کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا واشینگتۆن لە جێهێشتنی عێراقدا جیددییە؟

21:02 - 19 رەشەمه 2723

نەیشناڵ ئینتەرێست-عەدنان ناسر

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

لەگەڵ داوای ئەو وڵاتە بۆ کشانەوە و قووڵتربوونەوەی قەیرانی ناوچەیی، بڵێی مانەوەی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق بەرەو کۆتایی بڕوا؟

زۆر شت لەبارەی شێوەی هەڵسوکەوتی وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەریەککەتنی ئەو دواییانەی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ عێراق گوتراوە. لەگەڵ بەردەوامیی پشتگیریی سەربازیی ئەمریکا لە ئیسڕائیل لە شەڕەکەی دژی حەماس لە کەرتی غەززە، کە بۆتە تووڕەیی بەشێکی زۆر لە دنیا، ئاستی پەسەندکرانی واشینگتۆن لە ناوچەدا لە نزمترین ئاستی خۆی‌دایە.

حیزبوڵڵای لوبنان بۆ پشتگیریی لە حەماس، هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل چر کردوونەوە. تاقمەکانی هاوتەریبی میلیشیای فەلەستینی لە غەززە هێرش دەکەنە سەر ئامانجە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە نێویاندا هێرشی ئەو دواییانە لە ئۆردۆن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی و برینداربوونی زیاتر لە چل کەس.

ناوەندی فەرماندەیی وڵاتە یەکگرتووەکان لێدوانێکی بڵاو کردەوە و لەویدا هێرشەکە و لەدەستدانی کارمەندانی خزمەتگوزاری لە بنکەیەکی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان، "بورجی ٢٢" کە لە ئۆردۆن هەڵکەوتووەی پشتڕاست کردەوە. ئەو هێرشە یەکەم گورزی کوشندەیە کە ئەمریکا لە دوای شەڕی ئیسڕائیل-حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبر ئەزموونی کردوە. زیاتر لە ١۵٠ هێرش کراونە سەر بنکەکانی ئەمریکایی لە عێراقەوە بگرە تا سووریە و ئێستا ئۆردۆن. سەرۆک‌کۆمار بایدن بە ئاشکرا تازیەباری لەکیس چوونی سێ سەربازەکە بوو و لە کاتێکدا دەیگوت، "ئێمە لە کات و بە شێوەی هەڵبژێردراوی خۆمان تۆڵە لە بەرپرسیارانی ئە هێرشە دەکەینەوە،" بە خەڵکی ئەمریکای گوت کە دەوڵەت ئەرکدارە دژی تێرۆریزم بجەنگێ.

هێندێک کەسی ناسازشکار لە کۆنگرە داوای تۆڵەی خوێنی ڕژاو بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران، وەک شێوەیەکی شیاو بۆ تۆڵەئەستاندنیان کردوە. سەناتۆر لیندزی گراهام (کۆماریخواز لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور) لە لێدوانێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس گوتی تۆڵەئەستاندنەوەی سەرۆک‌کۆماری پێشوو لە بەکرێگیراوانی ئێران بەس نەبووە و "نابێتە هۆی چاوترسێن‌کردنی شەڕانشۆیی ئێرانی." ئەو داوای "هێرش بۆ سەر ئامانجی گرینگ لە نێوخۆی ئێرانی کرد."

سەناتۆر جان کۆرنین (کۆماریخوار لە ویلایەتی تێکزاس)، بە هەمان شێوە وەک بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، لە ئیکس نووسی، "تاران بە ئامانج بگرە." ئەو لێدوانانە لەلایەن بەرەی فرە ڕاستڕەوی ئۆپۆزیسیۆن بڵاو بوونەوە کە داوای "نیشاندانی هێز"  دەکەن بەڵام لە پلەیەکدا نین کە قامک بە پەلەپیتکەکەوە بنێن.

بێگومان، بایدن لەبارەی بەرپەرچدانەوەی سەربازیی دژی میلیشیاکانی سەر بە ئێران جیددییە. هیچ نەبێ، ئەو هیچ ڕێگاچارەیەکی بێجگە لە جیددی بوون نییە. ئەمساڵ ساڵی هەڵبژاردنە و، سیاسەتی دەرەوە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێ ببێتە خاڵی لاوازی ناوبراو. گەرەنتی ئەوە دەکرێ کە واشینگتۆن کەڵک لە هێزی سەربازیی وەردەگرێ، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە کە خوزیاری شەڕێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێران نییە. پێش هێرشەکانی ئۆرۆدن، هێزی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٣ی جانیوەری، هێرشی کردە سەر هاوپەیمانانی ئێران لە ڕۆژاوای عێراق.

عێراق داوای کشانەوە دەکات

سەرۆک‌وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع ئەلسودانی، داوای "کشانەوەیەکی وتووێژلەسەرکراوی ڕێکوپێک و خێرا"ی هاوپەیمانییەکە بە ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان لە وڵاتەکەی کردوە. بە گوتەی سودانی، ئاشکرا بووە کە ئەو هێزە ٢۵٠٠ کەسییە مانەوەی لە کشانەوەی بە گیروگرفتترە. ئەو مەترسیی ئەوەی هەیە کە مانەوەیان ببێتە هۆی ناسەقامگیریی عێراق، بە هۆی پشتگیریی ئەمریکا لە گەمارۆی سەربازیی ئیسڕائیل دژی غەززە.

لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە، ئەو سەربازانە لەسەر داوای دەوڵەتی بەغدا خەریکی دانی ڕاوێژکاریی سەربازین. ئامانجی ئەوان ڕاهێنان و دانی کەرەستە و هاوئاهەنگ کردنی سوپای عێراقە. بێتوو عێراق بیهەوێ، ئەوە مافی یاسایی دەوڵەتی عێراقە داوا لە هەر هێزێکی بیانی بکات کە خاکی ئەو وڵاتە چۆل بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێبەرە عێراقییەکە هیچ دوا وادەیەکی دیاری نەکردوە و، ڕوون نییە کەنگێ ئەو کارە دەکات.

وێناچێ واشینگتۆن لەو کاتەدا و دوای هێرش بۆ سەر هێزەکانی و دانی قوربانی بکشێتەوە، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی شەڕی غەززە. ئیسڕائیل و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا ڕەنگبێ هەست بە لاوازیی بکەن. ڕێبەرانی تاران دەتوانن کەڵک لە پاشەکشەی ئەمریکا بۆ خۆ بەهێزتر نیشاندانی خۆیان لەلای لایەنگرانیان وەرگرن. هەر چۆنێک بێ، ئامانجی درێژخایەنی ئێران وەدەرنانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەیە.

پسپۆڕی بواری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست پرۆفیسۆر جاشوا لەندیس لە زانکۆی ئۆکلاهاما باسی ڕونگەکانی لەمەڕ ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا و ئەوەی کە ڕەنگبێ واشینگتۆن بیهەوی لە پێشدا بیر لە بژێرەی دیکە بکاتەوەی کرد. لەندیس گوتی، "بەڕێوەبەرایەتی بایدن هەوڵ دەدا پاش هێندێک ئاڵوگۆڕی بچووک لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، لەوێ بمێنێتەوە. بایدن نایهەوێ بکشێتەوە، گومان لەوە دا نییە کە نایهەوێ بەر لە هەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەر ئەو کارە بکات."

سەرۆک‌کۆماری هەشتا و یەک ساڵەی ئەمریکا لە هەوڵ‌دایە ڕێژەی لایەنگرانی، کە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی گالۆپ لە ژێر ٤٠ لە سەد لە هاتووچۆدایە، بەرز بکاتەوە. بێتوو بایدن هەر هەنگاوێک بنێ کە وەک پاشەکشە لە بەرانبەر ئێران سەیر بکرێ، ڕەنگبێ خۆی لە هەمان دۆخدا ببینێتەوە کە سەرۆک‌کۆماری پێشوو جیمی کارتەر لە نۆڤەمبەری ١٩٧٩ تووشی بوو، کاتێک خوێندکارانی ئێرانی (بە ئیلهام‌وەرگرتن لە دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی، ئایەتوڵڵا خومەینی) هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و پەنجا و دوو بارمتەی ئەمریکاییان بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ ڕاگرت.

ئەو کارە بووە هۆی دۆڕاندنی  کارتەر لە هەڵبژاردنی ساڵی دواتر لە بەرانبەر ڕکابەرە کۆماریخوازەکەیدا، ڕۆناڵد ڕەیگان، کە لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا وەک کەسێکی خاوەن هێز و ئیرادە دەرکەوت. ڕکەبەرە سیاسییەکەی بایدن، بێگومان دۆناڵد ترامپ دەبێ، کە بە هەمان شێوە هەوڵ دەدا سەرۆک‌کۆمار وەک کاندیدایەکی لاواز نیشان بدا. سەرۆک کۆمارەکەی پێشوو دەتوانێ وەبیر خەڵکی ئەمریکا بێنێتەوە کە ئەوە ئەو بوو کە لە جانیوەری ٢٠٢٠ فەرمانی کوشتنی ژەنڕاڵی پلەبەرز قاسم سولەیمانی لە عێراق دا.

لەندیس هەروەها باسی کاردانەوەی تارانی کرد لە ئەگەری پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق. "ئێران پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق وەک سەرکەوتنێکی مەزن باس دەکات. لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی غەززە، ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە کار تا وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق دەر بکات. هێرشەکانی بەکرێگیراوانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان واشینگتۆنیان ورووژاند تا کەسایەتیی بەنێوبانگی عێراقی بکوژێ."

کوشتنی موشتاق تالیب ئەلسەعیدی، فەرماندەیەکی پلەبەرزی لیوای دوازدەی حەشدی شەعبی، کە سەر بە ئێرانە، لە ٤ی جانیوەری هیچ بژێرەیەکی بۆ سەرۆک وەزیران سودانی نەهێشتەوە بێجگە لەوەی داوا لە واشینگتۆن بکات بارگەوبنەی وەپێچێ و ناوچەکە جێهێڵێت.

بەڕێوەبەرایەتیی بایدن لەگەڵ بریتانیا، گەمارۆی زۆرتریان دژی ڕایەڵەیەک لە کەسانێک پەسەند کرد کە بە پشتیوانیی دەوڵەتی ئێران دەستیان لە کوشتنی بەرهەڵستکاران و کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆندا هەبووە.

جێگری سەرۆکی وەزارەتی دارایی بۆ کاروباری تێرۆریزم و هەواڵگریی دارایی، برایان ئی. نێلسۆن گوتی، "ڕێژیمی ئێران درێژە بە هەوڵەکانی بۆ بە ئامانج گرتنی بەرهەڵستکاران و چالاکان دەدا کە نیشانەی نادڵنیایی قووڵی ڕێژیم و هەوڵ بۆ پەرەپێدانی سەرکوتی نێوخۆیی بۆ ئاستی نێونەتەوەییە." ئەو درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی، "وڵاتە یەکگرتووەکان، لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشەکانی، لە ناویاندا بریتانیا، درێژە بە بەربەرەکانی دژی سەرکوتی نێودەوڵەتی ڕێژیمی ئێران دەدا و کەڵک لە سەرجەم ئامرازەکانی بەردەست وەردەگرێ تا کۆتایی بەو هەڕەشانە بێنێ، بە تایبەتی لە خاکی وڵاتە یەکگرتووەکاندا."

ئاخۆ گەمارۆی زیاتر دەتوانێ ڕەفتاری ئێران سنووردار یان ئەو وڵاتە چاوترسێن بکات؟ وێناچێ. ئەوان لە جیات کاریگەریی لە سەر سەرکوتی بە کردەوە، تەنیا دەبنە هۆی تووڕەیی. ئاکامی هەستپێکراو کاتێک دەبێ کە بایدن بڕیار بدا ئاخۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و شوێنی دیکەی خۆرهەڵاتی نێوەڕست ڕابگرێ، بکشێنێتەوە یان کەمتریان بکاتەوە. تاران چاودێریی دەکات تا بزانێ ئاخۆ تێپەڕینی کەت بە قازانجییەتی یان نا؟