دارسمە
هەورۆ، هەورۆ، هەورۆ؛ هەورۆ بارانییە/ یارم لێرە نییە/ بۆیە کەیفم نییە.
هەورێکی هێنا بارانەی پێوە؟ یاخوا نەبارێ یارم بەڕێوە.
ئەمانەی سەرەوە دوو بەندی دوو گۆرانیی جیاوازی کوردین. لە هەردوو بەندەکەدا باس لە هەوری باراناوی دەکرێت. بەڵام لە گۆرانیی یەکەمدا بارانە کەیفی گۆرانیبێژ ساز دەکات و لە هی دووهەمدا گۆرانیبێژ بە بارین حاڵی تێکدەچێت و داوا لە خوا دەکات باران نەبارێت.
گۆرانیی یەکەم بە هەوری باراناوی هەڵدەڵێت و خۆزگە دەخوازێت لە کاتی باریندا "یار"ی لەلا بوایە و بەیەکەوە بە خوشیەوە کەشوهەوای باراناوی بچێژن. گۆرانیبیژی دووهەمیش لە تەڕبوونی "یار"ی دەترسێت و دەڵێت یارم بەڕێوەیە و یاخوا بارانی بەسەردا نەبارێت.
گۆرانییەکیش هەیە دەڵێت: "باران دەبارێ ڕێزە بە ڕێزە/ گۆزەم پێیدانا لە ڕێی کارێزە."
گۆرانییەکی دیکەش دەڵیت: "خودا داکەی بارانێ کزەی شەماڵ بێ بە شەو/ بیدا لە گۆنەی یارم بەڵکوو ڕاپەڕێ لەخەو"
لەم دوو گۆرانییەشدا، لە یەکەمیان "یار" بە گۆزەوە بە بەر "باران"دا دەڕوات و لە دووهەمیاندا گۆرانیبێژ داوا دهکات بارانە گۆنەی یاری تەڕ بکات و لە خەوی ڕاپەڕێنێت. دیارە ئەم هەتیوە خۆی دڵی بەرایی نادات یاری لە خەو ڕاپەڕێنێت، یان ترسنۆکە و ناوێرێت خۆی لە خەو هەڵیبستێنێت، بۆیە پەنا بۆ باران دەبات!
ئازەرییانیش لە دراوسێیەتی کورداندا حەزیان لە بارانە و ئەوانیش بارانە لە گەلێک لە گۆرانیانیاندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم کۆپڵهیەی خوارەوەش وێنەیەکی بەرچاوی فلۆلکۆریی ئازەرییانە و ئەویش وەک شایەتێک بۆ هاوبیریی کوردان و ئازەرییان لەبەرانبەر بارانەدا دەهێنمەوە. گۆرانیە ئازەریەکە دەڵێت:
"یاغیش یاغیر دەنه دەنه/ اورک سوێزوون دێیر مەنە/ بیر ئینتیزار گوێزوم یۆڵدا/ ها بەلکێ سوێگلیم گەله"
واتا: "باران دەبارێ نم نمە/ قسەی دڵت بە من بڵێ/ چاوەڕوانم لە ڕێگا/ بەڵکوو دڵدارم دەرکەوێت"
ئەم تورکەش وەک کوردەکانی خۆمان حەزی لەمەیە دڵدارکەی لەژێر نمنمەی باراندا دەرکەوێت. بە وێکچوونی ئەم گۆرانییانە گومانمان نامێنێت کورد و تورک وەک یەک حەزیان لە بارانە. لە خوا و شیخ و مەشایەخ و چاک و پیران دەپاڕێمەوە هاوبیریی ئەم دوو نەتەوەیە پەرە بستێنێت و بۆ زۆر شتی دیکە پەل بهاوێژێت و ئەو مڕچ و مۆنییە نێوانیان ببێتە بزە و پێکەنین.
لە سەردێری ئەم بابەتەدا ناوی گۆلی ورمێ هاتوە و ڕەنگە خوێنەری بەڕێز بۆی بووبێتە پرسیار گۆرانی و گۆلی ورمێ کوجا مەرحەبا؟ بۆیە لێرەدا پێوەندیی گۆرانی و گۆلی ورمێتان بەڕوونی بۆ دەردەخەم:
هەموومان دەزانین لە خورئاوای گۆلی ورمێ لە سنووری نێوان کورد و ئازەرییانەوە هەتا گۆلی "وان" لە باکووری کوردستان، بە کوردستان دەژمێردرێت و نیشتمانی تورکی ئازەرییش لە خۆرهەڵات و باکووری ئەم گۆلەوە دەست پێ دەکات و خاکیان پاڵ وە گۆلی "قەزوێن" یان "دەریای مازەندەران" دەدات. وڵاتی برایانی ئازەری لە "مەلیکەندی"، "بناو"، "عەجەبشێر"، "ئازەرشار" و ئێڵخچی" لەو دیو گۆلی ورمێ دەست پێ دەکات و هەرلەوی بۆ لای "شەبستەر" و "تێک" و " تێل" و تەسووچ دەسووڕێتەوە. لەوێڕا بەرەو خۆرهەڵات و باکوور کۆمەڵێک هەرمەنی و کوردی دانیشتووی قەرباغ و دانیشتوانی شارەدێی "یەکان"ی لێ دەرچێت، هەتا چاو هەتەردەکات تورکی ئازەرییە.
ئەم گۆرانیی "بارانە" یان وەک ئازەری دەڵێن "یاغش"ـه لەسەردەمی دەستەڵاداریەتیی مەحموود ئەحمەدینژاد یانی هەمان سەرۆککۆمارە کوێرمووشەکەی چەند ساڵ لەمەوبەری ئێرانەوە ماناکهی قووڵتربووەتەوە. ئەحمەدی نژاد ١٢ ساڵ لەمەوبەر دەیگوت: وڵاتانی خۆرئاوا بەئەنقەست هەوڵ دەدەن ئێران تووشی وشکەساڵی بکەن. ئەو سەرۆککۆمارە کوێرەمووشەیەی ئەوکات، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ بانەمەڕی ١٣٩٠ی هەتاوی لە کاتی ڕێوڕەسمی پڕئاوکردنی بەنداوی "کەمال سالح" لە نزیک شاری ئەراک گوتی: "وڵاتانی ئورووپا بە کەڵکوەرگرتن لە کەرەستەی تایبەت ئەو هەورانەی ڕوویان لە ئێرانە، پێش ئەوەی بگەنە سەر ئاسمانی ئێمە دەیاندۆشن." لەکاتێکدا ئەم بێریانەی ئێمە دوو سەر مەڕ و مانگایان پێ نادۆشرێت، تۆ بڵیی بێری ئورووپایی چۆن بتوانن ئەم هەورە بەرزانە بدۆشن؟
ئێستا ١٢ ساڵێک بەسەر فەرمایشی سەرۆککۆماری کوێرەموووشەدا تێدەپەڕێت و لە کاتێکدا گۆلی ورمێ خەریکە ئاخرین چۆڕی بەرەو وشکبوون لێدەبڕێت، دیسان بەزمی لادانی هەوران لە ئاسمانی ئێرانەوە بۆ ئاسمانی دراوسێیان باسی لێوە دەکرێت. چەند ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی کابینەی ئێستای کۆماری ئیسلامی لە وڵامی پەیامنێرێکدا گوتی: ئێمە خەریکی لێکۆڵینەوە لە دیاردەی هەڵوەشانەوەی هەوران لەسەر گۆلی ورمێین و بەوردی و زانستیانە لەم دیاردەیە دەکۆڵینەوە.
فەرمایشتی بەرپرسانی کەون و نوێی کۆماری ئیسلامی بە جێگەی خۆی، ئەمەیان گرینگە، ئەم گۆرانیی بارانە و یاغیشەیە دوو دراوسێی کورد و تورکی ئازەری لەگەڵ دوایین هەناسەی گۆلی ورمێ دەڵێنەوە.
ئەوانەی دەشڵین هەورێکی هێنا بارانەی پێوە/ یاخوا نەبارێ باران بەڕێوە، ڕەنگە پیاوی سەهیۆنیزم و دوور لە ڕووی خوشک برا چەپەکانمان پیاوی ئەمپڕیالیزمیش بن و لەجیات بێرییەکانی خۆمان مرخیان لە هەوردۆشە خۆرئاواییەکان خۆش کردبێت.