کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، یەک ڕەگەز و یەک ڕێباز

21:04 - 19 رەشەمه 2723

عومەر باڵەکی

سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ دوای کوشتنی بەئانقەستی "ژینا ئەمینی" و دوای ناشتنەکەی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز لە ڕۆژی ٢٦ی خەرماناندا کە هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی ٣٠ساڵەی تیرۆری د.سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران و کوردستانی بەرەو قۆناغێکی دیکە برد. ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵ و نیوی ڕابردوو و ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمەی کۆماری ئیسلامییش جێی هیچ شک و گومانێکیان نەهێشتۆتەوە کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و ناوی ژینا کلیل‌ وشەی جووڵانەوەکانی دی و بەردەوامیی ئەو ڕاپەڕینە هەتا کۆتاییهێنان بە تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەدیهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکانی وڵات دەبن. بەڵام لە گەرمەی ڕووداوەکانی هەر ئەو ڕاپەڕینەدا چەند پرس و بابەتێکی سیاسی و هەوێتیی گرینگ ورووژا کە شیاوی هەڵوێستە لەسەر کردنن.

لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ئەو ڕاپەرینە بەربەرینە لە نێوخۆی ئێران و کوردستاندا، ئۆپۆزیسیونی دژبەری کۆماری ئیسلامی بە چەپ و ڕاست، کۆماریخواز و سەڵتەنەتخواز لە دەرەوەی وڵات کەوتنەخۆ بۆ ئەوەی لە نەمانی کۆماری ئیسلامیدا پشکی زیاتریان لە دەسەڵات و حوکمڕانی پێ ببڕێت. لەو نێوەدا سەڵتەنەتخوازەکان بە هەموو لایەنەکانیانەوە زۆر چالاکتر لەوانیدی لە هەولی ئەوەدا بوون بیروڕای کۆمەڵگە ئێران و جیهان بەرەو ئەو بابەتە ڕابکێشن کە گەلانی ئێران دوای ٤٥ ساڵ لە ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی پەژیوان بوونەتەوە و بەخڕی داوای گەڕانەوەی نیزامی پاشایەتی دەکەن. سەڵتەنتخوازەکان بە گرتنی کۆڕ و کۆبوونەوە و دەرکەوتن لە میدیا پڕبینەرەکان و هەوڵدان بۆ جێخستنی ڕەزا پەهلەوی وەک هێمای یەکگرتوویی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی بەدوای ئەوە بوون ناوبراو وەک کەسێک لە پلەوپایەی پاشادا بە کۆمەڵگەی ئیران و جیهان بناسێنن. بەداخەوە ئەو هەڵسوکەوتەی سەڵتەنتخوازان و هاوپەیمانەکانیان لەو سەردەمە هەستیارەدا کە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاپەریبوو، و پێویستیی بە یەکگرتوویی هەمە لایەنە هەبوو؛ ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیونی تووشی تەفرەقە و لێک‌بڵاوبوون کرد. لە هەمان کاتدا سەڵتەنەتخوازەکان بانگەشەی جۆراوجۆریان بەدژی گەڵانی مافخوازی وەک کورد، بەلووچ و عەرەب و.... دەکرد و تاوانباریان دەکردن بە کاری نەکردە، کە ئەو سیاسەتە نادروست و نابەجێ و گوماناوییە بوو بە هۆکاری زیاتر لێکترازانی ئۆپۆزیسیونی دژبەری کۆماری ئیسلامی و ڕەخساندنی هەلی زیاتر بۆ خۆگرتنەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە و درێژبوونەوەی تەمەنی ڕێژیم.

ئیستا پرسیارە ئەوەیە دەبێ چ ڕووی دابێ کە گەلانی ئێران بۆ ڕێژیمی پاشایەتی پەژیوان بووبێتنەوە؟ جیاوازیی ئەو دوو ڕێژیمە -پاشایەتی وکۆماری ئیسلامی- لە ڕوانگەی ماددە و بڕگەکانی قانوونی بنەڕەتی ئێران لە چی‌دایە؟ ئەگەر ڕێژیمی پاشایەتی ئەوەندە باش بووە، بۆ ٤٥ ساڵ لەوە پێش گەڵانی ئێران بە دانی خوین و قوربانییەکی زۆر ڕووخاندیان؟

بۆ وڵامی ئەو پرسیارانە دەتوانین بڵێین لە سەردەمی ئێستادا کە ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر دەسەڵاتە و حوکمرانیی ئێران دەکا، لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا ئەوەندەی جینایەت و کارەسات خوڵقاندوە کە لە جینایەت و تاوانخوڵقێنیدا ڕێژیمی پاشایەتیی ڕووسوور کردوە. ئەوانەش کە لایەنگری لە گەڕانەوەی نیزامی پاشایەتی دەکەن وا باشە بۆ ڕابردووی نە زۆر دووری مێژووی هاوچەرخی ئێران بگەڕێنەوە و لە خۆیان بپرسن ئەگەر ڕێژیمی پاشایەتی لە هەموو بوارەکانی دەسەڵاتدارەتیدا ئەوەندە خەڵکی و گەلی بووە، ئەدی چۆن بوو لە ماوەی تەمەنی ڕێژیمی پەهلەویی باوک و کوڕدا بە چەندین ناڕەزایەتی و شۆرش لە سەرانسەری ئێراندا سەریان هەڵدا و تەنانەت محەممەدڕەزاشا لە ترسی تووڕەیی خەڵک چەند جار ناچار بوو ئێران جێ بهێڵی و تەنیا ئەوکات بگەڕێتەوە بۆ ئێران کە بە پاڵپشتی بیگانە و ئەرتەش کودەتا بە سەر ویستی خەڵکدا کرا.

هەر لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەویدا بە چەندین جووڵانەوەی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بەتوندی و زۆر بێبەزەییانە سەرکوت کران کە جووڵانەوەی گەڵی کورد یەکێک لەو جوڵانەوانە بوو کە سەرەڕای ئاشتیخوازیی ڕێبەرانی بە پاساوی بێ بنەما کەوتە بەر شاڵاوی سەرکوت و کوشتوبڕ. هەر لەسەردەمی نیزامی پاشایەتیدا لە سەرانسەری ئێران و کوردستان بە هەزاران هەزار ئازادیخوازی ناڕازی لە حوکمڕانیی نیزامی پاشایەتی خرانە بەندیخانەکانەوە و بە سەدان کەس لەوان ئێعدام کران و لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی ساواکدا گیانیان لێ ئەستێندرا.

لە سەردەمی ئیستادا کە سەردەمی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیانە، لە هەر وڵاتێکدا یەکەم بابەت کە دەبێتە پێوانە بۆ ناسینی سیستمێکی حوکمڕانی، قانوونی بنەڕەتیی ئەو وڵاتەیە. چونکە قانوونی بنەڕەتی بەرزترین قانوونی هەر وڵاتێکە و لە نێوئاخنی ئەو قانوونەدا بناخەکانی سیستمی حوکمڕانی دیاری کراوە و ئاماژە بە مافەکانی خەڵک و چۆنیەتیی پاراستنیان دراوە. بۆ ئەو باسەش ئەگەر بە کورتییش بووبێ چەند ئەسل و بڕگەی قانوونی بنەڕەتیی نیزامی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی پێکەوە هەڵدەسەنگێنین و هەر لەو هەڵسەنگاندنەدا بۆمان دەردەکەوێ ئەو دوو نیزامە لە بواری حوکمڕانی و تێڕوانینیان بۆ مافەکانی گەلانی ئێرانەوە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکتر نییە. 

لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا هەم ڕێژیمی پاشایەتی و هەم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شێوازی حوکمڕانیان لەلایەن گەلانی ئێران تاقی کراوەتەوە و لە مەیدانی کردەوەدا بەڕوونی دەرکەوتوە کە دەرحەق بە ماف وئازادییەکانی گەلانی ئێران بەپێی برگە و ماددە قانوونییەکان کە دەسەڵاتداران بۆ حوکمڕانیی خۆیان پشتی پێ دەبەستن هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکتر نییە. لە پێکهاتەی هەردوو ڕێژیمدا هاتوە کە دەسەڵات دەبێ لە دەستی یەک کەسدا بێت، چونکە باوەڕیان وایە پاشا یا ڕێبەر نوێنەری خودا لەسەر زەوین و خەڵک پێویستی بە کەفیل و سەرپەرەست هەیە.

لە قانوونی بنەڕەتیی سەردەمی پاشایەتیدا لە ئەسلی (٣٥)دا هاتوە "سەڵتەنەت دیاریی خواوەندە لەلایەن خەڵکەوە دراوە بە پاشا" و لە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لە ئەسلی (٥)دا هاتوە "لە سەردەمی غایببوونی ئیمامی زماندا ویلایەتی ئەمر و ڕێبەری ئۆممەت لە ئەستۆی فەقیهێکی عادڵ و دروستکار و...ە کە بەپێی ئەسلی (١٠٧) ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵدەگڕێ." لەو دوو ئەسلەی قانوونی بنەڕەتیی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا دەبینین کە هەم پاشا و هەم ڕێبەر خاوەنی دەسەڵاتێکی ڕەهان و لە بەرانبەر هیچ کەس و لایەندا وەڵامدەر نێن، چونکە سەرچاوەی دەسەڵاتەکەیان نە لە ئیرادەی خەڵک بەڵکوو لە ئاسمانەوە وەرگرتوە. ئەسلی (٤٤)ی قانوونی بنەڕەتیی نیزامی پاشایەتی ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێ: "خودی پاشا هیچ بەرپرسیارەتییەک هەڵناگرێ و وەزیرەکانی دەوڵەت لە هەموو کارەکانیاندا وڵامدەری مەجلیسن" و بەپێی نێوەرۆکی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ڕێبەری ئەو نیزامەش لە بەرانبەر هیچ کەس و لایەنێکدا بەرپرسیار نییە چونکە ئەو ئۆرگانەی بە ناوی مەجلیس خوبرەگانی ڕێبەری کە ئەرکەکەی چاودێری بە سەر کاروکردەوەکانی ڕێبەرە، خۆی لە ڕێگای شوڕای نیگابانەوە هەڵدەبژێردرێ کە هەموو ئەندامەکانی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستنێژی ڕێبەرن.

هەروەها سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی پاشا و ڕێبەر لە هەردوو قانوونی بنەڕەتیی نیزامی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵاتی ڕەها دراوە بە هەردووکیان. لە قانوونی بنەڕەتیی نیزامی پاشایەتی لە ئەسڵەکانی (٤٦ هەتا ٥٥) بەشێک لە دەسەڵاتەکانی شا بریتین لە: دیاریکردنی سیاسەتی دەرەکی، فەرمانی گشتپرسی، دانان و لابردنی وەزیرەکان، بەخشین و پێدانی پلەوپایەی سەربازی، دەستنیشان‌کردنی بەرپرسانی یەکەمی دەوڵەتی بۆ کاروباری نێوخۆیی یا دەرەکی، دەرکردنی فەرمان بۆ جێبەجێکردنی قانوونەکان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی، بەستنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و... . لە قانوونی بنەڕەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامییش لە ئەسلی (١١٠)دا و لە ١١ بڕگەدا هەر هەمان دەسەڵاتەکانی پاشا دراوە بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. واتە جیاوازیی پاشا و ڕێبەر لە هەردوو سیستمی دەسەڵاتداری دا تەنیا لە شێوازی پۆشێنی جلوبەرگیان‌ و گۆانی تاج بە مەندیل‌دایە، دەنا لە بواری دەسەڵاتەوە هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نییە.

هەروەها لە قانوونی بنەڕەتیی نیزامی پاشایەتی و نیزامی ئیسلامیی ئێراندا بێ ڕەچاوکردنی پێکهاتەکانی ئێران چ لە بواری نەتەوەیی و چ لە بواری ئایینییەوە، دینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەی ١٢ ئیمامی بە دین و مەزهەبی ڕەسمیی وڵات دانراوە و لە هەردوو قانووندا پێداگری کراوە کە ئەو ئەسڵە لە هیچ برگەیەک لە زەماندا ئاڵوگۆڕی بەسەردانایە. ئەسلی یەکەم لە تەواوکەر "متمم"ی قانوونی بنەڕەتیی پاشایەتیدا دەڵێ: "مەزهەبی ڕەسمیی ئێران ئیسلام و شیعەی دوازدە ئیمامییە و دەبێ پاشای ئێران باوەڕدار بەو مەزهەبە بێ و بۆ پەرەپێدانی تێ‌بکۆشێ". لە قانوونی بنەڕەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەسلی (١٢)دا هاتوە: "دینی ڕەسمیی ئێران ئیسلام و مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامییە..." بەپێی ئەسڵەکانی (٥و١١٥) ڕێبەر و سەرکۆمار دەبێ باوەڕمەند بە دین و مەزهەبی ڕەسمیی وڵات بن.

٤٥ ساڵ لەوە پێش گەلانی ئێران بە هیوای ژیانێکی باشتر و دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراتێک کە لەودا مافەکانی گەلانی پێکهێنەری ئێران و مافی شارۆمەندیی تاک تاکی خەڵکی ئەو وڵاتەی تێدا پارێزراو بێ، حکوومەتی پاشایەتییان ڕووخاند. بەداخەوە بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزیسیونێکی یەکگرتوو ئایەتوڵڵا خومەینی و دارودەستەکەی بەناحەق دەستیان بە سەر شۆرشی گەلانی ئێران داگرت و لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە مافەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بە هەمان ڕێچکەدا ڕۆیشتوون کە نیزامی پاشایەتی بۆی شکاندبوون. لەو حاڵەتەدا کە گەلانی ئێران لە مەودایەکی نزیک بە سەد ساڵ هەم نیزامی پاشایەتی و هەم نیزامی کۆماری ئیسلامییان تاقی کردۆتەوە و هەر دوو نیزام بەپێی نێوەرۆکی قانوونەکانیان و هەڵسوکەوتیان لە مەیدانی کردەوەدا نەک نەیانتوانیوە کۆکەرەوەی گەلانی ئێران بن، بەڵکوو بە گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن هەموو هەوڵیان ئەوە بووە فەرهەنگ و زمانی ئەو نەتەوانە لە نەتەوەی حوکمراندا بتوێننەوە. بەو تێگەیشتن و لە حاڵی ئێستادا کە گەلانی ئێران دەیانهەوی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن و بەپێی ئەزموونی ڕابردوویان بە هیچ جۆر ناگەڕێنەوە بۆ دامەزراندنەوەی دووبارەی  نیزامی پاشایەتی.

لە کۆتاییدا دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەر نیزامێکی سیاسیی لە ئێران دەسەڵات بگرێتە دەست، پێویستە لە داڕشتنەوە و نووسینەوەی قانوونی بنەڕەتیی وڵاتدا دان بە فرەنەتەوەیی و فرەئایینی کۆمەڵگەی ئێراندا بنێ. واتە بە دابەشکردنی دەسەڵات و حوکمڕانی لە ئێرانی داهاتوودا هەموو گەلانی ئێران خۆی تیدا ببیننەوە و ئەوە تەنیا ڕێگای پاراستنی تەواوەتیی ئەو ئێرانەیە.