کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمە لەگەڵ مەلاکانی ئێران لەشەڕ داین، یەکێک دەبێ ئەوە بە جۆ بایدن بڵێ

13:04 - 17 رێبەندان 2723

ئامێریکەن سپێکتەیتەر – جەیمز هـ. مەکگی 

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، من هەموو بەیانان پێش هەموو شتێک چاوەڕوانی هەواڵی تازە لەبارەی دوو کەسەکەی هێزی تایبەتیی دەریایی بووم کە لە کەنارەکانی سومالی بێسەروشوێن بوون. بەو هیوایە، سەرەڕای ئەگەری کەم، بە زیندوویی بدۆزرێنەوە. من لە ماوەی تەمەنمدا شانازیی کارکردن لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە بچووک بەڵام زۆر تایبەتییەم هەبووە. ئەمن بەئانقەست کەلک لە وشەی "کۆمەڵگە" وەر دەگرم. ئەوە دەستەواژەیەکە کە ئەوان زۆر جار بۆ وەسفی خۆیان کەلکی لێ وەردەگرن و، کاتێک گوێیان لێ ڕادەگری کاتێک لە بارەی یەکتردا قسە دەکەن، ئەو وەسفکردنە زۆر ڕاستە. ئەوان بە ڕاستی کۆمەڵگەیەکن، کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بەهای هاوبەش، ئەزموونی هاوبەش و بەڵێنییان بۆ بوون بە باشترین دامەزراوە. بێگومان ئەوان هەر ئێستا لەگەڵ بیرکردنەوە لە چارەنووسی هەڤاڵەکانیان گەلێک زامدارن. هەروەها گومان لەوەدا نییە کە ئەوان دەخوازن بەرپرسیارانی ئەو ڕووداوە سزا بدرێن. چونکە ئەوانە تەنیا قوربانیی ڕووداوێکی دڵتەزێنی نەخوازراو نین، ئەوان قوربانیی شەڕن.

هەر ئەمریکاییەکی ڕاستەقینە دەبێ لەبەر چارەنووسی دڵتەزێنی ئەوان بەپەرۆش بێ و تەنانەت بۆ موعجیزەیەک بپاڕێتەوە. هەروەها هەر ئەمریکاییەکی ڕاستەقینە دەبێ بە سۆزەوە هیوادار بێ کە خوڵقێنەرانی ئەو چارەنووسە سزا بدرێن. ئێمە ڕەنگبێ ناچار بین بەرەوڕووی "ڕاستییەکی تاڵ" بۆ بەڕێوەبەرایەتی بایدن ببینەوە، ڕاستییەکی گەلێک تاڵتر لەوەی "ئال گۆر" بیری لێ دەکردەوە. ئێمە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەشەڕ داین. کاتی هاتوە ئەوە قبووڵ بکەین، دەرئەنجامی پێویست وەرگرین و دەست بە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ کۆتاییهێنانی خێرا و سەرکەوتووانە بەو شەڕە بکەین.

هاوکات کە دەگەینە ئەو دەرئەنجامە، ئێمە دەبێ سێ گەڵاڵەی درۆیین وەلا نێین. یەکەم، ئەو شەڕە دژی خەڵکی ئێران نییە. شەڕەکە لە لایەن دیکتاتۆری ئایینیی شیعە، "ڕێبەری گەورە" عەلی خامنەیی، ئاڵقەی تیۆکراتی نزیک لە ناوبراو و تاقمێکی مەزنتری توندڕەوی ئیسلامیی نێو سوپای پاسدارانەوە، هەڵایسا.

هەر چاودێرێکی وردی ئێران ئەوە باش دەزانێ کە سەرەڕای پشتیوانیی بەربەرینی جەماوەر بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی شا، زۆر دەمێکە مەلاکان پشتیوانیی جەماوەرییان نەماوە، ئەوە بە مێژووی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی پەتیا پەیتا لە ڕابردوودا پشتڕاست کراوەتەوە وتەنیا بە سەرکوتی دڕندانە لەگەڵ پرۆپاگاندای بێوچانی فریودەرانە ئەو خەڵکە کپ کراوە. ئەوە کارێکی زۆر ساکارە کە لە مشتومڕەکاندا لەسەر قەیرانی هەنووکەیی هاوڕا بکەی "شەڕ لەگەڵ ئێران" و بێتوو ئەوە بکەین خیانەت لە خۆمان و لە خەڵکی ئاسایی ئێران دەکەین.   

دووهەم، ئەوە "شەڕی پێشگیرانە" لەلایەن ئێمەوە نییە. "شەڕی پێشگیرانە" دەستەواژەیەکە کە بەردەوام باسی لێوە دەکرێ، بە تایبەت لە لایەن چەپی سیاسییەوە و هەروەها لەلایەن بەشێک لە کۆنەپارێزەکانیشەوە. ئەوە هەمیشە کارێکی نەشیاو نییە. چەند بەڕێوەبەرایەتی وڵاتە یەکگرتووەکان حەزێکی قووڵی ناتەندروستییان بۆ "نەتەوەسازی" و بۆ هەوڵی باش بیرلێنەکراوەی سەپاندنی بایەخەکانمان دا، لەجیات ڕەزامەند بوون بە پیشاندانی خۆمان وەک مودێل بۆ ئەوانیتر و ئیزن دان پێیان، کە بە مەرجی ویستی خۆیان هەڵیبژێرن. هەرچۆنێک بێ ئەوە سەردەمێک "باشترین شێوە"ی هەڵسوکەوتی ئەمریکا لەگەڵ باقی دنیا بوو.

شەڕی ئێستا "شەڕی پێشگیرانە" نییە. کەلک‌وەرگرتنی ڕێژیمی ئێران لە بەکرێگیراوان شتێکی ڕوون و ئاشکرایە و پێوەری سووکایەتیی مەلایان بە کاربەدەستانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانە. بەڵام هەڵە مەکەن، ئەگەرچی هێشتا بۆمباران‌کردنەکان و تەقەکان نەگەیشتوونە خاکی ئەمریکا، بەرژەوەندییەکانمان، بەرژەوندییە ڕاستەقینە و ژینەکییەکان، نە وەکوو تەنیا بەرژەوەندییە خەیاڵییەکانی گلۆبالیستەکان، هەر ئێستا لەژێر هێرش‌دان. بڕواننە هێرشەکان بۆ سەر کەشتیوانیی لە دەریای سوور. ڕێبەرایەتیی حوسییەکان پێداگرن کە ئەوان تەنیا ئەو پاپۆڕانە دەکەنە ئامانج کە بەرەو ئیسڕائیڵ بەڕیوەن، ئەوە درۆییەکی ئاشکرایە.

ئەو هێرشانە نیشاندانی دەسەڵاتن، دەسەڵات بەسەر بازرگانیی گرینگی جیهانییەوە و، دەسەڵات بەسەر وڵاتە یەکگرتووەکانەوە، هەم وەکوو لایەنی سوودمەند بوو و هەروەها پارێزەری ئەو بازرگانییە. ئەوە خولیایەکی باشە کە داوای گەڕاندنەوەی ئابووریی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ نێو خاکەکەی دەکرێ، بەڵام تەنانەت ئەو کەسانەی بەو خولیایە وەفادارن دەبێ بزانن کە ئێمە ڕێگایەکی دوورودرێژمان ماوە تا بگەینە ئەو ئاستە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دنیا بپچڕێنین و لە هەمان کاتدا ستانداردی ئێستای ژیانمان بپارێزین. مرۆڤ پێویست ناکا بڕوا بە درۆیەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهان و لایەنگرانی بکات تا لەو ڕاستییە ساکارە تێ‌بگات.

سێهەم، ئەوە شەڕیک نییە کە تەنیا بە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سنووردار بکرێ و هەروەها تەنیا لەبارەی ئیسڕائیل دا نییە. بێتوو سەرنج بدەین، هەموو ڕۆژێک ئەوەمان بیر دەخرێتەوە، کە ئێمە، واتە وڵاتە یەکگرتووەکان، لە لایەن مەلاکانەوە بە "شەیتانی مەزن" ناو دەبرێین. ئێمە خۆمان بە ڕوانگەی "بژی و لێگەڕێ بژین" بەرانبەر بە باقی دنیا دەلاوێنینەوە، بەڵام ئیسلامیستە توندئاژۆکان شتەکان بە شێوەیەکی جیاواز دەبینن. ئێمە دەتوانین جیاوازیی لەنێوان موسڵمانی ئاسایی و ئەو توندئاژۆیانە دانێین، بەڵام نیشاندانی نەفرەتی ئەو دواییانە لە شارە مەزەنەکانمان و لە زانکۆکانمان، کە لەلایەن بەناو "میانڕەوەکانەوە" هیچ ئالنگارییەکیان بۆ دروست نەکرا، بیر هێنرەوەیەکی بەهێزە کە نەفرەتی ئیسلامیستەکان لە پشت ئەو ئاجێندایەیە و ئەو نەفرەتە زۆر لە دروشمی "لە ڕووبارەکەوە تا دەریایەکە" بەولاوەتر دەچێ.

ئێمە سەردەمانێک، کاتێک داعش، داعشتان لە بیر ماوە؟ داوای "خەلافەت،" دەستەواژەیەک کە بەتەما بوو هەموو دنیا بگرێتەوەی دەکرد، لەوە تێ‌دەگەیشتین. بەڵام لە هەڕەتی برەویاندا، نە داعش و نە ئەلقاعیدە ئەو دەسەڵاتی سەربازی و ژیۆپۆلیتیکییەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان نەبوو. هیچکام لە لایەنەکانی دیکە، تەنانەت تاڵەبانیش لە ترۆپکی دەسەڵاتدارییاندا، تونایی پشتیوانیی لە ڕایەڵەیەکی بەڕاستی جیهانیی تێرۆریستییان نەبوو کە بتوانێ هێرش بکاتە سەر شێوەی ژیانی ئێمە. بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە چۆنە؟ تەنانەت بێتوو ئیسڕائیل حەماس تێک بشکێنێ، کە بتوانێ وەها بنوێنێ کە بە شێوەیەکی دیکە سەر هەڵناداتەوە. ئەدی حیزبوڵڵا، کە دامودەزگاکانی، بە پشتیوانیی سوپای پاسداران، گەلێک لە بنکەکانی لە لوبنان بەو لاوەترن؟ مرۆڤ هیوادارە پێویست بە یازدەی سێپتەمبەرێکی دیکە نەکات تا ئێمە لە خەو، لەمەڕ هەڕەشەکە لەسەر خاکی خۆمان، هەستێنێ.

نهێنییەکی چەپەڵی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتە یەکگرتووەکان ئەوەیە کە سنوورێکی بەتەواوی ئاواڵای لە باشوور هەیە، ئێمە هیچ نازانین چەند ئیسلامیستی تێرۆریست کە ئێران ڕاهێنانی پێ کردوون، هەر ئێستا دزەیان کردووەتە نێو وڵاتە یەکگرتووەکان، بە تایبەتی ئێستا کە بە ئازادی تیکەڵاوی ئەوانەی دیکە بوون کە نەفرەتیان لە ئێمەیە و لە نێومان‌دان. ڕەنگبێ چینییەکان لە دۆخێکی باشتر دابن تا کەلک لە لاوازییەکانی ئێمە وەرگرن، بەڵام ڕێژیمی ئێران، بێگومان، لەو ڕوانگەیەوە لە پلەی دووهەم دایە و لە کاتێکدا کە سەرۆک شی پێشبینی خشتەیەکی کاتیی دەکات کە لە ٢٠٢٧ دەست پێ‌دەکات، ڕیژیمی ئێران هەر ئێستا دژی ئێمە شەڕی ڕاگەیاندوە.

بەدڵنیاییەوە، ئەوە هۆی دڕندەییەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبرە و هەروەها هۆی شەپۆلی هەنووکەیی هێرش بۆ سەر پاپۆڕەکانی دەریای سوورن، ئەو هێرشانەی کە لەو دواییانەدا ڕاستەوخۆ ئاراستەی پاپۆڕی ئەمریکایی کراون. گومان لەوەدا نییە کە هەر مەبەستێکی دیکە بوونیان هەبووبێ، هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر بە مەبەستی لەنێوبردنی هیوای نزیکبوونەوەیەکی بەردەوام لە نێوان ئیسڕائیل و عەڕەبستان بوو. "ڕێککەوتنی ئیبراهیم" ئالنگارییەکی ئاشکرا بۆ خولیاکانی ڕێژیمی ئێران بوو و گرینگترین هەنگاو بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەدا دوای "پەیماننامەی کەمپ دەیڤید" لە ١٩٧٩ لە نێوان ئیسڕائیل و میسردا بوو. هەوڵی نوێ و هەڵەی بەڕیوەبەرایەتیی بایدن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، سعودییەکانیان دەستەوەستان کرد و هێرشەکانی حەماس، ئەگەری زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەیان، لە ئێستادا، نامومکین کردوە.

بە هەمان شێوە، دەوری ئێران لە هێرشەکانی حوسییەکان دەبێ بۆ هەموو ئەو کەسانەی چاوی دیتنیان هەیە ئاشکرا بووبێ. ئەو پاپۆڕەی لەو دواییانەدا دەستی بەسەردا گیرا، دەبێ تەنانەت قەناعەت بە گومانداترینەکان بێنێ، بەڵام، بەڕاستی کەس بڕوا دەکات کە حوسییەکان، زیاد لە هەموو کەس ئەو حوسییانە، توانایی دروستکردنی هاژەکی دژە پاپۆڕ و کەلک‌لێ‌وەرگرتنی وەها کاریگەر لێیانی هەبێ؟ ئەو هاژەکانە لە ئێرانەوە هاتوون، و هەموو کەس ئەوەی لە سەرەتاکانەوە دەزانی.

شاردنەوەی ئەوانە لە پشت هێمای دژە ئیسڕائیلی، خەیاڵێکی دڵخۆشکەرانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بووە، بەو ئامانجەکە بیروڕای جیهانیی بۆ هەڵێنانی هەر جۆرە هەنگاوێک بۆ بەرپەچدانەوە، بەلاڕێدا بەرێ. ئەوە، ناڕاستەوخۆ هاندەری سەرەکی بۆ پارێزگاریی لە بەرنامە ناوکییەکەیان بووە. "تەنیا ئامانجی ئێمە لە چوون بەدوای چەکی ناوکی پاراستنی خۆمان لە ئیسڕائیل بووە،" و " تەنیا ئیسڕائیل و پشتیوانە ئەمریکاییەکەیان بە هێرشکردنە سەر بنکە ناوکییەکانی ئێمە، هەڕەشە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن،" کە بێگومان، "تەنیا ئامانجی ئاشتیخوازانەی لەپشتن."

کە وا بوو، سەرەڕای هەموو ڕێگا گۆڕینەکان و شوێنەونییەکان، هێرشەکە بە ڕاستی بەڕێوەیە و، بێتوو وەڵامی جیددی و بەردەوامی نەدرێتەوە، وێدەچی بەربڵاوتر بێ و ئەوسا ئێمە دەستەوەستان دەمینینەوە. ئەو بەرپەرچدانەوە دەبێ گەلێک لە لەنێوبردنی هاژەکەکانی حوسییەکان، یان تەنانەت هێرشی ئاسمانی سنووردار بەولاوەتر بێ. بێگومان ئەو دەبێ لە پەیوەندیی لەگەڵ پشتگیریی لە ئیسڕائیل بۆ لەنێوبردنی حەماس لەسەر پێ بێ و ئامادە بێ ئەگەر، یان باشترە بڵێین کاتێک حیزبوڵڵا جارێکی دیکە سەر هەڵینێ، درێژە بەو پشتیوانییە بدا. ئەوە پێویست دەکات پەیامێک بۆ تەماشاوانان، کە خەریکی سەیرکردنن، وەکوو فەڕانسە، ئیتالیا و ئیسپانیا، بنێردرێ کە ئەوانیش پێویستە تێکەڵ بن و تەنیا لە قەراغەوە چەپڵە لێ نەدەن.

ئەوە ڕەنگبێ هێندێک هێرشی ئاماندجاریش بۆ سەر سامانەکانی ڕێژیم بگرێتەوە، وەکوو هێرشی هاژەکیی لە ٢٠٢٠، کە بە فەرمانی سەرۆک‌کۆماری ئەوکاتی، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی بەدناوی سوپای قودس، قاسم سولەیمانی لەنێو برد. ئەوە بێگومان پارێزگارییەکی بەهێزتر لە تاقمە بچووکەکەی هێزەکانمان لە سووریە و عێراق و، هەروەها هێرشی ڕاستەوخۆیانەتری تۆڵەئەستێنانە دەخوازێ. ئەوە ڕەنگبێ بخوازێ بە نابەدڵی پاکستان هان بدەین وەڵامی هێرشی ئەو دواییانەی هاژەکی بۆ سەریان لەلایەن ئێران بدەنەوە.

بەڵام، لە سەرووی هەموو ئەوانەوە، پێویست بە گرتنەبەری سێ ڕێکاری کاتی جەنگ دەکات. یەکەم، ئەوە بەو مانایەیە کە ئێمە بیرێکی جیددی لە زامی چڵکنی سنووری باشوورمان بکەینەوە و تێرۆریسیتەکانی سەر بە ئێران ڕاوەدوو بنێین کە هەر ئێستا دزەیان کردۆتە نێو خاکمان. ئەوە وەک شتێکی ناهومێدانە دێتە بەرچاو، بە تایبەتی کە ئێستا ئێف بی ئای چیدیکە ناتوانێ ئەو ئامانجە وەدیبێنێ. ڕەنگبێ پارێزگار ئابۆت بتوانێ یارمەتی رێنجێرەکانی تێکزاس بکات. هەر چۆنێک بێ، ئەوە دەبێ جێبەجێ بکرێ، ئێمە ناتوانین ئەو شەڕە ببەینەوە ئەگەر نەتوانین خۆمان لە ناوخۆ بپارێزین.

دووهەم، ئەوە بەو مانایەیە کە ئێمە دەبێ هەنگاوی چالاکانە بنێین بۆ هاندان، پشتگیریی و بەهێزکردنی ئەو لایەنانەی ناوخۆی ئێران کە دژی ڕێژیمی هەنووکەیین. ئێمە دەزانین کە ئەوان هەن و پشگیریی جەماوەرییان هەیە. لەو دواییانەدا، تەقینەوەی بۆمب لە گۆڕستانی کرمان، بەڵگەیەکە بۆ قووڵتربوونەوەی دوژمنایەتی دژی ڕێژیمە، سەرەڕای هەوڵەکانی ئایەتوڵڵا بۆ وێناکردنی ئەو ڕووداوە وەک پیلانێکی ئیسڕائیلی یان ئەمریکایی. یەکێک لە مەزنترین ئابڕووچونەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما کاتێک ڕووی دا کە ئێمە لە جیات یارمەتیدانی سەرهەڵدانی ٢٠٠٩، دەستەوەستان ماینەوە، هەمووی بە هیوای نابەرپرسیارانەی ڕێککەوتنی ناوکی کە هاندەرەکەی نەوەک کەتوارگەرایی سیاسی بەڵکو زۆرتر دوژمنایەتیکردنی ئیسڕائیل و ترس لە کەوتنە نێو تەڵەی پشتیوانیی لە هێرشی ئسیڕائیل بۆ سەر بەرنامەی ناوکی ئێران بوو.

دەتوانێن زۆر شتی هاوشێوە لە بارەی وەڵامی بەڕێوەبەرایەتی هەنووکەیی بە ناڕەزایەتییەکانی دژی حیجاب لە ساڵی ڕابردوو بڵێین. ئێمە دەمانتوانی لەو کاتدا کاری زۆرتر بکەین، ئاستەمە بڵێن دەکرا کەمتر لەوەی کرا بکەین. ئاخۆ ئێمە دەتوانین ڕێژیمی ئێستا بڕووخێنین؟ لە باشترین حاڵەتدا، مێژوو پێمان دەڵێ ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ کەتوارگەرایانە نییە. بەڵام ئاخۆ ئێمە لانی کەم دەتوانێن ڕێگریی لە دەربرینی خولیای خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕێژیم نەکەین؟ بێگومان ئێمە دەتوانین ئەو کارە بکەین، بەڵام تەنیا کاتێک ویستی ئەوان وەپێش خولیای خۆمان بۆ جێبەجیکردنی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ مەلاکان بدەین.

سێهەم، ئێمە دەبێ، بە یەکجاریی هەر چەشنە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێستا لە ئێران وەلا نێین. مافی نەتەوە سەربەخۆکان بۆ پارێزگاریی لە خۆیان، تەنانەت بە گەشەپێدان و بوونە خاوەنی چەکی ناوکی بابەتی کاتێکی دیکەیە، بەڵام وەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ڕێژیمێکی شەڕانگێزی ئیسلامی، کە بە تەمای سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناچە و دەسترۆیشتوویی لە هەموو جیهانی هەیە، نابێ قبووڵ بکرێ. هەر ئێستا دۆخەکە خراپە کە ناچارین لەگەڵ هەڕەشە ناوکییەکانی کۆرەی باکوور، چین یان ڕووسیە بژین، بەڵام ئەوانە ئاکامی هەڵەی ماوەیەکی زۆر لەوە پێشن. کاتێکی زۆر کەم ماوە بۆ پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی ئەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەوە بە عەوداڵبوونی ساویلکانە بە دوای ڕێککەوتنی ناوکی ئۆباما ناکرێ.

هەنگاوی بچووکی دیکەش بە مێشکدا دێن. چەند پاپۆڕی ئێرانی نقوم بکەن، بە تایبەتی ئەوانەی ئاشکرا بووە خەریکی بە قاچاخ بردنی چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکانن، ڕەنگبێ یەکەم هەنگاوی باش بێ. هەروەها یارمەتیی کەیفکردنی ڕێژیمی ئێران بە ئازاد کردنی چەند میلیارد دۆڵار دراوی سڕکراو، نەدەین.

کورت و پوخت، لە کاتێکدا کە شەڕەکە دەستی پێ کردووە، دەکرێ سنووردار بکرێ، تەنیا بێتوو ئێمە هەوڵ بۆ سنووردار کردنەکەی بدەین. ئێمە پێویست ناکات ئێران داگیر بکەین، بەڵام ئێمە ناچارین دەست بوەشینین. ئێمە دەبێ پارێزگاریی لەخۆمان بکەین و، کاتێک ئەو کارە بکەین، ڕەنگبێ بتوانین بیر لەوە بکەینەوە چۆن براوە بین.

ڕەنگبێ یەکێک دەبوو جۆ باین لە خەو هەستێنێ و ئەوەی پێ بڵێ.

 

سەرچاوە:    

 

https://spectator.org/we-are-at-war-with-iranian-mullahs/?utm_source=rss&utm_medium=rss&utm_campaign=we-are-at-war-with-iranian-mullahs