاتە داناوە یا نا، یەک لە نموونە بەرچاو و ڕۆژەڤەکەی شەڕی ئێستایە کە دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین و قەڵغانی ئاسنین بە نموونە بێنینەوە کە توانیوویەتی ژیانی ئیسڕائیلیەکان تا ئەندازەیەکی زۆر لە هێرشی مووشەکی بپارێزێت، بە جۆرێک کە لەو پەڕی دۆخی ئاڵۆزی شەڕدا لە شارە سنوورییەکانی ئیسڕائیل ژیانی ئاسایی بەردەوامە. تەنیا کەمتر لە یەک لە سەدی ئەو مووشەکانەی لە ئیسڕائیل دەگیرێن لەو قەڵغانە تێ‌دەپەڕێ و ئەو قەڵغانە لە ڕووی زانست و تێکنۆلۆژییەوە بەرهەمی خودی ئیسڕائییلەکانە. لێرەدایە بە تێکهەلکێشی باسی پێشکەوتنە زانستیەکانی ئیسڕائیل و هەروەها بەهێزیی ئیسڕائیل و کاریگەرییان لەسەر یەکتر ئەو بەشە لە تیوریی میشل فۆکۆ بەرجەستە دەبێ کە دەڵێ "زانین هێزە و هێزیش زانین بەرهەم دەهێنێ".

میشل فۆکۆ و تیوریی هێز/زانین (power/knowledge)

میشێل فۆکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤) یەکێکە لە بیرمەندە کاریگەرەکانی سەدەی بیستەمە کە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی بۆ تیۆرییەکانی وەک مارکسیزم پۆست-ستراکترالیزم و پۆست فێمینیزم هەبووە. کاریگەری تیۆرییەکانی فۆکۆ لە چەند بواری جیاجیای زانستی کۆمەڵایەتیدا دەبینرێت، لەوانە کۆمەڵناسی و فەلسەفەی ئەنترۆپۆلۆژی. لە هەمووی گرنگتر فۆکۆ بۆ گەیشتن بەم ئەنجامەکانی لە بواری جیاواز لێکۆلینەوە  لە ڕەهەندی مێژووی دیاردەکان بەکاردەهێنێت، هەربۆیە بە مێژووزانیش ناسراوە و تێزی دکتۆراکەی شێتی و شارستانییەت لێکۆڵینەوەیە لە مێژووی شێتی. بەڵام لە پاڵ هەموو کارەکانی فۆکۆدا، لێکۆڵینەوەکانی لە چەمکی دەسەڵات و زانین، ڕاستیی زۆر بەناوبانگن، چونکە بەپێی شیکارییە نوێیەکەی فۆکۆ، ئەم چەمکانە نەک وەک دیاردەی جیاواز بەڵکوو وەک دیاردەی پەیوەندیدار بە یەکترەوە شی دەکرێنەوە، تەنانەت بۆ شیکردنەوە،  وردبوونەوە و لێکۆینەوە لە پەیوەندی نێوانیان بە پێویستیەکی حاشا هەڵنەگر دادەنێت (Abera 2019).

ئەوەی فۆکۆ لە بیرمەندەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، لێکۆڵینەوەی سیستماتیکی چەمکەکانی وەک هێز، زانین، ڕاستی نییە، بەڵکوو ئەو شێوازێکی نویی شیکردنەوەی ئەو چەمکانەی داهێنا کە لەوێدا بە ناوەند وەگرتنی مرۆڤ بۆ ڕوونکردنەوەی هەر چەمکێک بە لێ‌وردبونەوە لە چەمکێکی دیکەی پەیوەندیدار بە پێویست دەزانی، ئەو لێ‌وردبوونەوەش لە چوارچێوەی ڕهەندێکی مێژوویی و ڕەخنەییەوە دەکرا. هەربۆیەش بۆ شیکردنەوەی هەر یەک لە چەمکەکانی وەک دەسەڵات، زانین دەتوانرێ بە پەیوەندی نێوانیان باشتر بناسرێ (Willcocks 2004).

بۆ فۆکۆ گرنگە بزانین چۆن دەزانین و چۆن هەندێک زانین وەک ڕاستی وەرگیراون. ئەم گرنگییە وا دەکات بەدوای شیکارییەکدا بگەڕێین بۆ چەمکی زانین، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە چەمکی زانین پێویستی بە شیکاریی پەیوەندیی نێوان هێز و زانین هەیە، چونکە تێگەیشتن لە هێز لەو چوارچێوەیە دەبێتە بنەمای تیۆرییەکی زانستیی ڕەخنەگرانە کە بەپێچەوانەی توێژینەوەکانی پێشوو ڕوانگەیەکی نوێ بۆ بابەتی دەسەڵات دروست دەکات، تەنانەت لێ‌وردبوونەوە بۆ چەمکی ڕاستییش کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆدا ئەو تێروانینە پێویستە(mills 2012).

بە بڕوای فۆکۆ، زانین هێزە و هێزیش دەتوانێت زانین بەرهەم بهێنێتەوە، هێز و زانین وەک دوو دیاردەی جیاواز پەیوەستن بە یەکەوە و دەتوانن کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبێت. پەیوەندییەکی توند لەنێوان  هێز و زانین وەک دوو چەمک هەیە، بە جورێک کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. فۆکۆ ئەم چەمکانە بۆ ڕوونکردنەوەی داینامیزمەکانی بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەکارهێنا. هەروەها لە ژێر ڕۆشنایی ئەو شیکردنەوانە بوو کە جیاوازی تێگەیشتن لە چەمکی هێز لە زانستە سروشتییەکاندا و زانستە  کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوت. (Abera 2019).

بەگوێرەی بیرکردنەوەی فۆکۆ گرنگی و باڵادەستیی زانین لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوادا کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی هەموو بوارەکاندا هەبووە. هەروەها ئەم دیاردەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر زیادبوونی هێز وەک کۆمەڵێک تەکنیک لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگەدا هەبووە، بە مانایە کە "زانین دەسەڵات بەهێز دەکات." بە بڕوای فۆکۆ نەک تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکی هێز ناسینی چەمکی زانین یا بەپێچەوانە پێویستە بەڵکوو بوونی یان نەبوونی هێز و زانین بە یەکتر بەستراوەتەوە، بۆیە فۆکۆ پێی وایە لە سەدەی هەژدەهەمدا پێشکەوتنی مرۆڤ و بەرهەمهێنانی زانست لەژێر کاریگەریی گۆڕانکاریی ئابووریدا بووە. ئەم تێڕوانیەنە بۆ هێز و زانین وایکرد فۆکۆ ڕەخنە لە تێڕوانینی کلاسیکی هێز و پەیوەندییەکانی بگرێت، بەجۆرێک کە دەگوترا هێز تەنیا لەلایەن بەهێزەوە  بەسەر ئەوانی دیکەدا بەکاردەهێنرێت، هەربۆیەش ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە هێز دەتوانێ لە هەموو شوێنکەوە بێت و هێز لە هەموو شوێنێکە (Abera 2019) .

بەگوێرەی تیۆری هێزی فۆکۆ، هێز چەند جۆری هەیە بۆیە دابەشی دەکات بەسەر سێ جۆردا، هێزی باڵادەست، بایۆهێز و هێزی سزادەر کە هەر یەکەیان لە ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ڕوانگە کلاسیکی یان مارکسیستییە کە دەڵێ هێز لە دەستی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەدایە. بە بڕوای فۆکۆ، کاریگەریی زانین لەسەر بەرهەمهێنانی هێز هەیە، ئەوەش بەو مانایە دێت کە هێز لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگەدا دەبینرێت (Raine 2019).

گرینگیی تێڕوانینی فۆکۆ بۆ هێز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو دوو چەمکە واتە هێز و زانین پێشتر وەک دوو چەمکی جیاواز سەیر دەکران، شیکارییەکانیش لەسەر ئەو ڕاستییە دامەزرابوون کە هەریەکێک لەو چەمکانە پێناسەی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام فۆکۆ ئەم بۆچوونەی ڕەت کردەوە. ئەو پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە بۆ ئەوەی لە هەر یەک لەو چەمکانە تێ‌بگەین پێویستە ئەوی دیکەیان باشتر بناسین، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دیدێکی نوێ بۆ جەوهەری هێز بێتە ئاراوە کە پێچەوانەی تێگەیشتنی مۆدێرنیزم  بوو. بە بڕوای فۆکو "هێز شتێک نییە، دامەزراوەیەک نییە، توانایەک نییە، یان ئۆبژێک نییە. هێز باسی پەیوەندییەکانی هێز دەکات و بەو پێیەش چەمکێک نۆمینالە: مرۆڤ پێویستی بە نومینالیستی هەیە، بێگومان: هێز دامەزراوە یا پێکهاتە نییە؛ هەروەها هێزێکی دیاریکراو نییە کە ئێمە لە خۆ بگرێت؛ ئەو نۆمینالەیە کە مرۆڤ دەیگێڕێتەوە بۆ دۆخێکی ستراتیژی ئاڵۆز لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا" (Basumatary 2020).

بەپێچەوانەی خوێندنەوەی کۆن بۆ هێز، لە چاخی مودێڕندا لە کۆمەڵگەی ڕۆژائاوایدا هێز فورمی نوێ بە خۆ دەگرێت و لە ئەو هێزە باڵادەستەیی کە پێشتر هەیبو کە بریتیە لە بە کارهێنانی هێز لەلایەن یەکێک بە سەر یەکێکی دیکەوە دەگوڕێ بۆ شێوەیەکی نوێ و ئاڵۆز لە کۆمەڵگەدا کە خۆی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسەت و ئابووری دەبینێتەوە. هەر لەسەر ئەو بنەمایە فۆکۆ، هێز لە سەردەمی مودێرندا بابەتێکی پەیوەندیدار و لە حاڵی جێگۆڕکی لەنێوان تاکەکان، گروپەکان، دامەزراوەکان دەزانێ. بۆ فۆکۆ هێز لە پێش چاخی مودێرندا هێزی باڵادەستە (هێزی پاشایەتی)، بەڵام لە چاخی مودێڕن خۆی وەکوو بایوهێز و هەروەها هێزی سزادەرخۆی نیشان دەدات. بۆ تێگەیشتنی باشتر لەو تێڕوانیەی فۆکۆ سەبارەت بە هێز دەتوانین ئاماژە بە نمونەی قوچەک بکەین. لە پێش چاخی مودێرندا لە سەروی قوچەک پاشا هەبوو لە نێوەڕاستی قوچەک  وەزیرەکان و هەروەها لە خوارەوەی قوچەک سابژێکتیڤ واتە خەڵک هەبوو، هێز لەو مودێلەدا لە سەرەوە بۆ خوارە دەهات بە جورێک پاشا فەرمان دەکات وەزیرەکانیش لە سەر خەڵکی جیبەجێ دەکەن. ڕامانی فۆکۆ بەتەواوی پێچەوانەی ئەو مودێلەیەو دەڵێ هێز لە خوارەوەش بۆ سەرەوە کاریگەری هەیە و ئەوە کاریگەری لەسەر سابژێکتیڤیتی خەڵک دادەنێ و شێوازێکی نوێ لە پەیوەندی هێز کە بە "disciplinary power" دەناسرێت (Taylor 2014).

دیسپلینەری هێزی سزادەر لە چاخی مودێرندا کاتێک دەردەکەوێ کە تاک لە سەنتەر دادەنێت، هەروەها لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامەزراوەکان جۆرێکی دیکە لە هێز دروست دەکات کە لە چاخی مودێرندا هاتووەتە کایەوە. بەگوێرەی فۆکۆ ئیتر لە سەردەمی ئێستادا تەنیا جۆری هێزی کلاسیکی لە کۆمەڵگەدا نییە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو بێتە کایەوە کە تاکەکانیش دەتوانن کاریگەری لە دروستکردنی هێزدا دابنێن و ئەوەش وای کردوە پەیوەندی تاک لەگەڵ تاک و پەیوەندی تاک لە گەڵ دامەزراوەکان هەیە بە جۆرێک کە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبێت (Taylor 2014).

ئەو شێوازە لە شیکردنەوەی هێز/زانین دەتوانین لە پەیوەندی وڵاتی ئیسڕائیل و بەهێزی ئەو بەکاربهێنین چونکە ناتوانین باس لە بەهێزی ئیسڕائیل بکەین بەڵام باس لە توانا پێشکەوتووەکانی ئیسڕائیل نەکەین، ئەوەش تێڕامانێکی پێویستە بە تایبەت بە نیسبەت کورد کە هەوڵی پاراستنی خۆی دەدات کە هێزی زانین چەندە گرینگە.

پوختەی مەبەست:

بێ گومان کاتێک باس لە بەهێزیی ئیسڕائیل دەکرێ لەوانەیە هەر زوو باس لە هێرشی حەماس بکرێ کە چۆن وڵاتێکی بەهێز بەو شێوەیە دەکەوێتە بەر هێرش، بەڵام ئەو بابەتە نابێ وەک هەڕەشە و هێرشێکی کلاسیک ببیندرێ و ئەوە بە مانای لاوازیی ئیسڕائیل نییە. چونکە گرووپە بچووکەکان دەتوانن بەو شێوەیە زیان بە وڵاتە بەهێزەکان بگەیەنن، بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا وەک هێزی سەرکەوتوو دەردەکەوێ هەر ئەو وڵاتە بەهێزانن، نەک گروپە میلیشیاکان. لەسەر هێزی وڵاتی ئیسڕائیلیش دەکرێ زۆر لێکۆلینەوە بکرێ و لە ڕۆچنەی جیاوازەوە ببیندرێت و لێی وردببینەوە، لێکگرێدانی پێشکەوتنەکانی زانستی ئیسڕائیل و هێزی ئیسڕائیل یەکێک لەو ڕەهەندانەیە شایانی لێکۆلینەوەیە بە تایبەتی بە هەبوونی تیورییەکی وەکو تیئور هێز/زانین ی میشل فۆکۆ لە زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا. بەگوێرەی ئەو تیورییە پێشکەوتنی زانستی و بەهێزی دو بابەتی لێک‌گرێدراون کە دەکرێ بۆ تیگەیشتن لە یەکێکیان ئەوی دیکە شرۆڤە بکرێ هەر ئەوەش وا دەکات یەکێک لە وەڵامەکانی پرسیاری کە ئیسڕائیل بۆ چی بەهێزە لەلای ئێمە هەبێت، هەر ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی بڵێین کە لە کۆتاییدا ئیسڕائیل دەیباتەوە.

سەرچاوەکان:

_Israel Science & Technology: History & overview. History & Overview of Science & Technology in

_Abera, Teshome. (2019). Michel Foucault Power Knowledge Nexus: Critical Analysis and Its Relevance.

_Basumatary, Jagadish (2020). Michel Foucault on Regenerative Relatedness of Power/ Knowledge and Truth

_Mills, Sara. (2012). Michel Foucault. Routledge.

_Willcocks, L. (2004). Foucault, power/knowledge and information systems: Reconstructing the present. Social theory and philosophy for information systems, 238-296

_Raine, Dr. S. (n.d.). Foucault’s theory of Power & knowledge: Definition, Examples & Analysis. Perlego Knowledge Base.

_Taylor, D. (2014). Michel Foucault: key concepts. Routledge.