کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زایەڵەی لەرینەوەی دەنگی "ژ"ێ و پەتای ئازادی

21:57 - 2 رێبەندان 2723

دارسمە

سەیر دەبوو زمانی کوردی بە فارسییەکەشیەوە ئەم پیتی "ژ"ێیەی نەبوایە. ئەوکات زمانەکەمان قیچۆکەک لە زمانی عەرەبی نزیکتر دەبۆوە و ئێمەش وەک ئەوان بە "ژاپۆن"مان دەگوت "یابان"، بەڵام لەویان سەیروسەمەرتر ئەمە بوو بە "ژاڵە" بڵێین "جاڵە". ئەودەمیش لەجیات ئەوەی بۆن بە ژاڵەوە بکەین یان دەباوەشی بگرین، هەر کاتێک دیتبامان وامان دەزانی ژێر خۆیمان دەخات لەترسان ڕامان‌دەکرد.

پیتی "ژ"ێ لە دوو زمانی کوردی و فارسیدا ئەگەر لە سەرەتاوە هەر نەبوایە، کارمان زۆر ئاسانتر دەبوو. ئەودەم ئەو وشانەی ئەم پیتە مەترسیدارەیان تێدایە، هەر لە بنەڕەت‌ڕا نەدەبوون و ئەوکات لەبەر بێ"ژ"ێیی، وشەی دیکە، بە مانای دیکەوە دروست دەکران و ئێمەش لە دەنگی ئەم پیتە سەیروسەمەرەیه بێبەش دەبووین. بەڵام ئێستا بمانهەوێت و نەمانهەوێت ئەم پیتە هەیە و پێویستە چارە‌سەری بکەین و ئیزن نەدەین وەک "خۆرە" بیر و مێشکمان بخورێنێت.

ئەم پیتە هەر بیر و هزر و مێشک ناخورێنێت و بنکۆڵی ناکات، بەڵکوو تەشەنە دەکاتە ده‌رەوەی زمان و یان هەرچی پێوەندیی بە زمانەوە هەیە تووشی پەتایەکی مەترسیداری دەکات. خۆتان دەزانن پەتاش دەردێکی هەمەگیرە و پەل داوێت و بڵاو دەبێتەوە. ڕەنگە زۆر پیتی زمان بە شێوەیەکی هێزەکی لە دەروونی خۆیاندا و لە هەندێک قۆناغی جودای ژیانی مرۆڤدا مەترسیدار بن، بەڵام لە هەموو کات و زمەنێکدا خۆیان ئاشکرا ناکەن. هیچ دوور نیە ئەم پیتی‌"ژ"ێیە یەکێک لەوان بێت و ئێستا به هۆی کات و شوێن زیاتر کەوتبێتە سەر زار و زمانان.

هەرچۆنێک بێت، ئێستا وەک دەڵێن "ژ"ێ بۆ هێندەکان بووەتە مۆتەکە. دیارە لە زمانی فارسیدا هەر لە کۆنەوە هەست بەمە کراوە و لەو کاتەوەی ئەم زمانە وەک کۆرپەیەک لە داوێنی زمانی کوردی بەربووەتەوە و پاشان بە شیری عەرەبان فرچکی گرتوە، وەفای  بۆ دایەن هەبووە و ئێستاش ئەم وەفایەی هەر ماوە و زمانی عەرەبیش وەک کوردی بە دایکی خۆی دەزانێت.

زمانی عەرەبیش وەک زمانی دایەن یان زمانی دایکیی دووهەم کاری کردووەتە سەر فارسییەکە و یەکێک لەم کاریگەرییانە ئەمەیە فارسەکەش لە زۆر شوێنان پیتی "ژ‌" ی گۆڕیوە. بە یەکجاری وازی لێ‌نەهێناوە، بەڵام پێتێکی وای لە شوێن داناوە لە عەرەبییەکەشدا هەبێت. یانی هەوڵی داوە پیتە جێگرەوەکە لە زمانی هەردوو دایکەکەدا هەبێت و بەم جۆرە نە دایکی یەکەم دڵی بهێشێت و نە دایکی دووهەم؛ واتە ئەو دایەنەی پەروەردەی کردووەتەوە لێی زویر نەبێت. لەبەر ئەمەیە لە هێندێک شوێنان وشەی "ژ‌"ێی کردووە بە "ز"ێ و بەم کارە لە کاتێکدا سێ خاڵەکەی سەری "ژ"ێی کردووە بە یەک، واشی کردوە ئاخێوەرانی زمانی عەرەبییش بۆیان گۆ بکرێت. ئەم گوڕینی وشەیە کاری کردووەتە سەر هەندێک وشەی ڕەسەنی دایکە کوردەکە، بەڵام مانا هەر وەک خۆی ماوەتەوە. لە هێندێک وشەی زمانی فارسیدا دوای ئەوەی "ز"ێ جێگەی "ژ"ێی گرتووەتەوە، پیکهاتەی وشەکەش بەتەواوی گۆڕاوە. بۆ وێنە "ژیان" بووەتە "زیستن" و "زندگی"، بەڵام لە وشەی "ژن"دا تەنیا پیتی یەکەم گۆڕاوە و تەواو. لە هەردوو وشەکەدا مانا هەمان ئەو مانایەیه. زمانی فارسی لە دایکی یەکەم واتە لە کوردی وەریگرتووە و فارس لە جیاتی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێت: "زن، زندگی، آزادی."

لێرەدا هەرچەندە ئەو "ژیان"ەی بە پیتی "ژ‌"ی دەست پێ دەکات لە فارسییەکەدا بووەتە "زندگی" بەڵام "ژن"ـەکە هەر وەک خۆی ماوەتەوە و تەنیا دووخال لە سێ‌خاڵی سەر پیتی یەکەمی نەماون.

ڕەنگە زۆر کەسان ئەمە بزانن کاتێک پیتێکی ناسک و لە زمانان خۆش لە چەند وشاندا دووبارە بێتەوە، لە نێو دەستەواژە یان ڕستەدا مۆسیقا دروست دەکات. دەستەواژە یان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یەکێک لەم دروشمانە بوو، و دووبارەبوونەوەی دوو پیتی "ژ‌" و"ن" لە دوو وشاندا ئاهەنگ و مۆسیقایەکی تایبەتی لەم دەستەواژەیەدا خوڵقاند. ئەم دروشمە لەبەر ئەوەی جێگۆڕکێی "ژ‌"ی بۆ "ز‌"ێ کێشەی نەناوەتەوە لە زمانی فارسیدا خاوەنداریەتیی هەمان دۆخ و مانا دەکات.

لە ئێرانێکدا دوو نەتەوەی کورد و فارس لە زمانی یەکتر تێ دەگەن لەسەر مسۆگەرکردنی ژیان و ئازادیدا بەسەر دوو دەستەی زۆرینە و کەمینەدا دابەش بوونە. دوای ئەوەی دەستەی کەمینەی کەم عەقڵ و خاوەن چەک و تەقەمەنی "ژینا"یەکیان بە مەبەستی سەرکوت‌کردنی ئازادی کوشت، ئەم دروشمەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە لە ناوی "ژینا" وەرگیرا و هەموو ئێران و جیهانی تەنییەوە و ژانەسەرێکی گەورەی خوڵقاند. لە ئێران بۆ دژایەتی‌کردنی دروشمەکە خوێنێکی زۆریان ڕشت، بەڵام ئەمە بووەتە ئاگری بن کا و ترس لە کڵپە‌سەندنەوەی بەردەوامە. سەرچاوەی سەرەکی و دەستپێکی خوڵقانی دروشمەکەش "ژینا"یە. لەبەر ئەمە ژینا لە هەرشوێنێک بێت لەنێوبردنی بە زیانی کڵپەسەندنەوەی دروشمەکەیە.

دوای ئەوەی "ژینا" کوردەکە لە تاران بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانی پۆلیسی داسەپاو ژیانی لێ سەندرا، سەدان کچی دیکە لە سەرانسەری کوردستان هەر لە خۆرئاسانەوە بگره هەتا دەگاتە خۆرئاوا بە ناوی ژینا کران. دەستەڵاتی کەمینەی ئێران بە جوانی دەرکی کردووە ئەم ژینایە چەندە مەترسیدارە، بۆیە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەدوایدا دەگەڕێن. لە هەر پارچەیەکی دیکە کوردستان بیت ئەگەر بە تێرۆرکردن و دەرمانداوکردن و ئەشکەنجە نەگونجا، لە سەرەتای تەمەنیدا بە مووشەکی دوورهاوێژی "نوقتەزەن" لێی دەدن و بە دەری "ژینا دزەیی" دەبەن. ئەوەی مایە کیشەکەیە هەر کوردە، چونکە بە ژیناکان دەڵێت "ناودێر" بن، خۆیشی خولیای پەتای ئازادییە.