ڕێکخراوی کولتووری "کوردشۆپ" دووهەمین خەڵاتی ساڵانەی خۆی بۆ زمانی کوردی کە بە "خەڵاتی زارا"ی ناودێر کردوە، پێشکێش بە مامۆستا ئەمینە عەمەر کرد.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بەفرانبار، ڕێکخراوی "کوردشۆپ" لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا دووهەمین خەڵاتی زارا بۆ زمانی کوردی، خەڵاتی ساڵانەی ڕێکخراوەکەیانی پێشکێش بە مامۆستا ئەمینە عەمەر (ناسراو بە کچا کورد)، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کرد.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە بەبەشداریی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سیاسەتمەدار و کەسایەتیی سیاسیی کورد، چەندین کەس لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی حیزب و دەیان کەسی دی لە ئەدیبان، مامۆستایانی زمان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکان و کاناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەولێر بەڕێوە چوو، وێڕای پێداگری لەسەر بایەخی زمان وەک کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەیی ڕێز لە هەموو ئەو تێکۆشەرانە نرا کە لە چوارپارچەی کوردستان بۆ زیندووڕاگرتن و گەشەپێدانی زمانی کوردی تێدەکۆشن.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا وڵات قادری، بەرپرسی ڕێکخراوی کوردشۆپ وتاری ڕێکخراوەکەیانی پێشکێش کرد. بەڕێزیان لەسەرەتای باسەکەیدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی نەگۆڕی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی ناوەندگەرای حاکم بەسەر کوردستاندا بۆ تواندنەوەی زمانی کوردی لە زمانی نەتەوەی سەردەستدا و لەبەرامبەردا خەبات و خۆڕاگریی پێشمەرگەکانی پارێزەری زمان بۆ ئاوەدانهێشتنەوەی ئەو سەنگەرەی خەباتی شوناسخوازیی کوردی سەرەڕای هەموو تێچووەکان بەرز نرخاند. وڵات قادری لە بەشێک لە وتارەکەیدا گوتی: نەیاران بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو هەموو تاوان و کۆمەڵکوژی و وێرانکارییەی لە مێژووی دوور و نزیکدا بەسەر کورد و کوردستانیان هێناوە، بە دامەزراندنی دەیان دامەزراوە و ڕێکخراوی تایبەت و بە تەرخانکردنی سەرمایەیەکی زەبەلاحی مرۆیی و ئابووری و، بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئامرازەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕاگەیاندن و ئینتەرنێت و سینەما و فیلم، لەلایەک هەوڵ دەدەن لە زەین و بیرکردنەوەی خەڵکی کورد و ڕای گشتیدا ڕەوایی بەم تاوانکارییانەی خۆیان بدەن؛ لەلایەکی دیکەوە ئەو دامەزراوانە دەخەنە خزمەت دامودەزگای سەرکوتکەری خۆیان تاکوو بە چاندنی تۆوی دوبەرەکی و بێ باوەڕی و نائومێدی لەنێو خەڵکی کوردستاندا، یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کوردستان لەبار ببەن. بەڵام نەتەوەی کوردیش کۆڵی نەداوە و بە هەموو توانا و سەرەڕای تێچووی زۆر و قورس لە سەنگەری پارێزگاری لە زمانەکەیدا ماوەتەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا ئینفۆگرافی و ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی لەبارەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی کوردشۆپ لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا پێشان درا و دواتر کچە هونەرمەندان نووشین و پەروین دوو گۆرانی و سروودیان پێشکێش بە ئامادەبووان کرد.
پاش خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لێژنەی دەستنیشانکردنی وەرگری خەڵاتی ئەمساڵی ڕێکخراوەکە لەنێو ٢٠ بەربژێر لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە لەلایەن سوداد ڕەسووڵ یەکێک لە داوەرەکانەوە خوێندرایەوە، ناوی خاتوو ئەمینە عەمەر وەک وەرگری دووهەمین خەڵاتی زارا بۆ زمانی کوردی ڕاگەیەندرا. دواتر خالید محەممەد بە نوێنەرایەتیی خاتو ئەمینە کە بەهۆی نەخۆشی و دووریی ڕێگا نەیتوانیبوو بەشداری ڕیوڕەسمەکە بێت، خەڵاتەکەی لە دەستی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سیاسەتمەدار، زمانزان، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد وەرگرت.
لە بڕگەکانی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی ڤیدیۆیی مامۆستا ئەمینە عەمەر لە وڵاتی ئاڵمان و مامۆستا زارا محەممەدی لە شاری سنەوە لە ڕێگەی شاشەوە پێشان دران.
مامۆستا ئەمینە عومەر (ناسراو بە کچا کورد) نووسەر، شاعیر، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زمانی کوردی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە گوندی "خربێ جهوویان" سەر بە شاری جزیرێ لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە. هەتا ئێستا ١٥ کتێبی بە زمانی کوردی نووسیوە و دوو بەرهەمی وەرگێڕانی لە زمانی عەڕەبیەوە هەیە.